سەرۆکایەتیی کۆماری عیراق، لە پرسەنامەیەکدا خەم و پەژارەی قووڵی خۆی بۆ گیانلەدەستانی هەردوو رۆڵەی پارێزگای هەڵەبجە، محەمەد حەیدەر، کارمەندی پۆلیسی دارستان و ئاری موختار جەمال، هاوڵاتیی خۆبەخش، دەربڕی کە لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرێک لە ناوچەکە گیانیان بەخشی.

لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتیی کۆمار ئاماژەی بەوەداوە: "ئەم کارە قارەمانانەیە، گیانفیدایی و خۆبەختکردن لە پێناو پاراستنی نیشتمان و ژینگە و سروشتدا نیشان دەدات."

سەرۆکایەتیی کۆمار پرسە و سەرەخۆشی گەرمی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری هەردوو قوربانییەکە کردووە و لە خوای گەورە داواکارە رۆحیان شاد بکات و سەبووری بە هەموو لایەک ببەخشێت.

لە کۆتایی پرسەنامەکەدا، سەرۆکایەتیی کۆمار داوای کردووە کە "هەمووان بەهاکانی گیانفیدایی و بەخشین لەم کارە قارەمانانەیەوە وەربگرن بۆ پاراستنی نیشتمان و ژینگەکەی."