سەرۆک کۆمار: داخستنی کەمپی هۆڵ رێگیرکردنە لە گەڕانەوەی تیرۆر
٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
سەرۆک کۆماری عیراق، لەوتارێکدا بۆ سی ئێن ئێن عەرەبی رایگەیاندووە، ئامانجمان داخستنی کەمپی هۆڵ و کەمپە هاوشێوەکانی و رێگریکردنە لە گەڕانەوەی تیرۆر
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، بابەتێکی لە سی ئێن ئێن عەرەبی بڵاوکردەوە، تیشک دەخاتە سەر ئەو هەوڵانەی کە دراون بۆ بەستنی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لەبارەی کەمپی هۆڵ، لە پەراوێزی 80هەمین دانیشتنی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەنیویۆرک بەڕێوەچوو، هەروەها پلانەکانی عێراق بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانی کەمپەکە.
ئەمەی خوارەوە دەقی ووتارەکەیە:
بەغدا سەرپەرشتی هەوڵەکان دەکات بۆ داخستنی کەمپی هۆڵ و هۆشداری دەدات لە پشتگوێ خستنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
لەنوسینی د.لەتیف جمال ڕەشید
کۆتایی هەفتەی ڕابردوو عێراق لە پەراوێزی 80هەمین دانیشتنی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆنفرانسێکی باڵای سەبارەت بە کەمپی ئەلهۆڵ سازکرد، ئەم کۆنفرانسە تەنها ڕێوشوێنێکی پرۆتۆکۆڵی نەبوو، بەڵکو بانگەوازێکی بەپەلە بوو بۆ بەرپرسیارێتی هاوبەش لە ڕووبەڕووبوونەوەی یەکێک لە جددیترین قەیرانە مرۆیی و ئەمنییەکان کە جیهان لە مێژە پشتگوێی خستووە.
کەمپی ئەلهۆڵ لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا هێشتا ژینگەیەکی ناجێگیرە و زۆر مەترسیدارە و نزیکەی ١٠ هەزار توندڕەو و خێزانەکانیان لە زیاتر لە ٦٠ وڵاتەوە نیشتەجێن، زەمینەیەکی لە بارە بۆ توندڕەویی، کارەساتێکی مرۆیی بەردەوامە و وێنایەکی زیندووە بۆ شکستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چارەسەرکردنی وێرانکارییەکانی جەنگ و تیرۆر و ئاوارەبوون.
عێراق زۆر باش ئەم ڕاستیانە دەزانێت، هێشتا شوێنەوارەکانی داگیرکارییە دڕندانەکانی داعش لە یادەوەرییەکەیدا ماوون، لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017 بە مەزەندەکردنی 95 بۆ 115 هەزار کەس لە عێراق کوژراون کە کەسانی سیڤیل و سەربازی بوون، سەرەڕای ڕاگەیاندنی سەرکەوتن لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەساڵی ٢٠١٧، بەڵام ئەو کۆمەڵگانەی کە ململانێکان ماندویان کردبوون ،بووبونە نێچیرێکی ئاسان بۆ توندڕەوەکان تەنانەت لە کاتێکدا حکومەت بەردەوامە لە هەوڵە ماندوو نەناسەکانی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی خزمەتگوزارییەکان و بنیاتنانی سەقامگیرییەکی بەردەوامی هیوا بەخش.
مێژوو فێری کردووین کاتێک قەیرانەکان،بەبێ چارەسەر بمێننەوە، دەبنە هەڕەشەیەکی هەمیشەیی، لە ئۆردوگای ئاوارەکانی دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لە ئەوروپا تا قەیرانی پەنابەران لە ڕواندا و زائیر، دەرئەنجامەکەش وەک یەک بووە: کاتێک ئاوارەکان پشتگوێدەخرێن لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە ئاوارەیی دەگۆڕێت بۆ بۆمبێکی کاتی.
لەبەرئەوە عێراق چاوەڕێی ئەوەی نەکرد کە ئەوانی تر هەنگاو بنێن، بەڵکو بەرپرسیارێتی تەواوی خۆی لەئەستۆ گرت، هەنگاوی سەخت و چارەنووسسازمان ناوە بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانمان لە کەمپی ئەلهۆڵ، لە ڕێگەی پرۆسەیەکی هەماهەنگەوە کە ڕەهەندە ئەمنییەکان و مرۆیی و یاساییەکانی لەخۆگرتبوو. تا ئێستا عێراق 4,915 خێزان (18,830 تاک)ی گەڕاوەتەوە بۆ ناوەندی ئەمەل لە ناوخۆی وڵاتدا، لەنێویاندا 3,407 خێزان (12,557 تاک) کەپێشتر تێکەڵ بە کۆمەڵگە ناوخۆییەکانیان بوون. هەروەها عێراق سێ هەزار و 206 دەستگیرکراوی لەهێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) پێشوازی لێکرد، لەچوارچێوەی هەوڵێکی چڕ و پڕی نیشتمانی بۆ داخستنی ئەم لاپەڕە پڕ ئازارە و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەسەر بنەمای ئاسایش و سەقامگیری وەرگرتووە.
لە پشت ئەم ژمارانەوە چیرۆکی مرۆڤی زیندوو هەن، هەر تاکێک کە لە کەمپەکەوە گەڕێنرایەوە بۆ وڵاتەکەی نمونەی ژیانێکە کە جەنگ شێواندبووی و ئێستا دەستی بە ڕێگای چاکسازی و یەکگرتنەوە لەگەڵ کۆمەڵگە کردووە، ئێمە پلانێکی نیشتمانی گشتگیرمان داڕشتووە کە پاڵپشتی دەروونی، فێرکردن، ڕاهێنانی پیشەیی، و ئاشتەوایی کۆمەڵگە لەخۆدەگرێت، کە لەلایەن چوار گروپی تەکنیکییەوە جێبەجێ دەکرێت کەپێکهاتوون لەدامەزراوە عێراقییەکان وهاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، ئەم مۆدێلە چوارچێوەیەکی پراکتیکی دەستەبەر دەکات کە بۆ وڵاتانی دیکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی هاوشێوە دەبنەوە، بەکاربهێنرێت. عێراق بە هەوڵە نیشتمانییەکانی ناوەستێتەوە هەروەها پشتگیری لە لۆجستیکی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانی دیکە دەکات و ئامادەیی خۆی دووپات دەکاتەوە بۆ یارمەتیدانی هەر وڵاتێک کە هەوڵی بەڕێوەبردنی ئەم پرسە ئاڵۆزە بدات.
بەڵام ڕاستییە دووفاقییەکە ئەوەیە کە قەیرانی ئەلهۆڵ تەنیا بەرپرسیارێتی عێراق و سووریا نییە، قەیرانێکی جیهانییە، پشتگوێخستنی یان خراپ مامەڵەکردن لەگەڵیدا دەبێتە هۆی ئەوەی کاردانەوەکانی زۆر لە سنوورەکانمان زیاتر درێژببنەوە، هەندێک وڵات دەستیان کردووە بە گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانیان بۆ وڵاتەکانیان، بەڵام بەشێکی زۆریان بە دوودڵی ماونەتەوە و ئاستەنگی سیاسی یان یاسایییان بۆ دەهێننەوە، لەم نێوەندەدا منداڵان لە کەمپەکاندا و بێ یاسا گەورە دەبن، کە زۆربەیان توندڕەو بوون و بە "بەچکەکانی داعش" ناسراون، ژنان لە بارودۆخێکی ناخۆشدا بە دەستبەسەری ماونەتەوە لە کاتێکدا توندڕەوەکان بەردەوامن لە پلاندانان ودامەزراندنی کارمەندان، لەوەش ترسناکتر ئەوەیە کە ڕاپۆرتەکانی دامەزراوە باوەڕپێکراوەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان پێشێلکارییە ترسناکەکانیان ئاشکرا کردووە، لەنێویاندا دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان لەناو کەمپەکەدا، هەر ڕۆژێک کە بەبێ چارەسەر تێدەپەڕێت، دەرفەتێکی لەدەستچووە و مەترسییەکی گەشەسەندووە دێتە ئاراوە.
کۆنفرانسی ئەم دواییە کەعێراق سپۆنسەری کردبوو، بانگەوازێکی بەپەلە بوو بۆ کاری بەکۆمەڵ و ئاماژەیەک بوو بۆ پەرەسەندنی کۆدەنگی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە، هاوبەشەکانمان کە لە پێشەنگییانەوە نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکان (UNOCT) و زۆربەی وڵاتانی ئەندام پێشوازییان لەدەستپێشخەرییەکەمان کرد و پشتگیری خۆیان بۆ چارەسەری بەپەلە و کاریگەر دووپاتکردەوە، بەڵام بە تەنیا نیەتی باش بەس نییە، دەبێت کۆدەنگی بگۆڕدرێت بۆ هەنگاوی پراکتیکی خێراتر و فراوانتر، کاتی ئەوە هاتووە ئەوانەی لە دورەوە سەیر دەکەن، هەنگاو بنێن بۆ پێشەوە و جێگەی خۆیان لەسەر مێزی چارەسەر بگرن.
ئامانجی ئێمە ڕوون و بێ دوو دڵی... داخستنی کەمپی ئەلهۆڵ و کەمپەکانی هاوشێوەی، ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی تیرۆر و گەڕاندنەوەی هیوا و کەرامەت بۆ هەموو ئەوانەی ئازاریان چەشتووە، ئێمە دان بەوەدا دەنێین کە یەکگرتنەوە و ئاشتەوایی نەکارێکی ئاسانە و نەکارێکی خێرا، چونکە گەڕاوەکان لەم کەمپانە تووشی برینێکی قووڵ دەبن کەپێویستیان بە پشتیوانی درێژخایەن هەیە، بەڵام عێراق زۆر باش باجی بێکردەوەیی دەزانێت و بڕیاریداوە هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەکاتەوە، بەڵکو ئەو ئاڵنگارییانە بگۆڕێت بۆ دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و چەسپاندنی سەقامگیری.
بۆ ئەو هاوبەشانەی لەجەنگی لەناوبردنی داعش لەگەڵمان وەستان، دەڵێین: کاتی ئەوە هاتووە ئێوە بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی لەگەڵمان بوەستن. گەڕانەوەی هاوڵاتیانی کەمپەکە بەرپرسیارێتییەکی دەستەجەمعییە و پێویستە جیهان بە ئیرادە و هاوکارییەوە ڕووبەڕووی ئەم قەیرانە ببێتەوە نەک ترس و بێباکی، کارەساتی ئۆردوگای ئەلهۆڵ نابێت ببێتە پەڵەیەک لەسەر ویژدانی مرۆڤایەتی، بەڵکو چیرۆکێکی یەکگرتوویی جیهانی و توانای زاڵبوون بەسەر ناخۆشیەکانیدا.
لە ڕاگەیاندنی بانگەوازەکەی ئەمڕۆدا، عێراق تەنها بەرگری لە سنوورەکانی ناکات، بەڵکو لەداهاتووی مرۆڤایەتی بە گشتی، ڕۆڵی خۆی بەتەواوی بەجێگەیاندووە، ماوەتەوە ئەوانی تر بەرپرسیارێتی خۆیان لەئەستۆ بگرن بۆ ئەوەی ئۆردوگاکانی ئاوارە نەبنە کارگەی ڕق و کینە و تیرۆر، بەڵکو سەرەتایەکی نوێ بن کە دەرفەتی ئاشتی و کەرامەت تێیدا بنیات بنرێت.



