وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێم رایگەیاند، لە کۆی ھەزار و ١٠٠ زیندانی کراو و گیراوی سیاسی کە لە سنوری شارەوانی سلێمانی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی پێدانی زەویان بۆدەرچووە، ٤١٦ کەسیان وردبینی مامەڵەکانیان تەواوبووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، ئەو زیندانیکراو و راگیراوە سیاسیانەی، ماونەتەوە پێویستە دەست بەمامەڵەکانیان بکەن بۆ وەرگرتنی زەوی، بۆ ئەوانەشی تا ئێستا فەرمانی وەرگرتنی زەویان نییە، وەزارەت لەھەوڵدایە بۆدابینکردنی زەوی لە سنوری بەڕێوەبەرایەتیەکانی تر.
جەختی لەوەشکردوەتەوە، ئەو ٤١٦ زیندانیە سیاسییەی ناوەکانیان ڕاگەیەندراوە، ڕۆژی پێنج شەممە لە ھۆڵی ڕۆشنبیری شاری سلێمانی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە تیروپشکیان بۆ ئەنجام دەدرێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سەرەتای دروستبوونی ئاگرەکە لە خەزانێکی نەوتی ڕەشەوە بووە دواتر بۆ خەزانی قیر و کۆگاکانی دیکە گواستراوەتەوە، بەپێی زانیاریەکانیش لەکاتی ڕۆکردنی نەوتدا ئاگرکەوتووەتەوە، کە کۆگاکە ٧ خەزانی نەوتی رەشی تێدابووەو ٤ خەزانیان بەتاڵ بوون.
وتیشی، ئەو خەزانانەی ئاگریان گرتووە بەبەردەوامی دەسوتێن کە سێ ھەزار و ٥٠٠ تۆن نەوتی رەش و چوار ھەزار تۆن قیری ڕەشی تێدایە و لە ئێستادا مەترسی لەسەر دوو خەزانی دیکە ھەیە کە لە ھەر ساتێکدابێت مەترسی تەقینەوەیان ھەیە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، تیمەکانی بەرگری شارستانی بە بەردەوامی لە ھەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان، بەڵام تائێستا نەتوانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت و مەترسی لەسەر ناوچەکانی دەوروبەریشی دروستکردووە.
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبونەوەکەیانەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند، چەند تەوەرێکی پەیوەست بە کێشەکانی نێوان ھەرێم و حکومەتی فیدراڵیان تاوتوێکردووە، لەوانەش راپۆرتی وەفدی ھەرێم و کۆبونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، کە بە ژمارە و داتای دروست وەڵامی پرسیارەکانی تایبەت بە بودجەی ھەرێم دراوەتەوە، لە بارەی داھات وخەرجییەکان و نەوت و دەروازە سنوورییەکان.
ھەروەھا ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و وەفدی دانوستانکاری راسپارد، لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بۆ جیاکردنەوەی تەرخانکراوەکانی مووچەی ھەرێم لە پێوەری خەرجی ڕاستەقینە ھاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق و ھەموارکردنەوەی ماددەکانی پەیوەندیدار بەو بابەتە لە یاسای بودجە.
ھاوکات پوختەی ڕێڕەوی بەڕێوەچوونی پرۆسەی وردبینی ھاوبەشی ھەردوو دیوانی چاودێری دارایی خرایە ڕوو کە لە ساڵی ٢٠٢٣ ئەنجامدراون، لە دەرەنجامی پڕۆسەی ووردبینیەکەدا، سێ ڕاپۆرتی ھاوبەشی ھەردوو دیوانی چاودێری پێشکەش کراون کە تایبەتن بە داھات و خەرجیەکان بە گشتی و بە نەوت، دوا ڕاپۆرتیش تایبەتە بە میلاکی گشتی ھەرێم و بڕی مووچەکان، دوای ووردبینی ھەردوو دیوانی چاودێری، ژمارەی مووچەخۆرانی ھەرێم و بڕی مووچەکانیان پشتڕاست کراونەتەوە.
دەقی پرسەنامەی قوباد تاڵەبانی...
بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو خاتوو فەھیمە
دڵگران بووین بە بیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی خاتوو (فەھیمە حاجی جەمیل کاوانی) خێزانی مام رەمزی ھیرانی.
کۆچکردوو خاتوو فەھیمە لەبنەماڵەیەکی تێکۆشەری کوردایەتی و شۆڕش بوو نەوەکانی گۆشکردبوو بە رۆحیەتی نیشتمانپەروەری و گیانفیدایی، ھەر لەو پێناوەشدا (ھاوار ھیرانی) کوڕی چووە ریزی شەھیدانی رێگای رزگاری کوردستان.
بۆ ئەم کۆستە ھاوبەشی غەمتانم، پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی ئێوە و کەسوکاری دەکەم و خوای گەورە لێی خۆش بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە وانا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
بەڕێوەبەرایەتی دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەبەر پاراستنی تەندروستی ھاوڵاتیان و لەسەر داوای کارگەی بەرھەمھێن "ئەسینۆ" بڕیاریاندا بە ڕاکێشانەوەی بەرھەمی "میسپۆڕین" بە گشت جۆرەکانییەوە، کە لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بەردەستن بۆ کۆگای کۆمپانیای دابەشکار بەمەبەستی لەناوبردنیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کەوا بەرھەمی ناوبراو لەدوای وەرگرتنی مۆڵەتی بەبازاڕکردن دوای ماوەیەک دەرکەوتووە چەند ژمارە باجێکی لایداوە لە تایبەتمەندییە پەسەندکراوەکانی کۆتایی بەرھەمەکە.
دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمانی ئاگاداری سەرجەم دەرمانخانە و نەخۆشخانەکان دەکاتەوە، کە بەھیچ شێوەیەک مامەڵە بەو دەرمانە نەکەن تا دووبارە بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دەردەچێت وە ئەو بڕەی ھەیانە بیگەڕێننەوە بۆ کۆمپانیای دابەشکار یان بۆ ئەو کۆگایەی کە دەرمانەکەی لێوە کڕیوە بەپێچەوانەوە لە ھەر شوێنێک مامەڵەی پێوەبکرێت یاخود بەکاربێت ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لەبارەی پڕۆسەی خوێندنی ساڵی ٢٠٢٣ / ٢٠٢٤ رایگەیاند، لە کۆبونەوەی ھەفتانەی زانکۆ جەخت لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران کراوەتەوە، ھەروەھا جەختیش لە بەرپرسیارییەتی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتە داراییەکانی بەردەم پڕۆسەی خوێندن لە زانکۆ دەکاتەوە.
راشیگەیاندووە، لە پێناو خەمخۆرییان بۆ داھاتووی خوێندکاران و ھەڵنەسپاردنی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣/ ٢٠٢٤ بەپێی پێوەرە زانستییەکانی بۆڵۆنیا پڕۆسێس، کە ئەو پرسە پەیوەندیدارە بە چارەنووسی زیاتر لە ٢٣ ھەزار خوێندکار و خێزانەکانیان، ئەنجوومەنی زانکۆ ڕۆژی شەممە ٢٨/١٠/٢٠٢٣ی وەک دەستپێکی پڕۆسەی خوێندنی ساڵی نوێی خوێندنی راگەیاند، لەو چوارچێوەیەشدا ڕۆژژمێری خوێندنی بەرایی و باڵای بۆ سەرجەم کۆلێژەکان پەسەند کرد.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، تائێستا ٢١ ھەزار و ٧٩١ خێزان فۆڕمی وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوونیان پڕکردووەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، پڕکردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون تاکو رۆژی ١ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بە رێگەی ئۆنڵاین بەردەوام دەبێت، ھەروەھا ئەو خوازیارانەی یەکە نیشتەجێبوونەکان کە فۆڕمەکانیان پڕکردووەتەوە ئەژماری تایبەت بە خۆیان ھەیە، تاکو وادەی ئاماژە پێکراویش دەسەڵاتی پێداچوونەوەیان بە زانیارییەکانی خۆیاندا ھەیە لە سیستەمەکەدا و دواتر ھەر لەرێگەی ئەژمارەکەی خۆیانەوە توانای وەرگرتنەوەی ئەنجامەکانیان ھەیە.
رۆژی ٨ی مانگی ئابی رابردوو، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دابەشکردنی فۆڕمی نۆ ھەزار و چوار یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ خێزانە کرێنشینان و کەمدەرامەتان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستان راگەیاند، کە یەکە نیشتەجێبوونەکان بەبێ پێشەکی و بە قیستی ٢٥ ساڵ دەبێت.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، کۆڵبەرێکی گەنجی دانیشتووی گوندی کانی بەردی سنوری بانە، بەناوی موحسین عەبدوڵڵاھی تەمەن ٣٥ ساڵ بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنوری کێلێ کوژراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کارمەندێکی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران، لە دووری چەند مەترێک بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەی لەو کۆڵبەرە کوردە کردووە و کوشتوویەتی.
رێکخراوی ھەنگاو راشیگەیاندووە، ئەو کۆڵبەرەی کوژراوە، خێزاندارە و باوکی چوار منداڵە، لەکاتێکیشدا کوژراوە ھیچ شتێکی پێنەبووە.
ھاوکات بەپێی ئامارێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ماوەی ٢٠ی ئەیلوول بۆ ٢٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، دوو کۆڵبەری کورد بەدەستڕێژی گولـلەی ھێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە سنوورەکانی بانە و مەریوان کوژراون و لانیکەم ١٤ کۆڵبەری تریش بە ھەمان ھۆکار لە سنووری پارێزگاکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بریندار بوون.
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم دوو تەوەر لەخۆدەگرێت، لە تەوەری یەکەمدا ئەنجامی کۆبوونەوەی ھاوبەشی نێوان لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و وەفدی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەو بنەمایانەی کە لە کۆبوونەوەکەدا پەسەندکران و ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی دەخرێتەڕوو.
تەوەری دووەمیش تایبەت دەبێت بە میوانداریکردنی دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان، بە مەبەستی خستنەڕووی دوا دەرئەنجامی پڕۆسەی وردبینی ھاوبەشی ھەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و ھەرێم، سەبارەت بە داھات و خەرجییەکان و میلاکی گشتی لە ھەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی ھەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە مەبەستی پابەندکردنی شۆفێران بە خێرایی دیاریکراو لەسەر رێگەی ھەولێر – پیرمام و بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتی رێگاکە، لە ئەمڕۆوە کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لەو رێگایە بە درێژایی رێگاکە بەشێوەی ئەزموونی کەوتوونەتەکار و لە رۆژی ٢ی مانگی داھاتووەوە سەرپێچی شۆفێران لەو رێگایە تۆماردەکەن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەوپەڕی خێرایی لە رێگای ھەولێر – پیرمام بۆ ئۆتۆمبێلی ساڵۆن ١٠٠ کم و بۆ بارھەڵگر ٨٠ کم ە جگە لەناو تونێلەکان کە خێرایی تیایاندا ٧٠ کم ە".
بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی ھەولێر داواش لە شۆفێران دەکات، لەپێناو پاراستنی سەلامەتی گیانی خۆیان پابەندبن بە خێرای دیاریکراوی رێگاکان.
ئاژانسی بلومبێرگ، لە زاری وتەبێژی حکومەتی سویدەوە بڵاویکردووەتەوە، یەنس ستولتنبێرگ ئەمینداری گشتی ھاوپەیمانی ناتۆ سەرجەم وڵاتانی ناو ھاوپەیمانی ناتۆی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی کە دەبێت، کۆتایی مانگی داھاتوو سوید ببێتە ئەندامی نوێی ھاوپەیمانێتییەکە.
لای خۆیەوە، ئەمینداری گشتی ھاوپەیمانی ناتۆ ئاماژەی بەوەداوە، سوید پابەندی سەرجەم داواکارییەکانی ھاوپەیمانی ناتۆ بووە، لەوانە ھەموارکردنەوەی دەستوور و یاسای وڵاتەکەی و رێگەدان بە ناردنی چەک بۆ تورکیا، بەوەش سوید ئامادەیە بۆ ئەوەی ببێتە ٣٢ ھەمین ئەندامی ھاوپەیمانی ناتۆ.
دکتۆر نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەھۆی نەبوونی پارەی نەختینەیی پێویست لە بانکەکانی عێراق، ئەگەر ھەیە رەوانە کردنی دووەم سلفەی ٧٠٠ ملیار دینارەکە دوابکەوێت بۆ سەرەتای ھەفتەی داھاتوو دوابکەوێت.
وتیشی، ھەر بەھۆی نەبوونی پارەی پێویست، دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی حکومەتی ناوەندیش بۆ چەند رۆژێک دواکەوتوە و لە کاتی خۆیدا دابەش نەکراوە.
سەرۆکایەتی دادگای تێھەڵچونەوەی سلێمانی لە رونکردنەوەیەکدا دەنگۆیەک لەبارەی دەستگیرکردنی جەمال عەبدوڵا رەتدەکاتەوە و دەڵێت، لەسەر کاری رۆژنامەوانی رانەگیراوە، بەڵکو چەند ساڵێک لەمەوبەر بە کلکە دەمانچە لە ھاووڵاتییەکی داوە و بەڕێژەی ٣٪ تووشی سست بوونی جەستەی کردووە و ئەویش ھەر ئەوکاتە سکاڵای لەدژی تۆمار کردووە و بەپێی ماددەی (٤١٢) ی یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیردنی بۆ دەرچووە و لەئێستاشدا راگیراوە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە چەند ساڵی رابردو چەندینجار داوا لەو تۆمەتبارە کراوە بێتە بەردەم دادگای تاوانەکانی سلێمانی بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت وەکو تۆمەتبارێک، بەڵام نەھاتووە و نەگوێی بەیاسا داوە و نە رێزی لە دادگا گرتووە، بۆیە لەکاتێکدا خۆی ھاتۆتە دادگا بەھۆی کەیسێکیترەوە کە شایەت بووە تیایدا، دادوەری ئەم کەیسە پێی زانیوە و بڕیاری راگرتنی داوە تا ئەو کاتەی دادگا دۆسیەکەی یەکلایی دەکاتەوە و بڕیار لە چارەنوسی دەدات، تۆمەتبار پاش دەستگیردنی دانیناوە بە ئەنجامدانی تاوانەکەی.
سەرۆکایەتی دادگای تێھەڵچونەوەی سلێمانی باسی لەوەشکردووە، رۆژنامەنووسان رێزلێگیراون و لەکاتی بوونی ھەر گرفتێک کە لەچوارچێوەی کاری رۆژنامەوانی بێت بەپێی یاسای رۆژنامەوانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، نەک لەھەموو تاوانێک کە ئەنجامی بدات.
فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سوپای عێراق لە گوندی شەناخەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان رێگرییان لە جوتیارانی کورد کردووە زەوییەکانیان بکێڵن، ئەوەش ناڕەوایە و ئەوانیش لەسەر ئەو بابەتە لەسەر ھێڵن، بەڵێنی ئەوەشیان پێدراوە لەم قۆناغەدا لانیکەم جوتیاران دەستبەسەر نەکرێن.
وتیشی، ئەوە کەمترین دەستکەوتە بۆ جوتیارانیان کردووە و ھەوڵیش دەدەن جوتیارانی کورد رێگرییان لێنەکرێت زەوییەکان بکێڵن، بەڵام دەستوەردانی بەردەوامی سوپا جێگەی نیگەرانییە و یەکلایینەکردنەوەی دۆسیەی زەویوزاریش کێشەیەکی بەردەوامە، بۆیە دەستەکەیان ھۆشداری دەدات کە ئەگەر بەزویی چارەسەر ئەو بابەتە نەکرێت گرفتی قوڵتری لێدەکەوێتەوە.
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان وتیشی، لەسەر ئەو بابەتە بەرنامەیان ھەیە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی فیدڕاڵ کۆببنەوە و پێکەوە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ گرفتی جوتیارانی ناوچە کێشەلەسەرەکان بدۆزنەوە.
دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان...
بەڕێزان خزمانی شێخانی چوێسە
بەڕێز کاک شێخ کامیل شێخ عەبدولقادری چوێسە
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی (حاجی ئامینە شێخ عەبدولقادری چوێسە) خوشکی بەڕێزتان و ھاوسەری کاک (ئەفراسیاب عەلی بەگی میراوا)مان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە و بنەماڵە سەربەرزەکەتان دەکەم و ھاوبەشی خەمتانم.
لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان