د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆمار ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە تسوی وی، باڵیۆزی کۆماری گەلی چین لە عیراق و ئاماژەی بە گرنگیی فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی دووقۆڵی لە کەرتە جیاوازەکاندا کرد.

لە دیدارێکدا، گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرا و جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانیان کرایەوە بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئاماژەی بە گرنگیی فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی دووقۆڵی لە کەرتە جیاوازەکاندا کرد، کە سوودی بۆ هەردوو وڵاتی دۆست هەبێت.

هەروەها، سەرۆک کۆمار نامەیەکی پیرۆزبایی لە شی جینپینگ سەرۆکی چین، بەبۆنەی رۆژی لەدایکبوونییەوە پێگەیشت لە نامەکەدا سەرۆکی چین پیرۆزبایی و هیوای خۆی ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار کردبوو و جەختی لە گرنگیدانی زۆری بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و چین کردبووەوە، هەروەها ئامادەیی خۆی دەربڕیبوو بۆ بەردەوام بوون لە هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی دۆست بکات.

لای خۆیەوە، باڵیۆز تسوی وی سوپاسی سەرۆک کۆماری عیراقی کرد بۆ گرنگیدانی بە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ چین و جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی سوورە لەسەر چەسپاندنی بنەماکانی پەیوەندیی ئەرێنی لەگەڵ عێراق لە هەموو بوارەکاندا.