زیاتر لە76 هەزار گەشتیار لە رۆژانی جەژندا سەردانی پایتەختیان کردوە
رەوەز
٢ی نیسانی ٢٠٢٥
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماری سێ رۆژەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بە سەرکەوتویی پلانە ئەمنییەکان و ژمارەی گەشتیارانی هاتو بۆ پارێزگاکە کراوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەو ئامادەکاری و پلانانەی کە بۆ سێ رۆژی جەژنی رەمەزان لەلایەن لیژنەى ئەمنى پارێزگای هەولێر بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر داڕێژرابوون، بەتەواوی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکراون.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە؛ لە بواری گەشتوگوزاردا، لیژنەی تایبەت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری پێویست لە بازگەکان و بنکە گەشتیارییەکان پێکهێنرابون، ژمارەی ئەو گەشتیارانەش، کە تەنها لە رۆژانی پشوی جەژندا سەردانی هەولێریان کردوە، 76 هەزار و 654گەشتیار بون.
لە بواری ئەمنیشدا، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و هێزەکانی پۆلیس لە ئامادەباشی تەواودا بوون و پلانەکان بە سەرکەوتوویی جێبەجێکراون. بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی سێ رۆژی جەژندا 28 تاوان تۆمارکراوە و هەموویان ئاشکرا کراون.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێریش ئاماژەی بەوە کردوە، بەهۆی پابەندنەبونی شوفێران بە رێنمایی و یاساکانی هاتوچۆ و لێخوڕینی خێرا، 4 روداوی هاتوچۆ رویانداوە کە لە ئەنجامیاندا 12 کەس بریندار بوون.
تیمەکانی بەرگری شارستانی لە 9 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەدا هەڵسوکەوتیان کردوە کە خۆشبەختانە جگە لە زیانی مادی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.
لە بواری تەندروستیدا، لە سێ رۆژی جەژندا 5 هەزار و 874 هاوڵاتی سەردانی نەخۆشخانەکانی سنوری پارێزگای هەولێریان کردوە. هەروەها 119 منداڵ لە دایک بوون، 71 کوڕ و48 کچ، و669 نەشتەرگەری جۆراوجۆر ئەنجامدراوە لەگەڵ 620 حاڵەتی شوشتنی گورچیلە.
تیمەکانی سەرۆکایەتی شارەوانیش لە رۆژانی جەژندا 6 هەزار و 956 تۆن زبڵ و پاشماوەیان لە سنوری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کۆکردۆتەوە و لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە چارەسەریان بۆ کراوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، نوسینگەی پارێزگاری هەولێر سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەربڕیوە و جەختی کردۆتەوە کە وەک هەمیشە لە خزمەتی هاوڵاتیاندا دەبن بۆ دەستەبەرکردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان.