پارێزگاری هەڵەبجە: بەهۆی چەمچەماڵەوە ئاهەنگەکانی سەری ساڵ ناکرێن
راهۆز
٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
وەک هاوخەمییەک بۆ قوربانیانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، پارێزگاری هەڵەبجە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئاهەنگەکانی سەری ساڵی دەرکرد.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پارێزگای هەڵەبجە بڵاویکردەوە، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بڕیاریداوە سەرجەم ئاهەنگ و بۆنەکانی سەری ساڵی نوێ لە سنووری پارێزگاکەدا هەڵبوەشێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم بڕیارە وەک رێزێکە بۆ گیانی قوربانیانی کارەساتی لافاوەکەی ئەم دواییەی قەزای چەمچەماڵ و دەربڕینی هاوخەمییە لەگەڵ خانەوادە و کەسوکارەکانیان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پارێزگای هەڵەبجە بەم هەنگاوە هاوبەشیی خۆی لە خەمی خەڵکی چەمچەماڵ دووپات دەکاتەوە و جەخت لەسەر رۆحی یەکگرتوویی و هاوپشتیی گەلی کوردستان دەکاتەوە.



