هەواڵەکانهەواڵەکان

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێم رایگەیاند، وادەی دواخستن و لەجێدانان بۆ حەجی ساڵی داهاتوو کۆتایی هاتووە و داواش لە هاووڵاتیان دەکات، بۆ ئەو مەبەستە سەردانیان نەکەن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێم رایگەیاند، "ئاگاداری ئەو هاوڵاتیانە دەکەین کە ناویان لە پڕۆسەی حەجی ساڵی داهاتوودا هاتووەتەوە، وادەی دواخستن و لەجێدانان کۆتایی هاتووە، بۆیه‌ داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كه‌ین هیچ كه‌سێك به‌ مه‌به‌ستی دواخستنی ناوه‌كه‌ی یاخود له‌ جێدانان ( تنازل) سه‌ردانمان نەکات".

ئەوەش هاتووە، به‌پێی ئه‌و سیستمه‌ی له‌ به‌غدا كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت هه‌موو ناوه‌كان ده‌بێت به‌ر له‌ ١ی ١ی ٢٠٢٥ بخرێته‌ ناو سیستمی ئه‌لیكرۆنییه‌وه‌ و هیچ بوارێك بۆ له‌ جێدانان و دواخستن نه‌ماوه‌ .

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هه‌ر كه‌سێك ناوی بۆ حه‌جی ٢٠٢٥ ده‌رچووبێت و مامه‌ڵه‌كانی ته‌واو نه‌كردبێت، ئه‌وا به‌ پێی رێزبه‌ندی ناوی یه‌ده‌گی ده‌رچوو له‌ شوێنی ئه‌وان داده‌نرێت.

چاوەڕواندەکرێت، وەرزی حەجی ساڵی داهاتوو لە ٦ی مانگی حوزەیراندا دەستپێبکات و ساڵانە بەمەبەستی رێکخستنی ناوی هاووڵاتیان بۆ ئەو پڕۆسەیە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە چەند رێکارێک دەگرێتە بەر.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرەڕای دەستپێکردن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٠، بەڵام هێشتا بایکۆتی کارکردن لە بەشێک لە فەرمانگەکان و ناوەندەکانی خوێندن لە سلێمانی بەردەوامە.

پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، لەناو ئەو فەرمانگانەدا بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی هەیە کە ماوەی چەند رۆژێکە بەردەوامە لە بایکۆتی کارەکانی.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو فەرمانگانەی بایکۆتیان کردووە باس لەوەدەکەن، بە وەرگرتنی یەک موچە بایکۆت ناشکێنن و دەبێت هەر سێ موچەی کۆتایی ئەمساڵیان پێبدرێت.

ئەوەشی خستە روو، بایکۆتی ئەو فەرمانگانە ئیش و کاری هاوڵاتیانی پەکخستووە، بەڵام هاوڵاتیان دەڵێن، "ئەوانیش مافی خۆیانە و گلەییمان لێیان نییە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممەی رابردوو وەزارەتی دارایی رایگەیاند، لە سێشەممە ١٧ی ١٢وە دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ١٠ دەکەن و لەماوەی شەش رۆژدا کۆتایی بە دابەشکردنی مووچە دەهێنن.

دوێنێ وەزارەتەکە راشیگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی ٦٣١ ملیار و ٣٣٥ ملیۆن دیناری بۆ تەمویلی موچەی مانگی ١١ی موچەخۆرانی هەرێم خستووەتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتەکەیان، بەڵام کاتی دەستپێکردن بە دابەشکردنی موچەی مانگی ١١ی رانەگەیاند.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسیی عێراق پێسبینییەکانی کەشوهەوای بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، رۆژی هەینی و شەممە ئەگەری بارانبارین هەیە.

کەشناسیی عێراق رایگەیاندووە، سبەی لە چەند ناوچەیەکی عێراق پلەکانی گەرما کەمێک بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن و رۆژی هەینی و شەممە ئەگەری بارانبارین هەیە لە هەرێمی کوردستان و بەشێوەیەکی گشتیش ئاسمانی عیراق هەور دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەهەمان شێوە ئاسمان هەور دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە.

کەشناسیی هەرێمیش رایگەیاندووە، سبەی پێنجشەممە، پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :

هەولێر: ١٦ پلەى سیلیزى

سلێمانی: ١٤ پلەى سیلیزى

دهۆک: ١٥ پلەى سیلیزى

کەرکوک: ١٦ پلەى سیلیزى

هەڵەبجە: ١٤ پلەى سیلیزى

زاخۆ:  ١٥ پلەى سیلیزى

حاجی ئۆمەران: ٥ پلەى سیلیزى

سۆران: ١٢ پلەى سیلیزى

گەرمیان:  ١٩ پلەى سیلیزى

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، لە ماوەی دە ساڵدا، زیاتر لە ٧٦٣ هەزار هاووڵاتی هەرێم و عیراق كۆچیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا كردووە كە لەو ماوەیەشدا  ٥٩٣ كۆچەریان گیانیانلەدەستداوە یان بێسەروشوێنبوون.

بەپێی ئامارێك كە لەلایەن دەزگای لوتكەوە بڵاوكراوەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تائێستا، ٧٦٣ هەزار و ٣٩٨ هاووڵاتی هەرێمی كوردستان و عیراق كۆچیان كردووە و داوای مافی پەنابەرییان  لە وڵاتانی ئەوروپا  كردووە، لە ماوەی ئەو دە ساڵەشدا ٣٤٥ كۆچەر ل رێی كۆچدا گیانیان لەدەستداوە و ٢٤٨ كۆچەریش بێسەروشوێنبوون.

هەر بەپێی ئامارەكەی دەزگای لوتكە، زۆرترین ژمارەی كۆچەرانی هەرێم و عیراق لە ساڵی ٢٠١٥ دا تۆماركراوە كە بە تەنها لەو ساڵەدا ١٨٦ هەزار و ٤٢٢ كەس كۆچیان كردووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوادەكات پڕۆسەی سیاسی لە سوریا لەلایەن سورییەكانەوە خۆیانەوە بەڕێوەببرێت.

لە دوای كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە بۆ تاوتوێكردنی رەوشی سوریا بەڕێوەچوو، ئەنجومەنەكە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا جەختكراوەتەوە لەوەی كە پێویستە گەلی سوریا رێگەی پێبدرێت خۆی داهاتووی دیاریبكات و پڕۆسەی سیاسیی لەو وڵاتە لەلایەن سورییەكانەوە بەڕێوەببرێت، بە جۆرێك كە خواستە ڕەواكانی هەموو سورییەكان بەدیبهێنێت و هەموویان بپارێزێت و تا بتوانن بەشێوەیەكی ئاشتیانە و سەربەخۆ و دیموكراسی ئایندەی خۆیان دیاری بكەن.

هەموو ئەندامانی ئەنجومەنەكەش پابەندبوونی بەهێزیان بە سەروەری و سەربەخۆیی سوریا و یەكپارچەیی خاكەكەی دووپاتكردووەتەوە و داوایانكردووە هەموو دەوڵەتان رێز لەو بنەمایانە بگرن.

ئەنجومەنی ئاسایش دووپاتیشیكردووەتەوە كە پێویستە سوریا و دراوسێكانی رێز لە سەروەری یەكتربگرن و دەستوەرنەدەنە كاروباری یەكتر و كاریگەری لەسەر ئاسایشی یەكتر دروستنەكەن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دارایی هەرێم لەگەڵ وەفدێکی تەكنیكی وەزارەتی دارایی عیراق كۆبووەوە و ئاماژەی بەوەکرد، تا كۆتایی ئەمساڵ داواكارییە نوێیەكانی بەغداد جێبەجێدەكەن.

وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویكردەوە، ئاوات جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەفدێکی تەكنیكی وەزارەتی دارایی عێراق كرد، كە ماوەی دوو رۆژە بەسەردانێكی رەسمی لە هەرێمی كوردستانن.

وەزیری دارایی رایگەیاند، لە پێناو چارەسەركردنی سەرجەم كێشە تەكنیكیەكانی تایبەت بە موچە و جێبەجێكردنی داواكارییە نوێیەكانی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر رێكخستنەوەی راپۆرتەكانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە، بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێركاری و گەنجینەكان و سەرجەم یەكە ژمێریاریەكان راسپێردراون لە ماوەی كەمتر لەهەفتەیەكدا سەرجەم كارەكان تەواو بكەن.

لای خۆشیانەوە تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، وەك یەك تیم لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێركاری لە وەزارەتی دارایی كاردەكەن بۆ ئەوەی لەو ماوەی بۆیان دیاریكراوە كارەكان بەسەركەوتویی تەواو بكەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمریكا درێژكردنەوەی ئاگربەستی نێوان هەسەدە و توركیای لە مەنبج راگەیاند و دەڵێت، ئاگربەستەكە تاكو كۆتایی ئەم هەفتەیە درێژكراوەتەوە.

ماتیو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی  دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئاگربەستی نێوان هەسەدە و توركیا لە مەنبج، بە نێوەندگیری ئەمریكا تاكو كۆتایی ئەم هەفتەیە درێژكراوەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی توركیا لە گفتوگۆدان تایبەت بە دۆخی باكووری سوریا و لە نیگەرانییەكانی ئەو وڵاتە لەبارەی هەڕەشەكانی تیرۆرەوە تێدەگەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشدا، نیگەرانییەكانی ئەوان تەنها كۆبانێ نییە بەڵكو تەواوی سوریایە و وتیشی، دەیانەوێت حكومەتێكی نیشتمانی لە سوریا پێكبهێنرێت، كە نوێنەرایەتی تەواوی پێكهاتەكان بكات.

رۆژی ١٢ـی ئەم مانگە، بە نێوەندگیری ئەمریكا ئاگربەست لە نێوان هەسەدە و توركیا لە مەنبج راگەیەندرا بۆ ماوەی چوار رۆژ، بە ئامانجی رەخساندنی دەرفەت بۆ جێبەجێكردنی لێكتێگەیشتنە مرۆیی و ئەمنییەكان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پرۆژەكەی قوباد تاڵەبانی كردە بنەما بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بڕیاریدا بایۆمەتری بكاتە ژمارەی وەزیفی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، لە كۆبونەوەیەكدا كە بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بەڕێوەچووە، بڕیاردراوە بایۆمەتری بكرێتە ژمارەی وەزیفی فەرمانبەران لە هەرێمی كوردستان، بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران.

دەشڵێت، لەكاتی خۆتۆماركردن لە بایۆمەتری و پلەبەرزكردنەوە یەكجار ١٪ـی موچەی بنەڕەتی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دەبڕدرێت و دەدرێتە وەزارەتی پلاندانانی عیراق.

بەپێی بڕیارەكە، پێویستە حكومەتی هەرێم سەرجەم زانیارییەكان لەو بارەیەوە رادەستی وەزارەتی پلاندانان بكات تا لەمساڵدا سەرجەم رێوشوێنەكان لەو بارەیەوە تەواوبكرێن.

پڕۆژەی تۆماركردنی سەرجەم فەرمانبەران و موچەخۆران لە بایۆمەتری كە لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە ئامادەكرا، بۆ یەكەمجار لەساڵی ٢٠١٦ و لەكابینەی هەشتەمدا خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەرلەمانی سویسرا دانینا بە جینۆسایدی ئێزیدییەكاندا و داوادەكات زیانلێكەوتووان قەرەبوو بكرێنەوە.

لە راگەیەندراوێكدا پەرلەمانی سویسرا رایگەیاندووە، "ئەو كۆمەڵكوژیانەی لە باكووری عێراق لە ساڵی ٢٠٢٤ لە دژی ئێزیدییەكان ئەنجامدراون بە جینۆساید ناساندووە".

هاوكات داوای لە ئەنجوومەنی فیدراڵی كرد ، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا كار بكات بۆ ئەوەی زیانلێكەوتووانی ئەو تاوانانە قەرەبوو بكەنەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا پەرلەمانی سویسرا بە توندترین شێوە ئیدانەی دەستدرێژی و كوشتنی سیستماتیكی نەتەوەی ئێزیدی و لەناوبردنی شوێنە كولتوورییەكانی لە شەنگال كردووە.

پێشتر نەتەوە یەكگرتووەكان تاوانەكەی بە جینۆساید ناساندووە، دەوڵەتانی دیكەش لە هەوڵدان لای خۆیانەوە ئەو تاوانە وەك جێنۆساید بناسێنن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كۆبانێ كە وەكو رەمزی بەرەنگاربوونەوەی داعش وێنادەكرێت، لەئێستادا لەژێر هەڕەشەی هێرشی توركیا و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی ئەو وڵاتەدایە.

بەپێی ئاژانسەكانی جیهان، ئەنقەرە لەئێستادا خۆی بۆ هێرشی زەمینی بۆسەر سوریا ئامادە دەكات، ئەمریكاش هەوڵەكانی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە خستووەتەگەڕ.

ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات، نامەیەكی بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا ناردووە و تێیدا جەختیكردووەتەوە، توركیا خۆی ئامادە دەكات بۆ هێرشێكی زەمینی بۆ ناو خاكی سوریا و داوای لەترەمپ كردووە، فشار بخاتە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بۆ ئەوەی خۆی لەو هەنگاوە بەدوربگرێت.

لەچەند رۆژی رابردوودا كۆبانێ چەندین هێرشی كراوەتەسەر و لەڕێگەی بۆردومانی زەمینی و ئاسمانییەوە، هەوڵی داگیركردنی شارەكە و گوندەكانی دەوروبەری دەدات، شەڕڤانانی هەسەدەش بەتوندی بەرپەرچیان داوەتەوە و بەپێی روانگەی بۆ مافی مرۆڤ شەڕڤانان درۆنێكی توركیایان لەو سنورە خستووەتەخوارەوە.

ساڵح موسلیم ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پەیەدە بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ماوەی چەند رۆژێكە بەهۆی بۆردومانەكانەوە هەڕەشەی جدی لەسەر كۆبانێ دروستبووە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەسەر روداوەكانی ئێستای سوریا دەڵێت، دەوڵەتی توركیا چەندین ساڵە هێرش دەكاتە سەر ناوچەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئاراستەكەی بەرەو بەنداوی تشرین گۆڕیوە و هەوڵدەدات بەرەو كۆبانێ پێشڕەی بكات، دەشڵێت لەشكركێشی سوپای توركیا نەوەستاوە و لەئێستادا بەنیازە هێرش بكاتە سەر شاری كۆبانێ.

لەسەر ئەم پێشهاتە چاوەڕوانكراوەی سوپای توركیا بۆسەر كۆبانێ، ئانالینا بێربوك وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، كۆبانێ بە سیمبولی خەباتی ئازایانەی كوردەكان لە دژی داعش ناودەبات و داوا لە توركیاش دەكات، بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی یەكپارچەیی خاكی سوریا بگرێتە ئەستۆ.

روداوەكانی سوریا لەدوای كەوتنی ئەسەد، ئەو وڵاتەی بردووەتە قۆناغێكی دیكەوە، بەجۆرێك دۆست و دوژمنەكانی سەردەمی ئەسەد، لەئێستادا رۆڵەكانیان گۆڕاوە، توركیا خۆی بە بەرپرس و دۆستی سوریای نوێ دەزانێت و یەكەم وڵات بوو باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی، دوای 12 ساڵ لە دیمەشق كردەوە.

هەرچی كۆماری ئیسلامی ئێرانیشە، لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوە كردنەوەی باڵیۆزخانەكەی لە سوریا بەنزیك نازانێت و دەڵێت، بوونی هێزەكانیان لە سوریا بۆ بەرگری و پشتیوانی كەسێك نەبووە، بەڵكو بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆربووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کۆبونەوەکەدا کە رۆژی سێشەممە (17/12/2024) لە هەولێر بەڕێوەچوو، تاوتوێی دواین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و بە تایبەتیش دۆخی سوریا کرا و لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، سەرباری دەرکەوتنی هەندێک ئاماژەی ئەرێنی لە سوریاوە، بەڵام بارودۆخەکە بە گشتی هەستیارە، هیوای خواست لە سوریای نوێدا مافی هەموو پێکهاتەکان و بە تایبەتیش مافەکانی کورد پارێزراوبێت.

سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای کوردستانیش، جێگری سەرۆکوەزیران رایگەیاند، پێویستە کورد لەم بارودخەدا یەکگرتوو و یەکدەنگ بێت و پێگە و مافەکانی لە سوریایەکی یەکگرتوو و دیموکراتی گەرەنتی بکرێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی مەترسی گروپە تیرۆریستییەکان و بە تایبەتیش داعش بۆسەر سەقامگیری ناوچەکە کرا و هەردوولا هاوڕابوون کە داعش هێشتا مەترسییەکانی گەورەیە، هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد کە بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی تیرۆریستانی داعش.

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا باسی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کرا و لەمبارەیەوە دواین کۆبونەوەی وەفدەکانی دانووستانکاری یەکێتی و پارتی بە ئەرێنی هەڵسەنگێندران و جەختیش کرایەوە لەسەر هەنگاوی کردەیی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، "کۆبانێ سیمبولی ئازایەتی گەی کوردە دژی داعش، هەروەها تورکیاش بەرپرسیارە لە یەکپارچەیی خاکی سوریا".

ئەنالێنا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "کۆبانێ سیمبولی شەڕی بوێرانەی کوردە لە دژی داعش".

ئاماژەی بەوەشداوە، "خوێنڕشتنی زۆر دواشتە کە پێویستە خەڵکی لە دواین ١٤ ساڵ شەڕ ئەزموونی بکات، هەروەها تورکیا بەرپرسیارێتی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریای لە ئەستۆدایە و هیوای سەلامەتییان بۆدەخوازین".

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێبەری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران رایدەگەیەنێت، ئەگەر ئەمریكا و ئیسرائیل پێیانوایە بە كەوتنی بەشار ئەسەد بەرەی مقاوەمە لە ناوچەكە كۆتاییهاتووە، ئەوا لە هەڵەیەكی گەورەدان.

عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران، لەسەر روداوەكانی سوریا رایگەیاند، ئەمریكا و ئیسرائیل و نزیكەكانیان كەوتنە ئەو خەیاڵەی كە پرسی مقاوەمە لە ناوچەكە كۆتاییهاتووە لە دوای كەوتنی بەشار ئەسەد، بەڵام ئەوان بە تەواوی لەهەڵەدان.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئیسرائیل بە خەیاڵی خۆی لە رێكخستندایە تاوەكو لەڕێی سوریاوە حزبوڵای لوبنان لەناوببات، بەڵام ئەوەی لەناودەچێت خودی ئیسرائیلە خۆیەتی".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات نامەیەك ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێدراوی ئەمریكا دەكات و داوادەكات فشار بخاتە سەر ئەردۆغان تا هێرش نەكاتە سەر رۆژئاوای كوردستان.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی، بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات نامەیەكی ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپ كردووە و تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، ئامانجی توركیا ئەوەیە كە پێش ئەوەی ترەمپ دەستبەكارببێت، رۆژئاوای كوردستان داگیربكات.

هۆشداریشیداوە لەوەی كە هەر داگیركارییەكی توركیا دەبێتە هۆكاری ئاوارەبوونی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار هاووڵاتی مەدەنی لە كۆبانێ و جگە لەوەش چەندین هاوڵاتی مەسیحی ئاوارە دەبن و كارەساتی گەورە روودەدات.

چەند لێپرسراوێكی ئەمریكیش بە رۆژنامەكەیان وتووە، توركیا و هاوپەیمانەكانی مانەوەیان لە سنورەكانی سوریا بەهێز دەكەن، ئەمەش نیگەرانی لای هەسەدە دروستكردووە سەبارەت بەوەی توركیا ئامادەكاری بكات بۆ چونە ئەو ناوچانەی كە لەلایەن هەسەدەوە بەڕێوەدەبرێن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا كۆبووەوە و جەخت لە بەردەوامی پشتگیرییەكانی هاوپەیمانان بۆ هەرێم و عیراق كرایەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژەنەڕاڵ كێڤن لێیهی فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا كۆبووەتەوە و  كۆبوونەوەكە بە ئامادەبونی وەزیری پێشمەرگە بەڕێوەچوو كە تێیدا دوایین پێشهاتەكانی سوریا و رەوشی ئەمنی عیراق و ناوچەكە تاوتوێكراوە و جەختكراوەتەوە لە پتەوكردنی هەماهەنگی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربونەوەی هەرەشەكانی تیرۆر و پاشماوەكانی داعش.

هەروەها لە كۆبوونەوەكەەدا ، فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا ستایشی ڕۆڵی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگەی لە شەڕی دژەتیرۆردا كرد و پابەندیی هاوپەیمانانی بە پشتگیریكردنی عیراق و هەرێمی كوردستان دوپاتكردووەتەوە بۆ  پاراستنی سەقامگیری و روبەروبونەوەی هەرەشەكانی داعش.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ حكومەتی عیراق بۆ موچەی مانگی ١١ زیاتر لە ٦٣١ ملیار دیناری خستووەتەسەر هەژماری بانكی وەزارەتیان.

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ لە لایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە بڕی ٦٣١ ملیار و ٣٣٥ ملیۆن دینار بۆ تەمویلی موچەی مانگی ١١ی موچەخۆرانی هەرێم خراوەتەسەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی هەرێم.

ئەوەش لەكاتێكدایە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دەستی بە دابەشكردنی موچەی مانگی 10ی موچەخۆران كردووە و تا رۆژی دووشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

پێشتر حكومەت رایگەیاندبوو، لەگەڵ گەیشتنی هەر بڕە پارەیەك راستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی موچە دەكەن.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...360361362363364...991