د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.
لە میانی دیدارەکەدا کە رۆژی سێشەممە 5-8-2025 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، باس لە دوایین پێشهاتی سیاسی و ئەدای یاسادانانی ئەنجوومەنی نوێنەران کرا و هەردوولا جەختیانکردەوە لەسەر گرنگی بەجێگەیاندنی رۆڵی ئەنجومەن لە یەکلاکردنەوەی یاسا هەڵپەسێردراوەکان و پەلەکردن لە دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە پێداویستی و ویستی هاووڵاتیان بەدیدێنێت.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی کارکردن بە گیانێکی نەتەوەیی راستەقینە کە بەرژەوەندییەکانی عیراق لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی تر دابنێت و جەختیشیکردەوە لە گرنگی یەکخستنی یەکڕیزی نیشتمانی وەک دەروازەیەک بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەست هاتوون لە بواری سیاسی و ئەمنیدا.
لای خۆیەوە مەندەلاوی پابەندبوونی ئەنجومەنی نوێنەرانی بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی دووپاتکردەوە و ئاماژەیکرد بە گرنگی هاریکاری نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی قۆناغی ئێستا.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، پێشوازی لە ئیڤان فایەق جابرۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەران کرد.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 4-8-2025 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو, باس لە هەوڵ و پلانەکانی وەزارەت کرا بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی ئاوارەکان.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی هاریکاری نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان دوای نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەیان، هەروەها جەختیکردەوە لەسەر پێویستی کاری جدی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تا ئەرک و بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن کە دەبێتە مایەی چارەسەرکردنی ئەم مەسەلەیە.
لای خۆیەوە وەزیری کۆچ و کۆچبەران ستایشی گرنگیدانی سەرۆک کۆماری کرد بۆ مەسەلەی ئاوارەکان و جەختیکردەوە لەسەر پەرۆشی وەزارەت بۆ چارەسەرکردنی تەواوەتی ئەو مەسەلەیە.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار، رۆژی دووشەممە، لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە دکتۆر موحی مورتەزا قەزوینی، سەرۆکی ئەنجومەنی خزمەتی فیدراڵی و جێگر و ئەندامانی ئەنجومەنەکە و لە دیدارەکەدا، پلانی پەرەپێدانی بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا تاوتوێ کرا.
هەروەها، گفتوگۆ لەسەر رێکارەکانی رێکخستنەوەی بەڕێوەبردنی دامەزراندن و پرۆسەی خستنە سەرکار لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتدا تاوتوێ کرا کە ئامانج لێی دامەزراندنی سیستەمێکی کارگێڕی مۆدێرنە کە ئاستی خزمەتگوزارییە حکومییەکان بەرز بکاتەوە.
لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی پشتگیریکردنی ئەنجومەنەکە کردەوە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەرکە گرنگەکانی لە پەرەپێدانی سیستەمی کارگێڕیدا جێبەجێ بکات.
هەروەها، ئاماژەی بە گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی گشتیی کارکردن و پەیڕەوکردنی میتۆدی کاریگەر کردەوە کە بەشداربن لە بەرزکردنەوەی لێهاتوویی کاری دامەزراوەیی و رێکخستنی پێکهاتەی کارگێڕی.
سەرۆک کۆمار دووپاتیکردەوە کە دامەزراندنەکان دەبێت بەپێی یاسای ئەنجومەنی خزمەتی فیدراڵی و بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتیدا هاتووە جێبەجێ بکرێت ، هەروەها پەیڕەوی لە شێوازی پیشەیی و کارگێڕی دادپەروەرانە بکرێت و پێداویستی راستەقینە و لێهاتوویی و شارەزایی لە پسپۆڕیدا لەبەرچاو بگیرێت.
لەلایەن خۆیانەوە، ئەندامانی وەفدەکە سوپاسی بەدواداچوون و پشتیوانی تەواوی سەرۆک کۆماریان کرد بۆ ئەنجومەنەکە لە پەرەپێدانی بنەماکانی کاری کارگێڕیدا.
هەروەها، پابەندبوونی خۆیان بە چەسپاندنی بنەماکانی کاری پیشەیی بەپێی پێوەرەکانی لێهاتوویی و شارەزایی دووپاتکردەوە.
سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنەکە روونکردنەوەیان لەسەر پلان و بەرنامە پەسەندکراوەکان لە پرۆسەی دامەزراندن و بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا پێشکەش کرد.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 3ـی ئابی 2025 لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە وەفدێک لە ژنانی رزگاربووی ئێزدی و تورکمان و شەبەک، بەبۆنەی یازدەیەمین ساڵیادی کارەساتاوی کۆمەڵکوژییەکەی کە ئێزدییەکان لەسەر دەستی تاقمە تیرۆریستییەکانی داعش رووبەڕووی بوونەوە.
لەسەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار بەخێرهاتنی وەفدی میوانی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو کارە دڕندانەیەی کە رۆڵەکانی پێکهاتەی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە لەسەر دەستی تاقمە تیرۆریستییەکانی داعش رووبەڕووی بوونەتەوە، بە تاوانی کۆمەڵکوژی دادەنرێت کە مرۆڤایەتی شەرمی لێدەکات.
جەختی لە پێویستیی راوەدوونانی تێوەگلاوان لەم تاوانە قێزەونانە و سزادانیان کردەوە.
سەرۆک کۆمار جەختی لە پێویستیی دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکانی پێکهاتەی ئێزدی و ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەیان کردەوە، بەمەبەستی گەڕانەوەی ئاوارەکان و بەدیهێنانی سەقامگیری، سەرەڕای کردنەوەی دەرفەت بۆ بەشداریکردنیان لە دامودەزگا جیاوازەکانی دەوڵەت و سوودوەرگرتن لە شارەزایی و لێهاتووییەکانیان.
سەرۆک کۆمار گوێبیستی شیکردنەوەیەکی وردی ئەندامانی وەفدی میوان بوو، سەبارەت بەو تاوانانەی رووبەڕوویان بووەتەوە لە رفاندن و ئەشکەنجەدان و کۆمەڵکوژی و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان لەلایەن ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە پێویستیی دادپەروەری بۆ پێکهاتەی ئێزدی و بەردەوامبوون لە کارکردن بۆ گەڕانەوەی رفێنراوەکان بۆ ناو کەسوکاریان کرد، هەروەها تەواوکردنی چارەسەری ئەو کێشانەی کە پارێزگا ئازادکراوەکان پێوەی دەناڵێنن، کە دەبێتە هۆی لابردنی کاریگەرییە دەروونییەکان لەسەر رۆڵەکانی ئەم ناوچانە و بەدیهێنانی دادپەروەری.
لەلایەن خۆیانەوە، ئەندامانی وەفدی ژنانی ڕزگاربووی ئێزدی سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ پشتیوانی و بایەخدانی بە دۆزی ئێزدییەکان، بەتایبەتی ژنە رفێنراوەکان لەلایەن تاقمەکانی داعش، و باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی ئەم دۆسیەیە کرد لەگەڵ هەندێک لەو کێشە و ئاستەنگانەی کە رووبەڕوویان دەبێتەوە.
لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەكاندا ، سەرۆك كۆماری عیراق داوا دەكات هەوڵەكان چڕ بكرێنەوە بۆ ئاشكراكردنی چارەنوسی ئێزدییە بێسەروشوێنەكان.
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق پەیامێكی بۆ ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەكان بڵاوكردەوە و رایگەیاندوە ، تاوانی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان لەلایەن داعشەوە یەكێك بوو لە قێزەونترین ئەو تاوانانەی كە داعش لەم سەردەمە نوێیەدا ئەنجامیدا و پێهاتەیەكی رەسەنی عیراقی كردە ئامانج.
سەرۆك كۆمار دەلێت ، لە دوای تێپەربونی 11 ساڵ بەسەر ئەو كارەساتە خەمناكەدا ، داوا دەكەن كاری جددی بكرێت بۆ چارەسەركردنی ئاسەواری كۆمەڵكوژییەكە و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێد و ماڵی خۆیان ، داواشی كردوە هەوڵەكان چر بكرێنەوە بۆ ئاشكراكردنی چارەنوسی سەرجەم رفێنراوەكان و دەستەبەركردنی ئاسایش و سەقامگیری لە شەنگال و سەرجەم ناوچەكانی تری عیراق .
لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆییەک لە سۆشیاڵ میدیا، کەتێیدا کەسێک باس لە دیارییەکی سەرۆک کۆمار دەکات و کە بەرهەمی ناوخۆیی پێشکەشکردووە، سەرۆکایەتی کۆمار راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە رایگەیاندووە: پێشکەشکردنی ئەو دیارییانە بۆ پاڵپشتیکردنە لە بەرهەمی کشتوکاڵی و ناوخۆیی.
دەقی روونکردنەوەکەی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عیراق......
بەشێک لە سەکۆکانی سۆشیال میدیا ڤیدیۆییەکیان بڵاوکردۆتەوە کە تیایدا کەسێک باس لە وەرگرتنی دیارییەک دەکات لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە، سندوقێک کە ئاوی هەناری سروشتی و زەیتی زەیتونی تێدایە و ناڕەزایی خۆی لە جۆر و دیارییە دەردەبڕێت.
لە بەرانبەردا نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لەمبارەیەوە روونکردنەوەیەک بڵاو دەکاتەوە؛
ئەو بەرهەم و دیاریانە لەلایەن کارگەیەکی نیشتیمانی لە پارێزگای هەڵەبجەی شەهید بەرهەم دەهێنرێن. ئەوان بە وردی دیاریکراون بۆ پاڵپشتی و هاندانی کەرتی کشتوکاڵی ناوخۆیی، بەتایبەتی بەرهەمی ڕووەکی، کە جێگای شانازین بۆ زەوی عیراق کە ئەم بەرهەمانە بۆ بازاڕی ناوخۆی زیاد دەکات.
هەڵبژاردنی ئەم جۆرە دیارییە پابەندبوونی سەرۆک کۆمار بەرجەستە دەکات بۆ پشتگیریکردنی بەرهەمە نیشتمانییەکان و گەیاندنی پەیامی بەبەرهەم کە پەرە بە کولتووری کارکردن و بەرهەمهێنان و پشتبەستن بەخود دەدات، کە دوورە لە تەڵەی کاریگەری دروستکردن یان دیارییە گرانبەهاکانی پرۆتۆکۆڵ کە بە شێوەیەکی ناڕەوا بارگرانی لەسەر دارایی گشتی دروست دەکەن.
هەڵبژاردنی ئەم دیارییە سروشتیانە لەگەڵ دیدگای سەرۆک کۆماردا دێتەوە، نەک ئەو دیارییانەی کە دەکرێت وەک هێمای توندوتیژی یان هێز بخرێنەروو، وەک دەمانچە یان هاوشێوەکانی، کە لەگەڵ پەیامەکانی دەوڵەتێکی مەدەنی لەسەر بنەمای ئاشتی و ڕێزگرتنی یەکتر ناگونجێت.
سەرۆک کۆمار پێی وایە نابێت دیارییەکان رەنگدانەوەی وەرگرتنی کولتووری توندوتیژی بێت. ئەوان هاندەرێکن نەک نمایشێک و پشتیوانی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ بەرهەمهێنانی ناوخۆیی وەک بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و ئەخلاقی دووپات دەکەنەوە کە دەکەوێتە سەر هەمووان بەتایبەتی دامەزراوە باڵاکانی دەوڵەت.
هەروەها دەسەڵاتی سەرۆکایەتی کۆمار داوا لە هەموو دەزگاکانی راگەیاندن و بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا دەکات، وردبینی و بەرپرسیارێتی لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڤیدیۆکان بەکاربهێنن، هەروەها خۆیان لە بانگەشەکردنی ئەو پۆستانە بەدوور بگرن کە ناوەڕۆکی چەواشەکار یان هێرشی تێدایە، بەتایبەت کاتێک هێرش دەکەنە سەر دەزگا و سیمبولەکانی دەوڵەت.
لە 42هەمین ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکاندا سەرۆکایەتی کۆمار پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، ئەم تاوانە تەنها برینێکی سارێژنەبوو نییە لە یادەوەری گەلی کورددا، بەڵکو پەڵەیەکی شەرمەزارییە بە نێوچەوانی رژێمە ستەمکارەکانەوە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکایەتی کۆمار.....
لە چل و دووهەمین ساڵیادی ئەنجامدانی یەکێک لە قێزەونترین تاوانەکانی مێژووی هاوچەرخی عیراق لەلایەن رژێمی دیکتاتۆری لەناوچووی بەعسەوە، بە ئازارێکی قووڵەوە یادی شاڵاوە تاوانکارییەکانی ئەنفال دەکەینەوە، کە هاووڵاتییە کوردە بێتاوانەکانی بارزانی کردە ئامانج و بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران هاووڵاتی مەدەنی لە منداڵ و ژن و پیر، لە کۆمەڵکوژییەکی دڕندانە و سیستماتیکدا، کە ئامانجی سڕینەوەی ناسنامە و هەڵکەندنی مرۆڤ بوو لە خاکەکەی و بنەبڕکردنی ژیان.
ئەم تاوانە قێزەونە کە لەلایەن رژێمی دیکتاتۆری لەناوچووی بەعسەوە ئەنجامدرا، یەکێکە لە ترسناکترین شێوازەکانی سەرکوت و جینۆساید کە سەردەمی نوێ بەخۆیەوە بینیویەتی، و پێویستە لە یادەوەری نیشتمانیدا بە زیندوویی بمێنێتەوە. هەروەها پێویستە ئەنجامدەرانی و ئەوانەی دەستیان بە خوێنی بێتاوانان سوورە، روبەڕووی دادپەروەریی یاسا و مێژوو ببنەوە.
ئەرکی ئێمەیە لە هەموو بۆنەیەکدا، قوربانیدانە گەورەکانی گەلە مەزنەکەمان لە رێگەی ئازادی و شکۆ و دادپەروەریدا بەبیربهێنینەوە.
ئەم کارەساتە تەنها برینێکی سارێژنەبوو نییە لە یادەوەری گەلی کورددا، بەڵکو پەڵەیەکی شەرمەزارییە بە نێوچەوانی رژێمە ستەمکارەکانەوە کە شکۆی مرۆڤ و مافی ژیان و ئازادییان پێشێل کردووە.
گەلی کوردیش بە درێژایی مێژووی خۆی، بەرزترین نموونەکانی خۆڕاگری و قوربانیدانی لە پێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیدا و ژیانێکی شکۆمەندانە لە سایەی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و دەستووردا، بەرجەستە کردووە.
کە یادی ئەم تاوانە قێزەونە دەکەینەوە، پابەندبوونی ئاکاری و دەستووری خۆمان بە پشتیوانیکردنی مافە رەواکانی گەلی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عیراق دووپات دەکەینەوە. هەروەها کارکردنی جددی بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، لە سەرووی هەموویانەوە دۆسیەی مووچە و نەوت و گاز لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە گیانێکی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و لە ژێر چەتری دەستوردا، وەک وەفایەک بۆ خوێنی شەهیدان و بەرجەستەکردنی یەکێتی عیراقی فیدراڵی، پەرلەمانی و دیموکراتی کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و هاوبەشی و هاوسەنگی دامەزراوە.
سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفالکراوی بارزانی و سەرجەم شەهیدانی عیراق.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە گلێن مایڵز باڵیۆزی ئوسترالیا لە عیراق.
لە میانی دیدارەکەدا، کە ڕۆژی پێنجشەممە 31-7-2025 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆک کۆمار پەرۆشی عیراقی دووپات کردەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئوسترالیا بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات بکات. جەختیکردەوە لە گرنگی هەماهەنگی و کاری هاوبەش بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و کەمکردنەوەی ئەو گرژیانەی کە هەڕەشە لە ئاشتیی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی دەکەن.
سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بە پێویستی هەوڵەکانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ کۆتایی هێنان بە نەهامەتیەکانی گەلی فەلەستین کە بەهۆی بەردەوامی دەستدرێژییەکان بۆ سەر کەرتی غەززە روبەروی دەبنەوە و هەروەها کارکردن بۆ دەستەبەرکردن و گەیاندنی هاریکاری مرۆیی بۆ کەرتی غەززە.
لای خۆیەوە باڵیۆز مایڵز پێزانینی وڵاتەکەی بۆ پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات نیشاندا و پابەندبوونی ئوسترالیای دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامبوونی پشتیوانییەکانی بۆ عیراق و ویستی بۆ پەرەپێدانی هاریکاری دووقۆڵی لەسەر مەسەلەی بەرژەوەندی هاوبەش.
سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆبوونەوە و باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، دۆسیەکانی نێوان عیراق و هەرێم، هەڵبژاردن، ئاسایش و سەروەری عیراق کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆشکی بەغداد د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی گشتیی وڵات کرا و جەخت لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، پاراستنی سەروەریی عێراق و پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەت لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییە جیاوازانەی کە ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت، کرایەوە، لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەی توندی ئەو پێشێلکاریانەی کە ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتیان دەکەنە ئامانج.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەخت کرایەوە لەسەر چارەسەرکردنیان بەپێی چوارچێوە دەستوری و یاساییە کارپێکراوەکان بە شێوەیەک کە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی بەردەوام بەدی بهێنێت، ئەمە جگە لە جەختکردنەوە لەسەر یەکخستنی هەڵوێست و دیدگاکان لە نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان و زاڵکردنی بەرژەوەندیی نیشتمانی بەسەر بەرژەوەندییە کەسی و حیزبییەکاندا.
هەر لە دیدارەکەدا، ئامادەکارییە بەردەوامەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا خرانەڕوو و جەخت کرایەوە لەسەر گرنگیی بەکارنەهێنانی سەرچاوە و توانستە مرۆیی و ماددییەکانی دەوڵەت بۆ مەبەستی هەڵبژاردن و رێگریکردن لە قۆستنەوەی پۆستە حکومییەکان بۆ کاریگەریکردنە سەر ئیرادەی دەنگدەر، بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتی بە پرۆسەی دیموکراسی و پابەندبوون بە یاسا و رێنماییەکان بۆ مسۆگەرکردنی پاک و بێگەردی هەڵبژاردنەکان.
سەرۆکایەتی کۆمار راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوەدەکەن، تێچووی چاکردنی کتێبی بەڵگەنامەکانی کۆشکی سەرۆکایەتی چوار ملیار دینار بووبێت.
سەرۆکایەتی کۆمار رایگەیاندووە، یەکێک لە دەزگاکانی راگەیاندنی ناوخۆیی هەواڵی ناڕاستی سەبارەت بە کتێبی "بەڵگەنامەکانی کۆشکی سەرۆکایەتی" بڵاوکردەوە و بانگەشەی ئەوە دەکات، تێچووی چاپکردنەکەی چوار ملیار دیناری تێپەڕاندووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو هەواڵە رەتدەکەینەوە و تێچووی چاپکردن لە چوارچێوەی ئەو تێچووە پەسەندکراوانەیە کە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار- بەشی گشتی کاروباری رۆشنبیرییەوە دەرچووە کە کتێبەکەی چاپکردووە".
دەشڵێت: چاپکردنی کتێبەکە بڕی 39 ملیۆن و 375 هەزار دیناری تێچووە، کە بە پسوڵەی رەسمی بەبەڵگە کراوە.
بەپێی راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار، رێوشوێنی یاسایی دەگرنەبەر و داواش لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکەن، پشت بە سەرچاوە رەسمییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار ببەستن.
دەقی راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار:
یەکێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی هەواڵی ناڕاستی سەبارەت بە کتێبی "بەڵگەنامەکانی کۆشکی سەرۆکایەتی" بڵاوکردەوە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە تێچووی چاپکردنەکەی ٤ ملیار دیناری تێپەڕاندووە.
لە کاتێکدا سەرۆکایەتی کۆمار تێچووی چاپکردنی کتێبەکە کە بەناراست خراوەتەروو ڕەتدەکاتەوە، دوپاتی دەکاتەوە کە تێچووی چاپکردن لەچوارچێوەی ئەو تێچووە پەسەندکراوانەی کە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار- بەشی گشتی کاروباری ڕۆشنبیرییەوە دەرچووە، کە کتێبەکەی چاپکردووە، کە بڕی …،٣٩،٣٧٥ دیناری تێچوە، کە بە پسوڵەی رەسمی بەبەڵگە کراوە.
هەروەها سەرۆکایەتی کۆمار ئەو پرۆپاگەندانەی ناوزڕاندن و ساختەکاریی ڕەتدەکاتەوە کە لەلایەن بەشێک لە میدیای کوردیی سەر بە سیاسییە شکستخواردووەکانەوە دەکرێت، بە ئامانجی چەواشەکردنی بیروڕای گشتی و پەردەپۆشکردنی شکستەکانیان و بەکارهێنانی سەرچاوەکان بۆ بەرژەوەندییە تایبەتیان.
ئەو زانیاریانەی کە بڵاودەکرێنەوە پابەندبوونیان بە رێکار و پرەنسیپی میدیای پیشەیی نییە، چونکە لەسەر بنەمای متمانەپێکردن لە گەیاندنی ڕاستییەکاندا نییە.
لەم بارەیەوە سەرۆکایەتی کۆمار پابەندبوونی خۆی بە مافی یاسایی خۆی دوپات دەکاتەوە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕاگرتنی ئەو لایەنانەی کە مەرامی تێکدانی شکۆمەندی دەوڵەت و زیانگەیاندنە بە دامەزراوە رەسمیەکان.
سەرۆکایەتی کۆمار هەروەها پێزانینی خۆی بۆ هەوڵ و ڕۆڵی میدیا لە خستنەڕووی ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی و بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکان و پشت بەستن بە سەرچاوە رەسمیەکان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڕاپۆرتەکاندا دووپات دەکاتەوە.
سەرۆکایەتی کۆمار داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی پیشەیی دەکات پشت بە سەرچاوە رەسمیەکانی سەرۆکایەتی کۆمار ببەستن و ئامادەیی خۆی بۆ خستنەرووی زانیاری بە میدیاکان و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی پەیوەست بە کارەکانی دووپات دەکاتەوە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار
٢٧ی تەمموزی ٢٠٢٥

سەرۆک کۆماری عیراق و باڵیۆزی فەڵەستین کۆبوونەوە و باسیان لەو دۆخە کارەساتبارە کرد کە گەلی فەڵەستین لە کەرتی غەززە و وڵاتەکەدا پێیدا تێپەڕ دەبن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ ئەحمەد ئەلڕوەیزی باڵیۆزی دەوڵەتی فەڵەستین لە عێراق کۆبووەوە و لە میانی دیدارەکەدا، باس لەو دۆخە کارەساتبارە کرا کە گەلی فەڵەستین لە کەرتی غەززە و بە شێوەیەکی گشتی لە فەڵەستیندا پێیدا تێدەپەڕن.
سەرۆک کۆمار جەختی لە هاوپشتیی حکومەت و گەلی عێراق لەگەڵ گەلی فەڵەستین کردەوە و تیشکی خستە سەر پێویستیی یەکخستنی هەوڵە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان و وەرگرتنی هەڵوێستێکی توند بەرانبەر بە دەستدرێژی و سیاسەتی کوشتن و برسیکردنی خەڵکی سڤیل و ژنان و منداڵان و بەساڵاچووان، هەروەها کارکردن بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆیی و پزیشکی و خۆراکییەکان بە هاوڵاتیان بە شێوەیەک کە پێداویستییەکانیان دابین بکات.
لە نوسینگەی عەمار حەکیم حەڤدەهەمین کۆنگرەی رۆژی ئیسلامی بۆ روبەڕوبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەدەچێت، تێیدا سەرۆک کۆماری عیراق وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، دەبێت ژنان تەواوی مافەکانیان دەستەبەر بکرێت.
سەرۆک کۆمار رایگەیاند، لەم چەند ساڵەی دواییدا دیاردەی توندوتیژی دژ بە مرۆڤ بە گشتی و ژنان بەتایبەتی، بە هۆی ململانێی سیاسی و تیرۆرەوە پەرەی سەندووە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی سۆشیال میدیا زیاتر دەرکەوتووە و مەترسی لەسەر یەکریزی پێکهاتەی خێزانی عێراقی دروستکردووە.
لە میانی وتارەکەیدا سەرۆک کۆماری عیراق وتیشی، توندوتیژی دژ بە ژنان پێچەوانەی یاسا و ئایینە و دەبێت هەموو مافەکانیان لەسەرجەم کایەکاندا پارێزراوبێت.
ئاشکراشیکرد، زۆرێک لە ژنانی عیراق، بە دەست سیاسەتی رژێمە دەسەڵاتدارە یەک لە دوای یەکەکان رووبەروی تاڵاوبونەتەوە و سیاسەتی دورخستنەوە و پەراوێزخستنیان بەرانبەر کراوە، بە بیانووی نەبوونی ئەزموون و لێهاتوویی بە سنورداری ماونەتەوە لەو رۆڵەی کە پێیان سپێردراوە، ئەمەش مافەکانیانی زەوت کردووە. ئەوان تووشی چەندین کاری نامرۆڤانە بوون، لەوانە هاوسەرگیریی زۆرەملێ و نەریتە قێزەونەکانی تری کۆمەڵایەتی.
راشیگەیاند، داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەین هەنگاوی جدی بەرەو دەرکردنی یاسایەک بنێت کە دادپەروەرانە بێت بەرانبەر بە ژنان و لەگەڵ چوارچێوە دەستوورییەکاندا بگونجێت، لەوانەش پرۆژەی یاسای ئەنجومەنی باڵای بەهێزکردنی ژنان کە ساڵی رابردوو لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە پێشکەشکرا.
د.لەتیف رەشید ئەوەشی خستەڕوو، بەشداری سیاسی ژنان کەمترە لەوەی ئاواتی بۆ دەخوازین، هەروەها هیوادارین ژنان هەموو مافەکانی خۆی وەربگرێت وەک هاوبەشێکی سەرەکەی لە بونیادنی کۆمەڵگە و نیشتیماندا.
بۆ یەکەمجار لەدوای بەپارێزگابوونی سەرۆک کۆماری عیراق سەردانی هەڵەبجەی کرد و رایگەیاند، دەبێت هەڵەبجە بکرێت بە سیمبولی خەبات و تێکۆشان، نەک بۆ گەلی کورد بەڵکو دژ بە دیکتاتۆرییەت و دژ بە بەکارهێنانی چەک.
ئەمڕۆ چوارشەممە، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و رایگەیاند، هەڵەبجە هەر لە کۆنەوە مەڵبەندی رۆشنبیری بووە و ناوچەیەکی ئاوەدان و پێشکەوتوو بووە، لەم شارەدا ژنانیش خەباتیان کردووە بۆ کوردایەتی، خوێندنگەی کچان لە سەردەمێکدا دەستی پێ کردووە کە لە عیراقدا کەم بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵيبجە و شەهیدبوونی هەزاران کەس وایکرد شارەکە لە هەموو روویەکەوە بگۆڕێت، ئێستا هەرچی بکرێت بۆ هەڵەبجە کەمە، دەبێت بیکەین بە سیمبولی خەبات و تێکۆشان نەک بۆ گەلی کورد بەڵکو دژ بە دیکتاتۆرییەت و دژ بە بەکارهێنانی چەک".
سەرۆک کۆماری عیراق راشیگەیاند، نیازی هەیە ئەمساڵ لە بودجەی سەرۆکایەتی کۆمار داوای بودجەیەکی تایبەت بە هەڵەبجە بکات، کە بەدەر بێت لەو بودجەیەی بۆ حکومەتی هەرێم تەرخاندەکرێت، بۆ ئەوەی لەژێر سەرپەرشتی سەرۆکایەتی کۆماردا ئەوەی پێویستە بۆ هەڵەبجە جێبەجێ بکرێت.
باسی لەوەشکرد، پێویستە گرنگی بدرێت بە لایەنی کشتوکاڵ و پیشەسازی لە هەڵەبجەدا.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا د. لەتیف رەشید وتی: کارەساتی هەڵەبجەمان لەبیر ناچێت، بەڵام دەبێت هانمان بدات بۆ ئەوەی گرنگییەکی زیاتر بدەین بەم شارە.
سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ وەزیری پێشمەرگەی هەرێم کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی هێزەکانی پێشمەرگە و پەرەپێدانی تواناکانی شەڕکردنیان کردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی بەغداد لەگەڵ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە کۆبووەوە و پێشهاتە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی هێزەکانی پێشمەرگە و پەرەپێدانی تواناکانی شەڕکردنیان کردەوە، هەروەها تیشکی خستە سەر گرنگی چالاککردنی میکانیزمەکانی هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەگەڵ سوپا و هێزە ئەمنییەکانی دیکە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و سەرتاسەری وڵات.
سەرۆک کۆمار بروسکەیەکی سەرەخۆشی لەلایەن سەرۆکی روسیاوه پێگەیشت بۆ قوربانیانی کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی هایپەرمارکێتێک له پارێزگای واست.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق بروسکەیەکی سەرەخۆشی لە ڤلادیمێر پوتن روسیا بۆ قوربانیانی کارەساتی ئاگرکەوتنەوەی هایپەرمارکێتەکەی پارێزگای واست پێگەیشت.
سەرۆک کۆماری روسیا سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی ئاراستەی سەرۆک کۆمار و گەلی عیراق و کەسوکاری قوربانیانی ئەم کارەساتە ئازاربەخشە کرد و هیوای چاکبوونەوەی زووی بۆ بریندارەکان خواست.
هەروەها سەرۆک کۆماری عیراق بروسکەیەکی تری سەرەخۆشی لە سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی پارتی گردبونەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی میسر و ئەندامی دامەزرێنەری گروپی ئاشتی عەرەبی - عەرەبی و ئەندامی یەکەمین کۆنفرانسی دیالۆگی کەلتووری عەرەب و کورد ئەندام پەرلەمان عاطف مەغاوری پێگەیشت بۆ قوربانیانی ئەو ئاگرەی کە سەنتەرێکی بازرگانی لە پارێزگای واست گرتەوە.
مەغاوری سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی فەخامەتی سەرۆک کۆمار و کەسوکاری قوربانیان و گەلی عیراق بە گشتی کرد و داوای لێخۆشبوونی بۆ لە خوای گەورە کردن و بۆ بریندارەکان هیوای خواست بە سەلامەتی و چاکبوونەوەیان بگەڕێنەوە بۆ ناو خانەوادەی خۆیان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دیدارێکدا سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە محەمەد حەسان نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق و باس لە دوایین پێشهاتی گۆڕەپانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانیانکرا لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان بە شێوەیەک کە ئاشتی ناوچەکە بپارێزێت و هاریکارییەکانی نێوان وڵاتان پەرەپێدەدات.
لە میانی دیدارەکەدا د. لەتیف رەشید پابەندبوونی عیراقی دوپاتکردەوە لە گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانە و کاری هاوبەش بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە کە پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ هێنانەدی گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی بۆ گەلان.
سەرۆک کۆمار هەروەها رۆڵی نەتەوە یەک گرتووەکانی لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان و بەشداریکردن لە دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام بۆ قەیرانەکانی ئێستا، هەروەها پێشخستنی بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و هاریکاری نێودەوڵەتی بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە محەمەد حەسان پابەندبوونی نەتەوە یەک گرتووەکانی دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن لەگەڵ عیراق بۆ پەرەپێدانی سەقامگیری و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی ئێستا و پاڵپشتیکردنی بەرنامە و دەستپێشخەرییەکان بە ئامانجی چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا.