کوردستانکوردستان

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیەندراوێکی سەبارەت بە دۆخی سوریا بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، " لەم دۆخە هەستیارەدا پشتیوانیی تەواومان بۆ خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان دووپاتدەکەینەوە، وەک پێشتریش وتوومانە تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، هیچ ئاشتییەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدینایەت".

دەقی راگەیەندراوەکە

لە چەند رۆژی رابردوودا بە وردی چاودێریی رووداو و پێشهاتەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستانمان کرد و بە بایەخەوە لە گۆڕانکاری و کاریگەرییەکانی دەڕوانین.

ئێمە بە تەواوی رێز لە ئیرادەی خەڵکی سووریا دەگرین و ئەو بڕیارانەش کە لەبارەی داهاتووی وڵاتەکەوە دەدرێت، بەڵام لە چوارچێوەی پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان و لەبەرچاوگرتنی ئەو واقیعە سیاسییەی لەو وڵاتەدا هەیە. هیوادارین ئەم دەرفەتە بەهەند وەربگیرێت تاوەکو بە سیاسەتێکی نیشتمانیی هاوبەشەوە قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی و دادپەروەر بێتەکایەوە و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خەڵکەکەی مسۆگەر بکرێت.

لەم دۆخە هەستیارەدا پشتیوانیی تەواومان بۆ خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان دووپاتدەکەینەوە، هیوادارم هەموومان بە یەک دەنگ و بە گوتارێکی نیشتمانییەوە پشتیوانییان لێبکەین و رووبەڕووی ئەو مەترسییانە بوەستینەوە کە هەڕەشەن بۆسەر ژیان و سەقامگیرییان.

لەکۆتاییدا جەخت لە رەچاوکردن و پاراستنی مافی گەلی کورد دەکەینەوە، هیواخوازین هەموولایەک بڕیاری دروست و ژیرانە بدەن و پارێزگاری لە ئاشتی و پێکەوەژیانی ناوچەکە بکەن. چونکە وەک پێشتریش وتوومانە تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، هیچ ئاشتییەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدینایەت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت، كێشەی گواستنەوەی پارەیان بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی موچە چارەسەركردووە كە بڕەكەی ٤٣٠ ملیار دینارە و سبەینێ رێكارەكانی ناردنی دەستپێدەكات.

وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، دوای سەردانی تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی بۆ بەغداد و بردنی لیستی موچەی مانگی ١٢ بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، سەركەوتوانە توانیان كێشەی گواستنەوەی پارە لە تەرخانكراوەكانی پشكی هەرێم بۆ زیادكردنی بڕی تەرخانكراو بۆ موچە چارەسەر بكەن.

راشیگەیاند، رۆژی دووشەممە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجەی وەزارەتی دارایی عێراقەوە فرمانی گواستنەوەی پارەكە دەرچووە، تیمەكەشیان بە بەردەوامی لەسەر هێڵە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە و گەیشتنی پارەكە بە چارەسەركردن و پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی بۆ موچەی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دروستكراوە.

پێشتریش سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە بەغداد ٤٣٠ ملیار دینار لە بابی ژمارە نۆی تایبەت بە پارەی تەرخانكراوە بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی بۆ بابی ژمارە یەک، گواستنەوەی پێكراوە لە پشكی بودجەی هەرێم بۆ ئەوەی ئەو كورتهێنانەی پێ پڕبكرێتەوە كە لە دابەشكردنی موچە دروستبووە، سبەینێش دەست بە ڕێكارەكانی گواستنەوەی ئەو پڕە پارەیە دەكرێت.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاوڵاتییەک لە هەولێر دەڵێت کچەکەم کوژراوە و کەیسەکەی داخراوە، زاواکەم هەفتەیەک دەستگیرکراو دواتر ئازادیان کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ـی ١٢ـی ٢٠٢٤، لە هەولێر، باوکێک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامداو رایگەیاند، "کچەکەم لە ماڵی هاوسەرەکەی ئەشکەنجەدراوە و خنکێندراوە"، داواشدەکات کەیسەکە بەلارێدا نەبرێت 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە بەغداد ٤٣٠ ملیار دینار لە پشكی بودجەی هەرێم گواستنەوەی پێكراوە بۆ ئەوەی كورتهێنانی موچەی پێ پڕبكرێتەوە و بڕیارە سبەینێ‌ ڕێكارەكانی گواستنەوەی پارەكە دەستپێبكات.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ لە بەغداد ٤٣٠ ملیار دینار، لە بابی ژمارە نۆی تایبەت بە پارەی تەرخانكراوە بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی بۆ بابی ژمارە یەک، گواستنەوەی بۆ كراوە لە پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی ئەو كورتهێنانەی پێ پڕبكرێتەوە كە لە دابەشكردنی موچە دروستبووە.

ئەوە سەرچاوەیە ئەوەشی بۆ كوردسات نیوز ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ لە بەغداد پشووە، سبەینێ‌ چوارشەممە دەست بە ڕێكارەكانی گواستنەوەی ئەو پڕە پارەیە دەكرێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە عیراق بڕیاریداوە ٧٦١ ملیار دینار بۆ مانگەكانی ١٠ و ١١ و ١٢ رەوانەی هەرێم بكات، بەڵام وەزارەتی درایی هەرێم دەڵێت، ئەو بڕە پارەیە بەشی موچە ناكات و ٢٣٥ ملیار دینار كورتهێنان دروستبووە، چونكە هەرێم بۆ هەر مانگێك پێویستی بە ٩٩٦ ملیار دینارە بۆ دابەشكردنی موچە.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی هێرشەكانی دوێنێ سوپای توركیا بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان ١٧ كەس گیانیانلەدەستداوە، ئاسایشی رۆژئاوای كوردستانیش داوا لە هێزە نێودەوڵەتییەكان دەكات هەڵوێستیان هەبێت لە بەرامبەر هێرشەكانی توركیا.

هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لە راگەیەنراوێكی ئاماژەی بەوەكردووە، لە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر گوندەكانی سنوری كۆبانێ و زیرگان و موستەریحەی سەر بە عەین عیسا، ژنان و منداڵ شەهیدبوون و بە پشتیوانی توركیا كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدرێت.

هاوكات داوا لە هێزە نێودەوڵەتییەكان و رێكخراوە مرۆییەكان دەكات، بە خێرایی هەنگاوبنێن و كۆتایی بە هێرشەكانی توركیا دژی هاووڵاتیانی مەدەنی بهێنن و فشاربخەنە سەر توركیا بۆ ئەوەی واز لە پشتیوانیكردنی تیرۆر بهێنن.

رۆژی دووشەممە بەهۆی هێرشی ئاسمانی سوپای توركیا، ١٧ كەس لە عەین عیسا و كۆبانێ گیانیانلەدەستدا كە ١٢ هاووڵاتییان ئەندامی یەك خێزان بوون كە شەشیان منداڵ بوون.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامی رێباز حەملان دەداتەوە و دەڵێت، بە ناوی ئەوانەوە قسە مەكە و ئەوان تاكە لایەنی رەسمین بۆ مامەڵەكردن لەسەر كات و شێوازی دابەشكردنی موچە.

وەزارەتی دارایی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەبارەت بە ڕاگەیەنراوی رێباز حەملان بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق هەرچەندە لەو ئەركەیدا نوێیە، بەبیریان دێننەوە كە ئەو بەشێكە لە وەزارەتی دارایی عێراق و پێویستبوو لە وەزارەتەكەی خۆی هەوڵی چارەسەری ئەو كێشانە بدات كە بۆ موچە دروستكراوە، ئەو بابەتانەی باسی كردوون لە بنەڕەتدا كێشەی دەستكردن و سیاسین، پێویستە ئەو سەرقاڵی چارەسەركردنی ئەو كێشانە بێت لە وەزارەتەكەی خۆی نەك لە وەكیلی ئەوانەوە قسە بكات.

دەشڵێت، هەموو ئەو بابەتانەی رێباز حەملان باسیكردوون ئاگایان لێی نییە، بەهیچ جۆرێك ڕێگەپێدراو نییە بەناوی ئەوانەوە قسەبكرێت كە ئەوان كەسیان نەكردووە بە وەكیل، ئەو نوێنەرایەتی عێراق دەكات نەك هەرێم، بۆیە هیوادارە دەسەڵاتی خۆی بزانێت، نەك بێت لەبری وەزارەتیان قسە بكات، لەمكاتەدا چاوەڕێیان دەكرد وەزارەتەكەی كۆی تەمویلی موچەی دوو مانگی بناردایە نەك بێت هەواڵی موچە بڵاوبكاتەوە كە ئەركی ئەو نییە.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشكردووە، هەر زانیاریەكی تایبەت بە موچە تایبەتمەندی وەزارەتیانە و هەر زانیاری و داتا و هەواڵێكی موچە لە پێگەی رەسمی بڵاونەبێتەوە جێی متمانە نییە و ڕەتكراوەیە، ئەوان بەرپرس و تاكە لایەنی رەسمین بۆ مامەڵەكردن لەسەر كات و شێوازی دابەشكردنی موچە.

رۆژی دووشەممە، رێباز حەملان رایگەیاند، دوای گفتوگۆیەكی زۆر لەنێوان بەغداد و هەولێر و پێداچوونەوە بە بودجەی تەرخانكراوی هەرێم، موچەی مانگی ١٠ خەرجكرا و كۆتایی ئەم هەفتەیەش موچەی مانگی ١١ خەرجدەكرێت و بەزووترین كاتیش دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگەكانی ١٠ و ١١ و ١٢ دەكرێت.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال ئەمڕۆ دووشەممە ٩ / ١٢ / ٢٠٢٤ لە رانیە سەردانی ئاکۆی عەباس ئاغا سەرۆکی عەشیرەتی ئاکۆ و کەسایەتی دیاری کوردستانیان کرد .

لەو سەردانەدا مەکتەبی سکرتارییەت لە تەندروستی بەڕێزیانیان پرسیەوەو سڵاوی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانیان پێگەیاند و هیوای سەلامەتی هەمیشەییان بۆ خواست کە لە ماوەی رابردوودا بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستیەوە سەردانی وڵاتی ئەڵمانیا کردبوو بەمەستی چارەسەر .

لەو بەسەرکردنەوەیەدا مەکتەبی سکرتارییەت پێزانینیان بۆ رۆڵی ئاکۆی عەباس ئاغا دەربڕی وەک دۆستێکی نزیکی سەرۆک مام جەلال  کە هەمیشە لە رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا دەوری خێر و چاکەی گێڕاوە و خزمەتەکانیشی دیاربەرچاوەبووە کە یەکێتی هەمیشە بە ڕێزەوە لە پێگەکەی دەڕوانێت

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بریكاری وەزارەتی دارایی عیراق رایگەیاند، كۆتایی ئەم هەفتەیە موچەی مانگی 11ـی موچەخۆرانی هەرێم خەرجدەكرێت و بەزووترین كاتیش دەستدەكرێت بە دابەشكردنی موچەكان.


رێباز حەملان بریكاری وەزارەتی دارایی عیراق لە روونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، دوای گفتوگۆیەكی زۆر لەنێوان بەغداد و هەولێر و پێداچوونەوە بە بودجەی تەرخانكراوی هەرێم، بە هەوڵی هەردوولا توانراوە، موچەی مانگی 10 لەلایەن عیراقەوە خەرخبكرێت كە بڕی 761 ملیار دینارە، كۆتایی ئەم هەفتەیەش موچەی مانگی 11 خەرجدەكرێت كە نزیكەی 759 ملیار دینارە.


ئەوەشی خستەڕوو، گواستنەوەیەك لە بودجەی تەرخانكراوی هەرێم دەكرێت بۆ پڕكردنەوەی بەشێكی كورتهێنانی موچەی فەرمانبارانی هەرێم، چونكە هەرێم مانگانە پێویستی بە 996 ملیار دینارە بۆ دابەشكردنی موچە.


رێباز حەملان دەشڵێت، ئەمڕۆ لیستی موچەی مانگی 12ـی فەرمانبەرانی هەرێم رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق كراوە بۆ وردبینیكردن و بەزووترین كاتیش دەست بە دابەشكردنی مووچەكان دەكرێت.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی یەكێتی رایدەگەیەنێت، لێدوانی ژمارەیەك لە بەرپرسانی پارتی لەبارەی پۆستەكانی حكومەتی داهاتوو كێشە بۆ دانوستانەكان دروستدەكەن، پارتی دەبێت تێبگات یەكێتی نایانەوێت كێشەكانی كابینەی نۆ دووبارە بێتەوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە گەشتی هەواڵەكانی سەعات ١٢ـی كوردسات نیوزدا ئاماژەی بەوەكرد، گرنگە پێش دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە ٢٠ـی مانگی داهاتوودا كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێكبهێنرێت.

وتیشی، "غرورێك" هەیە لەلای ژمارەیەك لە بەرپرسانی پارتی و لێدوانەكانیان لە میدیاكان لەبارەی پۆستەكان، کە كێشە بۆ دانوستانەكان دروستدەكەن.

وتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، پارتی دەبێت لەوە تێبگات كە یەكێتی لە كابینەی رابردوو كێشەی هەبووە و نایانەوێت كێشەكان دووبارە بنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم رایگەیاند، ئاماژەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە ساڵی نوێدا لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە زۆرن و لە ئێستادا لە قۆناغی هەمواركردنەوەی  یاسای بودجەدایە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان لەمیانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەكردووە، دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ ئابووریی عیراق و هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆری هەیە و بەشێكی زۆری كورتهێنانی بودجە چارەسەر دەكات.

وەزیری سامانە سروشتییەكان هەروەها سوپاسی پاڵپشتی و هەوڵەكانی حكومەتی فەرەنسای كرد، بۆ خێرا دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان.

مانگی رابردوو حكومەتی عیراق هەمواری یاسای بودجەی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرد بەمەبەستی پەسەندكردنی، كە ماددەیەكی تایبەتە بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی مانگی ١٢ـی رادەستی بەغداد كرد، تا ئێستاش وادەی دابەشكردنی موچەی مانگی ١٠ نادیارە.

وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، رۆژی دووشەممە لیستی موچەی مانگی كانونی یەكەمی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، لەلایەن نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستانەوە رادەستی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ كرا.

رادەستكردنی لیستی موچەی مانگی ١٢ بە بەغداد لە كاتێكدایە تا ئێستا وەزارەتی دارایی لیستی موچەی مانگی ١٠ـی رانەگەیاندووە و دەڵێت، ئەو پارەیەی رەوانەكراوە كە بڕەكەی ٧٦١ ملیار دینارە بەشی موچە ناكات.

رۆژی یەكشەممە سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاندبوو، لە ئێستادا گرفتەكانی بەردەم تەمویلكردنی موچە چارەسەركراوە و تا كۆتای ئەمساڵ موچەی مانگەكانی ١٠ و ١١ دابەشدەكرێت.

ماوەی زیاتر لە ٥٠ رۆژە موچەخۆرانی هەرێم موچەیان وەرنەگرتووە، بەوهۆیەشەوە بەشێكی زۆری مامۆستایان و فەرمانبەران لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە بایكۆتی دەوامیان كردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عیراق دوا مۆڵەت بۆ بایۆمەتری فەرمانبەرانی هەرێم دیاریدەكات و چاودێری دارایی دەڵێت، بەبانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بانكەكانی سەر بە بانكی ناوەندیی لە ٨٠٪ـی تێپەڕاندووە.

چاودێری دارایی عیراق و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ تاوتوێكردنی هەمواری یاسای بودجە، كە ماددەیەكی تایبەتە بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و بەپێی راگەیەنراوی كۆتایی كۆبوونەوەكە، سەرۆكی چاودێری دارایی عیراق لە كۆبوونەوەكەدا رایگەیاندووە، بەبانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بانكە ئەهلییەكانی سەر بە بانكی ناوەندی عیراق لە ٨٠٪ـی تێپەڕاندووە و پێویستە لە هەمواری بودجەدا میكانیزمی گونجاو بۆ پاكتاویی دارایی پێش كۆتایی ئەمساڵ دابنرێت.

وتیشی، هەرێم داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستنەكردووە پێویستە ئەو ئەركانەی لەسەریەتی وەك خۆی جێبەجێیبكات.

هاوكات، عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی رایگەیاند، پێویستە هەمواری بودجە كۆتایی بە ناكۆكییەكانی بەغداد و هەرێم لەبارەی نەوت بهێنێت.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە، كە كۆتایی ئەمساڵ وەك دوا وادە بۆ هەموو فەرمانبەرێك لە هەرێم دادەنرێت بۆ ئەنجامدانی بایۆمەتری و چارەسەكردنی كێشەكانی پەیوەست بە موچە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی بۆردومانێكی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا لە گوندێكی سەر بە عەین عیسا ١٢ هاووڵاتی یەك خێزان گیانیانلەدەستدا كە شەشیان منداڵن.

میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان بڵاویانكردەوە، بۆردومانەكە لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ئەنجامدراوە بۆسەر ماڵێك لە گوندی مەستریحە لە عەین عیسا سەر بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و بەهۆیەوە ١٢ كەس گیانیان لەدەستداوە كە زۆربەیان ژن و منداڵن.

روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێت، ئەو كەسانەی گیانیانلەدەستداوە هەموویان لە یەك خانەوادەن و شەشیان منداڵن.

هەر ئەمڕۆ سوپای توركیا و گرووپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی بە چەكی قورس گوندی ئوم كیف سەر بە شاری تل تەمر و چەند گوندێكی تری سەر بەو شارەیان بۆردومان كردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە ستیڤ بێتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، پێویستە هەموولایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەی سوریا بکەن و هەنگاو بەرەو قۆناغی داهاتوو بنێن.

لەدیدارەکەدا دۆخی هەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان بە ئاڕاستەی سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر کرایەوە.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە پێویستیی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، پێویستە حکومەتی نوێ لەسەر بنەمای هاوسەنگی و دادپەروەری پێکبهێنرێت و رەنگدانەوەی خواستی هەموولایەک بێت، بە کارنامەیەکی بەهێز و دوور لە دەستتێوەردانی حزبییەوە خزمەتی هەموولایەک بکات و کارەکانی لەپێناو ئاوەدانیی کوردستان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستەتردا بێت.

لەدرێژەی دیدارەکەدا دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت سووریا گفتوگۆی لەبارەوەکرا و لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ روونیکردەوە، یەکێتی بە وردی چاودێریی رووداو و پێشهاتەکان دەکات، بڕواشمان وایە پێویستە هەموولایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و هەنگاو بەرەو قۆناغی داهاتوو بنێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی پێشهاتەکانی سوریا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، "پشتگیريمان بۆ خواستەکانی گەلی سووریا بۆ ئاشتی و ئازادی دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌، هەروەها هەرێمی کوردستان له‌ چوارچێوه‌ى عێراقدا پابەنديی خۆی بە پاراستنی پەیوەنديی هاوسەنگ و کارکردن بۆ بەهێزکردنی هاوکاريی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیريی سووریا دووپات دەکاتەوە".

دەقی پەیامەکە

په‌يامى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان ده‌رباره‌ى پێشهاته‌كانى سووريا

ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ بايه‌خێكى زۆره‌وه‌ چاودێريی پێشهاتەکانی سووریا دەکه‌ين. داوا لە هەموو لایەك دەکەین زمانی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیيانە بگرنە بەر، به‌ شێوه‌يه‌ك دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریا، لەوانە گەلی کورد، دەستەبەر بکات، هه‌روه‌ها بەشداريی کارايان لە داڕشتنی داهاتووی وڵاتدا، مسۆگەر بکات.

هەرێمی کوردستان له‌ چوارچێوه‌ى عێراقدا پابەنديی خۆی بە پاراستنی پەیوەنديی هاوسەنگ و کارکردن بۆ بەهێزکردنی هاوکاريی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیريی سووریا دووپات دەکاتەوە. هه‌موو ململانێيه‌ك كه‌ دۆخى ناوچه‌كه‌ ئاڵۆز بكات ڕه‌ت ده‌كه‌ينه‌وه‌، هه‌روه‌ها جەخت له‌ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرى و بەرژەوەنديی هەموو گەلان و پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌.

له‌ كاتێكدا پێشهاته‌كان خێران، جەخت له‌ گرنگيی یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان دەکەینەوە بۆ دڵنیابوون لە داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ سووریا. بۆيه‌ داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و وڵاتانى ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ين ڕۆڵى خۆيان بۆ چاره‌سه‌رى ئاشتييانه‌ بگێڕن،‌ هه‌روه‌ها پشتگیريمان بۆ خواستەکانی گەلی سووریا بۆ ئاشتی و ئازادی، دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌.

سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان

2024/12/8

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هیوادارن سوریای داهاتوو، ئازاد و ئارام و دیموکراتیک و سەقامگیر بێت و مافی هەموو گەل و پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی لەبارەی روداوەکانی سوریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، گۆڕانکاریی خێرا و کەوتنی رژێمی دەسەڵاتداری سوریا، سەردەمێکی نوێی هێناوەتە کایەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "رێز لە بڕیار و ئیرادەی خەڵکی سوریا دەگرین و هیوادارین سوریای داهاتوو، ئازاد و ئارام و دیموکراتیک و سەقامگیر بێت و مافی هەمو گەل و پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...248249250251252...929