لە شەنگال شەڕ و پێكدادان لەنێوان سوپای عیراق و یەبەشە رویدا
زاهیر
١٩ی ئازاری ٢٠٢٥
شەوی رابردوو لە شەنگال شەڕ و روبەڕوبوونەوە لە نێوان سوپای عیراق و یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال – یەبەشە رویدا و هەشت كەس لە هەردوولا برینداربوون.
راگەیاندنی یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال - یەبەشە بڵاویكردوەتەوە، سەعات 11ی شەوی سێشەممە سوپای عیراق ئۆتۆمبێلێكی شەڕڤانانی لە ناو سەنتەری شەنگال كردوەتە ئامانج و بەهۆیەوە سێ شەڕڤان برینداربوون كە برینی یەكێكیان قورسە و تەندروستیی ناجێگیرە، بەوهۆیەوە شەڕ و پێكدادان لە نێوان شەڕڤانان و سوپای عیراق رویداوە و باری نائاسایی لە شەنگال راگەیەنراوە.
هاوكات پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكان پێنج ئەندامی سوپای عیراق برینداربوون.



