راگەیاندنی وەزارەتی پلاندانانی ھەرێم بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عێراق و ھەرێم کرا، کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی داھاتوو ئەنجامبدرێت.
لای خۆیەوە، وەزیری پلاندانانی ھەرێم رایگەیاند، ھەرێمی کوردستان پشتیوانی ئەو سەرژمێریە دەکات، کە بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی وڵاتە، بەشێوەیەک کە دووربێت لە مەرامی سیاسی و دەستێوەردان.
ھەروەھا، ھیوای خواست سەرژمێرییە گشتییەکە لەسەر بنەمای ئەو پلانە و ھەماھەنگییە ئەنجامبدرێت کە لەنێوان ھەردوولادا ھەیە و تەواوی کێشە و گرفتەکانی بەردەمیشی چارەسەربکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری لە بەغداد گرێبەستی وەرگرتنی ٢٠٠ ملیار دیناری وەک قەرز لە رێگای بانکی رەشیدەوە ئیمزا کرد.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەچەند رۆژی ڕابردوودا گرێبەستی وەرگرتنی ٥٠٠ ملیار دیناریان لە رێگەی بانکەکانی رافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقییەوە ئیمزا کردووە و چاوەڕوانن لە نزیکترین کاتدا پارەکە بگاتە سەر ھەژماری بانکی وەزارەت لە لقی ھەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بە رۆژی دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە نەکردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، دوای گەیشتنی بڕی قەرزەکان لە رۆژانی داھاتوودا، راستەوخۆ وەزارەت خشتەی مووچە رادەگەیەنێت و دەستبە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە کۆبوونەوەکە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سەرەڕای ئیمزاکردنی کۆنووسەکە، لە کۆبونەوەکەدا وەفدی ھەرێم داوای کردووە یاسای ژمارە ٣٠ ساڵی ٢٠١٦ی دەروازە سنورییەکان ھەمواربکرێتەوە، بە جۆرێک حکومەتی ھەرێم بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ، لە رووی یاسایی و ئیداریی و دەستورییەوە دەروازە سنورییەکانی ھەرێم بەڕێوەببات.
سەرچاوەکە راشگەیاند، وەفدەکەی ھەرێم داواشی لە حکومەتی عێراق کرد کە بەشێک لەو دەروازە سنورییانەی تا ئێستا لە لایەن عێراقەوە دانی پێدا نەنراوە، بەرەسمی بناسرێن، لە بەرامبەردا حکومەتی فیدڕاڵ بڕیاریدا لیژنەیەکی باڵا پێکبھێنێت بۆ بە رەسمی ناساندنی دەروازە نا رەسمییەکان.
لە دیدارێکدا دوا پیشھات و گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی سیاسی عێراق و ھەرێمی کوردستانیان تاوتوێکرد، بەتایبەتیش گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە کۆی بارودۆخی سیاسی و و ئەمنی لە ھەرێمی کوردستان.
تەورێکی تری دیدارەکەدا گفتوگۆ بوو دەربارەی ھەڵمەتەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، سەعدی ئەحمەد پیرە جەختیکردەوە کە یەکێتی خوازیاری ئەنجامدانی ھەڵبژاردنە لەکاتی خۆیدا بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد و ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانیش بەشێوەیەکی ھێمنانە و مەدەنی دوور لە ھیچ توندوتیژی و بەریەک کەوتنێک بەڕێوەبچێت.
وتیشی، لە ئایندەدا کاندیدەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگاکان رۆڵی گرنگ دەبینن و نوێنەرایەتی ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکانی پارێزگاکان دەکەن بەبێ گوێدانە ھەویەی قەومی بە کورد، عەرەب، تورکمان و نەتەوە و ئاینەکانی تریشەوە.
لەو دیدارەدا کێشەکانی بودجە و دارایی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغداد و ئاراستەی گفتوگۆکانی نێوان وەفدی ھەردوولا تەوەرێکی تر بوو، یونامی خوازیاری چارەسەری کێشەکان بوو بە ئامانجی چارەسەری قەیرانی مووچە و کۆتاییھێنان بە چاوەڕوانی مووچەخۆران، وەفدەکەی یونامی تەئکیدیکردەوە کە بە ووردی چاودێری ھەموو بارودۆخەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکەن لە پێناو لەیەکتر گەیشتنی لایەنەکان و چارەسەری گونجاو بۆ کێشە ھەڵواسراوەکان بەتایبەتی سەقامگیری سیاسی و ئاسایشی ناوچەکە .
رۆژی یەکشەممە وەفدی دانوستانکاری حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرھەمھێنانی نەوت و گاز کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی دوایین کۆبوونەوەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد لەبارەی تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوت کرد.
بەپێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، وەفدی دانوستانکاری ھەرێم جەختیکردووەتەوە کە تائێستا وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ وەڵامی پێشنیازەکانی ئەوانی لەبارەی تێچووی بەرھەمھێنانی نەوت نەداوەتەوە و چاوەڕێی دوای بڕیاری بەغدادن لەم بارەیەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەکۆبوونەوەکەدا باس لەو ئاڵنگاریانەش کرا کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو ھاتۆتە پێش کۆمپانیاکانی نەوت، کە بەھۆی بارودۆخی ئابووری بۆیان دروستبووە، وەفدەکە جەختیکردووەتەوە کە کۆمپانیاکانی نەوت بە پێکەوەیی لەگەڵ حکومەتی ھەرێم کارەکانیان سەرکەوتووتر دەبێت، بڕیاریش دراوە ئەو جۆرە کۆبوونەوە ھاوبەشانە بەردەوام بن بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری ھاوبەش بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان.
رۆژی یەکشەممە "ھاوپەیمانی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە" لە ناحیەی لەیلانی سنوری پارێزگای کەرکوک بانگەی ھەڵبژاردنی ئەنجامدا، بەڵام لەکاتی بانگەشەکەدا لە بازگەکانی ناحییەکە، ڕێگری لە تێپەڕبوونی چەند کاندیدێکی ھاوپەیمانی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە کرا.
لە بەرانبەرشیدا ئاسۆ مامەند، سەرۆکی قەوارەی "ھاوپەیمانی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە" ھەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ گۆڕینی بازگەکان، لە ئەنجامیشدا بازگەکانی سنوری لەیلان ڕادەستی پۆلیسی ناوخۆ کران و لە دەستی سوپا وەرگیرانەوە.
وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، رۆژی ھەشتی ئەم مانگە نوسراویان کردوە بۆ پێدانی ٧٠٠ ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، جەختیش دەکاتەوە کە سورە لەسەر بەجێگەیاندنی داواکاری فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.
لای خۆیەوە، وەزارەتی دارایی ھەرێم لە رونکردنەوەیەکدا باسی لەوەکردوە، ڕۆژی یەکشەممە وەزارەتی دارایی و ئابوری گرێبەستی وەرگرتنی ٢٥٠ ملیار دیناری وەک قەرز لە ڕێگای بانکی ڕافیدەینەوە ئیمزاکرد و چاوەڕوانن لە داھاتویەکی نزیکدا پارەکە بگاتە سەر ھەژماری بانکی وەزارەت لە لقی ھەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
وەزارەتی دارایی لە رونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بە وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەران نەکردووە، بەھۆیەش دیار نییە چ رۆژێکی ئەم ھەفتەیە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
پێشتریش فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە بەغداد بە کوردسات نیوزی راگەیاندبوو، حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی ٧٠٠ ملیارەکەی داوە و رۆژانی دووشەممە یان سێشەممەی ئەم ھەفتەیە پارەکە رەوانەی ھەرێم دەکرێت.
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ راوێژکارانی باڵای ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە و جەختیکردەوە لەسەر خێراترکردنی پرۆسەی چاکسازی و پێکەوە کارکردن بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی ھێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
وتیشی، بە ھاوکاری و ھەماھەنگی زیاتر لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانان، ھەوڵدەدەن ھێزەکان رێکبخەنەوە بە ئامانجی دروستبوونی ھێزێکی نیشتیمانی تۆکمە و رێکخراو، ئێستاش ویست و ئیرادەیەکی بەھێز ھەیە بۆ چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.
لای خۆیەوە وەفدەکەی ھاوپەیمانان رایانگەیاند، پاڵپشت و پشتیوانی لە پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوەی ھێزەکانی حەفتا و ھەشتا و پەرەپێدان بە کاروباری فیرقەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن، ھاوکات چاودێری وردی پرۆسەی چاکسازیش دەکەن لە وەزارەتی پێشمەرگە و ھیوادەخوازن ھێزی پێشمەرگە بگاتە ئاستێکی باڵای سەربازی.
کونسوڵخانەی بەریتانیا لە ھەولێر لە پێگەی "ئێکس" پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی ئەو کەسانە دەکەن، کە ئازیزانیان لەدەستداوە لەو کارەساتە دڵتەزێنەی لە هەینی ڕابردوو لە سۆران ڕوویدا و ھەروەھا ھیوای زوو چاکبوونەوەشیان بۆ بریندارانی ئەو رووداوەش خواست.
شەوی ھەینی رابردوو لە شاری سۆران ئاگر لە بەشە ناوخۆییەک کەوتووەتەوە و بەھۆیەوە ١٤ کەس گیانیانلەدەستدا، حەوت کەسی تریش برینداربوون.
عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆی ھەرێم لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، گرنگرترین بابەتی کۆبونەوەکە ھەماھەنگی بوو لە بازگەکان کە ئاسانکاری بکرێت بۆ ھاتوچۆی ھاوڵاتییان کە دەیانەوێت سەردانی پارێزگاکانی دیکە دەنگ بدەن.
ھاوکات، تەحسین خەفاجی، وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆیی حکومەتی ھەرێم رێککەوتن لەسەر پلانی ئەمنی ھەڵبژاردن کراوە.
سەرچاوەیەک لە سەنتەری فریاگوزاری"جەی سی سی" بەکوردسات نیوزی راگەیاند، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە پیاوێکی٦٠ ساڵ کە پیشەی کاسبە بە دەستی ئامۆزاکەی خۆی بەفیشەک دەکوژرێت و لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.
فارس عیسا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، وەک نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم رۆژی ھەینی سەرجەم رێکارەکانیان تەواو کردووە سەبارەت بە ناردنی ٧٠٠ ملیارەکە و بڕیارە رۆژی دووشەممە یاخود سێشەممەش ئەو بڕە پارەیە بخرێتە سەر ھەژماری بانکی ھەرێم.
ئیخڵاس دلێمی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیش لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز جەختی کردەوە لەوەی، رێکارە ھونەرییەکان تەواو بوون، لە چەند رۆژی داھاتوودا ٧٠٠ ملیارەکە دەگاتە ھەرێم.
وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆسەی چاکسازیی وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبای خەبات کۆتایی ھاتووە و وێستگەکە کەوتووەتەوەکار و نزیکەی ٣٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ ناو تۆڕی نیشتمانی گەڕاوەتەوە و بەھۆیەوە ماوەکانی پێدانی کارەبا زیاتر بووە.
وەزارەتی کارەبا دەشڵێت، دوای کوژانەوەی گشتیی کارەبا، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کۆنترۆڵی کارەبای ھەرێم و بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی پارێزگاکانەوە کۆمەڵێک رێوشوێنیان بۆ باشترکردنی رەوشی کارەبا گرتووەتەبەر.
لە ماوەی رابردوودا سەعاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکرد، ئەوەش نیگەرانیی ھاووڵاتیانی لێکەوتەوە.
لەوسەردانەیدا بۆ دەڤەرەکە ماڵی (شێخ ئەحمەد عەتائەڵا جبوری) بەسەرکردەوە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتیی و پیاوماقوڵانی خزمانی جبور و( شێخ قەیسەر ئیبراھیم عەتائەڵا) کاندیدی ژمارە (١٠)ی ھاوپەیمانیی یەکێتی خەڵکی نەینەوا ئامادەیبوون، پێشوازییەکی گەرم لە ئاراس محەمەد ئاغا و وەفدی یاوەری کرا، لە وتەکیشیدا ئاراس محەمەد ئاغا رۆڵی خزمانی "شیخ عەتائەڵا" و (جبوری) لە خەبات و قوربانیدان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و ھاوکاری خەڵکی شارەکە بەرزنرخاند و رایگەیاند،" ھاوپەیمانیەکەمان نوێنەری راستەقینەی گشت پیکھاتەکانی نەینەوا دەبێت، دەبێتە زامنی بەدەستھێنانی مافی خەڵکی نەینەوا بەگشت پێکھاتە و نەتەوە جیاوازەکانیەوە ".
دواتریش ئاراس محەمەد ئاغا نوسینگەی (شێخ قەیسەر ئیبراھیم عەتائەڵا) کاندیدی ژمارە (١٠) ھاوپەیمانیی یەکێتی خەڵکی نەینەوا بەسەرکردەوە و چاویکەوت بە کۆمەڵێک کەسایەتی و گەنج و لاوانی دەڤەرەکە، لەوتەیەکدا سەرۆکی ھاوپەیمانیی خەڵکی نەینەوا رایگەیاند، "پێویستە ھەمووان پشتیوانی لە ھاوپەیمانیی یەکێتی خەڵکی نەینەوا و کاندیدانی بکەن بۆ ئەوەی لە ئەنجومەنی پارێزگا خزمەتی ئێوە و شاری نەینەوا بکەن بەبێ جیاوازی"
لەلایەن خۆیانەوە ئامادەبوان بەڵێنیاندا پشتیوانی ھاوپەیمانیی یەکێتی خەڵکی نەینەوا و کاندیدانی بکەن چونکە دڵنیان کە ئەو لیستە دەبێتە داکۆکیکارێکی بەھێز لە ماف و خواستە رەواکانی ھاووڵاتییانی پارێزگای نەینەوا.