ئەمڕۆ شەممە، دەوڵەتی ڤاتیکان بە ئامادەبوونی زیاتر لە 200 هەزار کەس و 162 وەفدی نێودەوڵەتی کە لە پاشا، سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی وڵاتان پێکهاتوون، رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بەڕێوەدەبات.

مەراسیمی بەخاکسپاردنەکە بە گواستنەوەی تەرمی پاپا فرانسیس بە درێژایی 12 کیلۆمەتر بەنێو شاری رۆمادا دەستپێدەکات، پاشان لە کڵێسای سانتا ماریا لە رۆما بەخاک دەسپێردرێت.


هەر لە ئەمڕۆوە پرسەی پاپا فرانسیس دەستپێدەکات و بۆ ماوەی 9 رۆژ بەردەوام دەبێت. جێی باسە، پاپا فرانسیس لە ساڵی 2021دا وەک یەکەم پاپا لە مێژووداپۆ سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەلایەن سەرکردایەتی و خەڵکی هەرێمەوە پێشوازییەکی گەرم و فراوانی لێکرا.

پاپای ڤاتیکان لە رۆژی دووشەممەی ڕابردوو، 21ـی نیسانی 2025، بەهۆی نەخۆشی هەوکردنی سییەکانی، لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

بەشێک لە ژیان و کاری پاپا فرانسیس:


پاپا فرانسیس (خۆرخێ ماریۆ بێرگۆلیۆ) لە 17ـی کانوونی دووەمی 1963 لە بوێنس ئایرسی ئەرجەنتین لە خێزانێکی ئیتاڵی کۆچبەر لەدایک بوو. ناوبراو وەک یەکەم پاپای ئەمریکای لاتین دوای دەستلەکارکێشانەوەی پاپا بێنەدیکتی 16، هەڵبژێردرا.

لە ماوەی پاپایەتیدا، فرانسیس بە چەندین بڕیار و هەڵوێستی مرۆڤدۆستانە و هۆکارێک بۆ کرانەوەی کڵێسا ناسرا. ئەو هەوڵی دا دیوارەکانی نێوان کڵێسا و خەڵکی ئاسایی کەم بکاتەوە و گرنگی بە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان وەک هەژاری، کۆچ و گۆڕانی کەش و هەوا بدات.

سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2021دا وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ڤاتیکان. لەم سەردانەدا، پاپا فرانسیس ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد لە پێشوازیکردن و پاراستنی پەنابەران و کەمینە ئایینیەکان، بەتایبەت مەسیحییەکان کە لە دەستی گروپە توندڕەوەکان هەڵاتبوون.

پاپا فرانسیس لە ماوەی 12 ساڵی پاپایەتیدا (2013-2025)، سەردانی زیاتر لە 60 وڵاتی کرد و لە زۆربەی سەردانەکانیدا پەیامی ئاشتی و لێبووردەیی گەیاند. ئەو هەمیشە داکۆکی لە مافی کەمینەکان و دەنگی بێدەنگەکان دەکرد و بە “پاپای هەژاران” ناسرابوو بەهۆی هەڵوێستی بەرگریکردنی لە چینە هەژارەکانی کۆمەڵگا.