ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو نزمە پاڵەپەستۆیەی شەوی رابردوو، کە زیاتر ناوچەکانی باکور و باکوری رۆژ ھەڵاتی ھەرێمی کوردستانی گرتەوە کاریگەری لەسەر سلێمانیش ھەبوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەھۆی بارنبارینی شەوی رابردووەوە رێژەی بارانبارین لەناو سەنتەری سلێمانی بۆ ٧,٦ ملیم بەرزبوەوەو لەسنوری پارێزگای سلێمانیش رێژەی باران بارین گەیشتە ٩,٣ ملیم، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تا ئەم کاتە ١,٢ ملیم باران باری بوو.
بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی راشیگەیاند،، پلەکانی گەرما بەجێگیری ماونەتەوە و بۆ ئەمڕۆ نزمترین پلەی گەرمای پێشبینی کراو ١٥ و بەرزترین پلەی پێشبینیکراویش ٢٦ پلە دەبێت و لەرۆژانی داھاتوشدا کەشوھەوا ئاسایی دەبێتەوە.
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات مەسەدە راگەیەنراوێکی سەبارەت بە شەشەمین ساڵڕۆژی رزگارکردنی شاری ڕەققەی باکووری سوریا بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، شەش ساڵ لەمەوبەر بە پاڵپشتی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە شاری رەققە بەرەنگاری تیرۆریستانی داعش بونەوە، کە بە پایتەختی تیرۆریستانی داعش ناسرابوو، ئەو شارە بە خوێنی زۆری کچ و کوڕانی پێکھاتەکانی ناوچەکە لەناو ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە دەستی تیرۆریستان رزگارکرا.
لەبەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا، مەسەدە ئاماژەی بۆ مەترسییەکانی پاشماوەکانی داعش کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، چارەسەرێک بۆ پاشماوەکانی داعش لە کەمپی ھۆڵ و ئەو ئەندامانەی لە زیندانەکانی بەرێوبەری خۆسەریدا ڕاگیراون بدۆزێتەوە.
رۆژی ٢٠/١٠/٢٠١٧ ھێزەکانی سوریای دیموکرات بەڕەسمی ئازادکردنەوەی شاری رەققەیان لە دەستی تیرۆرستانی داعش راگەیاند، کە پرۆسەی رزگارکردنەکە ١٣٤ رۆژی خایاند.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکی لە ڕۆژئاوای شاری کۆبانی کردە ئامانج، تانکەکانی سوپای تورکیاش گوندی ئەحمەد مونیریان لە کۆبانی کردەوەتە ئامانج، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان زیانی گیانی لە بۆردومانەکاندا ھەبووە.
وتیشی، لەلایەکی تریشەوە سوپای تورکیا ناوەندی قەزای زەرکانی لە کانتۆنی حەسەکە کردوەتە ئامانج، بە تۆپخانە و گوللە ھاوەن ئەو ناوچەیە تۆپباران دەکات.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئاھەنگی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی کوردستان-ھەولێر پەیامێکی ئاڕاستەی مامۆستایان کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی ھەرێم کەمتەرخەم نییە لە دواکەوتنی مووچە و مامۆستایانیش مافی خۆیانە مووچەیان بۆ دابین بکرێت.
داواشیکرد مامۆستایان بایکۆت بشکێنن و بگەڕێنەوە ھۆڵەکانی خوێندن، چونکە لەگەڵ حکومەتی عێراق کاری باشیانکردووە بۆ چارەسەری یەکجارەکی مووچە.
میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاویانکردەوە، سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا ١٣ گوندیان لە دەووروبەری عەین عیسا و گرێسپی بۆردوومان کردوە.
راشیگەیاندوە، ھەریەک لە گوندەکانی بیرکنۆ و حوڕییە و قزعەلی و بیرزنار و سۆسان و عەریزە و زەنوبیای سەر بە گرێ سپی، ھەروەھا گوندەکانی ئەبوسرا و دبس و ھۆشان و خالدیە و دەوالب و عەلیماتی سەر بە عەین عیسا و دەورووبەری ڕێگای ئێم فۆڕ و وێستگەی سەقڕیان بۆردومان کردوە، بەڵام ئاماژە بۆ زیانە گیانی و ماددیەکانی ئەو بۆردومانە نەکراوە.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی لیژنەی کاروباری شەھیدان لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بڕیارە بەم نزیکانە وەزیری تەندروستی عێراق و بەڕێوەبەری پزیشکی دادی بەغداد بانگھێشتی لیژنەکەیان بکەن، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە ھۆکاری نەگەڕانەوەی ١٧١ روفاتی ئەنفالکراو بۆ ھەرێمی کوردستان.
وتیشی، لە ئێستادا ١١ گۆڕ لە پارێزگای سەماوە ھەیە، بەڵام بەھۆی نەبونی جێگە بۆ ھەڵگرتنی روفاتەکان ھەڵدانەوەی ئەو گۆڕانەش دواخراوە، لەبەرئەوە داوای رونکردنەوەی ھۆکاری نەگەڕانەوەی روفاتەکان دەکەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە یاسایی بودجەی عێراق بڕی ملیارێك و 500 ملیۆن دینار بۆ گەڕانەوەی روفاتەكان تەرخانكراوە.
دەقی پرسەنامەکەی قوباد تاڵەبانی...
بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو سەلاح عەبدولجەبارمەندەلاوی
بەبیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی (سەلاح عەبدولجەبار مەندەلاوی)، نیگەران و دڵگران بووم.
کۆچکردوو نوسەر و رۆژنامەنووسێکی بەئەزموون و قەڵەمێکی جۆشکراو بوو بە رۆحیەتی نیشتمانپەروەری. بۆ ئەم کۆستە ھاوبەشی غەمتانم، پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی ئێوە و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەم و خوای گەورە لێی خۆش بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە وانا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەھۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە، نزیکەی ٦٥٠ ھەزار خوێندکار لە سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و کۆیە و ھەڵەبجە بێبەشن لە خوێندن و خوێندن لەو ناوچانە لە مەترسیدایە.
وتیشی، فەرمانێکی وزاری ئیمزا دەکات بۆ ئەوەی لە رۆژی یەکشەممەی داھاتووەوە خوێندن دەستپێبکاتەوە. لە داواکاری مامۆستایان و خوێندکاران تێدەگەین و خەمخۆریانن.
وەزیری پەروەردەی ھەرێم جەختیلەوەشکردەوە، حکومەتی ھەرێم توانای دارایی ھەبێت داواکاری مامۆستایانی وانەبێژ جێبەجێ دەکات.
د. نەرمین مەعروف بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھیچ کێشەیەک لەبەردەم ناردنی ٧٠٠ ملیارەکە نییە و پێدەچێت لە رۆژی یەکشەممەوە دەست بە ناردنی بکرێت، ئەگەر پارەی پێویست لە بانکەکان ھەبێت.
سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی وت، ئامادەکاری کراوە ئەگەر ھەفتەی داھاتوو ٧٠٠ ملیارەکە بگاتە ھەرێم، لەگەڵ گەیشتنی راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دەکرێت.
دوێنێ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق میوانداری وەزیرانی دارایی ھەرێم و عێراقی کرد و داھات و مووچەی ھەرێم و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی بودجە تاوتوێکران.
فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاندووە، سێ درۆنەکە لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردودا خراونەتە خوارەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، درۆنەکان دووانیان لە رۆژئاوا و ئەوی دیکەشیان لە باکووری عێراق خراونەتە خوارەوە.
دەشڵێت، "زۆر بە وریاییەوە چاودێری دۆخی عێراق و ناوچەکە دەکەین و بەرگری لە خۆمان و ھاوپەیمانان دەکەین لە بەرامبەر ھەر ھێرشێکد".
پێشتریش دەزگا ئەمنییەکانی ھەولێر کەوتنە خوارەوەی درۆنێکیان لە نزیک ھەریر راگەیاندبوو، ئاماژەیان بەوەشکردبوو، درۆنەکە لە ناوچەیەکی چۆڵ کەوتوەتە خوارەوەو ھیچ زیانێکی لێنەکەوتوەتەوە.
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران لە ستۆدیۆی ھەشتی کوردسات نیوز رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی فیدراڵی، ٧٠٠ ملیاردینارەکە لە چەند رۆژی داھاتوودا بخرێتەسەر ھەژماری بانکی ھەرێم.
وتیشی، لە ئێستادا ھیچ بەربەستێک نییە لەبەردەم ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارەکە، لە رێگەی بانەکانی رافیدەین، رەشید و بانکی بازرگانی عێراق رەوانەی ھەرێم دەکرێت.
محەمەد تارق نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە قەزای بەردەڕەش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوای ئەوەی فشارێکی زۆر خرایەسەر پەروەردەی بەردەڕەش بڕیاری لادانی مامۆستایانی وانەبێژ ھەڵوەشێنرایەوە و گەڕانەوە بۆ دەوامی خوێندنگەکان.
بەھۆی پێنەدانی مووچە و دانەمەزراندنیان بەشێوەی ھەمیشەیی، مامۆستایانی ٢٠ خوێندنگەی سنوری بەردەڕەش بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندنیان کردبوو، بەوھۆیەشەوە ١٠ مامۆستای وانەبێژ لە کارەکانیان لادران، پەروەردەی بەردەڕەشیش رۆژی چوارشەممە بڕیارەکەی ھەڵوەشاندەوە و گەڕانەوە بۆ دەوامی خوێندن.
دوای خۆپیشاندانەکانی کەرکوک لە دووی ئەیلولی رابردوو، کە چوار ھاووڵاتی شەھیدبوون، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق وەفدێکی رەوانەی کەرکوک کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
"عەزیز مەجید"جێگری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەھەوڵی سەرۆک کۆمار دەزگای شەھیدانی عێراق بەرەسمی چوار شەھیدەکەی، بەشەھیدی دەستی تیرۆر ناساندووە.
ئەکرەم سلێمان، ھاوسەرۆکی نوسینگەی وزە لە خۆبەڕێوەبەریی باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا، بە میدیاکانی رۆژئاوای کوردستانی راگەیاند، ژێرخانی ناوچەکانیان بەھۆی بۆردوومانی تورکیاوە وێرانبوون و ناتوانن چاکیان بکەنەوە، داواشی کرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستوەردانی خێرا بکەن، بۆ چاککردنەوەی وێستگەکان و خستنەوەکاریان.
وتیشی، ئەو کاتەی بۆ چاککردنەوەی وێستگەکان پێویستن نادیارە، ھەروەھا تێچووی چاککردنەوەشیان ملیۆنان دۆلارە.
تورکیا لە سەرەتای ئەم مانگەوە بۆردوومانی چڕی بۆ سەر ناوچەکانی باکووری سوریا و رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد و لە ١٠ رۆژدا ٢٦٤ شوێنی لە رۆژئاوای کوردستان بۆردومانکرد، کە ١٨٥ شوێنیان شوێنی نیشتەجێبوون بوون و بەھۆیانەوە نۆ کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستدا.
پێشەوا ھەورامانی وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە غەززە، ئیدانە دەکات کە بەھۆیەوە سەدان کەس بونەتە قوربانی و قوربانیەکانیش زۆربەیان ژن و منداڵن.
وتیشی، دوپاتیدەکەینەوە جەنگ و ھێرشی سەربازی چارەسەر نییە بۆ کێشەکان و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین ھەوڵەکانییان چڕ بکەنەوە بۆ پاراستنی خەلکی سڤیل و بێ تاوان لە مەترسییەکان.