سەرۆک کۆمار پێشوازی لە نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عیراق دەکات
سام
١٨ی ئابی ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، پێشوازی لە موئەیەد ئەللامی سەرۆکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عیراق و سەرۆکی فیدراسیۆنی گشتی رۆژنامەنووسانی عەرەب کرد.
لە میانەی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 18-8-2025 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆک کۆمار پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی رۆژنامەگەری نیشتمانی لە پێشخستنی بەهاکانی دیموکراسی و پاراستنی ئازادی رادەربڕین دوپاتکردەوە و جەختیکردەوە لە گرنگی پابەندبوون بە یاسای شکۆی میدیا وەک چوارچێوەیەک کە ئازادی بڵاوکردنەوە لەگەڵ بەرپرسیارێتی پیشەیی هاوسەنگ بکات و ئاشتی کۆمەڵایەتی بپارێزێت.
هەروەها سەرۆک کۆمار تیشکی خستە سەر گرنگی رۆڵی هەڵسەنگاندنی میدیا لە چاودێریکردنی ئەدای کارکردن و دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکان، بەمەش بەشداری لە چاکسازی سیاسەتدا دەکات، داواشی کرد ئەو ئەرکانە بە گیانی هاریکاری و رێزگرتن لە یاسا و دەستوور ئەنجام بدرێت.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە سەر پێویستیی سەرنجی میدیاکان بە دەرخستنی دەستکەوتەکانی دەزگاکانی دەوڵەتی عیراق و هەروەها چاودێریکردنی لایەنە نەرێنییەکان بۆ دڵنیابوون لە هەڵسەنگاندنی ئەدای حکومەت.
سەرۆک کۆمار باسی لە رۆڵی سەرۆکایەتی کۆمار و هەوڵەکانی لە چەندین بابەتی گرنگدا کرد، لەوانە مەسەلەی دەستبەسەرکراوان و هەروەها سەرۆکایەتی کۆمار بەشداری کردووە لە ئازادکردنی زیاتر لە 15 هەزار دەستبەسەرکراو، ئەمە جگە لەوەی چەندین رەشنووسی یاسای گرنگی پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە.
لای خۆیەوە موئەیەد ئەللامی پێزانینی خۆی بۆ پاڵپشتی سەرۆکایەتی کۆماری عیراق بۆ رۆژنامەنووسان دەربڕی و باسی لە هەوڵەکانی سەندیکا کرد بۆ پەرەپێدانی ژینگەی کار و پێشخستنی گەلتووری پابەندبوون بە بەهاکانی میدیا.
