سەرۆک کۆمار میوانداری کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکە کرد بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی وڵات و دۆسیەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغدا، میوانداری کۆبوونەوەیەکی چوار سەرۆکایەتییەکەی کرد کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و د .مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، و د.فائق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، ئامادەیبوون، بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی وڵات و دۆسیەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ئەو پێشنیازانە خرانەڕوو کە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە نێردرابوون و ئامانج لێیان رەخساندنی ژینگەیەکی هەڵبژاردنی ئارام و سەقامگیرە کە ناونیشانەکەی شەفافیەت و دەستپاکییە، و هەروەها هەوڵدانە بۆ رەخساندنی دەرفەتی یەکسان لەنێوان هەموو کێبڕکێکارانی هەڵبژاردن.

ئامادەبووان ئەو کێشانەیان تاوتوێ کرد کە لە بەستنی دانیشتنەکانی ئەم دواییەی ئەنجومەنی نوێنەران سەریان هەڵدا، و جەختکرایەوە لەسەر پێویستی چارەسەرکردنیان بەپێی شێوازی یاسایی کارپێکراو و گرنگیدان بە بەدواداچوون و گفتوگۆکردنی پڕۆژەیاسا جیاوازەکان کە پێشکەش بە ئەنجومەن کراون بەمەبەستی پەسەندکردنیان بەشێوەیەک کە مافی هەموو هاوڵاتیان مسۆگەر بکات.

کۆبوونەوەکە تیشکی خستە سەر ئەرکەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە جێبەجێکردنی یاساکانی هەڵبژاردن بەشێوەیەک کە سەروەری یاسا بەهێز بکات و پارێزگاری لە رەوتی دیموکراسی لە وڵاتدا بکات و بنەماکانی دەستپاکی و شەفافیەت بچەسپێنێت و متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە دەستوورییەکان و رۆڵیان لە خزمەتکردنی بەرژەوەندی گشتیدا پتەوتر بکات.

هەروەها گفتوگۆی چڕوپڕ ئەنجامدرا سەبارەت بە واقیعی جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی و ژمارەی ئەو زیندانیانەی کە بڕگەکانی یاساکە دەیانگرێتەوە و بەڕێوەبردنی کاروباریان و سروشتی ئەو لیژنانەی کە کاردەکەن لە دووبارە لێکۆڵینەوە یان دادگاییکردنەوەیان و ئازادکردنیان، و جەختکرایەوە لەسەر پێویستی ئاسانکاری کردن لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاساکە و چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی کە رێگرن لەبەردەم جێبەجێکردنیدا.