هەواڵەکانهەواڵەکان

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ رێکخستنەوەی بازاڕی کار و دابینکردنی مافی کرێکاران، چەند هەنگاوێکی ستراتیژی رادەگەیەنێت، کە تێیدا ژمارەی ئەو کرێکارانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە گەیشتووەتە 303 هەزار کەس.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا حکومەتی هەرێم توانیویەتی 160 هەزار هەلی کار لە بوارە جیاوازەکاندا بڕەخسێنێت، بۆ پاڵپشتی هێزی کاری ناوخۆییش، بڕیاردراوە کە دەبێت 75٪ی کارمەندانی پڕۆژەکان لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بن.

لەلایەکی ترەوە، حکومەت کەمترین کرێی مانگانەی کرێکارانی بۆ 450 هەزار دینار بەرزکردووەتەوە و تەنها لە ساڵانی 2024 و 2025دا، بڕی 70 ملیار دیناری وەک پاداشتی کۆتایی خزمەت بۆ زیاتر لە 17 هەزار کرێکار خەرج کردووە.

هەر لە چوارچێوەی پڕۆژەی 'گەشانەوە'دا، حکومەت بڕی 2.5 ملیۆن دۆلاری وەک قەرز بەخشیوەتە 25 پڕۆژەی جیاواز، کە لەو رێگەیەوە 150 هەلی کاری نوێ بۆ گەنجان دابین کراوە،هەروەها بۆ پاراستنی مافی کرێکاران و گەیاندنی سکاڵاکانیان، هێڵی گەرمی (5500) تەرخانکراوە تا لە کاتی هەر پێشێلکارییەکدا پەیوەندی بکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەندامانی کۆماری لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا داوایان لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کردووە روونی بکاتەوە کە چۆن لێکدانەوە بۆ مۆڵەتی60 رۆژەی یاسای "دەسەڵاتەکانی جەنگ" دەکات لە چوارچێوەی هەڵمەتە سەربازییەکانیدا دژ بە ئێران.

گرنگی ئەم داواکارییە لەوەدایە کە وادەی کۆتایی 60 رۆژەکە نزیک دەبێتەوە، ئەمەش سەرۆک ناچار دەکات یان مۆڵەت لە کۆنگرێس وەربگرێت یان کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بهێنێت، بەتایبەت کە یەکەم هێرشەکان دژ بە ئێران لە 28ی شوباتی رابردوو دەستیان پێکرد.

پیت هیگسێت، وەزیری بەرگری، لە کاتی شایەتیدانی لەبەردەم لێژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی پیران، دیدگایەکی جیاوازی خستە روو، ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە دەکرێت کاتژمێرەکە بوەستێت یان بە شێوەیەکی کاتی رابگیرێت لە ماوەی راگەیاندنی ئاگربەستدا.

لەو چوارچێوەیەدا، وادیارە کۆمارییەکان، تەنانەت ئەوانەشی دوودڵ بوون لە پشتگیریکردنی بڕیاری دەسەڵاتەکانی جەنگ، کراوە بوون بەرامبەر لێکدانەوەکەی هیگسێت.

سیناتۆر تۆد یۆنگ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: پێدەچێت جۆرێک لە نەرمی بۆ خۆی دابین کردبێت، ئێمەش چاوەڕێی هەر شتێک دەکەین کە بۆمانی بنێرن.

لای خۆشیەوە، سیناتۆر جۆش هاوڵی وتی: پێشبینی دەکەم ئیدارەکە ئاگادارییەکی رەسمیمان بۆ بنێرێت کە تێیدا هەڵوێستی خۆی بەپێی یاساکە دیاری بکات، یان بە داواکردنی 30 رۆژی زیادە، یان روونکردنەوەی پێویستییان بە کاتی زیاتر بەهۆی هۆکارێکی دیاریکراوەوە.

لە بەرامبەردا، دیموکراتەکان بە توندی بەڵگەکانی هیگسێتیان رەتکردەوە، سیناتۆر تیم کەین روونی کردەوە کە "ئاگربەست واتە نەکەوتنی بۆمب، بەڵام بەواتای نەمانی کردەوەی دوژمنکارانە نایەت.

ئەگەر سوپای ئەمریکا بەکاربهێنین بۆ گەمارۆدانی هەموو ئەو شتانەی دەچنە ناو ئێران یان لێی دەچنە دەرەوە، ئەوا ئەمە هێشتا بە دوژمنکاری هەژمار دەکرێت، کەین جەختی کردەوە کە ئەم وەڵامەی وەزیر دەری دەخات ئەوان دەزانن کێشەی 60 رۆژەکەیان هەیە و هەوڵ دەدەن پاساوێک بدۆزنەوە بۆ خۆدزینەوە لێی.

ئەم مشتومڕەی ئێستا سەبارەت بە مۆڵەتی 60 رۆژ لەگەڵ ئێران، ململانێیەکی هاوشێوەی نێوان کۆنگرێس و کۆشکی سپی لە کاتی جەنگی لیبیا لە ساڵی ٢٠١١دا دەهێنێتەوە یاد. لەو کاتەدا، باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، باسی لەوە دەکرد کە بەشداریکردنی ئەمریکا – کە پێدانی زانیاری هەواڵگری و سووتەمەنی بە فڕۆکەکانی هاوپەیمانانی دەگرتەوە – نەگەیشتووەتە ئاستی "کردەوەی دوژمنکارانە" بەپێی یاساکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە وڵاتێکدا کە جوگرافیاکەی هێندەی کلتوورەکەی فرەچەشن و فراوانە، سوودان تابلۆیەکی دەوڵەمەند لە دابونەریت پێشکەش دەکات.

لەکاتێکدا هۆزەکانی رۆژهەڵات مەیلیان بۆ قاوەیە، هۆزەکانی رۆژئاوا رێگەیەکی جیاواز دەگرنە بەر، لای ئەوان چا تەنها خواردنەوەیەکی رۆژانە نییە، بەڵکو دەروازەیەکە بۆ جیهانێکی پڕ لە رێوڕەسم و سیمبول، کە رەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پاشایەتییە کۆنەکانی سوودان.

زیاتر لە دانیشتنێک... سیستەمێکی تەواو بۆ "دەوڵەتی چای بچووککراوە"
لێرەدا باس لە دیدارێکی ئاسایی ناکرێت، بەڵکو باس لە "ئەنجومەنی بەرامکە" (مجلس البرامكة) دەکرێت؛ قەوارەیەکی کۆمەڵایەتی تەواو یان "دەوڵەتێکی چای بچووککراوە". ناوی "بەرمەکی" لە کەسی بەخشندەوە هاتووە، بەڵام بەخشندەیی لێرەدا بەوە ناپێورێت چی لەناو پیاڵەکەدایە، بەڵکو بەو پەیوەندی و پێگە و هەژموونە دەپێورێت کە لە دەوری پیاڵەکە دروست دەبێت.

 لە رۆژئاوای سوودان، "بەرامکە" وەک چینێکی خاوەن زەوقی بەرز دەبینرێن کە نێوان شەهامەت، جوانی، و خولیایەکی زۆر بۆ چا کۆدەکەنەوە.

توێژەرانی مێژوو دەڵێن ئەم ئەنجومەنانە نموونەی وردکاری و دیسپلین و رەفتاری جوانن، کاریگەریی ئەم دانیشتنانە تەنها لەناو بازنەی چا خواردنەوەدا نامێنێتەوە، بەڵکو سیمای کۆمەڵگە دادەڕێژێت.

رەگی ناوەکەش دەگەڕێتەوە بۆ "بەرمەک" (کاهینی ئاگردان لە فارس)، پێش ئەوەی لە سەردەمی عەباسیدا ببێتە سیمبولی دەوڵەمەندی و مەجلیسی شیعر و مۆسیقا لە چیرۆکەکانی هەزار و یەک شەودا.

کاتێک چا گۆرانی دەڵێت
لە ناو "بەرامکە"دا، چا بە بێدەنگی ناخورێتەوە، دانیشتنەکان پڕن لە شیعر و سروودی تایبەت کە بە "شەحر" دەناسرێن.

شاعیران گەشتی چایان لە میسرەوە بۆ رۆژئاوای سوودان بە زمانێکی سادە و جوان وێنا کردووە، لە فەرهەنگی ئەواندا زاراوەی زۆر هەن، وەک (چای مودەنکەل) ئەو چایەی بەوپەڕی وردکارییەوە ئامادە کراوە، و(قەریاف) ئەو شەیدایی و ئارەزووە توندەی بۆ چا یان قاوە هەیە.

پێکهاتەیەک هاوشێوەی دامەزراوە
لە پشت ئەم دیمەنە ئاهەنگگێڕانەوە، رێکخستنێکی ورد هەیە کە هاوشێوەی دامەزراوەیەکی دەوڵەتییە، پۆستی وەک (ئەفسەر، پشکێنەر، شێخ، سکرتێری) تێدایە. تەنانەت "دادگایەکی" تایبەتیشیان هەیە بۆ سزادانی ئەو کەسانەی یاساکانی دانیشتنەکە دەشکێنن، سزاکانیش لە ئاگادارکردنەوەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە سزای هێمایی کۆمەڵایەتی.

 ژنانیش پێگەی خۆیان هەیە لە رێگەی "وەکیلی دادگا" و "شاژن" کە هەمان دەسەڵاتی پیاوەکانیان هەیە.

یاسا توندەکان بۆ وردەکارییەکان
هەموو وردەکارییەک گرنگی خۆی هەیە؛ شێوازی گرتنی پیاڵەکە، کاتی قسەکردن، و شوێنی پیاڵەکە هەمووی یاسای هەیە. بۆ نموونە نابێت پیاڵەکە لەسەر زەوی دابنرێت ،نابێت بە بێ کڵاو یان سەرپۆش چا بخورێتەوە هەروەها قسەکردن بێ مۆڵەت و جگەرەکێشان لە ناو ئەنجومەن قەدەغەیە. و"بەرمەکی" دەبێت لە دەرەوەی ئەنجومەنیش نموونەی بەخشندەیی و رەوشت بێت.

دژەبەری تەواو
سەختترین شت کە ئەندامێک رووبەڕووی ببێتەوە ئەوەیە نازناوی "کەمەلەکی" لێ بنرێت؛ واتە کەسێک کە بێ زەوقە، رەزیلە و نەریتی چا خواردنەوە نازانێت.

 ئەم جۆرە کەسانە سزای کۆمەڵایەتی توندیان دەدرێت، تەنانەت هەندێک جار هاوسەرەکانیان ئاگادار دەکرێنەوە و دەرگای ماڵیان لێ دادەخرێت.

نۆستالژیای عەباسی بە تامی ئەفریقی
ئەم نەریتە یادەوەرییەکی مێژووییە بۆ شکۆمەندی بنەماڵەی بەرمەکییەکان لە سەردەمی هارون رەشیددا، کە ناوەکەیان ببووە هاواتای بەخشندەیی، سوودانییەکان ئەم ناوەیان وەرگرتووە و لە ناو چوارچێوەی کلتووری خۆیاندا دایانڕشتووەتەوە.

ئەم ئەزموونە دەری دەخات کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هەمیشە لە دروشمە گەورەکانەوە دروست نابن، بەڵکو رەنگە لە وردەکارییەکی سادەی رۆژانەوە لەدایک ببن... وەک پیاڵەیەک چا.

لە "بەرامکە"دا تەنها چا ناخورێتەوە، بەڵکو شوناسێک بنیاد دەنرێت و سیستەمێک دادەڕێژرێت و یادەوەرییەکان بە رەنگ و بۆیەکی تەواو سوودانییەوە زیندوو دەکرێنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پنتاگۆن)ی تۆمەتبار کرد بەوەی رای گشتی چەواشە دەکات سەبارەت بە تێچووی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، و جەختی کردەوە کە ئەو ژمارانەی رادەگەیەنرێن قەبارەی راستەقینەی خەرجییەکان نیشان نادەن.

عراقچی لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند: "قومارەکەی بنیامین ناتانیاهۆ"، تا ئێستا بە شێوەیەکی راستەوخۆ نزیکەی 100 ملیار دۆلاری لە ئەمریکا تێچووە، کە ئەمەش بە چوار هێندەی ئەو ژمارەیە دادەنرێت کە بە رەسمی باس دەکرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە "تێچووە ناڕاستەوخۆکان لەسەر شانی باجدەرانی ئەمریکی زۆر لەوە زیاترن"، و وتیشی: "باری دارایی مانگانە گەیشتووەتە نزیکەی 500 دۆلار بۆ هەر خێزانێکی ئەمریکی، و ئەم رێژەیەش لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆتایی قسەکانیدا نووسیویەتی: "سیاسەتی (سەرەتا ئیسرائیل) هەمیشە بە واتای (ئەمریکا لە کۆتاییدا) دێت"، ئەمەش وەک رەخنەیەک لە پێشینەی کارەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە گرژییە سیاسییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەهۆی جەنگی ناوچەکە و پاڵپشتییە سەربازی و داراییەکانی واشنتۆن بۆ تەلئەبیب گەیشتووەتە ئەوپەڕی، و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش مشتومڕێکی زۆر هەیە لەسەر قەبارەی خەرجییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت دوای فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە مانگەکانی رابردوودا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمپانیای دانە غاز رایگەیاند کە گەیشتووەتە رێککەوتنێکی تەواو بۆ وەرگرتنەوەی تەواوی شایستە داراییە دواکەوتووەکانی لە لایەن حکومەتی میسرەوە، ئەمەش هەنگاوێکە کە کۆتایی بە یەکێک لە دۆسیە داراییە گرنگەکانی نێوان هەردوولا دەهێنێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆمپانیاکە، ئەم رێککەوتنە هەموو ئەو پارە کەڵەکەبووانە دەگرێتەوە کە پەیوەندییان بە پڕۆسەکانی غازەوە هەبووە لەناو میسردا، ئەمەش پێگەی دارایی کۆمپانیاکە بەهێزتر دەکات و ئەو نادیارییەی پێشتر لەبارەی شێوازی پارەدان هەبوو، نایهێڵێت.

میسر بە یەکێک لە بازاڕە گرنگەکانی دانە غاز دادەنرێت، چونکە کۆمپانیاکە لە چەندین پڕۆژەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتیدا لەو وڵاتە کار دەکات بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی میسر.
شیکەرەوان پێیان وایە ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ باشتربوونی بارودۆخی دارایی و پابەندبوونی میسر بە پێدانی قەرزەکان لە کەرتی وزەدا، هەروەها پاڵپشتییەک دەبێت بۆ پلانەکانی دانە غاز بۆ فراوانکردنی کارەکانی لە داهاتوودا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکوک، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند کە گەشتە ئاسمانییەکانی دوای وەستانێکی 60 رۆژە دەست پێ کردووەتەوە.

هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکوک، بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی (واع)ی راگەیاند: "فڕۆکەخانەی کەرکوک یەکەم فڕۆکەی پێشوازی لێکرد کە لە بەغدای پایتەختەوە هاتبوو، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی 60 ڕۆژ گەشتەکان داخرابوون.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد: دەستپێکردنەوەی گەشتەکان سەرەتای قۆناغێکی نوێیە بۆ بەهێزکردنی بزووتنی ئاسمانی، و کار دەکرێت بۆ فراوانکردنی تۆڕی گەشتەکان و گەڕاندنەوەی خشتەی گەشتەکان بۆ دۆخی ئاسایی خۆی لە ماوەی داهاتوودا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد، وڵاتی پاکستان وەک نێوەندگیری رەسمی بۆ گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتۆن دەمێنێتەوە، هاوکات ئاماژە بەوە دەکەن کە گەیشتن بە ئەنجامی خێرا لەو دانوستانانەدا کارێکی واقیعی نییە.

ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا رایگەیاند؛ وڵاتەکەی هەوڵدەدات لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە بگاتە رێڕەوێک کە تێیدا کۆتاییهاتنی تەواوەتی مەترسییەکانی جەنگ مسۆگەر بکات.

جەختیشی کردەوە، پرۆسەی گفتوگۆکان کاتی دەوێت و چاوەڕوانییەکان بۆ ئەنجامی خێرا لە جێی خۆیاندا نین.

لەلایەکی ترەوە، رۆژنامەی "وۆل ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە؛ ئێران لەبەردەم فشارێکی توندی سەربازی و ئابوریدایە و نەیتوانیوە گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی بشکێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردەوە ئاشکرایکرد، پلەکانی گەرما روو لە بەرزبوونەوە دەکەن و بۆ سبەینێش ئەگەری نمەباران لە هەندێک ناوچە هەیە.

کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمانی هەرێم لە نێوان ساماڵ و پەڵەهەوردا دەبێت و لە کاتەکانی ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور، هاوکات پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ یەک تا دوو پلە بەرزتر دەبنەوە.

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ شەممە، کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، ئاسمانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم لە نێوان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواودا دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بارینی کەمێک باران بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکاندا.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر 25 پلەی سیلیزی

پیرمام 20 پلەی سیلیزی

سۆران 23 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران 16 پلەی سیلیزی

سلێمانی 25 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ 26 پلەی سیلیزی

دهۆک 25 پلەی سیلیزی

زاخۆ 25 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 26 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 28 پلەی سیلیزی

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر 25 پلەی سیلیزی

پیرمام 20 پلەی سیلیزی

سۆران 23 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران 16 پلەی سیلیزی

سلێمانی 25 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ 26 پلەی سیلیزی

دهۆک 25 پلەی سیلیزی

زاخۆ 25 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 26 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 28 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیمارات هۆشداری دەداتە هاوڵاتیانی لە گەشت كردن بۆ ئێران و لوبنان و عیراق و داوا دەكات، ئەگەر لەوێن بەزووترین كات بگەڕێنەوە.

لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات دەڵێت، بە لەبەرچاوگرتنی دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە، بڕیاریانداوە بە قەدەغەكردنی گەشتی هاوڵاتییانیان بۆ ئێران و لوبنان و عیراق، داواشی لە هاوڵاتییانی ئیماراتی لەو سێ وڵاتە كردووە بەزووترین كات بگەڕێنەوە وڵاتەكەی خۆیان.

ئەوەشی خستووەتەڕو، پێویستە هاوڵاتییانی ئیماراتی لە ئێران و لوبنان و عیراق لەزووترین كاتدا پەیوەندی بە وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتەوە بكەن بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی بۆ ئەو هاوڵاتییانە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکاران پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت؛ وەک هەمیشە پاڵپشت و داکۆکیکاری مافی کرێکاران دەبین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، بەبۆنەی 1ـی ئایار، رۆژی جیهانیی کرێکاران گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کرێکارانی کوردستان، عیراق و جیهان دەکەین، بە رێز و پێزانینێکی زۆرەوە لە دەستە ماندووەکانیان دەڕوانین کە بزوێنەری سەرەکی گەشەپێدانی نیشتمانن.

ئاماژەی بەوەشکرد، کرێکاران تەنها هێزی کار نین، بەڵکو سامانێکی نیشتمانیی گەورە و بێوێنەن، بەبێ کۆشش و عارەقی ناوچەوانی ئەوان هیچ وڵاتێک بەرەو پێشەوە هەنگاو نانێت، بۆیە کاری لەپێشینەمان دابینکردنی ژیانێکی شایستە و پاراستنی شکۆ و مافە یاساییەکانیانە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی راشیگەیاند، دووپاتی دەکەینەوە وەک هەمیشە پاڵپشت و داکۆکیکاری مافی کرێکاران دەبین و پابەندین بە هەوڵەکانمان بۆ دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی کاری تەندروست و سەردەمیانە، کە تێیدا دادپەروەری کۆمەڵایەتی فەراهەم بکرێت و مافەکانیان پێشێل نەکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە راپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەلایەن ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، زانیاریی وردی پێدراوە دەربارەی چەند پلانێکی سەربازیی نوێ دژی ئێران. ئامانج لەم پلانانە شکاندنی بنبەستی دانوستانە ئەتۆمییەکان یان وەشاندنی "لێدانی کۆتاییە" لە تاران.

ئەو پلانانەی کە پێشکەش بە ترەمپ کراون و جەنەڕاڵ دان کین، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکاش تێیدا ئامادە بووە، چەن خاڵێکی لەخۆ گرتوە تییدا: ئەنجامدانی زنجیرە هێرشێکی ئاسمانی "کورت و بەهێز" بۆ سەر ژێرخانی ئێران، وکۆنترۆڵکردنی بەشێک لە گەرووی هورمز لە رێگەی هێزی زەمینییەوە بۆ پاراستنی هێڵە بازرگانییەکان، وئۆپەراسیۆنی هێزە تایبەتەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو.

ئەم ئامادەکارییانە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەرهێنانەوەی مووشەکە ژێرخاکییەکانی ئێران دێت، کە وای کردووە ترەمپ بیەوێت پێش سەردانەکەی بۆ چین، بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات.

هاوکات بەرپرسێکی باڵا لە ئیدارەی ترەمپ رایگەیاند، کە کردەوە شەڕەنگێزییە راستەوخۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە رووی یاساییەوە کۆتاییان هاتووە، ئەمەش دوای ئەوەی هەردوولا پابەند بوون بە ئاگربەستێک کە لە 7ی نیسانی رابردووەوە دەستی پێکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ ئەمڕۆ هەینی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "نیوزماکس" دووپاتی کردەوە کە جەنگ بە کردەیی کۆتایی هاتووە و وتی: ئێمە پێشتر لە جەنگەکەدا بردوومانەتەوە، بەڵام من سەرکەوتنم بە جیاوازییەکی گەورەتر دەوێت.

لەگەڵ ئەم لێدوانانەشدا، پیت هیگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران "تا ئەو کاتەی پێویست بێت" بەردەوام دەبێتم، ئاماژەی بەوەش کرد کە مەودای ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانیان بۆ زەریای هیندی و هێمن فراوانتر کردووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامیی سیاسەتی "فشاری زۆرینە" سەرەڕای وەستانی شەڕی مەیدانی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ماڵپەری شەفافیەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان داهاتی ئەم هەفتەیەی بڵاوکردەوە کە زیاتر لە هەشت ملیار دینارە.

ئەمڕۆ هەینی، ماڵپەری شەفافیەت بڵاویکردەوە، داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی لە رۆژی(25ـی 4ـی 2026 بۆ 1ـی 5ـی 2026) داهاتی نانەوتی، لە سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، هەشت ملیار و 144 ملیۆن و 130 هەزار دینار بووە.

دەشڵێت؛  لەو داهاتە لە  99%ی بەشێوەی نەختینەیە و 1%ی داهاتەكە بەشێوەی چەكە و بەراورد بە هەفتەی رابردوو داهات کەمی کردوە.

هەر بەپێی داتاکانی شەفافیەت، داهاتی مانگی رابردوو، 43 ملیار و 405 ملیۆن دینار بووە.

جێگەی ئاماژەیە، پڕۆژەی شەفافییەت لە داهات و خەرجی، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دامەزرا، ئێستا رۆژانە لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە دەتوانیت سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بزانیت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو سەرۆك وەزیرانی راسپێدراوی عیراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و تاوتوێی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق بکەن

پەیامنێری كوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، بڕیارە رۆژی شەممە عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عیراق بۆ تاوتوێكردنی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.

وتیشی، عەلی زەیدی لەسەردانەكەیدا سەردانی هەولێر و سلێمانی دەكات و لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان كۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێكردنی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق.

رۆژنامەی سەباح نزیك لە حكومەت ئاماژەی بەوە كردووە، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، زنجیرەیەك دیداری چڕوپڕی لەگەڵ سەرۆك و سەركردەی هێزە سیاسییەكانی عیراق دەستپێكردووە بۆ پیكهێنانی كابینەكەی، پێشبینیشی كردووە لە ماوەیەكی كورتدا و بەبێ كێشە كابینەی نوێ رابگەیەندرێت.

رۆژنامەكە پێشبینی كردووە، پێكهێنانی كابینەی نوێ تەنها 15 رۆژ بخایەنێت، ئەمەش نیوەی ئەو ماوە دەستوورییەیە كە لە بەردەم زەیدی دایە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، لە بەردەوامی هەوڵەکان بۆ نوێکردنەوە و خۆڕێکخستنەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە کادرانی پێشکەوتووی یەکێتی لە دەڤەری بادینان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر بەڕێوەچوو، باس لە پێویستیی کارکردنی زیاتر و خۆڕێکخستنەوەی یەکێتی لە دەڤەری بادینان کرا، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە، ئامانجی یەکێتی لەم قۆناغەدا ئەوەیە پێگەی خۆی لە دەڤەری بادینان بەهێزتر بکات و بۆ ئەمەش پێشوازی لە هەموو بیرۆکەیەکی نوێی کادرانی ئەو سنورە دەکات و بە پشت بە توانا و شارەزایی کادرە پێشکەوتووەکانی خۆی دەبەستێت.

پاش گفتوگۆ و هەڵسەنگاندن بۆ بیرۆکە و پێشنیازەکان، قوباد تاڵەبانی بڕیاریدا لەسەر پێکهێنانی ئەنجومەنێکی راوێژکاری تایبەت، کە ئەنجومەنە راستەوخۆ سەر بە مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال دەبێت و ئەرکەکەشی پێدانی راوێژ دەبێت بە سەرکردایەتی یەکێتی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر کاروبارە حزبییەکان لە سنووری بادینان بەڕێوەبچێت و پێگەی یەکێتی بەهێزتر بکرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شارەوانی سلێمانی زانیاری نوێ لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، تا کۆتایی ساڵی رابردوو 21 هەزار پارچە زەوییان دابەشکردووە.

ئەنجومەن حسێن بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لەلێدوانێکدا كوردسات نیوزی راگەیاند، ساڵی رابردوو 21 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشكراوە.

وتیشی، پێویستیان بە 75 هەزار پارچە زەوییە بۆ ئەوەی تەواوی فەرمانبەرانی سلێمانی سودمەند بن.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا پرسی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بە لیژنەیەک راسپێردراوە، کە ئەم لیژنەیە ئەرکیان ئەوەیە پێگە و شوێنی گونجاو دیاری بکەن کە بۆ نیشتەجێبوون بگونجێت و دواتر بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبکرێت.

ئەنجومەن حسێن راشیگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا قۆناغێکی نوێی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەستپێدەکات.

https://www.facebook.com/share/v/1CK39up81m/

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردەوە و ئاماژە بە گۆڕانکاری لە پلەکانی گەرما و ئەگەری بارانبارین دەکات.

کەشناسی هەرێم رایگەیاند ئەمڕۆ، ئاسمانی هەرێم لەنێوان پەڵەهەور و نیمچە هەوردا دەبێت، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکاندا هەورەکان چڕتر دەبنەوە و ئەگەری کەمێک تاوەباران و هەورەبروسکە لە زنجیرە شاخە سنورییەکاندا هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ کاتەکانی ئێوارە، پێشبینی دەکرێت کەشوهەوا بە گشتی سەقامگیر ببێتەوە، پلەکانی گەرماش هاوشێوەی تۆمارکراوەکانی دوێنێ دەبن.

کەشناسی راشیگەیاند، سبەینێ ئاسمان بە پەڵەهەور دەستپێدەکات و لە کاتەکانی ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور، هاوکات لە درەنگانی شەودا ئەگەری نمەباران لە ناوچەکانی سنوری رۆژئاوای هەرێم هەیە.

ئاشکراشیکرد، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ یەک بۆ دوو پلە بەرزتر دەبنەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر 26پلەی سیلیزی

پیرمام 23 پلەی سیلیزی

سۆران 20 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران 14 پلەی سیلیزی

سلێمانی 25 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ 26 پلەی سیلیزی

دهۆک 26 پلەی سیلیزی

زاخۆ 26 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 26 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 28 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...4344454647...1065