قوباد تاڵەبانی: یەکێتی دەتوانێت لە هەرێم باری خواری حکومڕانی راست راستبکاتەوە
٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی رایدەگەنێت، یەکێتی جگە لەوەی دەتوانێت کێشەکان لەگەڵ بەغداد چارەسەر بکات، دەشتوانێت لە هەرێم بە هێزێکی زیاترەوە باری خواری حکومڕانی راست راستبکاتەوە، هەروەها دەنگدانی خەڵکی ناڕازی بە لایەنەکانی دیکە لە رابردوودا هۆکار بوو بۆ تێکچوونی هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی پارتی و یارمەتیدەر بوو بۆ سیاسەتی (پەرت بکە و زاڵ بە)ـی پارتی.
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ هەڤاڵانی بازنەکانی ١٤ـی خەبات و ١٨ـی تۆپزاوە و ١٥ـی قوشتەپە کۆبووە و رایگەیاند، "ئەم یەکێتییەی ئێستا چەند ساڵە خۆی بە نوێنەری هەموو ئەو خەڵکە دەزانێت کە ناڕازین لە شێوازی حکومڕانی لە کوردستان و دەشیانەوێت کێشەکانی لەگەڵ بەغداد بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێت".
ئاماژەی بەوەشدا، لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا رێژەیەکی زۆری خەڵکی ناڕازی دەنگیان بە لایەنەکانی دیکە داوە، بەڵام با ئێستا لە خۆیان بپرسن دەنگەکانیان چ کاریگەرییەکی هەبووە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان؟.
وتیشی، "دەنگدانی خەڵکی ناڕازی بە لایەنەکانی دیکە لە رابردوودا هۆکار بوو بۆ تێکچوونی هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی پارتی و یارمەتیدەر بوو بۆ سیاسەتی (پەرت بکە و زاڵ بە)ـی پارتی".
لە کۆتایی وتەکانیدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: "ئەم یەکێتییەی ئێستا کۆتایی بەو سەردەم و سیاسەتە هێناوە، بۆیە بەهێزتر بووە و ئەگەر خەڵکی ناڕازیش لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بدەن بە یەکێتی جگە لەوەی کێشەکانمان لەگەڵ بەغداد دەتوانین چارەسەر بکەین، دەشتوانین لە هەرێمیش بە هێزێکی زیاترەوە باری خواری حکومڕانی راست بکەینەوە".



