لە سبەینێوە بۆ سێ مانگ راوكردنی ماسی لە هەرێم قەدەغە دەكرێت
محەمەد رزگار
١٩ی ئازاری ٢٠٢٥
لە سبەینێوە بۆ ماوەی سێ مانگ راوكردنی ماسی لە هەرێمی كوردستان قەدەغە دەكرێت. وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانیش دەڵێت، پێویستە هەموو لایەك پابەندی بڕیارەکە بن.
هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بۆ ئەمساڵ لە سبەینێوە تاوەکو 20ی 6ی 2025 قەدەغەی راوەماسی دەستپێدەکات، راوکردنی ماسی بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
وتیشی، لەو ماوەیەی کە دیاریکراوە، وەرزی گەرا دانان و زۆربوونی ماسییە، بۆیە داواکارین لەسەرجەم هاووڵاتیان و راوچییەکان لەو ماوەیەدا پاپەندی رێنماییەکان ببن، لەپێناو پاراستنی سامانی ماسی.
وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانمان بەردەوام چاودێری دەریاچە و روبارەکان دەکەن بۆ رێگریکردن لە راوکردنی ماسی لەو وادەیەی کە دیاریکراوە.
راشیگەیاند، هەر کەسێک سەرپێچی ئەو بڕیارە بکات، دەستگیر دەکرێت و رێکاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتەبەر و سزادەدرێت.
بەپێی بڕیارەکە رۆژی 21-6-2025 راوکردنی ماسی ئاسایی دەبێتەوە، هاووڵاتیان و راوچییەکان دەتوانن لەو رۆژەوە دەست بە راوە ماسی بکەنەوە.



