هەواڵەکانهەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، پیرۆزبایی یادی لەدایکبوون لە نێچیرڤان بارزانی دەکات و دەڵێت، "ئەمڕۆ من ئەمە بۆ سەرۆک نانووسم؛ بەڵکو بۆ هاوڕێیەکی زیاتر لە بیست ساڵەم دەنووسم، ئەم هاوڕێیەتییە پێش ئەوەی بەدەستی بهێنم بۆم ماوەتەوە، بەردەوامیی و درێژکراوەی ئەو هاوڕێیەتی و پەیوەندییە قووڵەیە کە لەگەڵ سەرۆک مام جەلالدا هەتبوو. بەڵام بە تێپەڕبوونی ساڵەکان هاوڕێیەتییەکە بە تەواوی بووە هی خۆمان".

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت: یادی لەدایکبوون تەنها وێستگەیەکە لە ژیاندا و ژیانی جەنابیشت پڕە لە وێستگەی زۆر گرنگ و کاریگەر بۆ کوردستان، بۆ حیزبەکەت، بۆ خێزانەکەت و بۆ هەموو ئێمەش کە بەشێک لەم ڕێگەیەمان لەگەڵتدا بڕیوە. ئەمانە ئەو دەستکەوتانەن کە دەبێت شانازییان پێوە بکەیت و ئێمەش بە رێز و شکۆوە لێی دەڕوانین.

دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی

برای زێدە ئازیز کاک نێچیرڤان،

یادی لەدایکبوونت پیرۆز بێت، هاوڕێی خۆشەویستم.

پۆست و نازناوەکان دێن و دەڕۆن - سەرۆکی هەرێم، سەرۆکوەزیران... - و تۆ بەرزترینەکانیانت بە سەربەرزییەوە هەڵگرتووە. بەڵام ئەمڕۆ من ئەمە بۆ سەرۆک نانووسم؛ بەڵکو بۆ هاوڕێیەکی زیاتر لە بیست ساڵەم دەنووسم.

ئەم هاوڕێیەتییە پێش ئەوەی بەدەستی بهێنم بۆم ماوەتەوە، بەردەوامیی و درێژکراوەی ئەو هاوڕێیەتی و پەیوەندییە قووڵەیە کە لەگەڵ سەرۆک مام جەلالدا هەتبوو. بەڵام بە تێپەڕبوونی ساڵەکان هاوڕێیەتییەکە بە تەواوی بووە هی خۆمان.

لەناو ئەو هەموو قەیران و ساتە ئەستەم و رۆژە ناخۆشانەی کە پێکەوە پێیدا تێپەڕبووین، ئەگەر هاوڕێیەتییەکەمان راستەقینە و لەسەر بنەمای متمانەیەکی تەواو نەبایە، بە ئاسانی دەکرا ئەم هاوڕێیەتییەمان بپچڕێت. بەڵام پێکەوە بەسەر سەختی و ناخۆشییەکان، هەوراز و نشێوییەکاندا زاڵ بووین و هاوڕێیەتیمان پتەوتر و شکۆدارتر بوو. ئەمڕۆ زیاتر لە هەر شتێکی تر سوپاسگوزاری ئەم هاوڕێیەتییە شکۆدارەم.

یادی لەدایکبوون تەنها وێستگەیەکە لە ژیاندا و ژیانی جەنابیشت پڕە لە وێستگەی زۆر گرنگ و کاریگەر بۆ کوردستان، بۆ حیزبەکەت، بۆ خێزانەکەت و بۆ هەموو ئێمەش کە بەشێک لەم ڕێگەیەمان لەگەڵتدا بڕیوە. ئەمانە ئەو دەستکەوتانەن کە دەبێت شانازییان پێوە بکەیت و ئێمەش بە رێز و شکۆوە لێی دەڕوانین.

هیوای تەندروستی، بەختەوەری و تەمەندرێژیت بۆ دەخوازم. دڵنیام کە چەندین وێستگەی دیکەی گرنگ لە ژیانتدا تۆمار دەکەیت و ئێمەش شانازی دەکەین کە وەک هەمیشە برا و هاوڕێ و هاوکار و پشتیوانت بین.

لەگەڵ رێز و خۆشەویستییەکی قووڵدا

برا و هاوڕێتان

قوباد تاڵەبانی

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە، تەنها لەمساڵدا، دۆناڵد ترەمپ 900 جار ناوی جۆ بایدنی سەرۆکی پێشوو هێناوە و کردویەتی بە ئامانجی سیاسی خۆی و بە هۆکاری کێشەکانی هەڵاوسان و  زۆری کۆچبەر و کەمبونەوەی چەک تاوانبار کردووە.

لە راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرزدا هاتووە؛  دۆناڵد ترەمپی 83 ساڵ رۆژانە بە تێکڕا سێ جار ئاماژە بە باکگراوندی دەسەڵاتی بایدن دەکات بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتیی کێشەکانی وەکو هەڵئاوسان، کۆچبەری و کەمبونی چەک و تەقەمەنی سەربازی بخاتە ئەستۆی ئەو.

رۆیتەرز ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم ستراتیژییە ئامانجی ئەوەیە سەرنجی دەنگدەران لەسەر کێشەکانی ئێستا لاببات و بەرەو شکستەکانی ئیدارەی پێشوو بباتەوە، لە کاتێکدا تەنها چەند هەفتەیەک بۆ هەڵبژاردنەکانی نوێکردنەوەی کۆنگرێس ماوە.

بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئیدارەی کۆشکی سپی بەرگریی لەم رەفتارەی ترەمپ دەکات و بە هەوڵێک بۆ چاککردنەوەی وێرانکارییەکانی رابردو وەسفی دەکات و لێپرسراوانی پیشوی ئیدارەکەی بایدنیش و پێیان وایە  ترەمپ نەیتوانیوە کێشەکانی هاووڵاتیانی ئەمریکا چارەسەر بکات و بەهێرشکردنە سەر جۆ بایدن خۆی لە بەرپرسیارێتی دەشارێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەلی زەیدی، بەبۆنەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ چەسپاندنی ئاسایشی نیشتمانیمان و یەکگرتوویی بڕیاری بەرگریمان".

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە هەژماری رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X رایگەیاندووە: پیرۆزبایی لە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستانی عیراق و پاڵەوانانی پێشمەرگە دەکەین، بەبۆنەی تەواوبوونی یەکخستنەوەی پێکهاتەکانیان لەژێر چەتری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا، بەشێوەیەک کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتمانی و چەسپاندنی کاری دامەزراوەیی.

یەکخستنەوەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە چوارچێوەیەکی دەستووری و یاساییدا و بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان سەرجەم هێزە چەکدارەکانی عێراق و پێکهاتەکانی، هەنگاوێکی گرنگە بۆ چەسپاندنی ئاسایشی نیشتمانیمان و یەکگرتوویی بڕیاری بەرگریمان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە هۆڵی ڤێر، کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

سەرۆک بافڵ بەبۆنەی دەستبەکاربوونییەوە بەخێرهاتنی کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیای کرد، هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست و پشتیوانیی یەکێتی بۆ سەرخستنی کارەکانی دووپاتکردەوە.

لە دیدارەکەدا بەگرنگییەوە باس لە برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرا و جەخت لە فراوانکردنی هاریکارییە هاوبەشەکان کرایەوە، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری بەرژەوەندییە گشتییەکاندا.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران و بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕ و نیشتمانیی یەکێتی کردەوە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان لە رێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دادگای لێکۆڵینەوەی رەسافەی تایبەتمەند بە کەیسەکانی دەستپاکی و سپیکردنەوەی پارە، ئەمڕۆ دووشەممە، بڕی 51 ملیار دیناری عیراقی بۆ بەرژەوەندیی بانکی "رافیدەین" گەڕاندەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پڕۆسەی گەڕاندنەوەی ئەم پارەیە لەسەر بنەمای کەیسەکانی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی بووە، کە ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی دەسەڵاتی دادوەریدایە بۆ پاراستنی سامانی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، رێکارە دادوەرییەکان و لێکۆڵینەوە وردەکانی دادگا بوونەتە هۆی گەڕاندنەوەی ئەم بڕە پارەیە، و جەختیش کراوەتەوە لە بەردەوامیی رێکارە یاساییەکان دژ بە سەرپێچیکاران و ئەو کەسانەی رێگەی نەشیاو بۆ دەستکەوتنی قازانجی نایاسایی بەکاردەهێنن و زیان بە سامانی گشتی دەگەیەنن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکدا دەڵێت، "یەکخستنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ی پێشمەرگە باشترین رێزلێنانە لە خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاندووە: یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بەدامەزراوەیی کردنی و دروستکردنی هێزێکی راهێنراوی پیشەیی داواکاری و خواستێکی لەمێژینەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە و ساڵانێکی زۆریشە هەوڵی بۆ دەدەین. هەربۆیە یەکخستنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ی پێشمەرگە و رێکخستنەوەیان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوێکی مێژووییە و باشترین رێزلێنانە لە خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشداوە: بەم بۆنەیەوە لە دڵەوە پیرۆزبایی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەم و دڵنیاشیان دەکەینەوە بۆ لەمەودواش بە هەموو توانامانەوە پشتیوانیان دەبین و کار دەکەین بۆ ئەوەی دووریان بخەینەوە لە هەرچەشنە دەستێوەردانێکی سیاسی و حیزبی. سوپاسی هاوپەیمانەکانیشمان دەکەین کە لە چەند ساڵی رابردوودا زۆر هاوکارمان بوون بۆ گەیشتن بەم ئامانجە پیرۆزە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ بەئامادەبوونی لێپرسراوانی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی وڵاتان، رێوڕەسمی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەشاری هەولێر بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ لە هەولێر رێوڕەسمی راگەیاندنی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەڕێوەدەچێت كە تێیدا جگەلە لێپرسراوانی هەرێمی كوردستان، نوێنەری وڵاتان و  هێزەكانی هاوپەیمانانیش ئامادە دەبن .
 

بەڕێوەچوونی ئەم رێوڕەسمە لە كاتێكدایە كە هەفتەی رابردوو وەزیری پێشمەرگە كۆتایی هاتنی پرۆسەی یەكخستنەوەی و ریكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی راگەیاند و ئاشكرای كرد، تەواوی هێزەكانی سەر بە هەردوو یەكەی (70و80) لەسەر ئاستی یەك فەرماندەیی و كۆنتڕۆڵ رێكخراونەتەوە. 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە بوونی لێکتێگەیشتنێک کرد لەگەڵ حووسییەکانی یەمەن بۆ دوورکەوتنەوە لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی راستەوخۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان.

تۆڕی هەواڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی لەزاری ترەمپەوە بڵاوی کردەوە: بەپێی ئاماژە و لێکتێگەیشتنە سەرەتاییەکان، حووسییەکانی یەمەن بەرەو ئەوە دەچن خۆیان لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا بەدوور بگرن.

تۆڕەکە ئاشکراشی کرد کە کەناڵی پەیوەندی و گفتوگۆ لە نێوان واشنتۆن و بزووتنەوەی حووسییەکاندا کراوەیە، و ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن کە تاران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بەدوای هێورکردنەوەی دۆخەکەدا بن، سەرەڕای بەردەوامیی ئاڵۆزییەکانی نێوان حووسییەکان و سعودیە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆك وەزیرانی عیراق بە مەبەستی بەشداریكردن لە 81ەمین خولی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و پێشكەشكردنی وتاری فەرمیی وڵاتەكەی، بەرەو نیویۆرك بەڕێكەوت.

عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی خولی 81ەمینی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و پێشكەشكردنی وتاری عیراق لە بەرامبەر نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام، بەغدای بەرەو نیویۆرك بەجێهێشت. 

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاشكرای كرد، سەرۆك وەزیران لە وتارەكەیدا هەڵوێستی فەرمیی عیراق سەبارەت بە پێشهات و قەیرانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان،بەرنامەی حكومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئابووریەكان دەخاتە روو، هەروەها هەنگاوەكانی حكومەت لە بوارەكانی چاكسازیی ئابووری، هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، رەخساندنی زەمینەی وەبەرهێنان و پاراستنی سەروەریی نیشتمانی رادەگەیەنێت. 

لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانیشدا، سەرۆك وەزیران زنجیرەیەك دیداری دووقۆڵی لەگەڵ سەركردەی وڵاتان و سەرۆكی شاندەكان بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و هاوكاریی ئابووری ئەنجام دەدات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند لەگەڵ بەرپرسانی چین گفتوگۆیەکی "زۆر سەرکەوتوو"یان سەبارەت بە پرسی بازرگانی و ژیریی دەستکرد (AI) ئەنجامداوە، و جەختیان لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکان کردووەتەوە سەبارەت بەو مەترسییانەی کە پەیوەندییان بە ژیریی دەستکردەوە هەیە.

بیسێنت دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هێ لیفێنگ، جێگری سەرۆک وەزیرانی چین بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەیەکی زۆر سەرکەوتوومان لەگەڵ لایەنی چینی لەبارەی بازرگانی و ژیریی دەستکرد ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکاندا کە نزیکەی هەشت سەعاتیان خایاند و لە بارەگای سەرەکیی بانکی "جی پی مۆرگان چەیس" لە نیویۆرک بەڕێوەچوون، جەیمسۆن گێریەر، نوێنەری بازرگانیی ئەمریکاش بەشدار بوو.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی پێشنیازی دروستکردنی میکانیزمێکی ئاڵوگۆڕی زانیاریی لە نێوان هەردوو وڵاتدا کردووە سەبارەت بە روداوەکانی وەک هەرەشە ئاسایشییەکان و وتی: ئەوەی تاوتوێمان کرد دروستکردنی میکانیزمێکە بە ناوی 'دیالۆگی ئەمریکی-چینی سەبارەت بە ژیریی دەستکرد'، و رێککەوتین لەسەر سازکردنی کۆبوونەوەی تریش.

لەلایەکی ترەوە، جەیمسۆن گێریەر نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا جەختی کردەوە کە "زۆر پێویستە بتوانین پێکەوە کار بکەین."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی نەوتی عیراق روونکردنەوەیەکی بەپەلەی سەبارەت بە زانیاریی بەشێک لە دەزگاکانی راگەیاندن بڵاوکردەوە، کە باس لە گەیشتنی ئاستی هەناردەی رۆژانەی نەوتی خاوی عیراق بۆ چوار ملیۆن بەرمیل دەکات.

وەزارەتی نەوت رایگەیاند: تۆمارکردنی ئاستی چوار ملیۆن بەرمیل تەنها بۆ یەک رۆژی دیاریکراو بووە، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بارێکی نەوتی خاوی گەیارەی لە دەرەوەی گەروی هورمز هەناردە کرد، هاوکات لەگەڵ بارکردنی بڕی ئاسایی بۆ فرۆشتن لە بەندەرەکانی باشور و رێگەی دەروازەی باکورەوە.

روونیشیکردەوە: تێکڕای راستەقینەی هەناردەی رۆژانەی نەوتی عیراق لە مانگی ئەیلوولدا تا ئامادەکردنی ئەم روونکردنەوەیە، نزیکەی دوو ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا.

وەزارەت ئاماژەی بەوەش کرد، بەرەوپێشچوونی پرۆسەی هەناردەکردن و تۆمارکردنی ئەم ژمارانە لە سایەی بەردەوامیی داخرانی گەروی هورمز و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا، دەستکەوتێکی گەورەیە و بە ئامانجی دابینکردنی بەرزترین ئاستی داهاتی داراییە بۆ خەزێنەی گشتیی دەوڵەت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بەرەو نیۆرك بەڕیكەوت، هاوكات دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاش ئامادەیی خۆی بۆ بینینی سەرۆك كۆماری ئێران دەربڕیوە.

بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی تەسنیم، عراقچی پێش گەیشتنی بۆ نیویۆرك، سەرەتا سەردانی دەوحەی پایتەختی قەتەر دەكات و دوای مانەوەیەكی كورت بەڕێدەكەوێت بۆ ئەمریكا.

ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەكارییە بۆ سەردانی مەسعود پزەشكیان سەرۆك كۆماری ئێران كە بڕیارە بەشداری لە كارنامەی كۆبوونەوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بكات.

 لە بەرانبەردا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی دانوستان رایگەیاند، ئامادەیە لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئێران كۆبێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستان بەربەیانی ئەمڕۆ، چەند هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر ویلایەتی کۆنەر لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان.

 بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی ماڵێک لە ناوچەی پاتان لە بەڕێوەبەرایەتی نورگل، لانی کەم سێ کەس کە دوویان ئافرەتن کوژراون و چوار کەسی تریش برینداربوون، و ماڵەکەش بە تەواوی وێران بووە.

هاوکات، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە فڕۆکەکانی پاکستان بۆردومانی بەڕێوەبەرایەتی بەر مەلیان لە ویلایەتی پەکتیکای باشور کردووە و زەرەر و زیانێکی زۆریان بە ماڵ و دوکانەکانی ناوچەکە گەیاندووە، بەڵام تا ئێستا زانیاری لەسەر زیانی گیانیی ئەو ناوچەیە بەردەست نییە.

ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات زیادی کردووە، دوای ئەوەی ئیسلام ئاباد، دەسەڵاتدارانی کابل بە حەواندنەوەی چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان تۆمەتبار دەکات.

لە بەرانبەردا تاڵیبانی ئەفغانستان ئەم تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و هێرشەکان بە بەزاندنی سەروەریی خاکی ئەفغانستان دەزانێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئێرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئامادەبوو، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکان و دۆخی گشتیی ناوچەکە کرا و جەخت لە پەرەپێدانی هەنگاوەکان بەرەو لێکتێگەیشتن لەسەر پرسە هاوبەشەکان کرایەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی وەبەرهێنان و بازرگانیدا کرا و بافڵ جەلال تاڵەبانی پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ کردنەوەی سەنتەری پێدانی ڤیزەی تورکیا لە سلێمانی و بە دەرفەتێکی گرنگی ناوبرد بۆ پتەوکردنی هاریکارییە دووقۆڵییەکان.

سەرۆک بافڵ وەک هەمیشە پشتگیریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەربڕی و رایگەیاند، یەکێتی هەموو توانایەکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ هێنانەدی سەقامگیری و چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان بە شێوازێکی ئاشتییانە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاشکرایکرد، سبەینێ دەست بە پڕۆسەی قیرتاوکردنەوەی شەقامی سەرچنار دەکرێتەوە و بەو هۆیەوە بەشێکی شەقامەکە بە شێوەیەکی کاتی بەربەست دەکرێت.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، پاش راگرتنی کاتیی کاری قیرتاوکردنی شەقامی سەرچنار بەهۆی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە چەند رۆژی رابردوودا، بەیانیی رۆژی دووشەممە سەعات 9:00ـی بەیانی تیمەکانیان دەست بە پڕۆسەی قیرتاوکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکە دەکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد،، بۆ ئەنجامدانی کارەکان، سایدی رۆیشتن لە مەودای نێوان ترافیک لایتی نزیک بەنزینخانەی تاڤگە تا بەردەم "سیتی سینەما" بە شێوەیەکی کاتی بەربەست دەکرێت.

شارەوانیی سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان و شۆفێران دەکات هاوکاری تیمەکانیان ببن و لە ماوەی جێبەجێکردنی کارەکاندا خۆیان لە بەکارهێنانی ئەو شەقامە بپارێزن و رێگا جێگرەوەکان بەکاربهێنن، تا کارەکانی نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنەکە بە تەواوی کۆتایی پێدێت و شەقامەکە دەخرێتەوە خزمەتی هاووڵاتییان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە سەرپەرشتی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی كۆبووەوە بۆ تاوتوێكردنی چەند تەوەرێك، لەنێویاندا، پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم و هاوپەیمانی یەكێتی و نەوەی نوێ.

لەوبارەیەوە، كاروان گەزنەیی وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەفتەی رابردوو وەفدی باڵای یەكێتی بە سەرۆكایەتی سەرۆك بافڵ گەیشتە تاران و لەلایەن سەرۆك كۆماری ئێران و سەرۆكی پەرلەمان و وەزیری دەرەوەی ئێران و لێپرسراوانی باڵای ئەمنی پێشوازییان لێكرا، ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە كە یەكێتی وەك هێزیكی كاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسی عیراق رۆڵێكی كاریگەرو كارای هەیەو بووەتە جێی متمانە لەسەر ئاستی وڵاتانی دراوسێ و جیهان.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ كۆماری توركیا، وڵاتانی خلیج، بەریتانیا، فەڕەنساو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەیەو مەبەستییەتی پەیوەندییەكی بەهێزی سیاسی و ناوخۆیی و هەرێمی هەبێت بۆ پاراستنی خاك و خەڵكی كوردستان، ئەم پەیوەندییە هاوبەشانەش بخاتە خزمەتی گەلەكەمان.

وتیشی، یەكێتی سورە لەسەر بەڵێنەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و هاوسەنگكردنەوەی هێز و راستکردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی لە هەرێم.

کاروان گەزنەیی جەختی لەوەشكردەوە، یەكێتی پابەندە بە هاوپەیمانییەكەی لەگەڵ نەوەی نوێ و بۆ هەر دانیشتنێكی لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم وەكو هاوپەیمانییەكە بەشداردەبێت، وتیشی، یەكێتی راستگۆیە لەگەڵ یار و نەیارە لەبەڵێنەكانیدا.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی وتەبێژی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی لە نێوان قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی ئەنجامدراوە، بەڵام هیچ رێککەوتنێک لەبارەی پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ پارتی نەکراوە.

راشیگەیاند، لەماوەی رابردوودا یەكێتی وەك حزبێكی ئازاو بوێرو دلێر دەستی بە گۆڕانكاریی ناوخۆیی كردو خۆی نوێكردووەتەوە بۆ قۆناغی نوێی خەبات و خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی كوردستان، هاوكات گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی یەكێتی بەشێوەیەكی ئەرێنی بەردەوامەو شوێن و پێگەی هەموو ئەندامانمان پارێزراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...4445464748...1223