ئەمڕۆ هەینی، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی هێرشێکیان ئەنجامداوە بۆ سەر ئامانجێک لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە سوریا و وتیشی، پەیامێکی رونمان ناردووە بۆ رژێمی سوریا، رێگە نادەین هێزەکانیان لە باشووری دیمەشق جێگیر ببن.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە، رایگەیاند: "درەنگانی شەوی رابردوو، هێرشێکی ئاسمانیمان کردە سەر ئامانجێک لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق."
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەمە پەیامێکی رون و ئاشکرایە بۆ رژێمی سوریا، بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین هێزەکانی سوریا لە باشوری دیمەشق جێگیر ببن و مەترسی بۆ سەر درووزەکان دروست بکەن."
لە راگەیەندراوەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە: "فڕۆکە جەنگییەکان هەڵیانکوتایە سەر ناوچەی دەوروبەری کۆشکی ئەحمەد حسێن شەرع، لە دیمەشق"، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر دەربارەی ئامانجەکە بڵاو بکرێتەوە.
شایەنی باسە، ئەمە دووەم جارە لە ماوەی دوو رۆژدا ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر خاکی سوریا، دوای ئەوەی بەڵێنی دا بەرگری لە کەمینەی درووزەکان بکات.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوریاوە سەبارەت بە هێرشەکە نەدراوە.
جێی ئاماژەیە، لە دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشوی سوریا، ئیسرائیل بەشێکی گەورەی باشوری رۆژئاوای سوریای کۆنترۆڵ کردووە و بەڵێنی پاراستنی کەمینەی درووزەکانی داوە. هەروەها زۆربەی چەکە قورسەکانی سوپای سووریاشی لە دوای روخانی ئەسەد لەناوبردووە.