ئاسایشی هەولێر: کەسێکمان دەستگیرکرد کە بەهەڕەمەکی تەقەی کردووە
محەمەد رزگار
٢١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر کەسێک بە هەڕەمەکی تەقەی کردووە، کە لەژێر کاریگەری بەکارهێنانی مادەی هۆشبەردا بووە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێک دەستگیرکرا، کە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر هەڵساوە بە تەقەکردن و دروست کردنی کاری ئاژاوەگێڕی.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی دەستگیرکردنیدا دەستیان بەسەر چەکێکی بێ مۆڵەت جۆری (کلاشنکۆف) گرتووە، دەشڵێت؛ دوای دەستگیرکردنی دەرکەوتووە ئەو تۆمەتبارە بەکارهێنەری مادەی هۆشبەرە و چەند گرامێک مادەی هۆشبەری لە جۆری کریستال لابووە ، لەگەڵ بڕێک دراوی ساختەی عیراقی لە جۆری دەهەزار دیناری.



