لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی "ئەلغد"، د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، تیشکی خستە سەر هەڵوێستی نەگۆڕی عیراق سەبارەت بە پرسە هەنووکەییەکانی ناوچەکە و دۆخی ناوخۆی وڵات، و جەختی کردەوە کە تاکە چارەسەری ریشەیی بۆ بارودۆخی ناوچەکە، داننانە بە مافە رەواکانی گەلی فەڵەستین.

هەڵوێستی عیراق لەسەر پرسی فەڵەستین:

سەرۆک کۆمار رایگەیاند: "عیراق هەمیشە جەختی کردووەتەوە کە هیچ چارەسەرێک بۆ بارودۆخی ناوچەکە نییە، جگە لە چارەسەرێکی ریشەیی بۆ کێشەی فەڵەستین کە بریتییە لە پێدانی هەموو مافە رەواکانیان، لەوانە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و بەدەستهێنانی تەواوی مافە سیاسی و ئابوورییەکانیان وەک هەر گەلێکی تر."

ناوبراو بە توندی دژایەتی خۆی بۆ هەر هەوڵێک دەربڕی کە داوا لە فەڵەستینییەکان بکات خاکی خۆیان جێبهێڵن و وتی: "هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە داوا لە فەڵەستینییەکان بکات خاکەکەیان بەجێبهێڵن، ئەمە وڵات و نیشتمانی ئەوانە و نابێت قبوڵ بکرێت کە گەلی فەڵەستین ببێتە گەلێکی ئاوارە."

هاوکات داوای کرد کە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبێت بۆ پشتیوانیکردن لە چارەسەرێکی کۆتایی و هەمیشەیی بۆ ئەم پرسە، هەروەها داوای راگرتنی بەپەلەی جەنگ و گەیاندنی یارمەتی مرۆیی و پزیشکی بۆ خەڵکی غەززەی کرد.

دۆخی ناوخۆی عیراق و هەڵبژاردنەکان:

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی عیراق، سەرۆک کۆمار، د. لەتیف رەشید؛ ئاماژەی بەوەدا کە دوای تێپەڕاندنی قۆناغی شەڕ دژی داعش، ئێستا عیراق لە دۆخێکی ئارام و سەقامگیردایە. وتیشی: "گەلی عیراق ماوەیەکی زۆر بەدەست تاوانەکانی داعش و تیرۆرەوە ناڵاندی، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئێمە ئەم کێشەیەمان چارەسەر کردووە و ئێستا جەخت لەسەر دابینکردنی خزمەتگوزاری، وەبەرهێنان، و باشترکردنی ژێرخانی ئابووری دەکەینەوە."

سەرۆک کۆمار ئاشکراشی کرد کە دوای چەند هەفتەیەکی تر هەڵبژاردن لە عیراق بەڕێوەدەچێت بۆ پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمانێکی نوێ، و دڵنیایی دا کە بارودۆخ بۆ ئەم پرۆسەیە لەبارە.

رۆڵی عیراق لە ناوچەکە و دۆخی سوریا:

د. لەتیف رەشید ئامادەیی عیراقی نیشاندا بۆ هاوکاریکردن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە لەڕێگەی پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ. لەم چوارچێوەیەدا باسی لە پرسی کامپی هۆل لەسەر سنووری سوریا کرد و رایگەیاند کە حکومەتی عیراق خێزانە عیراقییەکانی داعشی وەرگرتووەتەوە و لە سەنتەرەکانی چاکسازی کار بۆ باشترکردنی بارودۆخیان دەکات.

لە کۆتاییدا، سەبارەت بە دۆخی سوریا، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە کۆبوونەوەی لەگەڵ "ئەحمەد شەرع" کرد و هیوای خواست سیستمێکی نوێی دیموکراتی لە سوریا دابمەزرێت کە رێز لە هەموو پێکهاتەکان بگرێت و رێگە لە دەستێوەردانی دەرەکی بگیرێت.