سەرۆک کۆمار: پشتیوانی هەموو مافەکانی گەلی فەلەستین دەکەین
٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
سەرۆک کۆماری عیراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی باس لە رەوشی فەلەستین و هەوڵوێستی عیراق و چەند پرسێکی گرنگی دیکە دەکات.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی بی بی سی ئەنجامدا و رایگەیاند: هەڵوێستی عیراق لەسەر مەسەلەی فەلەستین نەگۆڕە و لێکدانەوە هەڵناگرێت، لەبەرانبەر پشتیوانی تەواو بۆ مافە رەواکانی گەلی فەلەستین کە لە سەرووی هەموویانەوە مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیان هەیە، هەروەها ناتانیاهۆ رۆژانە کردەوەیەک ئەنجام دەدات کە دەگاتە تاوان و هەموو جیهان بەباشی لەوە ئاگادارە.
سەرۆک کۆمار دەشڵێت: بەردەوامی نکۆڵیکردن لە مافی گەلی فەلەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان گڕی ململانێکە بە بێ ئاسۆیەک دەهێڵێتەوە، داننان بە دەوڵەتی فەلەستین بە هیچ شێوەیەک پاداشتێک نییە بۆ حەماس و ئەمەش پۆچوونێکی نادادپەروەرانەیە و خزمەت بە رێگەی ئاشتی ناکات، فەلەستینییەکان هەموویان حەماس نین و سەرهەڵدانی بزووتنەوەکە ئەنجامی راستەوخۆی نەبوونی چارەسەرێکی دادپەروەرانە بوو بۆ کێشەکەیان.
لە چاوپێکەوتنەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشداوە: پەیامەکەمان روون و یەکلاکەرەوەیە، راگرتنی دەستدرێژی بۆ سەر غەززە و گەلی فەلەستین یەکەم و پێویستە بۆ هەر رێگایەکی سیاسی جددی.
سەرۆک کۆمار دەشڵێت: عیراق پابەندبوونی خۆی بە بنیاتنانی هاوبەشی بەهێز و دۆستایەتی پتەو و پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دووپات دەکاتەوە بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل بپارێزێت و بەشداری لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بکات.



