سبەینێ عەلی، زەیدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات.

پەیامنێری كوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، بڕیارە سبەینێ عەلی زەیدی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان، سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، سەرەتا لە هەولێر لەگەڵ لێپرسراوانی پارتی كۆدەبێتەوە و دواتر سەردانی سلێمانی دەكات و لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆدەبێتەوە.

دووشەممەی رابردوو نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عیراق عەلی زەیدی كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی راسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەپێی دەستور دەبێت كاندیدی راسپێردراو لە ماوەی مانگێكدا ناوی وەزیرەكانی كابینەكەی پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەران بكات بۆ پەسەندكردنی.