ئەمڕۆ سەرچاوە نزیکەکانی یانەی ریاڵ مەدرید ئاشکرایان کرد کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، یانەی پایتەختی ئیسپانیا بەیاننامەیەکی فەرمی سەبارەت بە هەڵوێستی خۆی لە یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بڵاودەکاتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پێگەی "ئێل چیرینگویتۆ" بڵاوی کردۆتەوە، یانەی ریاڵ مەدرید لە بەیاننامەکەیدا داوای لێبوردن لە دەستەی ناوبژیوانی ئیسپانیا دەکات و بڕیاری کۆتایی خۆی سەبارەت بە بەشداریکردن یان نەکردن لە یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیا رادەگەیەنێت.
ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە هێشتا گرێنتی ئەوە نییە کە یانەی ریاڵ مەدرید بەشداری لە "کلاسیکۆ"ی سبەی شەممە بکات. هەر دوو رۆژنامەی ناسراوی "مارکا" و "موندۆ دیپۆرتیڤۆ"ی ئیسپانی جەختیان کردۆتەوە کە بەشداریکردنی ریاڵ مەدرید لە یارییەکە مسۆگەر نییە و یانەکە بیر لە کشانەوە دەکاتەوە.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردۆتەوە و راگەیاندووە کە ریاڵ مەدرید ئاگاداری کردوونەتەوە کە بەشداری لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی و هیچ بۆنەیەکی فەرمی پەیوەست بە یارییەکە ناکات.
هۆکاری ئەم ئاڵۆزییانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەمڕۆ "دێ بۆرگۆس"، ناوبژیوانی دیاریکراو بۆ یارییەکە، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا دەستی بە گریان کرد، ئەمەش وای کردووە کە یانەی ریاڵ مەدرید متمانەی پێی نەمێنێت و داوای گۆڕینی بکات. بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا ئەم داوایەی رەتکردۆتەوە و پێیوایە ناکرێت ناوبژیوانی یارییەکە بگۆڕدرێت.
لە لایەکی دیکەوە، هەواڵەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پاسی یانەی ریاڵ مەدرید گەیشتبووە بەردەم یاریگا بۆ مەشقکردن، بەڵام یاریزانەکان گەڕانەوە پاسەکە و مەشقەکان هەڵوەشێنرانەوە، ئەمەش ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ ئەگەری کشانەوەی یانەکە لە یارییەکە.
بڕیارە سبەی شەممە کاتژمێر 10.00ی شەو، ریاڵ مەدرید و بارسێلۆنا لە یاریگای لاکارتۆخا لە شاری سێڤییا رووبەڕووی یەکتر ببنەوە لە یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیا.
بزووتنەوەی گۆڕان - گردی زەرگەتە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: کۆنفرانسەکەی سبەی خەوشی یاسایی لەسەرە و دەبێت کۆمسیۆن خۆی دور بگرێ لە هەر دەستێوەردانێکی نایاسایی.
پەیامێک بۆ راى گشتى لە بزوتنەوەى گۆڕانەوە
سەبارەت بەکۆنفرانسى ڕۆژى ٢٦ى ٤ى ٢٠٢٥ کە بڕیارە ئەنجام بدرێت
لێرەوە بە هەمو لایەکى ڕادەگەیەنین کە بزوتنەوەى گۆڕان پێشتر لەڕۆژى ٥ى ٤ى ٢٠٢٥ کۆنفرانسى دامەزراندنى خۆى ئەنجام داوە.
ئێمە لە بزوتنەوەى گۆڕان بە شێوەیەکی قانونی داواى پەسەند کردنى کۆنفرانسى ٥ى ٤ى ٢٠٢٥مان کردوە، چاوەڕوانین بە ئەرێنى وەڵام بدرێتەوە.
سەرەڕای ئەمەش بە بریارێکى کۆمسیۆن سبەینێ بۆ کۆنفرانسێکى نوێ دانراوە کە لەڕوى یاساییەوە تا وەڵامى کۆنفرانسەکە وەرنەگرینەوە، کۆنفرانسى ٢٦ى ٤ى ٢٠٢٥خەوشى قانونی لەسەرە و لەم ڕوەوە دڵنیاین سبەینێ نیصابى قانونى تەواو نابێت.
پابەندى خۆمان بە هەمو ڕێکارێکى یاسایی ڕادەگەیەنین. لێرەوە بەڕاى گشتى ڕادەگەیەنین بەپێى یاسا دەبێت (١٠٦٤) کەس لە ئەندامانى دەستەى گشتى بە بەڵگەنامەی فەرمی ئامادەبن.
بۆیە بەرپرسیارێتى یاسایی سەبارەت بە ڕێژەى یاسایی (نصاب القانونی) دەخەینە ئەستۆی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و دەبێت خۆی دور بگرێ لە هەر دەستێوەردانێکی نایاسایی.
ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە چاودێری بەرێوەچونی کاروبارە یاساییەکان دەکەین و رێگە بە هیچ جۆرە یاساشکێنیەک نادەین.
بزوتنەوەی گۆڕان
٢٥ی ٤ی ٢٠٢٥
رێواس وەك روەكێكی بەتام و گرنگی بەهارە لە ناوچە شاخاوییەكان دەڕوێت، بەڵام لە ناوچەیەكی ئێران دەشتێكی رێواس هەیە كە روبەرەكەی دەگاتە نزیكەی 10 هەزار دۆنم.
رێواس سەرچاوەیەكی گرنگی ڤیتامینەكانی ئەی و سی و كانزاكانی وەك كالیسیۆم و پۆتاسیۆمە و چەندین ماددەی خۆراكیی دیكەی تێدایە كە كاریگەری باشیان لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە.
لە وەرزی بەهاردا چەندین كەس روو لە ناوچە شاخاوی و چیا سەختەكان دەكەن بە مەبەستی گەیشتن بە رێواس، بەڵام لە ناوچەیەكی دەشتایی لە پارێزگای كرمان لە ئیران كە بە دەشتی رێواس ناودەهێنرێت رێواسێكی زۆر رواوە و دیمەنێكی جوانی بەو ناوچەیە بەخشیووە.
ئەو دەشتە دەكەوێتە نزیك شاری بابەك لە پارێزگای كرمان و نۆ هەزار و 600 دۆنم لە روبەری ئەو دەشتە بە رێواس تەنراوە و ئەوەش بە گەورەترین ناوچەی رێواس لە ئێران ناودەهێنرێت.
ئەگەرچی كەشوهەوای زۆرینەی ناوچەكانی كرمان گەرم و وشكە، بەڵام دروستبوونی دەشتێك لە رێواس دیمەنێكی سەرنجڕاكێشی بەخشیوەتە ئەو ناوچەیە.
لە کۆبوونەوەیەکی گرنگی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە سوریا، نوێنەری ئەمەریکا بە حکومەتی سوریای راگەیاند؛ کە دەبێت بەرپرسیارێتی تەواو لە ئاست ئاسایشی ناوخۆیی و هەرێمی بگرنە ئەستۆ.
دۆرۆسی شەی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش، لە وتارێکدا کە ئەمڕۆ هەینی پێشکەشی کرد، وتی: "حکومەتی سوریا بەرپرسیارێتی تەواوی لەسەرە کە چەکی کۆمەڵکوژ لەناو ببات و خاکەکەی لە بوونی هەر گروپێکی تیرۆریستی پاک بکاتەوە."
باڵیۆزی ئەمریکا زیاتر جەختی کردەوە: "پێویستە حکومەتی راگوزەری سوریا سیاسەتی وا بگرێتەبەر کە نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، چونکە ئەمە فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ سەقامگیری ناوچەکە."
شەی ئاشکرای کرد کە واشنتۆن لە نزیکەوە چاودێری کارەکانی حکومەتی سوریا دەکات و داوای لە ئەحمەد شەرع کرد کە چەکدارە بیانییەکان لە وڵاتەکەی دوربخاتەوە و هاوکاری تەواو بکات لە دۆزینەوەی هاوڵاتییانی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە کە لە سوریا بێسەروشوێن بوون.
سەبارەت بە ئاستی پابەندبوونی حکومەتی دیمەشق بە دادپەروەری، نوێنەری ئەمەریکا پێداگری کرد: "چاوەڕوانین حکومەتی سوریا لێکۆڵینەوەی راستەقینە لە تاوانەکانی سەردەمی ئەسەد بکات و بەرەوپێشچوونی راستەقینە بەخۆیەوە ببینێت."
لە بارەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، شەی رونی کردەوە: "ئێمە تەنها ژمارەی سەربازەکانمان کەم کردووەتەوە بەڵام بە تەواوی نەکشاوینەتەوە، بەردەوامیش دەبین لە بەکارهێنانی هەموو رێکارێک بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش."
باڵیۆزی ئەمەریکا پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی کرد و بە "هەنگاوێکی گرنگ" وەسفی کرد، هەروەها رایگەیاند: "هاوپەیمانێتی ئێمە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات لە روبەروبوونەوەی تیرۆریستان بەردەوام دەبێت."
نوێنەری ئەمریکا هیوای خواست کە رێککەوتنەکانی نێوان شەرع و عەبدی ببێتە هۆی بەرقەراربوونی ئاسایش لە ناوچەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرین و رێگری بکات لە سەرهەڵدانەوەی گرژییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا.
لە کۆتاییدا، دۆرۆسی شەی جەختی کردەوە لەسەر پێویستی گەڕاندنەوەی دانیشتووانی کەمپەکانی هۆل و ڕۆژ بۆ وڵاتەکانیان و وتی: "ئامانجی ئەمریکا سوریایەکی ئارام و سەقامگیرە کە بتوانێت رۆڵی ئەرێنی لە ناوچەکەدا بگێڕێت."
نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری سوریا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جەختی کردەوە کە پێویستە کۆتایی بە سزاکانی سەر ئەو وڵاتە بهێنرێت و وتیشی؛ دەبێت رێز لە پێکهاتە جیاوازەکانی ناو سوریا بگیرێت.
لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەچوو، گەیر پێدەرسن، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری سوریا وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە تێکەڵکردنی ناوچەی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ تەواوی سوریا دەبێتە هۆی سەقامگیریی ئەو وڵاتە.
پیدەرسن بە پێویستی زانی ئیسرائیل رێز لە یەکگرتوویی خاکی سوریا و سەروەرییەکەی بگرێت و داوای کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاوی کردەیی بۆ ئەم مەبەستە هەڵبگرێت.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان بارودۆخی ئابوری سوریای بە "زۆر خراپ" ناوبرد و داوای کرد سزا سەپێنراوەکانی سەر ئەو وڵاتە کۆتاییان پێ بهێنرێت و هەڵبوەشێنرێنەوە لە پێناو خەڵکی مەدەنی.
پیدەرسن ئاماژەی بەوەش کرد کە نەتەوە یەکگرتوەکان هاوکاریی سورییەکان دەکات بۆ ئەوەی دیالۆگی سوری - سوری سەرکەوتو بێت و پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی دەکات.
هەروەها داوای لە دەسەڵاتدارانی سوریا کرد ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە بارەی روداوەکانی کەناراوەکانی رۆژئاوا و سزادانی ئەنجامدەرانی ئاشکرا بکەن و چارەسەری چەکدارانی بیانی بکەن لەناو سوریا، لە پێناو چەسپاندنی دادپەروەری.
هاوکات، رەخنەیگرت لە کەمی ژن لە حکومەتەکەی ئەحمەد شەرعدا و وتی: تەنیا یەک ژن لە حکومەتی نوێی سوریادا هەیە.
لە کۆتاییدا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان زۆر بە پێویستی زانی کار بکرێت بۆ تێکەڵکردنی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ تەواوی وڵاتەکە و جەختی کردەوە کە ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان دەسەڵاتدارانی سوریا و کورد لەو وڵاتە ئەرێنی و هاندەرن، ئەمەش هیوای بووژانەوە بەوڵاتەکە دەبەخشێت.
بۆ یەکەمین جار لەدوای روخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد لە کانونی دووەمی 2024ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا، ئاڵای نوێی وڵاتەکەی لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک هەڵکرد.
وەزیری دەرەوەی سوریا، لە پاس هەڵکردنی ئاڵاکەی وتی: ئێستا جیهان پێویستی بە گوێگرتن لە داواکارییەکانی گەلی سوریا هەیە، ئێمەش کراوەین بەڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا و بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە بە شێوەیەکی دروست مامەڵەمان لەگەڵدا بکرێت.
وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوەدا که "گەمارۆکان دەبێت هه ڵبگیرێن و چیتر ژیانی گەلی سوریا نەکرێتە قوربانی، چونکه هەڵگرتنیان هاوکار ده بێت بۆ بوژاندنەوەی ئابووریمان". شەیبانی جەختی لەوە کردەوە کە سورییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات هیوایان هەیە وڵاتەکەیان بنیات بنێنەوە و رایگەیاند کە "گەلەکەمان شایەنی متمانەیە".
شەیبانی لە هەژماری X ی خۆیدا نووسیویەتی: "بە نوێنەرایەتی کۆماری عەرەبی سوریا، ئەمڕۆ لە ساتێکی مێژوویی پڕ لە کەرامەتدا وەستاوم، بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵای نوێی سوریامان لەم بینا نێودەوڵەتییە، بۆ یەکەمجار دوای ئەوەی لاپەڕەیەکی پڕ لە ئازارمان لە مێژووماندا هەڵدایەوە".
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، وەفدێکی بەرپرسانی سوریا لەم هەفتەیەدا گەشتیانکرد بۆ ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی بانکی نێودەوڵەتیی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە واشنتۆن دی سی و کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لە کاتێکدا تا ئێستا رون نییە کە ئایا بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەم سەردانەدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا کۆدەبنەوە یان نا بە تایبەت کە تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی فەرمی لەگەڵیاندا نییە و سزاکانی سەر سوریای نوێی هەڵنەگرتووە.
لە روداوێکی هاتوچۆدا لە بەغداد سێ ئەندامی خێزانێکی دانیشتووی هەولێر گیانیان لەدەستدا.
روداوەکە لە نزیک "بوابەی بەغداد" رویداوە و ئۆتۆمبێلەکە چوار کەسی تێدا بووە.
لە روداوەکەدا سێ کەسیان گیانیان لەدەستداوە، کە دایک و باوک و منداڵێکیان بوون و منداڵەکەی دیکەیان لە ژیاندا ماوە و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەیە.
بەپێی ناسنامەکانیان، دایک و باوکەکە گەنجن و دوو منداڵەکەشیان یەکیان تەمەنی سێ ساڵ و ئەوی دیکەیان تەمەنی نزیکەی هەشت ساڵ دەبێت. کە منداڵە سێ ساڵەکە گیانی لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم چەند بڕیار و رێنماییەکی بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتای تای خوێنبەربوون بڵاوکردەوە و لەوبارەیەوە نووسراوی ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی لە سەرجەم شارەکاندا کردووە.
لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە، بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی پەتای تای خوێن بەربوون کە پەتایەکی ڤایرۆسی مەترسیدارە و لەبەر تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی پشتڕاستکراوە لە پارێزگاکانی دیکەی عیراق، پێویستە چەند رێوشوێنێک بگیرێتە بەر.
دەقی بڕیار و رێنماییەکان:
١-سەربڕینی ئاژەڵان لە ماڵان بە هەر شێویەک بێت قەدەغەیە و سەربڕین تەنها لە شوێنی رێپێدراو دەبێت.
٢-پابەندبوونی قەسابەکان بە بەکارهێنانی کەلوپەلی خۆپاراستن بهتایبهت دهستكێشی لاستیك و جلی تایبهتی خۆپارێزی لهكاتی مامهڵهكردن لهگهڵ ئاژهڵ یان گۆشت و خوێنهكهی، لەکاتی سەرپێچی بە توندی سزا دەدرێن.
3- دوای سهر بڕینی ئاژهڵ دهبێت شوێنهكه پاك بكرێتەوە به بهكار هێنانی گیراوهی كلۆر (5%) (دهگیرێتهوه به بهكارهێنانی فاست به رێژهی 6% و ههر بهشیك فاس بۆ 11 بهش ئاو) و ههروهها بهههمان شێوه پاككردنهوهی كهلوپهلی بهكارهاتوو لهكاتی سهربڕین و پارچهكردنی گۆشتی ئاژهڵ.
4- پێویستە هاووڵاتیان گۆشتی سوور لە شوێنی رێپێدراو بکڕن و دەستکێش لە دەست بکەن، هەروەها ئاگادار بن دەستیان هیچ برینداری نەبێت و تەختەی لەتکردنی گۆشت جیاواز بێت لە تەختەی لەت کردنی سەوزە، پاشان شوێنی لەتکردنەکە بە باشی خاوێن بکرێتەوە بە ئاوى گەرم و سابوون و دواتر پاككردنەوەى بە هەمان شێوە وەك خالى 3 و کوڵاندنی گۆشت بەتەواوی.
5- لهبهركردنی جلی قۆڵدرێژ و رهنگكاڵ لهكاتی سهردانی ئهو شوێنانهی گهنه تێدا بڵاوه، بۆئەوەی دیار بێت، ههروهها بهكار هێنانی كرێمی تایبهت به دوور خستنهوهی مێروو و گهنه له لهشی مرۆڤ.
7-بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێتێرنەری و کشتوکاڵ بکەن لەبارەی رێکارەکانیان سەبارەت بە رشاندنی ئاژەڵان بە قڕکەر.
8- جەختکردنەوە لە کاری پتەوکردنی تەندروستی بۆ پاراستنی هاووڵاتیان لە ڕێگای هەڵمەتی جیاواز و بڵاوکردنەوەی رێنمایی بەمەبەستی گەیاندنی زانیاری دروست.
9- جێبەجێکردنی چالاکییەکانی رشاندنی شوێنی گەنەکان بە گوێرەی پلانی ساڵانەی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان.
10- پابەندبوونی کارمەندانی تەندروستی بە لەبەرکردنی کەرەستەی خۆپارێزی کەسی بە شێوەیەکی زانستی دروست.

ئێران گرێبەستێك بە بەهای چوار ملیار دۆلار لەگەڵ روسیا ئیمزا دەكات بۆ پەرەپێدانی حەوت كێڵگەی نەوت لە وڵاتەكەی.
موحسین پاكنەژاد وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، گرێبەستێك بە بەهای چوار ملیار دۆلار لەگەڵ كۆمپانیاكانی روسیا ئیمزا دەكەن بە مەبەستی پەرەپێدانی حەوت كێڵگەی نەوت لە ئێران.
وتیشی، ئێران پەیوەندییەكانی لەگەڵ روسیا پەرەپێدەدات بەو پێیەی مۆسكۆ گەورەترین بەرهەمهێنەری غازە لە جیهاندا و تارانیش هەوڵ دەدات غاز لەگەڵ روسیا بەرهەمبهێنێت و ببێتە ناوەندێكی هەرێمیی بۆ وزە، بەتایبەتیش كە 73%ی یەدەگی غاز لەم ناوچەیەدا و لە روسیا هەیە.
دەشڵێت، هاریكاری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە دەكەن و بە تایبەتیش عیراق رۆڵی دەبێت لە ژێرخانی وزەی ئێران.
داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سنوری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 10 ملیار دینارە و بەراورد بە هەفتەی رابردووش یەك ملیار دینار كەمیكردووە.
ماڵپەری شەفافیەت كە چاودێری داهاتی نانەوتی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی راپەڕین و گەرمیان دەكات، بڵاویكردەوە، داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیە لە 19ی ئەم مانگە تا ئەمڕۆ، 10 ملیار و 607 ملیۆن و 221 هەزار و 685 دینار بووە، لەو بڕەش 86%ی نەختینە و 14%ی بە چەك بووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، داهاتی ئەم هەفتەیە بەراورد بە هەفتەی رابردوو، یەك ملیار دینار كەمیكردووە كە هەفتەی رابردوو داهاتی نانەوتی زیاتر لە 12ملیار دینار بووە.
بۆ باسكردن لە كێشە ئەمنییەكانی نێوان هەردوو وڵات، وەفدێكی ئەمنی عیراق سەردانی سوریا دەكات.
میدیاكانی عیراق لە زاری لێپرسراوێكی باڵای ئەمنیی وڵاتەكەیانەوە بڵاویانكردووەتەوە، لە چەند سەعاتی داهاتوودا، وەفدێكی باڵای ئەمنی عیراق سەردانی سوریا دەكات و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئەمنی ئەو وڵاتە لەبارەی كێشە و مەترسییە ئەمنییەكانی نێوان هەردوو وڵات بە تایبەتیش پاراستنی ناوچە سنورییەكان كۆدەبنەوە.
لەدوای دەستبەكاربوونی حكومەتی نوێی سوریا، ئەمە دووەم وەفدی ئەمنیی عیراقە سەردانی ئەو وڵاتە دەكات، بە ئامانجی هەماهەنگی و كاری هاوبەش لە پێناو نەهێشتنی مەترسییەكانی هەردوو وڵات لە رووی ئەمنییەوە.
کەشناسیی هەرێم پێشبینی نوێی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەتریشقە هەرێم دەگرێتەوە.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان لە نێوان نیمچەهەور و هەوری تەواودا دەبێت، لەگەڵ بوونی کەمێک تۆزوخۆڵ لە کەشدا، هەروەها پێشبینی نمەبارانێکی کەم دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکان .
ئاماژەی بەوەشكردووە، سبەینێ شەممە، ئاسمان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا نمەباران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی دەبارێت پاشان رێژەی دابارین زیاد دەکات، هەروەها لە هەندێک کاتدا کەش دەگۆڕێت بۆ هەورەتریشقە تاوەبارانی کورت خایەن بە تایبەت لە سنوری ئیدارەی سۆران و راپەڕین، لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەدا کەشەکە ئاسایی دەبێتەوە و کاریگەری بارانبارین نامێنێت .
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، بەڵام سبەینێ 1 بۆ 2 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.
کەشناسی راشیگەیاندووە، ئەمڕۆ خێرایی با زیاد دەکات و هەندێک جار چالاک دەبێت بۆ سەروو 25 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر : 30 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 28 پلەی سیلیزی
دهۆک : 28 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 33 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 29 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 28 پلەی سیلیزی
سۆران : 26 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 18 پلەی سیلیزی
گەرمیان :36 پلەی سیلیزی
وەزیری دەرەوەی عیراق گەیشتە ئەمریكا بۆ تاوتوێكردنی پەیوەندی دوو قۆڵی بەغداد و واشنتۆن.
وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی وڵات بە سەردانێكی رەسمی گەیشتە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا زنجیرە دیدارێك ئەنجام دەدات.
دەشڵێت، ئەم سەردانە لە چوارچێوەی پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان عیراق و ئەمریكا دێت، هەروەها بۆ پەرەپێدانی هاریكاری هاوبەش لە بوارەكانی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و لە سەردانەكە تاوتوێی پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان دەكرێت.
وتیشی، بڕیارە فوئاد حسێن لە سەردانەكەیدا لەگەڵ ژمارەیەك لێپرسراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كۆببێتەوە لە دیارترینیان ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، رۆژی سێشەممە سایتی ئەلعەرەبیە رایگەیاند، فوئاد حسێن لەگەڵ ئەمریكا باس لە گروپە چەكدارەكانی عیراق و مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان و رەوشی ناوچەكە دەكات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، ئەمستردام باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشت کردووە، دوای ئەوەی دەزگای هەواڵگری هۆڵەندا جەختیکردەوە گومانی ئەوەی هەیە تاران لە پشت دوو هەوڵی تیرۆرکردنەوە بێت لە ئەوروپا.
دەزگای هەواڵگری گشتی هۆڵەندا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردەوە، ئاشکرای کرد کە لە مانگی (حوزەیران/6)ی ساڵی 2024 لە شاری هارلمی هۆڵەندا دوو کەس دوای هەوڵدان بۆ تیرۆرکردن و بە ئامانجگرتنی هاووڵاتییەکی ئێرانی کە نیشتەجێی ئەو وڵاتەیە، دەستگیرکراون.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لەو دوو کەسە دەستگیرکراوە، گومانی ئەوەی لێدەکرێت کە دەستی هەبووبێت لە هەوڵی تیرۆرکردنی سیاسەتمەدار و رەخنەگری ئێرانی-ئیسپانی ئەلیخۆ ڤیدال کوادراس لە مەدرید لە مانگی (تشرینی دووەم/11)ی 2024.
تا ئێستا لایەنی ئێرانی هیچ لێدوانێکی فەرمی سەبارەت بەم بانگهێشتکردنە نەداوە.
ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە حوکمی ئەنجام نەدانی نوێژی هەینی لە کاتی سەیران و گەشتدا و لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "نوێژی هەینی فەرزی عەینە لەسەر هەموو پیاوێکی باڵغی عاقڵی نیشتەجێی موسڵمان، بۆیە نابێت گروپێک بۆ خۆیان لەدەشت و دەردا مەراسیمی جومعە ئەنجام بدەن، ئەگەر کردیان نوێژەکەیان بەتاڵە"
ئەوەش هاتووە؛ "وەک خوای میهرەبان لە قورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی: (یَاأَیُّهَا الَّذِینَ آمَنُوا إِذَا نُودِیَ لِلصَّلَاةِ مِنْ یَوْمِ الْجُمُعَةِ فَاسْعَوْا إِلَى ذِكْرِ اللَّهِ وَذَرُوا الْبَیْعَ)".
ئەنجومەنی باڵای فەتوا جەختی کردووەتەوە کە هەر کەسێک لەدوای نوێژی بەیانی لە شار دەرچوو، نوێژی هەینی لەسەر واجب دەبێت، بۆیە دەبێت یان سەرلەبەیانی رۆژی جومعە سەفەر نەکات و بیخاتە پاش ئەنجامدانی نوێژەکە، یان لە رێگەدا لە مزگەوتێک یان لە مزگەوتی گوند و شارەدێکان کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە، بەشداری مەراسیمی نوێژی جومعە بکات.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "یەکێک لە مەرجەکانی ئەنجامدانی نوێژی هەینی پێویستە لە مزگەوتێکدا بێت کە لەناو ئاوەدانی نوێژخوێنەکاندا بێت و رەزامەندی فەرمی هەبێت، بۆیە نابێت گروپێک بۆ خۆیان لەدەشت و دەردا مەراسیمی جومعە ئەنجام بدەن، ئەگەر کردیان نوێژەکەیان بەتاڵە".
لە کۆتاییدا، ئەنجومەنی باڵا داوای لە موسڵمانان کردووە کە هەروەک چۆن گرنگی دەدەن بە عیبادەتەکانیان، بە هەمان شێوە گرنگی بدەن بە پارێزگاریکردن لە ژینگە جوانەکەی کوردستان.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە میانەی بەشداریکردنی لە ئاهەنگی کردنەوەی پاڵەوانێتی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ یاری گۆڵ بۆڵی نابینایان، پشتیوانی خۆی بۆ پەرەپێدانی وەرزشی کەمئەندامان دووپات کردەوە.
قوباد تاڵەبانی لە وتەیەکیدا جەختی کردەوە کە "هیچ سەرکەوتنێک وەک چیرۆکی سەرکەوتنی کەمئەندامێک هاندەر و ئیلهام بەخش نییە نەک هەر بۆ کەمئەندامان بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی"، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە کەمئەندامان "سیمبولی ئیرادە و هەڵگری پەیامی سەرکەوتنی ئیرادەن بەسەر کەموکورتی و بێ هیواییدا".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قوباد تاڵەبانی سوپاسی یانەی وەرزشی رۆژی کرد بۆ خەمخۆری و هەوڵەکانیان لە پێناو پێشخستنی وەرزشی کەمئەندامان و رێکخستنی ئەم پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییە، کە بە وتەی خۆی "نموونەیەکە لە کارە جوانەکانیان".
شایەنی باسە، ئەم پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییە بە بەشداریی چەندین وەرزشوانی نابینا لە وڵاتانی جیاوازەوە لە شاری سلێمانی ئەنجام دەدرێت.