رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک رایگەیاند، وەک رێزێک بۆ قوربانیان و زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، ئیدارەی کەرکوک بڕیاریداوە ئەمساڵ هیچ ئاهەنگێک بەبۆنەی سەری ساڵی نوێوە ساز نەکات.

پارێزگاری کەرکوک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، نەگێڕانی ئاهەنگ لەو بۆنەیەدا پەیوەندی بەو کارەسات و ناڕەحەتییەوە هەیە کە بەهۆی لافاوەوە رووبەڕووی "ئازیزانمان" لە قەزای چەمچەماڵ بووەوە.

سەبارەت بەو هاووڵاتی و پێکهاتانەی کە دەیانەوێت ئاهەنگ بگێڕن، رێبوار تەها وتی: "راستە ئێمە وەک ئیدارە ئاهەنگ ناگێڕین، بەڵام ئەگەر پێکهاتەکان بیانەوێت ئاهەنگ و خۆشی خۆیان دەرببڕن، ئەرکی ئێمە و هێزە ئەمنییەکانە لە کەرکوک بیانپارێزین و ئاسایشیان دابین بکەین".