وەزارەتی گواستنەوەی عیراق رایگەیاند کە 100 گەشتی ئاسمانی بۆ گواستنەوەی حاجیان لە ماوەی 17 رۆژدا دیاریکراوە، و جەختیشی کردەوە کە گەشتەکان لە پێنج فڕۆکەخانەی ناوخۆییەوە دەستیان پێکردووە.

میسەم سافی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەت، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی رەسمی رایگەیاند: ئەو 100 گەشتەی کە پێرێ دەستیان پێکردووە، لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر، سلێمانی، بەغدا، نەجەف و بەسڕەوە دەبن.
گەشتەکان راستەوخۆ بەرەو مەدینە و جیددە دەبن، ئەمەش لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی رێکوپێکی کارکردن دێت کە ئامانجی ئاسانکاری لە هاتووچۆ و کەمکردنەوەی کاتی چاوەڕوانییە بۆ حاجیان.

هەروەها روونیکردەوە: پلانی گواستنەوەی ئاسمانی کە تا 17ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، سەرەتا بە چوار گەشت لە رۆژێکدا دەست پێدەکات و دواتر بەپێی چڕی ژمارەی حاجیان و خشتەی دیاریکراو، وردە وردە بۆ پێنج تا حەوت گەشت لە رۆژێکدا زیاد دەکرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە رێنمایی راستەوخۆ دراوە بە هێڵە ئاسمانییەکانی عیراق، کۆمپانیای گشتی خزمەتگوزارییەکانی گەشتە ئاسمانییەکان و بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەکان، بۆ ئەوەی هەموو هەوڵ و تواناکانیان بخەنە گەڕ بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە حاجیان.

لە کۆتاییدا سافی جەختی کردەوە: وەزارەت لە رێگەی ئەم پلانەوە هەوڵ دەدات ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە وەرزی حەجدا بەرز بکاتەوە و گەشتێکی ئارام و سەلامەت بۆ حاجیان دابین بکات، ئەمەش ئامادەیی دامەزراوەکانی گواستنەوە و توانایان لە بەڕێوەبردنی پرۆسە گەورەکان بە کارایی و ڕێکخستنێکی بەرز نیشان دەدات."