ڤلادیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس"، هێرشەکانی ئەم دواییەی روسیای بۆ سەر چەندین شاری ئۆکراین بە "لێدانی نمایشکارانە و گاڵتەجاڕانە" وەسف کرد، کە تەنیا چەند ساتێک پێش کۆبوونەوە گرنگەکەی واشنتۆن دێت بۆ تاوتوێکردنی رێگاکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ.
زیلینسکی ئاشکرای کرد، لە واشنتۆن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و سەرکردەکانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و فینلاند، لەگەڵ نوێنەرانی یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) کۆدەبێتەوە.
سەرۆکی ئۆکراین جەختی لەوە کردەوە، لە کاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵی "ئاشتییەکی شکۆمەندانە و ئاسایشێکی راستەقینە" دەدات، هێزەکانی روسیا بەردەوامن لە بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی ئۆکراین و ئاماژەی بەوەدا کە شارەکانی خارکێڤ، زاپۆریژیا، هەرێمی سومی و ئۆدیسا روبەروی هێرشی بەرفراوانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بوونەتەوە.
زیلینسکی ئاماژەی بەوەدا، هێرشەکەی سەر خارکێڤ بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 7 کەس، کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن ساڵ و نیو بووە، هەروەها دەیان کەسی دیکەش برینداربوون کە منداڵیان تێدایە. هاوکات هێرشە مووشەکییەکان لە زاپۆریژیا بوونە هۆی گیانلەدەستدانی 3 کەس و برینداربوونی 20ی دیکە.
هەروەها سەرنجی خستەسەر بەئامانجگرتنی وێستگەیەکی وزە لە ئۆدیسا کە خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیایەکی ئازەربایجانی و بە "هێرشێک نەک تەنها بۆ سەر ئۆکراین، بەڵکو بۆ سەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئاسایشی وزەی" وەسف کرد.
لە کۆتایی پۆستەکەیدا زیلینسکی نووسیویەتی: " روسیا بەردەوامە لە لەناوبردنی ژیان"، وتیشی: "ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا، کردەی کوشتنی نمایشکارانە ئەنجام دەدات بۆ فشارخستنە سەر ئۆکراین و ئەوروپا و کەمکردنەوەی بەهای هەوڵە دیپلۆماسییەکان".
داوای دابینکردنی گەرەنتیی ئاسایشیی راستەقینەی کرد و جەختی کردەوە کە نابێت روسیا لەسەر دەستدرێژییەکانی پاداشت بکرێت و وتی: "دەبێت جەنگ کۆتایی بێت و پێویستە مۆسکۆ گوێی لە وشەی 'بوەستن' بێت".