وردەکاری خولی سێهەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا
رەوەز
٢٦ی نیسانی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ شەممە، قۆناغی سێیهەم دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وڵاتی عومان دەستی پێکرد.
ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردەوە، ئەم دانوستانانە بە سەرۆکایەتی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکاف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەچێت.
عراقچی دوێنێ لەگەڵ وەفدێکی سیاسی و تەکنیکی گەیشتە مەسقەت و دوو جار لەگەڵ سەید بەدر ئەلبوسەعیدی، هاوتا عومانیەکەی کۆبووەوە و سەبارەت بە رێوشوێنە جێبەجێکارییەکانی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان راوێژی کرد.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ هاوتا عومانیەکەی بەشداری لە پێشانگای کتێبی مەسقەت کرد و لە وەشانێکی عەرەبی کتێبی "هێزی دانوستان"ی کڕی.
ویتکاف بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتە مەسقەت و پێش دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئێران، لە سەردانێکدا بۆ روسیا چاوی بە ڤلادیمیر پوتین، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کەوت و راوێژی لەگەڵدا کرد.
یەکێک لە خاڵە جیاکەرەوەکانی ئەم قۆناغەی دانوستانەکان، کۆبوونەوە ناڕاستەوخۆ تەکنیکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکایە کە بڕیارە بەڕێوە بچێت. لە دانوستانەکانی قۆناغی دووەمی نێوان ئێران و ئەمریکا رێککەوتن کرا کە کۆبوونەوەی تەکنیکی و پسپۆڕیش بەڕێوە بچێت.
تیمە تەکنیکی و پسپۆڕییەکانی ئێران و ئەمریکا بە سەرۆکایەتی مەجید تەخت رەوانچی و کازم غەریب ئابادی، جێگرەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران و هەروەها "مایکڵ ئانتۆن"، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی پلاندانانی سیاسەتگوزاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەڕێوە دەچێت.
سێیەمین قۆناغی دانوستانەکان هاوشێوەی دوو قۆناغی پێشوو بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و بە نێوەندگیری عومان و بە گۆڕینەوەی پەیام ئەنجام دەدرێت.
بە سەرنجدان بە چوونە ناوەوەی گفتوگۆکان بۆ بابەتە تەکنیکی و پسپۆڕییەکان، ئێستا پێدەچێت گفتوگۆکان بچنە ناو باسە وردەکانەوە لە چوارچێوەی هەڵوێستە گشتییەکانی هەردوو لا.