سەرۆك كۆماری عیراق دەڵێت، گەلی عیراق بە پەرۆشە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا و لە ئێستاشەوە ئامادەكاریی كراوە.

لە پەراوێزی خولی 80هەمین كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە چاوپێكەتنێكدا لەگەڵ كەناڵی بی بی سی كۆمەڵێك پرسی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی باسكرد و ستایشی بڕیاری ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپای كرد بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین و رایگەیاند، عیراق پشتیوانی لە مافەكانی گەلی فەلەستین دەكات.

لەبارەی چارەنووسی هێزەكانی ئەمریكاش لە عیراق وتی، بڕیاری مانەوە یان كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، بڕیارێكی هاوبەشی نێوان هەردوو حكومەتی ئەمریكا و عیراقە، تا ئێستاش هەندێك لە هێزەكانی ئەمریكا بۆ مەشقپێكردنی هێزە چەكدارەكان ماونەتەوە و ئێستاش تیرۆر لە ناوبراوە و وڵات سەقامگیرە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراقیش سەرۆك كۆمار رایگەیاند، گەلی عیراق بە پەرۆشە بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە لە وادەی خۆیدا و جەختیشیكردەوە، هەموو ئامادەكارییەك بۆ ئەو مەبەستە كراوە.