ئەمڕۆ چوارشەممە، مووەفەق تەریف، سەرۆکی ڕۆحیی دروزەکانی ئیسرائیل، لە راگەیەندراوێکدا داوای لە دروزەکانی سوریا کردووە ئارام بگرن و دڵنیای کردنەوە کە "دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە".
تەریف لە راگەیەندراوەکەیدا جەختی کردەوە کە "رێگە بە هیچ کەسێک نادەین دەست بۆ دروزەکان درێژ بکات و بێڕێزیان بەرانبەر بکات" و وتیشی: "ئیسرائیل، سوپا و جیهان لە پشتمانن".
سەرۆکی رۆحیی دروزەکان ئاشکرای کرد کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رێنمایی تایبەتی لە بارەی سوریاوە دەرکردووە و ئاماژەی بەوەش کرد کە "بەم زووانە گۆڕانکارییەکی گەورە رو دەدات".
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە هەر ئەمڕۆ نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە شارۆچکەی سەحنای نزیک دیمەشق، هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر گرووپێکی توندڕەو کە ئامادەکارییان کردبوو بۆ هێرشکردنە سەر دروزەکان.
راگەیەندراوەکە هەروەها باسی لەوەش کردبوو کە پەیامێکی رونیان بۆ رژێمی سوریا ناردووە، کە ئیسرائیل بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لە دروزەکانی سوریا دەکات.
شایەنی باسە، دوێنێ سێشەممە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کردبوو کە شەوی دوشەممە لە شاری جەرمانەی نزیک دیمەشق، شەڕ و پێکدادان لە نێوان کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی سوریا لەگەڵ چەکدارانی دروز روی داوە و لە ئەنجامدا لانی کەم 14 کەس کوژراون، کە حەوتیان دروز بوون.
ئەم روداوانە لە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە دێن، کە چاودێران پێیان وایە گرژییەکان لە نێوان ئیسرائیل و سوریادا بەرەو هەڵکشان دەچن.
سامان نادر بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پاسێکی خوێندکاران لە کونەماسی لە ناوچەی شارباژێڕ کە لە گەشت و سەیران بوون، لەکاتی گەڕانەوەدا وەرگەڕا و بەهۆیەوە 14 خوێندکار برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، پاسەکە تایبەت بووە بە خوێندکارانی خوێندنگەیەک لە سلێمانی و بەگشتی خوێندکارەکان باری تەندروستیان جێگیرە.
بەناز رەمەزان، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بە کوردسات نیوزی وت؛ دوو لە خوێنکارەکان بەهۆی خراپی باری تەندروستیانەوە بۆ نەشتەرگەری گەیاندراونەتە نەخۆشخانەی تایبەت.
هاوکات سوپاسی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی و شێخ فاخر شێخ تەیبی کرد کە ئامادەییان نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم خوێندکارەکان.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگدا لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری، نوێنەرانی یەکێتی بەڵێندەران و بەڕێوەبەرانی بانکەکانی سەر بە وەزارەت، بڕیاری خەرجکردنی زیاتر لە 45 ملیار دیناری دەرکرد بۆ پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ناوچەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین.
ئەم کۆبوونەوانە بە مەبەستی بەدواداچوون و چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانە بووە کە روبەروی پرۆژەکان بوونەتەوە لە سنووری ئەو پارێزگا و ناوچانە. دوای گوێگرتن لە کێشەکان، وەزیری دارایی چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد لە بەرژەوەندی بەڵێندەران و ئەو کۆمپانیایانەی کە سەرقاڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانن.
بە پێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، بڕەکان بەم شێوەیە دابەش دەکرێن:
- 8.5ملیار دینار بۆ کەرتی تەندروستی، لەوانە 4.5 ملیار بۆ دەرمان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و 4 ملیار بۆ دەرمانی نەخۆشخانەی هیوا.
- 20 ملیار دینار بۆ پڕۆژەی شەقامی 100مەتری سلێمانی (شاڕێی بابان)
- 5 ملیار دینار بۆ پڕۆژەی ڕێگای دوو سایدی کەلار - دەربەندیخان
- 10.5 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی پارێزگاکان کە بەم شێوەیە دابەش دەکرێت:
- 3.5 ملیار بۆ پڕۆژەکانی سلێمانی و دەوروبەری
- 3 ملیار بۆ پڕۆژەکانی ئیدارەی گەرمیان
- 2 ملیار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین
- 2 ملیار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە
-1.5 ملیار دینار وەک شایستەی پارەی خۆڵ و خاشاک
هەروەها وەزیری دارایی بڕیاری داوە بە بەردەوامبوونی کاری لیژنەی خەرجکردنی گەڕانەوەی "التأمینات و خطاب الضمان"ی بەڵێندەران لە سەرجەم بانکەکان، بەمەبەستی گەڕانەوەی پابەندییەکان بە پێی ڕێژە و گوژمەی دیاریکراو.
وەزارەتی دارایی عیراق كێشەی كورتهێنانی دارایی هەیە و بۆ دابینكردنی پارەی موچەی مانگی چوار و مانگەكانی دواتر، پارەی لە سندوقی بارمتەی باج رادەكێشێت.
بەپێی بەڵگەنامەیەك كە وێنەیەكی دەست كوردسات نیوز كەوتووە، دەركەوتووە بۆ دابینكردنی پارە بۆ دابەشكردنی موچە، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رەزامەندی نیشانداوە لەسەر راكێشانی سێ تریلیۆن و 45 ملیار و 7 ملیۆن و 500 هەزار دینار لە سندوقی بارمتەی باجی وەزارەتی دارایی.
وەزارەتی دارایی عیراق بەهۆی كەمی نەختینەوە پەنای بۆ ئەو سندوقە بردووە، كە پارەی باجی تێدایە و پێنج ساڵی بەسەردا تێپەڕ نەبووە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، لە ماوەی رابردوودا لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەیان بۆ بوونی كێشەی نەختینە كردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی ئەو هەواڵانەی رەتدەكردەوە.
وەزارەتی دارایی عیراق بیانوی ئەوەی هێناوەتەوە، كە لە یەدەگی فیدراڵی ئەمریكاوە پارەی فرۆشی نەوتی بۆ حەواڵە نەكراوە و هەركات پارە بگات بە دەستی، پارەی راكێشراوی ئەو سندوقە دەگەڕێنێتەوە.
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان بە شەش لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەكات.
سكای نیوزی عەرەبی لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە ، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان بریاریداوە پێش هەڵبژاردن دابەش ببێت و بە شەش لیست بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بكات.
پێشریش سەرچاوەیەك لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشكرایكردبوو كە هەریەك لە محەمەد شیاع سودانی و نوری مالیكی و عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادی بە لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردن دەكەن بۆ ئەوەی هەر لایەنە و قەبارەی خۆی بزانێت و گفتوگۆكانیش لە نێو چوارچێوەكەدا بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی بەردەوامیی هەیە .
پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، زیندانییەکی دهۆک کە بە مەبەستی چارەسەر بردرابوو بۆ نەخۆشخانە، هەڵات.
پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، زیندانییەکی چاکسازی زڕکای دهۆک، لەکاتی بردنی بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی چارەسەر، داوای کردووە بیبەن بۆ دەستشۆر، بەڵام لە پەنجەرەی دەستشۆرەکەوە هەڵاتووە.
ئەوەشی خستە روو، ئەو زیندانییە بە هۆکاری ئەنجامدانی تاوانی کوشتنی کچێک سزا درابوو و لە زینداندا بوو.
وتیشی، لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان بەدوایەوەن و هێشتا دەستگیر نەکراوە.
سوپای توركیا ژمارەی بارەگا و سەربازەكانی لە هەرێم زیاتر دەكات و 90% زنجیرە چیای مەتینای لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆكی داگیركردووە.
پەیامنێری كوردسات لە قەزای ئامێدی رایگەیاند، شەوی رابردوو سوپای توركیا چەكی قورس و مامناوەند هێناوتەوە بنكەكانی خۆی لەبناری زنجیرە چیای مەتینا لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆك.
وتیشی لە ساڵی رابردوەوە تا ئێستا توركیا بە بەردەوامی بنكە سەربازییەكانی لە گوندەكانی سەرگەلێ و گوهەرزێ و بلاڤە و گەلی رەشاڤە لە ناحیەی دێرەلوكی سەر بە ئامێدی زیاد كردووە، بەوەش 90% زنجیرە چیای مەتینای لە قەزای ئامێدی داگیركردووە.
هاوكات سوپای توركیا بە بەردەوامی سنورەكانی قەزای ئامێدی تۆپباران و بۆردومان دەكات و پێكدادانەكانیش لە نێوان سوپای ئەو وڵاتە و پارتی كرێكارانی كوردستان - پەكەكە بەردەوامە. لە كاتێكدا كە پەكەكە نزیكەی دوو مانگە ئاگربەستی راگەیاندوە.
کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، خۆڵبارین بەردەوام دەبێت.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت, لەگەڵ ئەگەری بوونی کەمێک تۆزۆ و خۆڵ لە کەشدا، هەروەها پلەکانی گەرما بە 1 بۆ 2 پلە بەرز دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ پێنجشەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت و لە کاتەکانی ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور و هەوری تەواو، پلەکانی گەرماش زیاتر بەرز دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەم جۆرە دەبن:
هەولێر : 36 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 32 پلەی سیلیزی
دهۆک : 35 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 38 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 35 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 32 پلەی سیلیزی
سۆران : 32 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 23 پلەی سیلیزی
گەرمیان :39 پلەی سیلیزی
کەوتنەوەی ئاگر لە هۆتێلێکی هیندستاندا بووە هۆی گیانلەدستدانی 14 کەس، کە یەکێکیان بۆ خۆڕزگارکردن لە سەربانی باڵەخانەکەوە خۆی هەڵداوەتە خوارەوە.
پۆلیسی هیندستان رایگەیاند، لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری کولکاتادا ئاگر کەوتووەتەوە، کە بەهۆیەوە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە، هێشتاش هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دیاری نەکراوە.
باسی لەوەشكرد، ئاگرەکە ئێوارەی دوێنێ کەوتووەتەوە، کۆنتڕۆڵکردنەکەی کاتی زۆری ویستووە و شەش تیم سەرقاڵی کوژاندنەروەی ئاگرەکە بوون.
وتیشی، یەکێک لەو کەسانەی گیانی لەدەستداوە بەهۆی ئەوەوە بووە لە سەربانی هۆتۆێلەکەوە هەوڵی خۆڕزگاکردنی داوە و خۆی هەڵداوە، بەڵام کەوتووەتە خوارەوە.
وەک لە ڤیدیۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەردەکەوێت، چەندین کەس لە پەنجەرەی هۆتێلەکانەوە دەیانەوێت خۆیان رزگار بکەن و هەوڵی راکردن دەدەن.
کەوتنەوەی ئاگر لە هیندستان تاڕادەیەک یەکێکە لە روداوە بڵاوەکان، چالاکوانانی ئەو وڵاتەش هۆکارەکەی بۆ کەمتەرخەمی حکومەت دەگەڕێننەوە لە بەدواداچوونی ورد بۆ سیستمی دروستکردنی باڵەخانەکان و جێگیرکردنی سیستمی ئاگرکوژاندنەوە تیایاندا.
??️Massive Fire in Kolkata! Last night, a 5-story hotel in the Machua area went up in flames, claiming 14 lives. Desperate to escape, people were seen jumping from windows and rooftops. #KolkataFire #BreakingNews #PrayForKolkata pic.twitter.com/KHd619ItPX
— NewsDaily??? (@XNews24_7) April 30, 2025
Another Video A fire broke out in a 5-storey hotel in Machhua area of #Kolkata last night. About 14 people died in this fire. People were seen jumping from windows and roofs to save their lives. pic.twitter.com/eD4G76GbnG
— Siraj Noorani (@sirajnoorani) April 30, 2025
ئیلۆن مەسک، ئەو گەنجەی بە داهێنانەکانی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، جارێکی دیکە جیهانی سەرسام کردووە بە باسکردنی رۆڵی سەرەکی رۆبۆتەکان لە داهاتووی زانستی پزیشکیدا.
ئیلۆن مەسک ملیاردێری ئەمریکی و خاوەن و جێبەجێکاری کۆمپانیای سپەیس ئێکس و سەرۆکی تێسلا باس لەوەدەکات، لەماوەی چەند ساڵێکی کەمدا رۆبۆتەکان تواناکانی پزیشکێکی باش تێدەپەڕێنن لە ئەنجامدانی نەشتەرگەریدا، هەروەها تەنها لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا توانای باشترین پزیشکەکانی ئەو بوارە تێدەپەڕێنن.
مەسک باسی لەوەشکردووە، یەکێک لە کۆمپانیاکانی بەناوی "نیورالینک" بۆ تەکنەلۆجیای تایبەتمەند بە مێشک و دەمار، رۆبۆتێکی بەکارهێناوە بۆ چاندنی چەند ئەلیکترۆکۆدێک لە مێشکدا، کە ئەوە زۆر ئەستەم بووە بۆ مرۆڤەکان بتوانن لەو ماوە کەمەدا و بەو وردییە ئەو کارە بکەن.
داهێنانەکانی مەسک لە بواری تەکنەلۆجیادا لەماوەی ئەم چەند ساڵەی کۆتاییدا وای کردووە، مەسک لە پێشەنگی بوارەکەدا بمێنێتەوە و رۆژ بە رۆژ میدیاکان بە بابەتی سەرسوڕهێنەرەوە سەرقاڵ دەکات.
لەماوەی رابردووشدا توانیویەتی لەرێگای چاندنی چیپی بچووک لە مێشکی مرۆڤەکاندا، توانای گفتوگۆ و قسەکردن بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو کەسانەی توانای قسەکردنیان نییە.
Robots will surpass good human surgeons within a few years and the best human surgeons within ~5 years. @Neuralink had to use a robot for the brain-computer electrode insertion, as it was impossible for a human to achieve the required speed and precision. https://t.co/ipPhQK8z1j
— Elon Musk (@elonmusk) April 27, 2025
پارێزگاری كەركوك ئەو سكاڵایەی راگرت كە لەلایەن ئیدارەی پێشووەوە، لەسەر شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و ئومێد محەمەد پەرلەمانتاری عیراق تۆماركرابوو.
رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك لە نووسراوێكدا كە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی كەركوكی كردووە، داوای لە بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو كردووە، ئەو سكاڵایەی لەلایەن ئیدارەی پێشووی كەركوكەوە، دژی شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و ئومێد محەمەد پەرلەمانتاری عیراقەوە تۆماركراوە رابگیرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە.
مێژووی سكاڵاكەی ئیدارەی پێشووی كەركوك دژی شاخەوان عەبدوڵا و ئومێد محەمەد، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2022 كە بە تۆمەتی ناوزڕاندن و بێڕێزیكردن بەرانبەر ئیدارەی كەركوك، لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی كەركوك لەسەریان تۆماركراوە.
وەزارەتی پلاندانانی عیراق رایگەیاند، بەپێی ئەو پلانە چوار ساڵییەی دانراوە، لەگەڵ دابەزینی بەهای نەوتیشدا دەتوانرێت 79 ترلیۆن دینار داهاتی نانەوتی كۆبكرێتەوە.
عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق رایگەیاند، بەپێی پلانی گەشەپێدانی نیشتمانی بۆ ساڵانی 2024 بۆ 2028 پێشبینی كراوە كە داهاتی نەوتی بۆ لە 89% دادەبەزێت لە ساڵی 2024 و پلانی جێگرەوە بۆ ئەم بابەتە دانراوە.
وتیشی، بەپێی ئەو پلانەی دانراوە داهاتی نانەوتی تا ساڵی 2028 بگاتە 79 ترلیۆن دینار بە پشت بەستن بە داهاتی خاڵە سنووری و فڕۆكەخانەكان و باج و سەرجەم داهاتی ناوخۆییەكان، بەو پێیەش كێشە بۆ بودجە و موچە دروست نابێت.
حکومەتی هەرێم بەبۆنەی جەژنی کرێکارانەوە رۆژێک پشووی راگەیاند.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، 1ی ئایار، بە بۆنەی یەکی ئایار جەژنی کرێکارانەوە پشووی فەرمی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پشووەکە سەرجەم دامودەزگا حکومی و تایبەتەکان دەگرێتەوە.
بەپێی ئامارە ڕەسمییەكان، زیاتر لە 500 هەزار منداڵ لە عیراق كاردەكەن و بەشێكیان مەترسییان لەسەرە.
وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عیراق بە هەماهەنگی هێزە ئەمنییەكان، پێشنیارێكی پێشكەش كردووە بۆ دانانی چاودێر و سەرپەرشتیاری زیاتر بۆ داخستن یاخود لێپێچینەوە لە ئەو شوێنانەی منداڵ یاخود هەرزەكار دەخەنە سەر كار.
بەپێی ئامارە ڕەسمییەكان، زیاتر لە 500 هەزار منداڵ لە عیراق كە تەمەنیان لە نێوان پێنج بۆ 17 ساڵاندایە كار دەكەن، نزیكەی 13%شیان مەترسی دەستدرێژی جەستەیی و كێشەی ئابورییان لەسەرە، بە تایبەت دەرۆزەكەران، كە 57%یان نێرن و 33%یان مێن.
هاوكات عیراق لە پلەی چوارەمینی وڵاتانی عەرەبیدایە لەڕووی زۆری ئەو منداڵانەی كار دەكەن، هۆكارەكەشی بۆ كەمی داهاتی خێزان و بێكاری و ئاوارەبوون دەگەڕێندرێتەوە.
ئەوەش لە كاتێكدایە لە هەرێمی كوردستان ژمارەی ئەو منداڵانەی كار دەكەن بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووە و بەشێكی زۆریشیان خەڵكی دەرەوەی هەرێمی كوردستان.
بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی پارێزگای ئیسفەهان رایگەیاند لە کارگەیەک تەقینەوەیەک رویداوە و بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە و دووانی تریش بریندار بوون.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، تەقینەوەکە لە کۆمپانیای پارسی ئاڤانار بووە کە دەکەوێتە ناحیەی مەیمەی سەر بە شارەدێی شاهینشاری ئەسفەهان.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان: ئەم روداوە سەعات 10:30سەرلەبەیانی ئەمڕۆ رویداوە. ئاماژە بەوەشکراوە: "راستەوخۆ دوای روداوەکە کارمەندانی فریاکەوتن و مانگی سور رەوانەی شوێنی روداوەکە کراون و روداوەکە کۆنترۆڵکرا".
ئاکسیۆس بە پشت بەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار رایگەیاند کە خولی چوارەمی دانوستانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا بڕیارە رۆژی شەممە، سێی مانگی مایس لە رۆما، پایتەختی ئیتالیا بەڕێوە بچێت. بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئیسرائیلیش، ئیسرائیل پێشبینی دەکات کە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن بە گەیشتن بە رێککەوتن کۆتایی پێ بێت.
رۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە 27ـی نیسان لە کۆنفرانسی هەواڵدەریی "سەندیکای هەواڵی جولەکە" لە ئۆرشەلیم (بێت المقدس) رایگەیاند کە پێی وایە دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا قایل نابێت بە رێککەوتنێکی ناوەکی "خراپ" لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.
دێرمەر گوتی: "زۆر دڵنیام کە ترامپ ئەمڕۆ خۆی دەپارێزێت لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی خراپ."
هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئیسرائیل بە تەنیا ئامادەیە هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران، وتی کە دەربارەی "کاروباری سەربازی" قسە ناکات، بەڵام پێویستە قسەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەهەند وەربگیرێت کاتێک دەڵێت؛ هەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی نەهێڵێت ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.
بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئێوارەی یەکشەممە لە وتارێکدا لە هەمان کۆنفرانس وتی: "رێککەوتنی کاریگەر، رێککەوتنێکە کە توانای پیتاندنی ئێران بۆ دەستگەیشتن بە چەکی ناوەکی لەناو ببات. ئەگەر ئەوان ئامرازی هاویشتن، مووشەکی بالیستی و مووشەکی بالیستی قاڕەپێویان لەبەردەستدا بێت، هەڕەشە لە هەموو شارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەن."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جارێکی دیکە نموونەی لیبیای بە "تەنیا رێککەوتنی باش" زانی و وتیشی: "رێککەوتنێکی خراپ لە نەبوونی رێککەوتنی زۆر خراپ باشترە."
رۆژنامەی جێروزالیم پۆست رۆژی دووشەممە بە گوێرەی بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاند کە بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی بەرپرسان، دانوستانەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران ئەگەری هەیە بگاتە رێککەوتن.
ئەم بەرپرسە ئیسرائیلییە وتیشی، کە وڵاتەکەی هێشتا نازانێت ئایا ئەم رێککەوتنە لەگەڵ داواکارییەکانی ئیسرائیل واتە "هەڵوەشاندنەوەی تەواوی دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم"ی ئێران گونجاو دەبێت یان هاوشێوەی بەرجام دەبێت. ئیسرائیل چەندین جار گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوشێوەی بەرجامی بە "رێککەوتنی خراپ" ناو بردووە.
هەروەها ئەم بەرپرسە ئیسرائیلیەکە ئاشکرایکرد، پێی وایە مۆڵەتی 60 رۆژەی دۆناڵد ترامپ بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران درێژ دەکرێتەوە.