دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆک کۆماری عیراق: پابەندبوونی پتەوی خۆمان بە هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ عێراق دووپات دەکەینەوە
بڵند
١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەبۆنەی 93ـەمین ساڵیادی رۆژی نیشتمانیی پیرۆزبایی لە عیراق کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ساڵی 2025 ساڵی دەستکەوت بووە بۆ عیراق.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکایەتی کۆماری عیراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، پەیامێکی پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە بۆنەی 93 ساڵەی رۆژی نیشتمانیی عێراقەوە پێگەیشتووە.
سەرەڕای پیرۆزبایی، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەی پابەندبوونی پتەوی وڵاتەکەی بۆ هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ عێراق و هاوکاری لە هەموو بوارەکاندا، بە شێوەیەک کە سەقامگیری ناوچەکە بەرز بکاتەوە" دووپاتکردوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە ساڵی 2025 دەستکەوتی زۆری تێدابووە بۆ عیراق، کە تیشکدەخاتە سەر خۆڕاگری عیراق و گەشەسەندنی سەرکردایەتی لە ناوچەکەدا، وەک میوانداری سەرکەوتوانەی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە عیراق و توانای عیراق بۆ بەرزکردنەوەی گفتوگۆ و هاوکاری نێوان وڵاتانی دراوسێ.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە؛ ئەمریکا و عیراق پێکەوە کاریان کردووە بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیری ناوچەکە و بەرزکردنەوەی ئاسایشی وزە و پاراستنی فشارەکان بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و هیواشی خواستووە بەردەوام بن لەو پێکەوە کارکردنە.



