داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە چوار ملیار و 724 ملیۆن دینارە و بەراورد بە هەفتەی رابردوو شەش ملیار دینار كەمیكردووە.
ماڵپەری شەفافیەت كە چاودێری داهاتی نانەوتی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی ڕاپەڕین و گەرمیان دەكا، بڵاویكردەوە، داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیە لە رۆژی 14ی مانگ تا ئەمڕۆ، زیاتر لە چوار ملیار و 724 ملیۆن دینار بووە كە 84%ی نەختینە و 11%ی چەك بووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، داهاتەكە بەراورد بە هەفتەی رابردوو، شەش ملیار دینار كەمیكردووە كە لەو هەفتەیەدا داهاتەكە زیاتر لە 11 ملیار دینار بووە.
هاوكات بەپێی ماڵپەری شەفافیەت ئەوەشی خستووەتەڕوو، داهاتی نانەوتی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، زیاتر لە 869 ملیار و 755 ملیۆن دینار بووە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 25% كەمیكردووە.
مەكتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆچیدوایی بەهرۆز قەشانی، پارێزگاری پێشووتری سلێمانی پرسەنامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ لەماوەی ئەوپێنج ساڵەی خزمەتكردنی ئەودا سلێمانی سەقامگیریی ئارامی و ئاوەدانیەكی زۆری بەخۆیەوە بینی كە وەك نمونەی خزمەتگوزار و تێكۆشەر لە بیرەوەری خەڵكی سلێمانیدا تۆماركراوە.
دەقی پرسەنامەکە:
"بەرێزان كەسوكارو خانەوادەی تێكۆشەری یەکێتی و گەلەکەمان ئەندازیار كاك بەهرۆز حەمەساڵەح فەقێ رەشید قەشانی
بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی ئەندازیار و تێكۆشەر كاك بەهرۆز قەشانی پارێزگاری پێشووی سلێمانیمان پێگەیشت ، بۆ ئەم خەمە پرسەو ماتەمی خۆمان ئاراستەی خانەوادە بەرێز و تێكۆشەرەكەتان دەكەین.
كاك بەهرۆز وەك ئەندازیارێكی شارەزا لەپاش راپەرینی ساڵی 1991 وەك ئەندامێكی چالاكی دەزگای دارایی و دواتر وەك ئەندامی مەكتەبی دارایی و ئیدارەی گشتی رۆڵێكی بەرچاوی لە ئاوەدانی و بوژانەوەدا هەبو، لە ساڵانی 2010 تاكو 2015 بوە پارێزگاری سلێمانی و لەماوەی ئەوپێنج ساڵەی خزمەتكردنی ئەودا سلێمانی سەقامگیریی ئارامی و ئاوەدانیەكی زۆری بەخۆیەوە بینی كە وەك نمونەی خزمەتگوزار و تێكۆشەر لە بیرەوەری خەڵكی .سلێمانیدا تۆمار كراوە
جارێكی تر وێرای هاوخەمیمان داواكارین لە یەزدانی مەزن ئارامی بەكەسوكارو خانەوادە سەربەرزەكەیان ببەخشێت رۆحی پاكی كاك بەهرۆزی كۆچكردوو بەهەشتی بەرین شاد بكات".
انا لله وانا الیە راجعون

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆچیدوایی بەهرۆز قەشانی، پارێزگاری پێشووتری سلێمانی پرسەنامەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت؛ كاك بەهرۆز ئەوكاتەی پارێزگاری سلێمانی بوو خزمەتێكی بەرچاوی پێشكەشی شارەكە و خەڵكە خۆشەویستەكەی كرد.
دەقی پرسەنامەکە:
کۆچیدوایی کاک بەهرۆز قەشانی، پارێزگاری پێشووتری سلێمانی لە دڵەوە نیگەرانیكردین
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكار و بنەماڵە سەربەرزەكەیان دەكەم و هاوبەشی ماتەمیانم.
كاك بەهرۆز قەشانی هەڤاڵێكی دڵسۆز و ئەندازیارێكی لێهاتوو بوو، ئەوكاتەی پارێزگاری سلێمانی بوو خزمەتێكی بەرچاوی پێشكەشی شارەكە و خەڵكە خۆشەویستەكەی كرد.
لە خوای گەورە داواكارین هەڤاڵی كۆچكردوومان بە بەهەشتی بەرین شادبكات و سەبووری بەهەموولایەك ببەخشێت.
سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، بەر لە كەوتنی رژێمەكەی بەشار ئەسەد، سێ جار هەوڵی نزیككردنەوەی سوریا و توركیای داوە، بەڵام هەوڵەكان شكستیانهێنا، چونكە ئەسەد مەرجی هەبوو.
محەمەد شیاع سودانی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای رەسمی عیراق رایگەیاند، رووداوەكانی سوریا بەراورد بەو دۆخەی سوریای تێدابوو، لەناكاو نەبوون.
وتیشی، ئەردۆغان لەكاتی سەردانەكەیدا بۆ بەغداد هاوڕای ئەوە بووە پەیوەندیەكانیان لەگەڵ سوریا ئاسایی بكەنەوە و داوای لە بەشار ئەسەد كرد كۆبوونەوەیەك لە بەغدا لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و توركیا و سوریا بكرێت، بەڵام مەرجی هەبوو.
دەشڵێت، توركیا مەرجی گەڕانەوەی ئاوارەی سوری هەبوو لەگەڵ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر، بەڵام سوریاش مەرجەكەی ئەوەبوو كە دەبێت روبەڕوبونەوەی تیرۆر گشتگیر بێت و دژی پەكەكە و گروپە چەكدارەكانی دیكە بێت كە ئەمەش خاڵی ناكۆكیی نێوانیان بوو.
راشیگەیاند، نوێنەرایەتی عێراق لە دیمەشق كارەكانی دەستپێكردووەتەوە، عیراقیش رێز لە ئیرادە و بژاردەی گەلی سوریا دەگرێت و دەستوەردانی دەرەكی رەتدەكاتەوە و رەوشی ئەوان هاوشێوەی عیراقە لە ساڵی 2003 و هیوازخوازیشە هەمان هەڵەی ئەوان دووبارەنەكەنەوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پەیامێک ئاڕاستەی ئێزدییەکان دەکات و دەڵێت؛ خوشک و برایانی ئێزدی و هەموو پێکهاتەکان دڵنیاتان دەکەینەوە؛ کە کوردستان بۆ هەمیشە وەک وڵاتی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێکهاتەکان دەمێنێتەوە.
دەقی پەیامەکەی:
"بەبۆنەی جەژنی رۆژووی ئێزی، بە گەرمی پیرۆزبایی لە هەموو خوشک و برایانی ئێزدی لە کوردستان و هەموو جیهان دەکەم و هیوای جەژنێکی پڕ لە خۆشی و ئارامییان بۆ دەخوازم.
لەم بۆنەیەدا جارێکیتر پشتگیری تەواوی خۆمان بۆ ئێزدییەکان دووپات دەکەینەوە و بە هەموو شێوەیەک هاوکار و یارمەتیدەریان دەبین لە دابینکردنی مافەکانیان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان و گەڕانەوە هەموو ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
لە هەمان کاتدا جەخت دەکەینەوە لەسەر قوڵکردنەوەی کلتوری پێکەوەژیان. خوشک و برایانی ئێزدی و هەموو پێکهاتەکانی دیکەش دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان بۆ هەمیشە وەک وڵاتی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێکهاتەکان دەمێنێتەوە."
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی جەژنی"رۆژیێن ئێزی"پەیامێک ئاڕاستەی خوشک و برایانی ئێزدی دەکات و دەڵێت؛ لە پابەندیمان بە پاراستنی ماف و کەلتووری رەسەنی ئاینی ئێزدییەکان و هاوکار و پشتیوان دەبین.
دەقی پەیامەکەی:
بەبۆنەی (جەژنا رۆژیێن ئێزی) لەدڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە خوشک و برایانی ئێزدی دەکەم، هیوادارم ئەم جەژنە لە کەشێکی ئارام و سەقامگیردا بەخۆشی بەڕێبکەن.
خوشک و برایانی ئێزدی لە چەند ساڵی رابردوو بەدۆخێکی سەختدا تێپەڕین، وە ئێمە بەردەوام لەگەڵیاندابووین، بۆ گەیشتن بە مافەکانی خۆیان، بۆیە لەم بۆنەیەدا دووپاتی دەکەینەوە، لەپابەندیمان بە پاراستنی ماف و کەلتووری رەسەنی ئاینی ئێزدییەکان و هاوکار و پشتیوان دەبین بۆ بەهێزکردنی گیانی برایەتی و پێکەوەژیان لەنێوان هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی کوردستان.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتگیری و جێبەجێکردنی داواکاری خوشک و برایانی ئێزدی، هیوادارین هەموولایەنەکانیش بەرپرسیارانە لەگەڵ دۆخی شەنگالدا مامەڵەبکەن و کاربکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکەو گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
یەکێتی وەک هەمیشە لەگەڵتان دەبێت بۆ هێنانەدی خواستەکانتان و سارێژبوونی ئەو نەهامەتیانەی بەسەرتاندا هات.
هەر لەخۆشیدابن.
ئەحمەد شەرع رایگەیاند، كوردەكان زوڵمێكی زۆریان لێكراوە و بەشێكی سەرەكی حكومەتی داهاتووی سوریا دەبن و ئامادەشن بۆ دانوستان لەگەڵ هەسەدە.
ئەحمەد شەرع ناسراو بە "ئەبو محەمەد جۆلانی" فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی سوریا، رایگەیاند، كورد بەشێكن لە سوریا و چەندین ساڵە لەلایەن رژێمەكەی بەشار ئەسەد روبەڕووی ناداپەروەری و زوڵملێكردن بوونەتەوە، جەختیشی لەوەشكردەوە، كە كورد دەبێتە بەشێكی جەوهەری سوریای داهاتوو.
راشیگەیاند، هەر وەك چۆن ئەوان لەسەر دەستی رژێمی ئەسەد توشی زوڵمبوونەتەوە، كوردەكانیش هەمان چارەنوسیان هەبووە، وتیشی، ئەوان مافی خۆشیان و كوردەكانیش وەردەگرنەوە كە چەندین ساڵە لێیان زەوتكراوە.
جۆلانی ئاماژەی بەوەشكرد، ئامادەن بۆ دانوستان لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بۆ دیاریكردنی چارەنوسی سوریا.
ئەم قسانەی جۆلانی لە كاتێكدایە، كە رۆژی هەینی مەزلوم کۆبانێ، فەرماندەی هێزەكانی هەسەدە داوای لە ئەمریكا كرد فشاربخاتە سەر چەكدارانی سەر بە توركیا بۆ ڕاگرتنی هێرش بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان.
ئاژانسی هاوار نیوز رایگەیاند، دوو رۆژنامەنوسیان لە نزیك كۆبانێ بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە شەهید بوون.
ئاژانسی هاوار نیوز لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەردوو رۆژنامەنووس جیهان بەلكین و نازم دەشتان لە نزیك بەنداوی تشرین و پردی قەرقوزاق كە دەكاتە باشوری كۆبانێ كاریان بۆ ئاژانسەكە كردووە، بەڵام بەهۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە شەهید بوون.
دەشڵێت، دوێنێ جیهان و نازم، لەكاتی كاركردنیان لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە كراونەتەوە ئامانج و كەسێكی دیكەش برینداربوون.
لە دوای رووخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد توركیا و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی هێرشدەكەنە سەر رۆژئاوای كوردستان بە تایبەت بەنداوی تشرین و پردی قەرقوزاق لە باشوری كۆبانێ و ئامادەكاری دەكەن بۆ هێرشكردنە سەر كۆبانێ.

بۆردوومانەكانی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە، شەوی رابردووش توركیا بە هەلیكۆپتەر بۆردوومانی چەند گوندێكی سنوری قەزای ئامێدی كرد.
كامەران عوسمان لێپرسراوی دیسكی مافی مرۆڤی رێكخراوی "سی پی تی" ئەمریكی رایگەیاند، شەوی رابردوو سوپای توركیا بە هێلیكۆپتەر هێرشی بۆ سەر گرێ بەهار و چیای مەتینا لەسنوری گوندەكانی (گوهەرزێ، بەلاڤا و بەرچێ) لە ناحیەی دێرەلوك لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆك ئەنجامدا.
راشیگەیاند، ئەم سێ گوندە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی درێژكراوەی چنگ ی قوفڵی توركیا دابوون كە لە 15ی حوزەیران بۆ یەکی ئاب ئەنجامدرا و سوپای توركیا توانی چەند بارەگایەكی سەربازی نوێ لەو ناوچەیەدا دروستبكات.
دوێنیش فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چیاكانی كولیتار دەڕەبی لەسنوری ناحیەی ورتێ بەچڕی بۆردومانكرد كە بەهۆیەوە ترس و دڵەراوكێ لای دانیشتوانی سنورەكە دروستكردووە.
بەپێی ئامارێكی رێكخراوی "سی پی تی" ئەمریكی، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە تائێستا بەهۆی ئۆپراسیۆن و لەشكركێشییەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا 18 هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدستداوە و چوار هاووڵاتی دیكەش برینداربوون.
هەزار و ٩٠٥ سەربازی سووری کە لەکاتی رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دا روویان لە عێراق کردبوو نێردرانەوە بۆ سووریا، داوا لە دەسەڵاتدارانی سوریا دەکەوین لێبوردنی گشتیان بۆ ئەو سەربازانە دەربکرێت
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق رایگەیاند، لە رۆژی ٧ـی ئەم مانگە، ژمارەیەک ئەندامانی سوپای سووریا لە ئەفسەر و پلەباڵاکان، لەڕێگەی دەروازەی ئەبوکەمالەوە داوای هاتنە نێو خاکی عێراقیان دەکرد، دوای وەرگرتنی رەزامەندی فەرمی رێگەیان پێدرا بێنە ناو خاکی عێراقەو ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە جێگەیەک بۆ ئەو سەربازانەی سووریا ئامادەکرا و سەرجەم کەلوپەل و پێداویستییەکیان بۆ دابین کرا
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق ئاماژەی بەوەشکردوە ، لەسەر بنەمای داواکاری گەلی سووریا ئەمڕۆ لەرێگەی دەروازەی قائیمەوە لەسەر خواستی خۆیان، هەزار و ٩٠٥ ئەفسەر و ئەندامی سوپای سوریا، کە لە عێراق بوون نێردرانەوە وڵاتی خۆیان و داوا لە دەسەڵاتدارانی سوریا دەکەین لێبوردنی گشتی بۆ ئەو سەربازانە دەربکرێت
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم ستافی مامۆستایان بۆ کۆلێجی پزیشکی زانکۆی هەڵەبجە دابین دەکات،و لە ڕێگەی هەماهەنگی نێودەوڵەتی ڕاهێنان و ڕاوێژکاری زانستی ورد پێشکەش بە مامۆستایانی کۆلێجی پزیشکی زانکۆی هەڵەبجە دەکات
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە، ستافی مامۆستایان بۆ کۆلێجی پزیشکی زانکۆی هەڵەبجە دابین دەکەین، بەمەش هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی کردنەوەی کۆلێجەکە لە ڕووی دابینکردنی توانا مرۆییەکان چارەسەردەبێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەبەوەش دەکات، لەسەر راسپاردەی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ دابینكردنی توانا مرۆییەكان تیمێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا، سەردانی زانكۆی هەڵەبجەیان كردوە بە ئامادەبونی د. بەمۆ پەروێز عەزیز سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە و بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە، لەگەڵ ئەو پزیشكانە كۆبونەوە كە ڕاژەكانیان بۆ کۆلێجی پزیشكی زانكۆی هەڵەبجە دەگوازرێتەوە و دەبنە ستافی مامۆستایانی کۆلێجی پزیشکی
خوێندنی باڵا ئاماژەبەوەشدەکات، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتەکەمان ئامادەکاری کردووە کە لە ڕێگەی هەماهەنگی نێودەوڵەتی ڕاهێنان و ڕاوێژکاری زانستی ورد پێشکەش بە مامۆستایانی کۆلێجی پزیشکی زانکۆی هەڵەبجە بکرێت
هەسەدە رایگەیاند،بایەخ بە گرنگی وراگرتنی ئۆپراسیۆنە سەربازیەکان دەدەن و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەگەڵ تورکیا و گروپە چەکدارەکانی تورکیا دەدەین "بەڵام درێغی ناکەین لە رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک بکرێتەسەر ناوچەکانمان".
هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە'، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرەڕای هەوڵەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە منبج و ناوچەکانی دیکە، بەڵام گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا پابەندی ئەو بڕیارە نەبوون و بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆسەر پێگەکانی هەسەدە لە باشووری کۆبانێ، قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین.
هەسەدە دەشڵێت، "بێدەنگ نابن لە هەر هێرشێک بکرێتەسەر ناوچەکانیان."
هەسەدە باسی لەوەش کردووە، هەر هێرشێک لەلایەن تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیاوە بۆسەر شاری کۆبانێ ناچێتەسەر، چونکە هێزەکانیان هاوشانی خەڵکی کۆبانێ رووبەڕوویان دەبنەوە.
دەشڵێت، "داوا لە خەڵکی کۆبانێ دەکەین چەک هەڵگرن و لەگەڵ هێزەکانمان دژی هێرشەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بجەنگن و پارێزگاری لە کۆبانێ بکەن".
وەزارەتی ناوخۆی عیراق رایگەیاند، "لە ئەمڕۆوە دەستیانكردووە بە گەڕانەوەی ئەفسەر و سەربازە هەڵاتووەكانی سوریا بۆ وڵاتەكەی خۆیان، پڕۆسەی گەڕانەوەكەش ماوەی دوو هەفتە دەخایەنێت".
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری فەریق میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق بڵاویكردەوە، لە ئەمڕۆ دەستیانكردووە بە گەڕانەوەی ئەو ئەفسەر و سەربازە سورییانەی كە لەسەروبەندی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد هەڵاتبوون بۆ ناو خاكی عیراق، وتیشی، ئەو بڕیارەشیان دوای هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەكانی سوریا لەو بوارەدا دەركردووە، بڕیارەیشە لە ماوەی دوو هەفتەدا لە رێگای دەروازەی سنوری قائیم بگەڕێنەوە سوریا.
ئاماژەی بەوەشكرد، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان سەرپەرشتی گەڕانەوەی سەربازە سوریە هەڵاتووەكان دەكەن.
رۆژی چوارشەممە، هەزاران ئەفسەر و سەربازی سوریا كە لە شەڕی سوریا و چەكدارانی تەحریر شام هەڵاتبوون و روویان لە عیراق كردووە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایان لە دەسەڵاتدارانی عیراق دەكرد رێگەیان پێبدەن بگەڕێنەوە وڵاتەكەیان.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنمایەکانی ژینگە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی قیر لە ئیدارەی سۆران داخرا.
هەژار ماهیر بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، "دوای ئاگادارکردنەوەمان کە ئەو کارگەیە پاشماوەی زۆری دوکەڵ و پیسی بڵاودەکاتەوە و هۆکارە بۆ پیسبوونی ژینگە، لێژنەیەک بە چاودێری قائیمقامی سۆران و بە سەرپەرشتی فەرمانگەی ژینگەی سۆران پێک هات".
دەشڵێت، "کاتێک سەردانی کارگەکەمان کرد دەرکەوت هیچ مەرجێکی ژینگەیی و تەندروستی و بەرگری شارستانی تێدا نییە، تەنانەت مۆڵەتی کارکردنیشی نەبوو بۆیە دەستبەجێ بڕیاری داخستنی ئەو کارگەیە درا و بە هیچ جۆرێک رێگای پێنادرێت بەو شێوەیە کار بکات".
ئەوەشی خستە روو، بڕیارە لێژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە پێک بێت، هەر شوێنێک مەرجی پاراستنی ژینگە و تەندروستی و بەرگری شارستانی نەبێت، "بەبێ دوودڵی" دادەخرێت، تەنانەت مۆلیدە ئەهلیەکانیش.
بەشێکی هاوڵاتیان گرفتیان لەگەڵ کارگەکان و مۆلیدە ئەهلییەکانی گەڕەکەکاندا هەیە و باس لەوەدەکەن، بەشێکیان رێنماییەکانی ژینگە و تەندروستی جێبەجێ ناکەن و کارگە لەنزیک ناوچەی نیشتەجێبوون دەکەنەوە، یانیش مۆلیدەی ئەهلی گەڕەکەکان دەنگێکی بەرز و دوکەڵێکی زۆریان هەیە.
سەرۆک کۆمار لەگەڵ وەزیری ناوخۆ کۆبووەوە و پێشهاتە ئەمنییەکانیان تاوتوێکرد.
د.لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عیراق جەختی لەوە کردەوە کە سەقامگیری ئەمنی بەردی بناغەی گەشەسەندن و سەقامگیریی سیاسی و ئابووری وڵاتە و ئاماژەی بەوەدا کە پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر هەیە لەنێوان دامەزراوەو دەزگا ئەمنییەکاندا.
لەکۆبوونەوەیەکدا دۆسیەی ئەمنی و ڕێوشوێنەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیەکان له دوای پێشکەوتنەکانی ناوچەکە تاوتوێکران و باس لە هەوڵەکانی وەزارەت و دامودەزگاکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاسایشی ناوخۆ کران.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆکایەتی کۆمار لەسەر بنەمای ڕۆڵی خۆی لە بەرەوپێشبردنی دادپەروەری و جێبەجێکردنی پرەنسیپەکانی دەستوور و یاسا یارمەتیدەر بووە لە ئازادکردنی نزیکەی 15 هەزار دەستگیرکراو کە حوکمەکەیان بەسەرچووە و تەئکیدی لەسەر گرنگی پەیڕەوکردنی پێوەرەکانی مافەکانی مرۆڤ لە گرتووخانە و بەندیخانەکاندا کردووە.
سەرۆک کۆمار داوای هەوڵی هاوبەشی کرد بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە کۆمەڵگادا
و پەرەپێدانی کاری هاوبەش بۆ ئاگادارکردنەوەی هەموو گروپەکان لە مەترسییە کۆمەڵایەتییەکانیان.
لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆ پشتیوانی بەردەوامی جەنابی سەرۆک کۆماری بۆ وەزارەت و کادرەکانی بەرزنرخاند و هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆی بۆ پەرەپێدانی پلان و ستراتیجی ئەمنی خۆی ڕوونکردەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ ئاستەنگەکانی ئێستادا بگونجێت و ئاسایش لە سەرانسەری وڵاتدا بەهێز بکات.



ڤلادیمێر پوتین رایگەیاند، هێشتا بەشار ئەسەدم نەبینیوە، ئەگەر بینیم پرسیاری ئەو رۆژنامەنووسە ئەمریکییەی لێدەکەم کە ١٢ ساڵە لە سوریا بێسەروشوێنە.
ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا رایگەیاند، ئەوان ئومێدی ئاشتی دەخوازن بۆ سوریا.
ئاماژەی بەوەشکرد، "لەو کاتەوەی بەشار ئەسەد گەیشتووەتە مۆسکۆی پایتەخت، چاوم پێی نەکەوتوە و نەمبینیوە، لە پلانمدایە بیبینم، ئەگەر بینیم پرسیاری رۆژنامەنووسە ئەمریکیەکەی لێدەکەم کە ١٢ ساڵە لە سوریا بێسەروشوێنە".
ئەوەشی خستە روو، روسیا لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیوەندیدایە، زۆرینەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاڵپشتی مانەوەی بنکە سەربازیەکانی روسیا لە سوریا دەکەن.
لەبارەی پەیوەندییەکانی روسیا لەگەڵ هێزەکانی ئێستا لە سوریادا باڵادەستن پوتین ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە پێویستە خۆمان بڕیار بدەین پەیوەندییەکانمان چۆن دەبن لەگەڵ ئەو هێزانەی ئێستا لە سوریادان و داهاتووی وڵاتەکەیان بەدەستە، بەپێی بەرژەوەندیمان بڕیار دەدەین".
پاش کەوتنی رژێمی ئەسەد و کۆنتڕۆڵکردنی دیمەشق لەلایەن چەکدارانی تەحریر شام، زیاتر لە چوار هەزار چەکداری ئێرانی لەڕێگەی بنکەی هێزەکانمان لە حەمیمیەوە گواسترانەوە تاران.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لەدوای رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد لە ٨ی ئەم مانگەدا، بەشار ئەسەد و خێزانەکەی بەرەو روسیا هەڵهاتن.