قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە کریستیانە هۆمان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عیراق و پێکەوە تاوتوێی چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیایان کرد.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێشەممە (15/4/2025) بەڕێوەچوو، باس لە دۆخی ئابوری و پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێم کرا، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران روونیکردەوە حکومەتی هەرێم هەوڵ بۆ ئابورییەکی فرەسەرچاوە دەدات و لەم چوارچێوەیەشدا بە تایبەتی گرنگی بە گەشەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک و گشتوکاڵ دەدات.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا بە گرنگیدان بەم کەرتانە ژمارەیەکی بەرچاو هەلی کار بۆ هاووڵاتیان دابیندەکرێت و ئاسایشی خۆراکی هەرێم و عیراقیش پارێزراو دەبێت.
جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی حکومەتی ئەڵمانیاشی کرد کە لە ماوەکانی رابردوودا بە شێوەی جۆراوجۆر هاوکاری هەرێمی کوردستانی کردوە، بە تایبەتیش لە ناردنی راوێژکار و کەسانی پسپۆڕدا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە کرا، هەردوولا هاوڕابوون هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە، لەمبارەیەوە باڵیۆزی ئەڵمانیا جەختی کردەوە هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەردەوام دەبێت.
توێژینەوەیەکی زانکۆی ساوپاولۆ لە بەرازیل ئاماژە بەوە دەدات، خواردنەوەی بەردەوامی کحول چەندین گرفتی جیاجیای هزری دەهێنێتە ئاراوە.
لە توێژینەوەکەدا زیاتر لە هەزار و 700 کەس بەشدارییان کردووە، کە تێكڕای تەمەنیان 75 ساڵ بووە.
لە چوارچێوەی توێژینەوەکەدا زانایان بۆیان دەرکەوتووە کحول کاریگەریەکی گەورەی لەسەر تووشبوون بە ئالزەهایمەر دەبێت، هاوکات ئەگەری لاوازبوونی مێشک %133 زیاددەکات، ئەمەش سەرەڕای زیادکردنی مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە و ئەگەری مردنی پێشوەختە.
د. هاریس کامال، کە پسپۆڕی نەخۆشییە دەمارییەکانە دەڵێت، "کاریگەریی کحول لەسەر مێشکی مرۆڤ پشت بە چەند فاکتەرێک دەبەستێت: تەمەن، شێوازی خواردن، ماوەی خواردنەوەی کحول و تەندروستیی گشتیی کەسەکە. "
بەگوێرەی بڵاوکراوەکانی ناوەندی کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە نەخۆشییەکان (CDC) لە ئەمریکا، کحول ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە، بەرزەفشاری خوێن، نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتە زیاددەکات.
عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران بە بەرپرسانی باڵای سێ لقی حکوومەتی ئێرانی راگەیاند: "کارێکی باش لەسەر دانوستانەکان کراوە"، بەڵام "نابێت پرسەکانی وڵات بە دانوستانەکانەوە ببەسترێتەوە".
ئەمڕۆ سێ شەممە عەلی خامنەیی رایگەیاند کە "نابێت گەشبینی و ڕەشبینییەکی زۆرمان هەبێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان لە هەموو بوارەکاندا، پێویستە بە خێرایی بەردەوام بین و نابێت هیچ شتێک بە ئەنجامی دانوستانەکانەوە ببەسترێتەوە".
ڕێبەری باڵای ئێران بە ئاماژەدان بە دانوستانە ئەتۆمییەکانی سەردەمی حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران کە بووە هۆی داڕشتنی پلانی هەمەلایەنەی هاوبەش، وتی: ئەو هەڵەیەی کە لە رێکخراوی JCPOA کرا کە هەموو شتێکی وڵاتی بەستبووەوە بە دانوستانەکانەوە، نابێت دووبارە بکرێتەوە چونکە وڵات دەبێتە مەرج و هەموو شتێک بە وەبەرهێنانەوە رادەگیرێت تا دەرئەنجامی دانوستانەکان رون دەبێتەوە.
عەلی خامنەیی رایگەیاند: چالاکییەکانی وڵات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان لە هەموو بوارەکاندا دەبێ بە خێرایی زیاترەوە بەردەوام بێت و هیچ شتێک بە ئەنجامی دانوستانەکانەوە نەبەسترێتەوە.
د.لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عیراق پەیامێکی لە نەبیە بەڕەی سەرۆکی پەرلەمانی لوبنانەوە پێگەیشت.
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی عەلی ئەدیب حەبحاب باڵیۆزی لوبنان لە عیراق، پێشوازیکرا لە "قەبلان قەبلان" نێردەی سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان، پەیام و سڵاوی نەبیە بەڕی، گەیاندە سەرۆک کۆمار.
لەپەیامەکەدا باس لەپەیوەندییەکانی عێراق و لوبنان و چۆنیەتی کاراکردنی میکانیزمەکانی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتی برا کراوە.
سەرۆک کۆماریش لەڕێگای قەبلانەوە سڵاو ڕێزی خۆی گەیاندە سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان و ئاماژەیدا بە قووڵایی پەیوەندیی برایانە و هاوکاریی نێوان هەر دوو وڵات وجەختیشی کردەوە لەپێویستی پێشخستنیان بۆ ئەوەی بوارەکانی سیاسی، ئابووری و کلتووریش بگرێتەوە بەشێوەیەک کەخزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل بکەن و بناغەکانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا چەسپێنێت.
سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە لێدوانێکی رەسمیدا رایگەیاند کە توانا سەربازییەكانی ئێران "هێڵی سوور"ی دانوستان لەسەر نەکراوە لەگەڵ ئەمریکا.
عەلی محەمەد نائینی، وتەبێژی سوپای پاسداران، لە لێدوانێکدا جەختی کردەوە کە "ئاسایشی نەتەوەیی، بەرگری و هێزی سەربازی كۆماری ئیسلامیی ئێران هێڵی سوورن كە لە هیچ بارودۆخێكدا جێگای دانوستان و وتوێژ نین."
لێدوانەکانی وتەبێژی سوپای پاسداران لە کاتێکدا دێن کە گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان تاران و واشنتن بەردەوامن و هەردوو لایەن سەرقاڵی دانوستانی ناڕاستەوخۆن لە نێوان پەرەسەندنی فشارە نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر ئێران، لەوانەش هەڕەشەی سزای زیاتر یان ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ ئامانجکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران.
لەلایەکی دیکەوە، ستیڤ ویتكۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، پێشتر رایگەیاندبوو کە هەر رێککەوتنێکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێراندا بەندە بە "دوو مەرجی بنەڕەتی"، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکانیان ئاشکرا بکات، ئەمەش ناڕوونی زیاتری لە دیمەنی سیاسیدا هێناوەتە ئاراوە کە بە یەکێک لە ئاڵۆزترین پرسەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سبەینێ چوارشەممە 16ـی نیسانی 2025 بەبۆنەی سەری ساڵی ئێزدییان لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشوی ڕەسمی دەبێت.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە "رۆژی چوارشەممە، 16ی نیسانی 2025 بەپێی ساڵنامەی رەسمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی سەری ساڵی ئێزدییان، لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشووی رەسمی دەبێت".
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە "رۆژی پێنجشەممە، 17ی نیسانی 2025 دەوامی رەسمی دەستپێدەکاتەوە".
سەری ساڵی ئێزدییان، یەکێکە لە بۆنە ئایینییە گرنگەکانی پێکهاتەی ئێزدی لە کوردستان و هەموو ساڵێک وەک پشووی رەسمی لە هەرێمی کوردستان دەستنیشان دەکرێت.
دوای ئەوەی زانکۆی هارڤارد چەند داواکاریەکی حکومەتی ئەمریکای رەتکردەوە، کۆشکی سپی رایگەیاند کە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار لە بودجەی زانکۆکە کەمدەکاتەوە و سەرۆکی زانکۆکەش دەڵێت: "ئەو سزایانە وامان لێناکەن دەستبەرداری سەربەخۆیی فکری خۆمان ببین"
حکومەتی ئەمریکا لیستێکی بۆ زانکۆی هارڤارد ناردبوو کە تیایدا داوای کردبوو دەسەڵاتی خوێندکاران و پرۆفیسۆرە کاتیەکان کەمبکاتەوە و هاوکات زانیاریان لەسەر چالاکییەکانی خوێندکاران بەتایبەت ئەوانەی کە "دوژمنانە لەگەڵ بەها ئەمریکییەکان" دەجوڵێنەوە، بۆ بنێرێت.
هەروەها دامەزراندنی دەزگایەکی حکومی بۆ پێداچوونەوە و پەسەندکردنی پرۆگرامەکانی هارڤارد "بۆ بەرەنگاربوونەوەی دژە جولەکە".
ئالان گاربەر سەرۆکی زانکۆی هارڤارد ئەمڕۆ دووشەممە لە نامەیەکدا بۆ ئەندامانی زانکۆکە رایگەیاندوە، حکومەت دەیەوێت زانکۆکە کۆنتڕۆڵبکات. وتیشی: "ئێمە لە رێگەی راوێژکارە یاساییەکانمانەوە بە حکومەتمان راگەیاندوە کە ئەو پێشنیارەی ئەوان قبوڵ ناکەین و ئەم زانکۆیە دەستبەرداری سەربەخۆیی خۆی نابێت و ئەم مافەشی لە دەستوری ئەمریکادا جێگیرکراوە.
ئالان گاربەر ئاماژەی بەوەشکرد، زانکۆی هارڤارد بەرپرسیارێتی خۆی بەرانبەر بە دژە جولەکەی بە جدی وەردەگرێت و حکومەت هەوڵدەدات دەستوەردان لە کارەکانی زانکۆکەدا بکات.
دوای ئەوەی جەزائیر فەرمانی دەرکردنی12 کارمەندی دیپلۆماسی فەڕەنسای لە وڵاتەکەیدا رایگەیاند؛ ژان نۆئێل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئەمڕۆ سێشەممە هۆشداری دا کە بڕیارەکەی جەزائیر بۆ دەرکردنی دیپلۆماتکارانی فەڕەنسا "جێی داخە و بێ سزا تێناپەڕێت".
وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر دوێنێ دووشەممە لە راگەیەندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە دەوڵەت "بڕیارێکی داوە بۆ دەرکردنی 12 کارمەند کە لە باڵیۆزخانەی فەڕەنسا و نوێنەرایەتییە کونسوڵگەرییەکانی لە جەزائیر کاردەکەن و لەژێر چاودێری وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەدان"، هەروەها رایگەیاند کە ئەو کارمەندانە پابەند کراون لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا وڵات بەجێبهێڵن.
حکومەتی جەزائیر بەرگری لە بڕیارەکەی کرد و رونی کردەوە کە ئەم هەنگاوە دوای دەستگیرکردنی "خۆنمایشانە و ناوزڕاندن" لەسەر ڕێگایەکی گشتی هاتووە کە وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا لە 8ـی نیسانی 2025، دژ بە کارمەندێکی کونسوڵگەری جەزائیری ئەنجامیداوە.
لە راگەیەندراوەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئەم کارە شەرمەزارییە، کە لەڕێگەیەوە وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا هەوڵدەدات سوکایەتی بە جەزائیر بکات، بە بێبایەخکردنی ئاشکرای پێگەی ئەم فەرمانبەرە کونسوڵگەرییە، بەبێ ئەوەی بچوکترین رەچاوکردنی نۆرم و رێککەوتننامە دیپلۆماسییەکان و پێشێلکردنی ئاشکرای رێککەوتن و پەیماننامە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدراوە".
لە بەرامبەردا، ژان نۆئێل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاند کە وڵاتەکەی وەڵامی گونجاو دەداتەوە و ئەم کارەی جەزائیر بەبێ وەڵام نامێنێتەوە.
شایانی باسە، ئەم بارگرژییە نوێیە دوای چەند ساڵێک لە هەوڵدانی هەردوو وڵات بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانیان دێت، بەڵام دواتر دووبارە ئاستی گرژییەکان لە نێوان هەردوو وڵات بەرزبووەتەوە.
وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، بوونی هەڵەبجە بە پارێزگا، پێویستی بە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن و دیاریكردنی ژمارەی كورسی پارێزگاكە هەیە.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، دانانی هەڵەبجە وەك بازنەیەكی هەڵبژاردن پێویستی بە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و دیاریكردنی ژمارەی كورسییەكانی ئەو پارێزگایە هەیە بەپێی ژمارەی دانیشتوانەكەی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، پێویستە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە سەرۆكایەتی كۆمار پەسەند بكرێت و بە رەسمی لە رۆژنامەی وقائیع بڵاوبكرێتەوە، دواتر كۆمیسیۆن نووسینگەی هەڵبژاردن بكاتەوە و كاروبارەكانی هەڵبژاردن بەڕێوەببات.
ئەوەش لە كاتێكدایە رۆژی دووشەممە ئەنجومەنی نوێنەران پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەندكرد، هەڵەبجەی وەك نۆزدەهەمین پارێزگای عیراق ناساند.
سەرچاوەیەکی پزیشکی لە پارێزگای میسان ئاشکرای کرد کە خۆڵبارینی بەردەوامی عیراق بووەتە هۆی تێکچوونی باری تەندروستیی و تەنگە نەفەسی دوو هەزار و 750 کەس، کە زۆرینەی حاڵەتەکان لە پارێزگاکانی باشوری عیراق تۆمار کراون.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، تەنها لە پارێزگای میسان 656 کەس باری تەندروستییان تێکچووە و بەسەر12 نەخۆشخانە و ژووری فریاکەوتندا دابەشکراون لە سەرانسەری پارێزگاکەدا.
بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکانی پێنج پارێزگا تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار حاڵەتی تەنگەنەفەسی و گرفتی هەناسەدانیان تۆمار کردووە. لە پارێزگای بەسرە 749 حاڵەت، لە موسەننا 700حاڵەت، لە دیوانییە 322 حاڵەت، لە زیقار 174 حاڵەت و لە نەجەف150 حاڵەت تۆمار کراون.
پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداریان داوە کە لەگەڵ بەردەوامبوونی خۆڵبارین لە بەشێک لە شارەکانی عیراق، رێژەی تووشبووان بە تەنگەنەفەسی و گرفتە هەناسەییەکان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدان.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق، داوای لە هاووڵاتیان کرد لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە تاکوو بارودۆخی خۆڵبارینەکە کەم دەبێتەوە و ئاستی تۆزوخۆڵ لە هەوادا دادەبەزێت.
پێشبینی دەکرێت چەند ڕۆژێکی دیکە ئەم دیاردەیە لە ناوچەکانی باشووری عیراق بەردەوام بێت، کە ئەمەش مەترسیی زیاتر بۆ سەر تەندروستیی دانیشتووانی ئەو ناوچانە دروست دەکات.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی نیگەرانی قووڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بە رەوشی مرۆیی لە کەرتی غەززە، بە تایبەتی بڵاوبوونەوەی برسێتی و نەبوونی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە.
مارگریت هاریز، وتەبێژی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "کەمیی کەلوپەلی پزیشکی و دەرمان لە کەرتی غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار، هەروەها هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ گەیاندنی هاوکاریی پزیشکی بۆ چارەسەرکردنی ئەو برینداره زۆرانەی کە بەهۆی بۆمبارانی بەردەوامەوە پێویستیان بە چارەسەری خێرا هەیە."
هاریز ئاشکرای کرد کە زۆرجار رێکخراوەکەیان مۆڵەتی پێویست بۆ گەیاندنی هاوکاریی پزیشکی بۆ ناو کەرتی غەززە وەرناگرێت، ئەمەش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
وتەبێژی رێکخراوەکە جەختی کردەوە: "ئێمە بە توندی نیگەرانین لەو برسێتییەی کە روبەروی هاووڵاتیانی مەدەنی لە کەرتی غەززە بووەتەوە، بە تایبەتی منداڵان کە زیاتر لە هەموو توێژەکانی دیکە زیانیان پێ دەگات." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دانیشتووانی غەززە بە گشتی دەستیان بە ئاوی پاکی خواردنەوە ناگات، ئەمەش مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی پەتایی زیاتر دەکات.
شایانی باسه، کەرتی غەززە لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2023ـەوە بەردەوام لە ژێر بۆمباران و گەمارۆی قورسدایە کە بووەتە هۆی وێرانبوونی ژێرخانی تەندروستی و ئاودێری. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە ٪90ـی دانیشتووانی غەززە ئێستا روبەروی ئاستەنگی سەختی دۆزینەوەی خۆراکی پێویست بوونەتەوە.
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتیی هۆشداریان داوە سەبارەت بە رەوشی "قەیرانی سەختی برسێتی" لە کەرتی غەززە. لە لایەکی ترەوە، زۆربەی ناوەندە تەندروستییەکان لە غەززە یان وێران بوون یان بە هۆی کەمیی سوتەمەنی و پێداویستی پزیشکییەوە ناچار بە وەستانی چالاکییەکانیان بوون.
کارتێکەری قەیرانەکە بە تایبەتی لەسەر منداڵان زۆر قورسە، چونکە بەپێی ڕاپۆرتی یونیسێف، هەڵاوسان و نەخۆشییە پەیوەندیدارەکان بە هۆی خۆراکی خراپ لە ناو منداڵانی غەززەدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. هەروەها کەمیی ئاوی پاک بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی گوازراوە لە رێگەی ئاوەوە.
سەرۆک کۆماری عیراق بەبۆنەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە وەک 19ەمین پارێزگایی عیراق، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەپارێزگابونی هەڵەبجە هەنگاوێکی مێژووییە و مافێکی لەمێژینە چاوەڕوانکراوە
دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆماری عیراق .......
گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەكەین بە بۆنەی سەرگرتنی هەوڵ و كۆششەكانتان كە بە درێژایی ساڵانی رابردوو خستبووتانەتە گەڕ، ئەوەش بە دەنگدانی ئەنجوومەنی نوێنەران بوو بۆ بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە وەك پارێزگایەكی عیراقی لە ناو هەرێمی كوردستاندا وەك وەفایەك بۆ شەهیدانی تاوانی ئەنفال و كۆمەڵكوژی كیمیاوی كە لە ئازاری 1988 لە دژیان ئەنجامدرا و وەك پەڵەیەكی شەرمەزاری بە نێوچاوی ستەم كاران و چەوسێنەرانەوە دەمێنێتەوە.
ئەگەر دانایی و كۆششە بەردەوامەكانی ئێوە و هەڵوێستە نەگۆڕەكانتان بۆ پشتیوانیكردن لە مافەكانی مرۆڤ لە هەموو پێكهاتەكانی گەلەكەمان و سووربوونتان لەسەر ساڕێژكردنی برینەكانی ڕابردوو نەبوایە ئەم دەستكەوتە بەدەستنەدەهات.
لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە سەركەوتووتان بكات و ئەم بڕیارە بكاتە هەنگاوێكی تر بەرە و عیراقێكی فیدرالی دادپەروەر كە تێیدا ماف و شكۆی مرۆڤی تێدا دەپارێزرێت و رێز لە قوربانیدانەكان دەگیرێت.
هەڵەبجە سیمبولی نەهامەتیەكانی مرۆڤە، دیمەنێكی ئازابەخشی جەور و ستەمە لە دژی رۆڵەكانی گەلی كورد و تا ئێستاش وەك شایەتحاڵێك ماوە لەسەر قەبارەی قوربانیەكان كە عێراقیەكانی بەخشیویانە لە پێناوی ئازادی و شكۆمەندیدا.
پیرۆزباییتان لێدەكەم و ڕێز و ستایشمان قبوڵ بفەرموون
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پیرۆزبایی لە هەڵەبجە دەکات بەهۆی بون بە 19 هەمین پاریزگای عیراق و لە پەیامێکیشدا دەڵێت، " هەڵەبجەییە سەربەرزەکان شایەنی هەموو پاداشت و خزمەتکردنێکن، دڵنیاتان دەکەمەوە چۆن لە رابردوودا هەمیشە لەگەڵتان بووین، ئێستاش بە هەمان رۆحیەتەوە بەردەوام دەبین و پارێزگاری لە مافەکانتان دەکەین".
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی
ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە، منیش هێندەی هەڵەبجەییە سەربەرزەکان دڵخۆشم، چونکە گەیشتین بە یەکێک لەو ئامانجانەی چەند ساڵێکە هەوڵی بۆ دەدەین تاوەکو کەمێک لە ئازاری کەسوکارەکانی خۆمان کەم بکەینەوە.
لە دڵەوە سوپاس و پێزانینی بێپایانم ئاراستەی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەم کە هەوڵیان بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە داوە و لە رابردوودا پەرۆشانە لە هەوڵدابوون بۆ سەرخستنی ئەم بڕیارە مێژووییە.
بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بەبیرمان دەهێنێتەوە کە هەموومان یەک چارەنووس و مێژووی هاوبەشی پڕ لە قوربانیدان و شانازیمان هەیە و ئومێدمان پێدەبەخشێت کە بە یەکگرتوویی و پێکەوەییمان دەتوانین خزمەتی زیاتری گەلەکەمان بکەین.
هەڵەبجەییە سەربەرزەکان شایەنی هەموو پاداشت و خزمەتکردنێکن، دڵنیاتان دەکەمەوە چۆن لە رابردوودا هەمیشە لەگەڵتان بووین، ئێستاش بە هەمان رۆحیەتەوە بەردەوام دەبین و پارێزگاری لە مافەکانتان دەکەین.
لای ئێمە هەڵەبجە هیوایە بۆ ئایندەمان، ئامۆژگاریی سەرۆک مام جەلالە کە هەرچیمان لەدەستبێت دەبێت بۆ هەڵەبجەی بکەین و بەپارێزگابوونیشی بەرپرسیارێتیمان زیاتر دەکات، ئێستا کاتی ئەوەیە بە دڵسۆزی و خەمخۆرییەوە وەک یەک تیم بە پرۆژە و کارکردن خزمەتی خەڵکی خۆشەویستی هەڵەبجە بکەین.
هەر شاد و سەربەرزبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
کەمێک پێش ئێستا بەکۆی دەنگ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هەڵەبجە وەک 19 هەمین پاریزگای عیراق ناسێندرا.