کوردستانکوردستان

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، پێشبیندەكەن بەیانی لیستی موچەی مانگی ١٠ رابگەیەنرێت و تا كۆتایی ساڵیش دوو موچە دابەشدەكرێت.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، پێشبیندەكەن سبەینێ دوو شەممە لیستی موچەی مانگی ١٠ رابگەیەنرێت، وتیشی تا كۆتای ئەمساڵ موچەی مانگەكانی ١٠ و ١١ دابەشدەكرێت.

راشیگەیاند، لە ئێستادا گرفتەكانی بەردەم تەمویلكردنی موچەی مانگی ١١ چارەسەركراوە.

ماوەی زیاتر لە ٥٠ رۆژە موچەخۆرانی هەرێم موچەیان وەرنەگرتووە، بەوهۆیەشەوە بەشێكی زۆری مامۆستایان و فەرمانبەران لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە بایكۆتی دەوامیان كردووە.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یەكێتی مامۆستایانی كوردستان رایگەیاند، دواكەوتنی موچە كاریگەری خراپی لەسەر پەروەردە و فێركردن و ژیانی مامۆستایان هەیە و داوای دابەشكردنی سێ موچەی ئەمساڵیش دەكەن.

یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، نیگەرانن بەرانبەر دواكەوتنی موچە و ئەمەش كاریگەری لەسەر پەروەردە و ژیانی مامۆستایان هەیە و لە چوارچێوەی رێكارە مەدەنییەكان پشتگیری لە داواكارییەكانیان دەكەن.

هەروەها، داواكارن موچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ دابەشبكرێت و ئەوان چاوەڕوانی پلەبەرزكردنەوە بوون، بەڵام دواكەتنی موچە دووبارە دەبێتەوە.

داواكاریشن حكومەتی عیراق و هەرێم پابەندی بڕیارەكانی دادگا بن و موچە بەدوور بگیرێت لەململانێی سیاسی.

دەشڵێن، ئەوان هەموو رێگەیەك دەگرنەبەر بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی تەندروست، بەڵام هەرپێشهاتێكی نەرێنی  لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن ڕوبدات، هۆكارەكەی مامۆستایان نین.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هەسەدە لێبوردنی گشتی لە دێرەزوور راگەیاند و دەڵێت، بڕیارەكە سەرجەم زیندانیكراوان دەگرێتەوە.

مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەگەڵ بەردەوامی پێشڕەوی هێزەكانی هەسەدە لە دێرەزور بۆ پاراستنی ناوچەكە لە دوایین گۆڕانكاریەكان، بڕیاریاندا بە راگەیاندنی لێبوردنی گشتی لەوناوچەیە و بڕیارەكەش سەرجەم زیندانیكراون بێ جیاوازی دەگرێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بانگهێشتی هەموو لایەك دەكەن بۆ پاراستنی ئاسایش و ئاشتی ناوچەكە و رۆڵی دانیشتووان و عەشرەتەكانی ناوچەكەش بەرز دەنرخێن، لە هەوڵەكانیان بۆ رێگریكردن لە دروستبوونی گرژی لە ناوچەكە.

مەزڵوم كۆبانێ دڵنیاییش دەداتە دانیشتووانی دێرەزور، كە هێزەكانی هەسەدە پشتیوانیان دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجومەنێکی باڵا لەنێوان یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و یەکێتی پیشەسازیەکانی عیراق پێکدەهێنرێت.

د.بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارگەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ لە شاری بەغداد یاوەری وەفدێکی ژووری بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان بوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەهێمای بازرگانیی کارگەکانی هەرێمی کوردستان و رۆشتنی بەرهەمەکانیان بۆ شارەکانی خوارووی عیراق و لابردنی رێگریەکان، وەفدێکی هاوبەشی ژوورە بازرگانییەکان سەردانی بەغداد-یان کرد، کە پەیوەندی بە هێمای بازرگانیی کارگەکان و جوڵەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراقەوە هەیە.

د.بڕیار رەشید ئاشکراشیکرد، لە ئەنجامی سەردان و دیدارەکاندا بڕیاردرا لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجومەنێکی باڵا لەنێوان یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و یەکێتی پیشەسازیەکانی عێراق پێکبهێنرێت و یەکگرتنەوەی پیشەسازیەکان رادەگەینرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، "یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە و پێویستیشە راستییەکان لەبارەی دواکەوتنی موچە ئاشکرابکرێت".

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، ئەم هەفتەیە یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە، هەروەها بارودۆخ و روداوەكانی ئێستا وا دەخوازێت بەزویی حكومەتێكی كارا پێكبهێنرێت.

وتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە راستییەكان لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی موچە بۆ فەرمانبەران ئاشكرا بكرێن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ئامادەكاریەكانی بۆ پێشوازیكردن لە هاتنی گەشتیاران بۆ پشووەكانی ساڵی نوێ دەستپێكردووە. 
ئیبراهیم مەجید وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم  بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ساڵی رابردوو بۆ پشووەكانی هاتنی ساڵی نوێ نزیكەی ٢٠٠ هەزار گەشتیار روویان لە هەرێم كرد و بۆ ئەمساڵیش پێشبینیدەكەن ژمارەكە زیاتر بێت.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە راگەیەندراوێکدا، ئەنجومەنی مامۆستایانی پشدەر رۆژی یەکشەممەیان وەک کاتی بایکۆت دیاریکردوە و چەند داواکارییەکیشیان هەیە.

ئەنجومەنی مامۆستایانی پشدەر ئەمڕۆ هەینی ٦ـی ١٢ـی ٢٠٢٤، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و رایانگەیاندووە: لەسەرەتا و دەستپێکی ساڵی خوێندن بەڕوونی هۆشداریماندا کە لەئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییە ڕەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران دووبارە و وەک ساڵانی پێشتر و بەگڕوتینێکی زیاترەوە دێینەوە مەیدانی خەباتی مەدەنی و بێ ماندوو بوون و سڵەمینەوە هەر ڕێگایەکی مەدەنی و یاسایی پێویست بێت دەیگرینەبەر.

لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، "پێشوازی دەکەین لەو بایکۆتە ناچارییەی مامۆستایان دەستیان پێکردوە و لەیەک شەممەی داهاتووشەوە بایکۆتی سەرجەم هۆڵ و ناوەندەکانی خوێندن دەگرێتەوە".

ئەنجومەنی مامۆستایانی پشدەر چەند داواکارییەکیان خستووەتەڕوو کە بریتییە لە؛

١- دەست پێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی

٢- پێدانی مووچەکانی مانگەکانی دە و یانزە لە نزیکترین کاتدا، هەروەها پێدانی موچەی مانگی دوانزە لەکاتی خۆیدا

٣- بەخێرای جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی تەوتین کردنی مووچە لەلایەن بانکەکانی سەر بە حکومەتی فیدڕاڵی. 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایدەگەیەنێت، دۆخێكی نوێ لە سوریا هاتووەتە ئاراوە و داعش دەستیكردووەتەوە بە هێرشكردن.

مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" رایگەیاند، لە حەلەب بەرگری لە دانیشتووانی هەردوو گەڕەكی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود دەكەن و پەیوەندییان لەگەڵ "تەحریر شام" هەیە و گفتوگۆ دەكەن، تائێستا بڕیاریان نەداوە دژی ئەو گروپە شەڕ بكەن.

راشیگەیاند، لە ئێستادا ژیانی ٢٥٠ هەزار هاووڵاتی كورد لە حەلەب لە مەترسیدایە، دەشیانەوێت كێشەكانیان لەگەڵ توركیا بە دیالۆگ چارەسەر بكەن.

سەبارەت بە ئاوارەكانی شەهبا مەزڵوم كۆبانێ وتی، بەهاوكاری ئەمریكا توانیوانە تەواوی ئاوارەكانی شەهبا رزگاربكەن، بەڵام داعش لە نزیك كەمپی هۆل هێرشیكردووە و مەترسی لەسەر دانیشتووانەكەی هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، هەماهەنگییان لەگەڵ روسیا و عیراقدا هەیە و داوای لە حكومەتی سووریاش كرد، چارەسەرێكی سیاسی بۆ دۆخی وڵات بدۆزێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، زیاتر لە ٨ ملیار ٨٦٣ ملیۆن دینارە و بەراورد بە هەفتەی رابردوو ١٤ ملیار دینار كەمیكردووە.

ماڵپەری شەفافیەت كە چاودێری داهاتی نانەوتی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی راپەڕین و گەرمیان دەكات بڵاویكردەوە، داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیە لە رۆژی ٣٠ـی مانگی ١١ـەوە تا ئەمڕۆ، زیاتر لە ٨ ملیار و ٨٦٣ ملیۆن دینار بووە كە لە ٧٢٪ـی نەختینە و ٢٨٪ـی چەك بووە.

باس لەوەشكراوە، داهاتەكە بەراورد بە هەفتەی رابردوو، ١٤ ملیار دینار كەمیكردووە كە لەو هەفتەیەدا داهاتەكە زیاتر لە ٢٣ ملیار دینار بووە.

هاوكات بەپێی ماڵپەری شەفافیەت، داهاتی نانەوتی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، زیاتر لە ٨٥٢ ملیار و ٧ ملیۆن دینار بووە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو لە ٢٧٪ كەمیكردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەفدێكی ئەنجومەنی راژەی هەرێمی كوردستان لە بەغداد لەگەڵ سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی عیراق كۆبووەوە و تاوتوێی رێكخستنەوەی میلاكات و پلەبەرزكردنەوە و دامەزراندنیان كرد.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا سیراج بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی راژەی هەرێم لەگەڵ عەمار سوبحی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی عیراق ئاماژەی بە رێكخستنەوەی میلاكاتی هەرێم كردووە.


دەشڵێت، چاودێری دارایی فیدڕاڵ، پشتگیریی خۆی بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، تایبەت بە پەسەندكردنی میلاكاتی گشتی، وەكو هەنگاوێك بە ئاراستەی ڕێكخستنەوەی میلاكاتی هەرێم دەربڕیوە كە كاریگەریی ڕاستەخۆی دەبێت لەسەر كردنەوەی دەرگای دامەزراندن، هەروەها دووبارە دەستپێكردنەوەی بەرزكردنەوەی پلەی ڕاسپێردراوان بە خزمەتی گشتی، بەپێی یاسای بودجەی.


هەروەها چاودێریی دارایی فیدڕال ئاماژەی بەوەشداوە، بەپێی یاسای ژمارە ٧ی ٢٠١١ی ئەنجومەنی ڕاژەی هەرێم، پێویستە دۆسیەی دامەزراندن لەسەر میلاكی گشتی، هاوشێوەی حكومەتی فیدڕال ئەنجام بدرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەفدێكی ژوورەكانی بازرگانی شارەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر كێشەی كارگەكانی هەرێم و رێگریكردن لە بەرهەمەكانیان لەلایەن بازگەكانی عیراق سەردانی بەغداد دەكات.


گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر رایگەیاند، سبەینێ  وەفدەكە سەردانی بەغداد دەكات بۆ دوو بابەتی سەرەكی كە یەكێكیان بەشداریكردنە لە كۆبوونەوەی ئاسایی خولی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی عێراق.


دەشڵێت، بابەتی دووەم گفتوگۆكردنە لەسەر كێشەی كارگەكانی هەرێمی كوردستان و رێگریكردن لە بەرهەمەكانیان لەلایەن بازگەكانی عیراق و هەوڵ بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە دەدەن لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی پیشەسازییەكانی عێراق.


وتیشی, لە كۆبوونەوەی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی عیراق ئەم بابەتە دەوروژێنن و كاری جدی لەسەر دەكەن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەهۆی دروستبوونی شەڕەوە لە كەمپی كۆلێژە تەكنیكییەكان، ژمارەیەك خوێندكار و هاوڵاتیی بریندار بوون، كە برینی هەندێكیان سەختە.

لە كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، شەڕ لە نێوان ژمارەیەك خوێندكار و هاوڵاتیی روویداو بەهۆیەوە چەند كەسێك برینداربوون.
بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردسات نیوز، شەڕەكە لەناو حەوشەی كەمپی كۆلێجە تەكنییەكانی چوارچرا لەنێوان دوو خوێندكاری بەشی ژمێریاری روویداوەو یەكێك لەو خوێندكارانە كە دانیشتووی شاری سلێمانییە، برا و خزمەكانی لە شەڕەكە ئاگاداركردووەتەوە.

بە وتەی شایەتحاڵەكانیش كە قسەیان بۆ كوردسات نیوز كرد، دواتر دەمەقاڵێ و شەڕ لەنێوان هەردوولا ڕوویداو ئەوانەی لە دەرەوەی زانكۆ بۆ بەشداری لە شەڕەكە هاتبوون چەكوش و چەقۆیان پێ بووە، لەگەڵ ژمارەیەك خوێندكاری بەشەناوخۆیی شەڕیان كردووە.

راشیانگەیاند، یەكێك لەو خوێندكارانەی بەشە ناوخۆیی، چەكوش بەر سەری كەوتووە و بەهۆیەوە بە سەختی برینداربووە و بەپەلە رەوانەی نەخۆشخانە كراوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردسات نیوز، لەو شەڕەدا، چوار كەس بریندار بوون كە برینی دوانیان سەختە.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشیمانیی کوردستان بۆ کۆچیدوایی مامۆستا "محەمەدی شەڵماشی" کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و زانای ئاینی و   پرسەنامەیەکی ئاڕاستەی خانەوادەکەی دەکات و رایگەیاند؛ مامۆستا مەلا محەمەد شەڵماشی زانایاكی پایەبەرز، نووسەرێكی لێهاتوو و وەرگێڕێكی شارەزا بوو. هەوڵ و بەرهەمەكانی بۆ هەمیشە لە یادەوەریماندا دەمێنێتەوە.

دەقی پرسەنامەکە...

‎کۆچی دوایی مامۆستا مەلا محەمەدی شەڵماشی، زانا و نووسەری دیاری کورد لە دڵەوە نیگەرانیكردین.

‎بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكار و بنەماڵە سەربەرزەكەی دەكەم كە رۆڵێكی كارگەریان لە بزووتنەوەی سیاسی و رووناكبیریی كوردستان گێڕاوە و مایەی شانازیی هەموومانن.

مامۆستا مەلا محەمەد شەڵماشی زانایاكی پایەبەرز، نووسەرێكی لێهاتوو و وەرگێڕێكی شارەزا بوو. هەوڵ و بەرهەمەكانی بۆ هەمیشە لە یادەوەریماندا دەمێنێتەوە و لەیادی ناكەین.

‎خوای گەورە مامۆستای پایەبەرزمان بە بەهەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەهەموولایەک ببەخشێت.

‎دڵسۆزتان 
‎بافڵ جەلال تاڵەبانی 
‎سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشیمانیی کوردستان بۆ کۆچیدوایی مامۆستا "محەمەدی شەڵماشی" کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و زانای ئاینی و نووسەر و وەرگێر پرسەنامەیەکی ئاڕاستەی خانەوادەکەی دەکات و رایدەگەیەنێت؛ کۆچکردوو بە دەیان بابەت و بەرهەمی بەبڕشت خزمەتێکی گەورەی بە ئاینی ئیسلام و فەرهەنگی  کوردی کردوە.

دەقی پرسەنامەکە...

بەڕێزان کەسوکاروخانەوادەی  نووسەرو زانای ئاینی مامۆستا ( محەمەدی شەڵماشی)
بۆ كۆچی دوایی  مامۆستا ( محەمەدی شەڵماشی) کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و زانای ئاینی و نووسەر و وەرگێری بەتوانای گەلەکەمان و برای شەهید مەلا ئاوارە ، لەناخی دڵمانەوە  پرسەو ماتەمی خۆمان  ئاڕاستەی خانەوادە تێکۆشەرەکەتان دەکەین .

مامۆستای کۆچکردوو بە دەیان بابەت و بەرهەمی بەبڕشت خزمەتێکی گەورەی بە ئاینی ئیسلام و فەرهەنگی  کوردی کردوە و بەهۆی هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییەکانیەوە دۆستایەتیەکی دێرینی  لەگەڵ سەرۆک مام جەلالدا هەبوو .

لەیەزدانی مەزن داواکارین کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات وسەبوری بەهەموو  لایەک ببەخشێت.

انا لله وانا الیەراجعون

مەكتەبی سیاسی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، بڕیاردراوە نەوتی هەرێم هەناردە بكرێتەوە.

موعین كازمی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، "بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت بڕی ١٦ دۆلار دیاریكراوە، بەڵام ئەمە پێداچوونەوەی تێدا دەكرێت، چونكە پێدەچێت تێچووی دەرهێنانەكە زیاتر بێت لەو بڕە پارەیە".

ئەمڕۆ سودانی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، بەهۆی هەناردەنەكردنی نەوتی هەرێم ١٢ ترلیۆن دینار زیان بەر عیراق كەوتووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاسایشی هەولێر رایدەگەیەنێت، دەرمانخانەیەکیان داخستووە و دوو کەسیشیان دەستگیرکردووە کە هەڵساون بە بازرگانیکردن بە دەرمانی هۆشبەر و فرۆشتن و پێدانی بە کەسانی ئالودەی ماددەی هۆشبەر.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەنراوێدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لەلایەن تیمەکانیانەوە بەهەماهەنگی لەگەل لێژنەی کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەرمانخانەیەکیان داخست و دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، کە هەڵساون بە بازرگانیکردن بە دەرمانی هۆشبەر و کارتێکەرە هۆشییەکان و بەبێ پسوڵەی پزیشک و دوور لە رێنمایە پزیشکییەکان و فرۆشتن و پێدانی بە کەسانی ئالودەی ماددەی هۆشبەر.

راشیگەیاند، لە کاتی پشکنین بۆ دەرمانخانەکە دەرکەوت، ژمارەیەکی زۆر دەرمانی قاچاخ و رێگە پێنەدراوی تەندروستی لە دەرمانخانەکە هەیە و دەستیبەسەردا گیراوە و پاشان رێوشوێنی یاسایی دژی دەگیرێتەبەر. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...249250251252253...929