سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆکی ئەنجومنەری وەزیران کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر چەسپاندنی بنەماکانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە کردەوە.

ئەمڕۆ سەرۆک کۆمار د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، چاوی  کەوت بە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی تایبەت گفتوگۆی لەبارەوەکرا .

لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی رەوشی گشتی وڵات کرا و جەخت لەسەر یەکخستنی هەڵوێستی هێزە نیشتمانییەکان کرایەوە بۆ پاڵپشتیکردنی بەرنامەی کاری حکومەت و پلانەکانی کە ئامانجیان بەدیهێنانی گەشە و خۆشگوزەرانییە.

هەروەها، باس لە پرس و دۆسیەکانی ناوچەکە و رۆڵی عیراق و هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی بنەماکانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە کرا.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێ کرا، و پێویستی دابینکردنی هەموو رێکارێک بۆ سەرخستنی پرۆسەکە خرایەڕوو، بەتایبەتی لە رێگەی بەشداریی بەرفراوانی دەنگدەران و هەڵبژاردنی نوێنەرانیان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بە شێوەیەک کە خواستی هاووڵاتیان بەدی بهێنێت و داواکارییەکانیان بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی گشتگیر جێبەجێ بکات.