د. لەتیف رەشید: دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین تاکە رێگەیە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
سەرۆک کۆماری عیراق دەڵێت: کۆتاییهاتنی کارەکانی یۆنامی دەرخەری سەقامگیری رەوشی عیراقە.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە وتارێکدا لە 80هەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، عیراق پێگەی خۆی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، ولاتەکەمان ئامادەیە ببێتە خاڵی پەیوەندی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا.
وتیشی، وەکو پارێزەرێک کاردەکەم بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردانە و لە پڕۆسەی ئاشتیانە گواستەنەوەی دەسەڵات بەردەوام دەبین.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، بە پشتیوانی دۆستەكانمان مەترسیدارترین هەرەشەی تیرۆریستیمان تێکشکاند، هەروەها كار دەكەین بۆ سرینەوەی شوێنەواری پەلامارە تیرۆریستییەكان، هاوکات بە ئیرادەیەكی نیشتمانی كار دەكەین بۆ دامەزراندنی داهاتوویەكی ئومێد بەخش.
د.لەتیف رەشید ئاشکراشیکرد، هەوڵەكانمان بۆ گەراندنەوەی ئاوارەكان پێویستی بە پشتیوانی نیودەوڵەتییە، گرنگیشە كەمینەكان لە عیراق دڵنیا بكرێنەوە كە جارێكیتر رووبەڕووی جینۆساید نابنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، كاردەكەین بۆ هەمەچەشنكردنی ئابوری عیراق و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە نەوت، هەروەها كاردەكەین بۆ چالاکردنی وەبەرهێنانی توانا گەورەکانمان، داواش لە وڵاتانی وەبەرهێنان دەکەین روو لە عیراق بکەن.
سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی سەرۆک کۆماری عیراق جەختی کردەوە، عیراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، كەمئاویی و وشكەساڵی و بیابانبوون هەرەشە لە بوونی عیراق دەكات، بۆیە پێویستە توركیا و ئیران لە پرسی ئاو ئاگاداری ئەوەبن كە زیان بە عیراق نەگەیەنن.
رەوشی غەززە بەشێکی دیکە بوو لە وتارەکەی سەرۆک کۆمار و رایگەیاند، دەبێت پەلە بکرێت لە راگرتنی شەڕی غەززە و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین تاکە رێگەیە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
د.لەتیف رەشید باسی لە رەوشی سوریا کرد و ئاماژەی بەوەکرد، پشتیوانی لە ئاسایش و یەكپارچەیی خاكی سوریا دەكەین و دەبێت حكومەتی سوریا رێز لە فرەیی و پێکەوەژیان بگیرێت.



