هاووڵاتییەکی شاری کەرکوک دوای نزیکەی 24 کاتژمێر لە بێسەروشوێنبوونی تەرمەکەی لە گەڕەکی شۆراو دۆزرایەوە.

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، هاووڵاتییەکی شاری کەرکوک بەناوی "مام عەلی حەمەد ئیسماعیل"، دوای ئەوەی رۆژی رابردوو هەواڵی بێسەروشوێنبوونی بڵاوکرایەوە، ئەمڕۆ تەرمەکەی لە گەڕەکی شۆراو لەناو خانویەکی تەواو نەکراودا دۆزرایەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی رابردوو ئۆتۆمبێلی ئەو هاووڵاتییە لەلایەن کەسێکەوە لە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە کەرکوک هەوڵی فرۆشتنی دراوە، بەڵام دوای ئەوەی گومانی لێدەکرێت، کەسەکە بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵدێت.

پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی، تەرمی ئەو هاووڵاتییە بۆ پزیشکی دادی کەرکوک گوازراوەتەوە، تۆمەتباری روداوەکەش لە نزیک گەڕەکی رەحیماوا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا، دەستبەسەر ئۆتۆمبێلە دزراوەکەشدا گیرا.