دەزگای ئاسایشی هەرێم: نۆساڵ پێش ئێستا خەونی تیرۆریستان و ناحەزانی شاری کەرکوکمان لەناو برد
بڵند
٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
لە نۆیەمین ساڵیادی شکستە گەورەکەی داعش لە کەرکوک، دەزگای ئاسایشی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت؛ نۆ ساڵ پێش ئێستا، شکست بە گەورەترین هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر شاری کەرکوک هێنرا.
دەزگای ئاسایشی هەرێم، رایدەگەیەنێت لەرۆژی ٢٠١٦/١٠/٢١ وەک کاری هەمیشەییان بۆ روبەڕووبونەوە و لەناوبردنی پیلانی تیرۆریستان، توانیان ئارامی بگەڕێننەوە بۆ کەرکوکی قودسی کوردستان.
لەگەڵ بڵاوکردنەوەی چەند گرتەڤیدیۆیەکی ئەوکاتە، ئاماژەیان بەوەشکردوە هێزەکانی ئاسایش شانبەشانی سەرجەم هێزە ئەمنیەکان و هاووڵاتیانی خۆبەخش، توانیان خەونی تیرۆریستان و ناحەزانی شاری کەرکوک بەتاڵ بکەنەوە.
جەختیشیانکردوەتەوە لەوەی هێزەکانی ئۆپراسیۆنی دەزگای ئاسایش دوای روبەڕووبونەوەیەکی قورس، گیان فیدایانە خۆیان کردە قوربانی گەڕاندنەوەی ئارامی و دڵنیاییدان بە هاووڵاتیانی شاری خۆشەویستی کەرکوک.
ئەوەشیان خستوەتەڕوو، لە ئەنجامی روبەڕووبونەوە و لەناوبردنی مەرامی تیرۆریستان، توانرا ژمارەیەک خوێندکاری بەبارمتە گیراو لەلای چەکدارانی تیرۆریستی داعش رزگاربکەن و لەو پێناوەشدا بەئامانجی گەڕاندنەوەی ئارامی چوار کارمەندی هێزەکانی ئۆپراسیۆن برینداربوون.



