کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان لە بەریتانیا رایگەیاند، یادگار عومەر سەعید، پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی پێشووی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، رۆژی 14ـی شوباتی 2025 لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی لەندەن کۆچی دوایی کرد.

بەپێی راگەیەندراوەکە، کۆچکردو، شەش مانگ دوای شەهیدبوونی باوکی لە نۆی حوزەیرانی 1963 لە ساڵی 1964 لە هەڵەبجە لەدایکبووە. ناوبراو خوێندنی پەیمانگای تەکنیکی کەرکوکی تەواو کردووە و لە رێکخراوی سلێمانی کۆمەڵەی رەنجدەران بە نازناوی "پارێزەر" چالاکی کردووە.

دوای راپەڕین لە ئەندامە چالاکەکانی مەڵبەندی یەکی سلێمانی بووە و لە ساڵی 1992 بە بڕیاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانەی دەرەوەی وڵات کراوە.

شایەنی باسە، یادگار عومەر سەعید خاوەنی کچێکە بە ناوی لۆزان و دوو خوشک و سێ برای هەیە. ناوبراو لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا تووشی نەخۆشییەکی درێژخایەن بووە و تا کۆچی دوایی لەگەڵ ئەو نەخۆشییەدا ژیاوە.