مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: دەرگای گفتوگۆمان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم کراوەیە
راهۆز
٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت لە پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، بۆ ئەو مەبەستە دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەرانەیان کراوەیە، هاوکات بەغداد بە قووڵایی ستراتیژیی هەرێم دەزانێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 23ی کانونی یەکەمی 2025، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە دەباشان کۆبووەوە و پرسەکانی پێکهێنانی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانی تاوتوێ کرد.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، یەکێتی سووربوونی خۆی لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی دادپەروەری خزمەتگوزاری نیشتمانی نیشانداوە و لەسەر ئەو بنەمایەش دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەرانەی کراوەیە.
سەبارەت بە بەغدادیش، مەکتەبی سیاسی جەختیکردەوە، یەکێتی مەبەستییەتی لە بەغدادیش حکومەتێکی خزمەتگوزاریی نیشتمانیی پێكبهێنرێت، کە تێیدا ماف و شایستە دەستوورییەکانی گەلەکەمان پارێزراو بێت و گوزارشت لە خواستی هەموو پێکهاتەکان بکات.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەمەش لە سۆنگەی تێڕوانیی دروستیی یەکێتییەوەیە، کە بەغداد قووڵایی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانە، بۆیە گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی یەکێتی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بەردەوام دەبێت".



