سیروان سەرحەد، قائیمقامی قەزای دوکان، رایگەیاند کە دوای ئاگاداربوونەوەیان لە روداوێکی ژینگەیی مەترسیدار، بەدواداچوونی بەپەلەیان کردووە و رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ رێگریکردن لە پیسبوونی ئاوی زێی دوکان.

لە رونکردنەوەیەکدا، سیروان سەرحەد ئاشکرای کرد کە ئاگادارکراونەتەوە لەوەی لە نزیک گوندی قامیشە لە سنووری ناحیەی خەلەکان، چەند تانکەرێک رۆنی رەشیان رشتووەتە ناو یەکێک لە چەمەکانی سنوورەکە. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری ناحیە و ژمارەیەک لە بەرپرسی فەرمانگەکان، سەردانی شوێنی روداوەکەیان کردووە.

سیروان سەرحەد هۆشداری دا، کە ئەم کارە ژینگەییە جگە لە پیسکردنی ژینگە، مەترسییەکی گەورەشە بۆ سەر سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە، چونکە "لەکاتی دروستبوونی لافاودا، ئاوی چەمەکە دەڕژێتە زێی دوکانەوە و بەمەش سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای سلێمانی پیس دەبێت."

قائیمقامی قەزای دوکان جەختی کردەوە، "هەر لەسەرەتای روداوەکەوە پۆلیس و هێزەکانی ئاسایش راسپێردراون بەدواداچوونی جددی بکەن بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی ئەم کارە،" و ئاشکرای کرد کە "چەند وێنەیەک وەک سەرەداو دەستیان کەوتووە."

"پلانی پاککردنەوەی شوێنەکە"

دوای وەرگرتنی رای شارەزایانی ژینگە، بڕیاردراوە لەلایەن تیمێکی تایبەتەوە پاشماوەکە بە خۆڵ دابپۆشرێت و دوای هەڵمژینی، پاکبکرێتەوە و بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی گونجاو. هەروەها بڕیاردراوە "لەکۆتایی شوێنی رژانی پاشماوەکە بەربەست دروست بکرێت تا بەتەواوی رێگری لە تێکەڵبوونی بە ئاوی زێی دوکان بکرێت."

سیروان سەرحەد دڵنیایی دا کە چاودێریی وردی پڕۆسەی پاککردنەوەکە دەکەن تا بە تەواوی کۆتایی دێت.