موجتەبا زارعی، ئەندامی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە ئەنجومەنی شوورای ئێران، لە زاری محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی تیمی دانوستانکارەوە رایگەیاند کە موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران، داوای کردووە لە کاتی دانوستانەکاندا باسی دۆسیەی ئەتۆمی نەکرێت.

زارعی لە هەژمارەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: تێگەیشتنی تایبەتی من لە کۆبوونەوەم لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف ئەوەیە کە چاکەی دنیا و قیامەت لە گوێڕایەڵی وەلی فەقێدایە، کە ئێستا ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا خامنەیییە.

هەروەها لە زاری قالیبافەوە دەڵێت: بنەمای دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد بە مۆڵەتی رێبەری شۆڕشی ئیسلامی بووە، چونکە بەبێ مۆڵەتی رابەری ئێران، هیچ دانوستانێک لە رووی شەرعی و یاساییەوە گرێ نادرێت.

قالیباف ئاماژەی بەوەش کردووە: من هەرگیز خۆبەخش نەبووم بۆ دانوستان یان بەرپرسیارێتی دانوستان لەگەڵ دوژمنی ئەمریکی، بەڵام دوای بڕیارە یەکگرتووەکانی ناو پایەکانی دەسەڵات، ئەرکی خۆم جێبەجێ کرد بۆ بەرگری لە دەستکەوتەکانی دەسەڵات و خوێنی ئیمامی شەهید و شەهیدان و گەل و جەنگاوەرانی ئێران و ئیسلام. دەشمزانی قسە و باس دروست دەبێت، بەڵام دەبوو ناوبانگی خۆم بخەمە گرەو.

لە درێژەی قسەکانیدا هاتووە: جگە لە مۆڵەتی دانوستان، ناوەڕۆکی دانوستانەکانیش لە چوارچێوەی ئەو مۆڵەتەدا بووە کە رابەری شۆڕشی ئیسلامی رایگەیاندووە، کاتێک لایەنی ئەمریکی ویستی بچێتە ناو باسێکی پسپۆڕانە دەربارەی دۆسیەی ئەتۆمی، پێیان وترا کە دەستەی دانوستانکار لەلایەن رابەرەوە قەدەغە کراوە بچێتە ناو وردەکارییە پسپۆڕییەکانی ئەو بابەتە، لەمەودوا بڕیار لەم بوارەدا تەنها لە دەسەڵاتی رابەردایە، بەڵام دەبێت بزانین کە ئێمە لە دۆخی جەنگداین و بڕیارەکان بەپێی نوێترین زانیارییەکان و لەژێر سەرپەرشتی ئەودا بەردەوام دەستکاری و باشتر دەکرێن، ئاشکرایە کە بڕیاری کۆتایی لای رابەرە و هەمووان پێی پابەندن.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە "بۆ رێزگرتن لە مۆڵەتی رابەر، پێش چوونە ناو ئیسلام ئاباد، شەخسی خۆم رێگریم کرد لە ئامادەبوونی سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی لە ناو پێکهاتەی تیمی دانوستانکاردا.

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: حزبوڵڵا و گەلی لوبنان یەکێکن لە مەرجەکانی چوونە ناو قۆناغی ئاگربەست، جگە لەوەی ئەمە فەرمانی رابەر بوو، هەموومان لەسەر ئەمە کۆک بووین، تەنانەت دکتۆر پزیشکیان لە کۆبوونەوەکەدا وتی: جیاکردنەوەی حزبوڵڵا قبوڵ ناکەین، چونکە ئەم کارە ترسنۆکی و بێنامووسییە.