شەوی رابردوو لە گوندی گرێزەی سەیدسادق کەسێک دایک و باوک و دوو خوشک و برایەکی خۆی کوشت و دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆشی هێنا.

درەنگانی شەوی رابردوو نزیک کاتژمێر 12، لە گوندی گرێزەی سەیدسادق کەسێک دایک و باوک و دوو خوشک و برایەکی خۆی کوشت و دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆشی هێنا، بەپێی زانیارییەکان رووداوەکە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە روویداوە.

ئەو کەسەی تاوانەکەی ئەنجامداوە بەمدواییانە لە ئەوروپا گەڕاوەتەوە و تەمەنی 22 ساڵ بووە، بە سەردان بۆلای باوکی گەڕاوەتەوە کە بەهۆی نەخۆشی دڵەوە نەشتەرگەریی بۆکراوە و ماەی چەند رۆژێکی کەمە لە نەخۆشخانە هێنراوەتە دەرەوە.

ژمارەی ئەندامانی خێزانەکە 9 کەس بووە و سالار محەمەد کە سەرۆکی خێزانەکە بووە، فەرمانبەر بووە لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سەیدسادق.

لە ئێستادا تەنها دوو برا و یەک خوشکی ئەو خێزانە لە ژیاندا ماون.

هێشتا هیچ لایەنێکی فەرمی روونکردنەوەی لەسەر رووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە، دوابەدوای رووداوەکەش بەیانی ئەمڕۆ تەرمی هەر شەش ئەندامی بنەماڵەکە لە تەنیشت یەک لە سەیدسادق بەخاک سپێردران.

ئەو کەسانەی لە رووداوەکەدا کوژراون:

-باوکی بکوژەکە بەناوی سالار محەمەد؛ 50 ساڵ

-دایکی بکوژەکە بەناوی نیهایەت قادر؛ 40 ساڵ

-برای بکوژەکە بەناوی سەهەند سالار؛ 14 ساڵ

-خوشكی بکوژەکە یارا سالار؛ 8 ساڵ

-خوشکی بکوژەکە سیما سالار؛ 20 ساڵ