د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆمار، ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە جەنەڕاڵ کریستۆف هێنتزی، فەرماندەی نێردەی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە عیراق و وەفدی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار پەرۆشی عیراقی دووپاتکردەوە بۆ بەهێزکردنی هاریکاری لەگەڵ ناتۆ لە بوارەکانی مەشق و راهێنان، پاڵپشتی راوێژکاری و پەرەپێدانی توانای سەربازی. بە بڕوای سەرۆک کۆمار، ئەم هاریکارییە بەشدار دەبێت لە پەرەپێدانی دامەزراوە سەربازییەکانی عیراق.

هەر لە دیدارەکەدا، پێشهاتەکانی ناوچەکە و گرنگیی بەهێزکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی تاوتوێ کران. سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا، عیراق دۆخێکی ئاسایش و سەقامگیری بەخۆوە دەبینێت و سەرقاڵی خۆئامادەکردنە بۆ پڕۆسەیەکی دیموکراسی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو، هەوڵیش دەدرێت ئەم هەڵبژاردنانە ئازاد و دادپەروەرانە و نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژەکانی گەلی عیراق بن.


د. لەتیف رەشید باسی لە بەشداریکردنی لە خولی هەشتاهەمین کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە لە وتارەکەیدا تیشکی خستبووە سەر هەڵوێستەکانی عیراق سەبارەت بە پرسە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان. هەروەها ئاماژەی بە سازدانی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە گەڕانەوەی کەسانی مەدەنی لە کەمپی هۆل و کەمپەکانی دەوروبەری و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و داوای پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ عیراق لە داخستنی ئەم دۆسییەی کرد.


لەلای خۆیەوە، فەرماندەی نێردەی ناتۆ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ پێشوازییە گەرمەکە و ئامادەیی ناتۆی دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی عیراق لە رێگەی بەرنامەکانی مەشق و راوێژکارییەوە، هەروەها بەهێزکردنی چوارچێوەی هاوبەشی ئێستا بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.