سەرۆک کۆمار بەشداری لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی قوربانیانی تەقینەوەی بارەگای نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق کرد

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ، بەشداری کرد لەو رێورەسمەی یادکردنەوەیەی کە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق لە بارەگای خۆی لە بەغداد بە بۆنەی رۆژی جیهانیی کاری مرۆیی و بیست و دووهەمین ساڵیادی ئەو تەقینەوە تیرۆرستییەی کە کرایە سەر بارەگاکەی رێکیخستبوو.

لەو تەقینەوەیەدا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق، سێرجیۆ ڤیێرا دی مێلۆ و ژمارەیەک لە هاوکارەکانی گیانیان لەدەستدا.

لە میانی رێوڕەسمەکەدا، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، محەمەد حەسان، باسی لە رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو قوربانیدانانەی کرد کە تیمەکانی کارکردنیان لە عیراقدا پێشکەشیان کردووە.

سەرۆک کۆماری عیراق تاجەگوڵینەی لەسەر مۆنۆمێنتی یادەوەریی قوربانیانی روداوە دڵتەزێنەکە دانا و بە محەمەد حەسان سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانی راگەیاند، کە پێزانینی هەیە بۆ ئەو قوربانیەی کە لە تەقینەوە تیرۆریستییەکە داویانە و جەختی لەوە کردەوە، کە قوربانیدانیان بەها مرۆییەکان بەهێز دەکات، هەروەها وەستانی ئەمڕۆمان رێزلێنانە لە  قوربانیدانیان و هاندانێکە بۆ ئەو کەسانەی کە سەرەڕای مەترسییەکان بەردەوامن لەم کارە گرنگە.

هەروەها پابەندبوونی نەگۆڕی عیراقی بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ روبەڕووبوونەوەی تیرۆر دووپاتکردەوە و بە ناوی گەلی عیراقەوە سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خانەوادەی قوربانیان کرد.