ریاڵ مەدرید راگەیەندراوێکی لەسەر یارییەکەی سبەینێ بڵاوکردەوە
رەوەز
٢٥ی نیسانی ٢٠٢٥
یانەی ریاڵ مەدرید لە راگەیەندراوێکی رەسمیدا، لێدوانە گشتییەکانی ناوبژیوانانی دیاریکراو بۆ فاینالی جامی شای ئیسپانیا، کە بڕیارە سبەینێ بەڕێوەبچێت، بە "نەشیاو" ناودەبات.
بەپێی راگەیەندراوەکەی ریاڵ مەدرید، ئەو لێدوانانەی کە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر جەختیان لەسەر ڤیدیۆکانی "ریاڵ مەدرید تیڤی" کردووەتەوە کە لە چوارچێوەی ئازادی رادەربڕیندا کاردەکات، و 24 کاتژمێر پێش یارییەکە بە شێوەیەکی پێشوەختە دژی یەکێک لە بەشداربووانی فاینالەکە ئەنجامدراون، "جارێکی دیکە دوژمنکاری و دژایەتی ئاشکرای ئەم ناوبژیوانانە دژی ریال مەدرید نیشان دەدەن".
یانەی ریاڵ مەدرید ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەو لێدوانانە بە تۆنێکی هەڕەشەئامێز ئەنجامدراون، کە ئاماژە بۆ یەکگرتوویی ناوبژیوانان دەکەن، و باس لە رێوشوێنی گوماناوی دەکەن کە "لە پرەنسیپەکانی دادپەروەری، بابەتیانە و بێلایەنی دورە، بۆ یاریەک کە تەنیا چەند کاتژمێرێکی ماوە بۆ سەدان ملیۆن بینەر لە جیهاندا پەخشکرێت".
یانەکە لە بەرامبەر ئەم روداوەدا، چاوەڕوان دەکات کە بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا (RFEF) و دەستەی ناوبژیوانان بە شێوەیەکی گونجاو کاربکەن و رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی ناوبانگی ئەو دامەزراوانەی کە نوێنەرایەتییان دەکەن.
گرژییەکان لە نێوان ریاڵ مەدرید و دەستەی ناوبژیوانان لە دوای ئەوە هاتن کە ناوبژیوانی دیاریکراو بۆ یارییەکە، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا دەستی بە گریان کرد و ئاماژەی بۆ رەخنەکانی میدیای یانەکە کرد، ئەمەش وای کردووە کە ریاڵ مەدرید متمانەی بە بێلایەنی ناوبژیوانانی یارییەکە نەمێنێت.
بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر 10:00ی شەو، ریاڵ مەدرید و بارسێلۆنا لە یاریگای لاکارتۆخا لە شاری سێڤییا روبەروی یەکتر ببنەوە لە یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیا.