فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەسەر پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەن
لاوان
٤ی نیسانی ٢٠٢٥
هەفتەی داهاتوو دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەستپێدەكاتەوە، فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش بڕیاریانداوە بایكۆتی دانیشتنەكان بكەن، تا پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەخرێتە كارنامەی یەكێك لە دانیشتنەكانەوە و پەسەند دەكرێت.
د.بڕیار رەشید ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە دوایین كۆبوونەوەیاندا لە بەغداد، فراكسیۆنە كوردستانییەكان بە تێكڕا بڕیاریانداوە بە بایكۆتكردنی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن تا پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەكرێتە یەكەم بڕگەی كارنامەی یەكێك لە دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.
وتیشی، ژمارەی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان 64 پەرلەمانتارە كە بایكۆتی دانیشتنەكان دەكەن و بەبێ ئامادەبوونی ئەوان ناتوانرێت هیچ پرۆژەیاسایەك لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند بكرێت.
ماوەی چەند ساڵێكە پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە بەغدادە و هەرجارەو بە پاساوێك پەسەندكردنی لە ئەنجومەنی نوێنەران دوادەخرێت، لەئێستاشدا خوێندنەوەی یەكەم و دووەم بۆ پرۆژەیاساكە كراوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان شیعە و سوننە، دیار نییە كەی دەخرێتە كارنامەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و بۆئەوەی پەسەند بكرێت.