کونسوڵخانەی گشتی چین لە هەولێر رونکردنەوەیەکی بەپەلە لەسەر دەستگیرکردنی بازرگانێک بڵاودەکاتەوە، کە تۆمەتبارە بە هاوردەکردنی نایاسایی مادەیەکی کیمیایی قەدەغەکراو لە چینەوە.
وتەبێژی کونسوڵخانەی گشتی چین له هەولێر رایگەیاند، حکومەتی چین گرنگییەکی زۆر بە کوالێتی و سەلامەتی بەرهەمە هەناردەکراوەکان دەدات. ئەوان بە توندی پشتگیری لە دەسەڵاتە ناوخۆییە پەیوەندیدارەکان دەکەین لە هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی چالاکییە بازرگانییە نایاساییەکان، هەڵوێستی پتەوی ئەوان ئەوەیە کە هەموو ئەو کۆمپانیا و کەسانەی کە خەریکی کاری بازرگانین لە رێگەی سنوورەکانەوە پێویستە بە توندی پابەندبن بە یاسا و رێساکانی هەردوو وڵاتی چین و وڵاتی مەبەست.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر لە رێگەی لێکۆڵینەوەوە پشتڕاستکرایەوە کە دابینکەران یان هەناردەکارانی چینی یاساکانی کۆنترۆڵکردنی هەناردەکردنی چینیان پێشێل کردووە یاخود بەشداریان لە ناونانی ساختە کردووە، حکومەتی چین بەپێی یاسا رێکاری یاسایی توند بەرامبەر لایەنە بەرپرسیارەکان دەگرێتەبەر.
وتەبێژی کونسوڵخانەی گشتی چین ئاماژەی بەوەشکرد، چین و هەرێمی کوردستانی عیراق پەیوەندییەکی ئابوری قوڵ و قازانجی هاوبەشیان بەیەکەوە هەیە، ڕێگە نادەن کردەوەی نایاسایی چەند تاکێک، ناوبانگی هەزاران بازرگانی شەرعی چینی کە بەشداری لە ئاووری ناوخۆییدا دەکەن، تێکبدات.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل توندترین هۆشداری ئاراستەی ئێران دەکات و رایدەگەیەنێت؛ وڵاتەکەی بۆ هەموو سیناریۆیەکی جەنگ ئامادەیە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا راستەوخۆ هەڕەشە لە ئێران دەکات و دەڵێت: ئەگەر تاران هەڵە بکات و هێرشمان بکاتە سەر، رووبەڕووی وەڵامێکی هێندە بەهێز دەبێتەوە کە پێشتر هاوشێوەی نەبووە.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەکرد، ناوچەکە لەناو رۆژانێکی زۆر ئاڵۆز و پڕ لە گۆڕانکارییە، بەڵام جەختیکردەوە کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان و بۆ هەر جۆرە رووبەڕووبوونەوەیەک چاوەڕوانن.
ئەم لێدوانانەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە کاتێکدایە کە چاودێرانی سەربازی هۆشداری دەدەن لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی راستەوخۆ و فراوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
سەرۆکی ئۆکراین زەنگی مەترسی بۆ جیهان لێدەدات و رایدەگەیەنێت؛ ڤلادیمێر پوتن جەنگی جیهانیی سێهەمی دەسپێکردووە و ئامانجییەتی شێوازی ژیانی تەواوی مرۆڤایەتی بگۆڕێت.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی بی بی سی، جەخت لە بەردەوامیی بەرگریی وڵاتەکەی دەکاتەوە و دەڵێت: 'ئۆکراین نەک هەر شکست ناهێنێت، بەڵکو بە سەرکەوتوویی لەم جەنگە دێتە دەرەوە.'
زیلینسکی بە توندی مەرجەکانی کرملنی بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە رەتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد؛ کشانەوە لەو خاکانەی کە روسیا بە قوربانیدانی دەیان هەزار سەربازیش نەیتوانیوە دەستیان بەسەردا بگرێت، دەبێتە هۆی تێکشانی یەکڕیزیی کۆمەڵگەی ئۆکراین و لاوازکردنی پێگەی وڵاتەکەی.
سەرۆکی ئۆکرین هۆشداری دەداتە وڵاتانی رۆژئاوا و دەڵێت: پوتن پێویستی بە پشوویەکی کاتی هەیە بۆ خۆڕێکخستنەوە، بەڵام دڵنیابن لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا دەگەڕێتەوە و هێرشەکانی فراوانتر دەکات.
لە کۆتاییدا زیلینسکی جەختی کردەوە، کە تەنها رێگە بۆ راگرتنی جوڵە سەربازییەکانی مۆسکۆ، زیادکردنی گوشارە ئابوری و سەربازییەکانە بۆ سەر روسیا، نەک پاشەکشەکردن لەبەردەم داواکارییەکانیدا.
نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، رەتیکردەوە لە کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عیراق بکشێتەوە و رایگەیاند کە پابەندە بەو کاندیدکردنەی کە لە لایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە لەسەری رێککەوتوون، سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی ئەمریکا.
مالکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی (فرانس پرێس) رایگەیاند: "هیچ نەتێکیان بۆ کشانەوە نییە، ئەمەش وەک رێزێک بۆ سەروەریی دەوڵەت و ئیرادەی گەلی عیراق، چونکە مافی هیچ لایەنێک نییە بڵێت کێ هەڵبژێرن و کێ هەڵمەبژێرن". ئاماژەی بەوەش کرد کە چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر کاندیدکردنی رێککەوتوون و ئەویش تا کۆتایی بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە پرسی چەک، مالکی جەختی لەسەر پێویستیی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا کردەوە و وتی: "ئەمە داواکاریی خۆمانە و دەمانەوێت یەک سوپا لە ژێر یەک فەرماندەییدا هەبێت". هەروەها دوپاتیکردەوە کە رێگە نادەن هیچ هێرشێک بکرێتە سەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و باڵیۆزخانەکان لە عیراق و پارێزگاری لە بەرژەوەندیی وڵاتان دەکەن.
ئەم لێدوانەی مالکی دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی دەرەوەی عیراق ئاشکرای کرد، نامەیەکی زارەکییان لە واشنتنەوە پێگەیشتووە کە تێیدا ئاماژەی روون و راشکاو کراوە بۆ ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر هەندێک کەسایەتی و دامەزراوەدا، ئەگەر بێت و چوارچێوەی هەماهەنگی پێداگربێت لەسەر کاندیدکردنی نوری مالکی بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتوو.
دوای بڕیارەکانی دادگای باڵای ئەمریکا و سەپاندنی باجی نوێ لە لایەن ترەمپەوە، یەکێتی ئەوروپا ئامادەکاری دەکات بۆ وەڵامدانەوەیەکی توند و هەڵپەساردنی رێککەوتنە بازرگانییەکانی لەگەڵ واشنتن.
ئاژانسی "فرانس پرێس" بڵاویکردەوە، پەرلەمانی ئەوروپا لەسەروبەندی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدایە بۆ هەڵپەساردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. "بێرند لانگە" سەرۆکی لیژنەی بازرگانی نێودەوڵەتی لە پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە داوای راگرتنی کارکردن بەو رێککەوتنەی کردووە، نوێنەری گروپە سەرەکییەکانی پەرلەمانیش ئەمڕۆ دوشەممە پشتگیری خۆیان بۆ ئەو هەنگاوە دوپاتکردووەتەوە.
ئەم ئاڵۆزییە دوای ئەوە دێت کە دادگای باڵای ئەمریکا باجە گومرگییەکانی پێشووی هەڵوەشاندەوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ وەک وەڵامێک، باجی گومرگی نوێی بە رێژەی 15% بەسەر زۆربەی کاڵا ئەوروپییەکاندا سەپاندەوە. کۆمسیۆنی ئەوروپا داوای لە واشنتن کردووە پابەندی مەرجەکانی رێککەوتنی ساڵی رابردوو بێت، کە تێیدا بڕیاربوو باجی گومرگی سەر هەندێک بەرهەمی وەک فڕۆکە و پارچەی یەدەگ سفر بێت.
بەپێی راپۆرتی مەرەدی "گڵۆباڵ ترەید ئەلێرت"، ئەم هەنگاوەی ئەمریکا زیانی گەورە بە ئابوری ئەوروپا دەگەیەنێت. پێشبینی دەکرێت یەکێتی ئەوروپا بە رێژەی 0.8% زیانی پێ بگات، لە نێویاندا ئیتالیا زۆرترین زیانی بەردەکەوێت کە دەگاتە 1.7%. کۆمسیۆنی ئەوروپا هۆشداری داوە کە ئەم جۆرە باجە چاوەڕواننەکراوانە دەبنە هۆی تێکچونی متمانە لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
هێزەکانی پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە بە ئۆتۆمبێلەکەی هاووڵاتییەکی کردبوو بە ژێرەوە و هەوڵی هەڵاتنی دابوو، پۆلیس رایدەگەیەنێت شۆفێرەکە لەژێر کاریگەری مادە کحولییەکاندا بووە.
شەوی رابردوو 22ی شوباتی 2026، نزیکەی سەعات 01:00ی شەو، لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود لە شاری سلێمانی، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا کراون)ی بێ سەرەتا، لە هاوڵاتییەکی داوە لە کاتی پەڕینەوەیدا و دواتر شۆفێرەکە هەڵاتووە.
دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیسی فریاکەوتنی سلێمانی (104)، مەفرەزەکانی پۆلیس دەستبەجێ شوێن ئۆتۆمبێلەکە کەوتوون و توانیویانە لە ماوەیەکی کەمدا دەستگیری بکەن. پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە کە شۆفێرەکە لە کاتی روداوەکەدا لەژێر کاریگەری مادە سەرخۆشکەرەکاندا بووە.
تۆمەتبارەکە ناوی (ئ. ئ. م) و لەدایکبووی ساڵی 1984ە، لە ئێستادا رادەستی بنکەی پۆلیسی سەرچنار کراوە و بەپێی مادەی 23 لە یاسای هاتووچۆ راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان دەکات لە کاتی بینینی هەر حاڵەتێکی تاوانکاری یان روداوێکی نەخوازراو، دەستبەجێ پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانیانەوە بکەن:
• پۆلیسی فریاکەوتن: 104
• نەهێشتنی تاوان: 105
• ئێشکگری پۆلیسی سلێمانی: 0533194011
• سەنتەری هەماهەنگی هاوبەش: 100
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە 23ی شوباتی 2026، لیستی موچەی مانگی (دووی)شوباتی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەغداد دەکرێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی، تیمی تەکنیکی وەزارەتەکە هاوکات لەگەڵ لیستی موچە، راپۆرتی تەرازوی پێداچونەوەی مانگی کانوونی دووەمیشی رەوانە کردوە.
بڕیارە سبەی سێشەممە، سەرجەم لیست و راپۆرتەکان بە رەسمی رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بکرێن.
ئەمڕۆ دوشەممە 23-2-2026، تۆماسۆ سانسۆنی، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان و خاتوو رۆساماریا، سەرۆکی نوسینگەی هاوکاری ئابوری و بازرگانی گەشەپێدانی ئیتاڵیا لە بەغداد و وەفدێکی یاوەریان، سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلالیان لە سلێمانی کرد.
وەفدە میوانەکە لە لایەن مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلالەوە بە گەرمی پێشوازیکران. دوای دانانی چەپکە گوڵی رێز و وەفا، تۆماسۆ سانسۆنی لە دەفتەری یادەوەرییەکاندا بە شکۆوە باسی لە پەیوەندی پتەو و مێژوویی نێوان سەرۆک مام جەلال و دەوڵەتی ئیتاڵیا کرد و وەک سەرکردەیەکی گەورەی گەلی کورد و یەکەم سەرۆک کۆماری نوێی عیراق وەسفی کرد.
لای خۆیانەوە، مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال سوپاسی وەفدی میوانیان کرد و جەختیان کردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پاڵپشت بەو سیاسەتە روون و سەرکەوتووانەی سەرۆک مام جەلال بونیاتی ناوە، لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ئیتاڵیا بەردەوام دەبێت.
هێزەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ دوشەممە، دەستیان بە پاشەکشە لە بنکەی "قەسرەک" کرد کە یەکێکە لە بنکە سەرەکییەکانیان لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا.
سەرچاوەیەکی کوردی بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی راگەیاندووە، پرۆسەی گواستنەوەی زرێپۆش و کەرەستە سەربازی و لۆجستییەکان لە بنکەی قەسرەکەوە کە بنکەی ناوەندیی هێزەکانی هاوپەیمانانە، بەرەو خاکی عیراق دەستیپێکردووە.
پەیامنێرانی ئاژانسەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەیان بارهەڵگری، هەڵگری ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و ژوری پێشوەختە دروستکراو، بە یاوەری فرۆکەی جەنگی، بینراون کە بە رێگەی نێودەوڵەتی "M4"دا تێپەڕ دەبن. ئەم رێگەیە پارێزگای حەسەکە، کە بنکەی قەسرەکی لێیە، بە هەرێمی کوردستانەوە دەبەستێتەوە.
ئەم هەنگاوەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی دو هەفتەی رابردوودا دو بنکەی دیکەی سەربازیی خۆیان لە ناوچەکە چۆڵ کردبو.
دەزگای دژەتیرۆری عیراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنە بەردەوامەکانیان بۆ راوەدونانی پاشماوەکانی داعش، توانیویانە دو تیرۆریست دەستگیر بکەن و چەندین حەشارگەی رێکخراوەکە لە ناوچە جیاوازەکان لەناو ببەن.
بەپێی راگەیەندراوێکی دەزگای دژەتیرۆر، پاڵپشت بە زانیاری وردی هەواڵگری، هێزەکانیان دو ئۆپراسیۆنی جیایان لە پارێزگاکانی (بابل و کەرکوک) ئەنجام داوە، کە لە ئەنجامدا دو تیرۆریستی داواکراو دەستگیر کران.
لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکاندا، هێزەکانی دژەتیرۆر ئۆپراسیۆنێکی فراوانی پشکنین و کێوماڵکردنیان لە قەزای دوزخورماتوی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین ئەنجام دا. ئۆپراسیۆنەکە زنجیرە چیاکانی "بڵکانە"ی گرتەوە و بۆ ماوەی چەند سەعاتێک بەردەوام بو، تێیدا 8 مۆڵگە و حەشارگەی کاتیی چەکدارانی داعش دۆزرانەوە و بە تەواوی تێکدران.
دەزگای دژەتیرۆر جەختی کردەوە کە ئۆپراسیۆنە پێشوەختەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی دیکە بەردەوام دەبن، بە مەبەستی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عیراقدا.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پەیامنێری کوردسات نیوزی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئامادە نەکراوە بۆ ئەوەی رەوانەی بەغداد بکرێت، ئەوەش بەهۆی دروستبوونی کێشەیەکی تەکنیکی لە لیستی خانەنشیناندا.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ بڕیار محەمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز ئاشکرایکرد، کێشەیەکی تەکنیکی لە لیستی خانەنشینانی هەرێم دروستبووە و لە ئێستادا تیمەکانی وەزارەت خەریکی چارەسەرکردنین. وتیشی: "چاوەڕێ دەکرێت لە کەمترین کاتدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی رێکارەکانی وردبینی کۆتاییان بێت."
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ یان سبەی کێشەکە بە تەواوی چارەسەر بکرێت و وردبینی کۆتایی لە لیستەکەدا بکرێت، پاشان راستەوخۆ لیستەکە رەوانەی بەغدا دەکرێت بە مەبەستی خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی هەفتانەیدا رایگەیاند، تاران خەریکی کۆکردنەوە و داڕشتنی کۆتا دیدگا و پێشنیارەکانیەتی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و هیوادارن لە دو بۆ سێ رۆژی داهاتودا خولێکی دیکەی گفتوگۆکان دەستپێبکات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە هەمو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە "رێککەوتنی کاتی" دەکەن و وتی: "رێککەوتنی کاتی هیچ بنەمایەکی نییە و تەنها پێشبینی میدیاییە." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران بەدوای دابینکردنی مافە نەتەوەییەکانی و لابردنی سزاکانە و هەر تێگەیشتنێک قبوڵ دەکەن کە ئەو ئامانجانە بپێکێت.
سەبارەت بە هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکا هاوکات لەگەڵ گفتوگۆکان، بەقایی وتی: "ئەگەر هەڕەشەکان ببنە جەنگ، جەنگاوەرانی ئێمە وەڵامیان دەبێت و هێزەکانمان بە چاوی کراوەوە 24 سەعات ئامادەی بەرگرین." جەختیشی کردەوە کە دیپلۆماتکارانی ئێران بەبێ گوێدانە ئەو هەڕەشانە بەردەوام دەبن لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵات، بەڵام ئەگەر هەست بکەن لایەنی بەرانبەر فێڵ دەکات، هەڵوێستی گونجاو وەردەگرن.
بەقایی ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیارەکەی پەرلەمانی ئێران بۆ ناساندنی هێزە ئەوروپییەکان وەک "تێرۆریست" وەک پەرچەکردارێک بوە دژی هەنگاوەکەی یەکێتی ئەوروپا. رایگەیاند کە لەمەودوا "نەفەس و روانینی ئێمە بۆ هێزە ئەوروپییەکان لە ناوچەکەدا دەگۆڕێت و وەک تێرۆریست مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت."
لەبارەی ئەگەری قبوڵکردنی چاودێریی وردتری ئاژانسی ئەتۆمی، وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوە دوپاتیکردەوە کە جێبەجێکردنی "پرۆتۆکۆڵی زیادکراو" کارێکی ئارەزومەندانەیە و تەنها کاتێک ئەنجام دەدرێت کە لە بەرانبەردا "دەستکەوتی ملموس" لە لابردنی سزاکاندا هەبێت.
سەبارەت بە ناساندنی رەسمی حکومەتی تالیبان لە ئەفغانستان، بەقایی وتی کە پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای رێزی متقابل بەردەوامن و کێشە هاوبەشەکانی وەک ئاو و مادە هۆشبەرەکان و ناەمنی تاوتوێ دەکەن، بەڵام پرسی ناساندنی رەسمی بابەتێکی سیاسی و سەروەرییە و هەر کاتێک بڕیاری لەسەر بدرێت رادەگەیەنرێت.
کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور، بۆ جارێکی دیکە وەک سکرتێری گشتیی پارتی کرێکارانی وڵات هەڵبژێردرایەوە، بەمەش دەسەڵاتی خۆی بەسەر تاقە پارتی فەرمانڕەوای وڵاتدا بۆ 15ـەمین ساڵ درێژکردەوە.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور (KCNA) بڵاویکردەوە، پرۆسەی هەڵبژاردنەکە رۆژی یەکشەممە و لە چوارەمین رۆژی کۆنگرەی پارتەکەدا بەڕێوەچوو کە پێنج ساڵ جارێک ساز دەکرێت. لە میانی کۆنگرەکەدا، ئەندامانی نوێی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران و گۆڕانکاری لە هەندێک لە پەیڕەو و پرۆگرامی پارتەکەدا کرا، بەڵام ئاژانسەکە وردەکاریی ئەو گۆڕانکارییانەی بڵاونەکردووەتەوە.
کیم جۆنگ ئون لە وتارێکدا لەبەردەم کۆنگرە، تیشکی خستە سەر کارنامەی پێنج ساڵی رابردو و رایگەیاند، پارتەکەی ئێستا روبەڕوی ئەرکێکی مێژوویی و بەپەلە بووەتەوە بۆ "بونیاتنان و بەهێزکردنی ئابوری و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێویی خەڵک." ئاماژەی بەوەش کرد کە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و تەنگژە تەندروستییە جیهانییەکان تەحەدای گەورە بون لەبەردەمیاندا، بەڵام پلانی نوێیان بۆ پێنج ساڵی داهاتوو داڕشتووە.
کیم جۆنگ ئون لە ساڵی 2011ـەوە و دوای مردنی باوکی، دەسەڵاتی باڵای کۆریای باکووری گرتووەتە دەست. لە ساڵی 2019ـدا پەرلەمانی وڵاتەکە گۆڕانکاری لە دەستوردا کرد بۆ ئەوەی دەسەڵاتی کیم لە هەمو کاروبارەکانی دەوڵەتدا بە رەهایی بمێنێتەوە و بە رەسمی وەک سەرۆکی دەوڵەت جێگیر بکرێت.
بەپێی پێشبینییەكان، لە ئەمڕۆوە پلەكانی گەرما لە عیراق و هەرێم نزمدەبنەوە و پێشبینی باران و خۆڵبارین لە چەند ناوچەیەك دەكرێت و بۆ چەند رۆژێكیش بەردەوام دەبێت.
دەستەی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عیراق بڵاویكردەوە، لە ئەمڕۆوە پاڵەپەستۆیەكی نزم روو لە ناوچەكان دەكات و كاریگەرییەكەی زیاتر لەسەر شارەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت و كەمتر كاریگەری لەسەر ناوەڕاست و باشوری عیراق دەبێت.
راشیگەیاند، لە ئەمڕۆوە باران بارین دەستپێدەكات و رێژەكەی بەپێی ناوچەكان دەگۆڕێت و لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی ئەگەری باران بارین زیاتر دەبێت و رەنگە هەموو ناوچەكان بگرێتەوە، هەروەها پێشبینی بەفر بارینێكی كەم دەكرێت لە ناوچە بەرزەكان.
كەشناسی عیراق راشیگەیاندووە، پلەكانی گەرما لە ئەمڕۆوە نزم دەبنەوە و تا چەند رۆژێك پلەكان بە نزمی دەمێننەوە، هەروەها رۆژی پێنجشەممە خێرایی با زیاد دەكات و دەبێتە هۆی خۆڵبارین بە تایبەت لە ناوەڕاست و رۆژئاوای وڵات و بەهۆیەوە ئاستی بینین كەمدەبنەوە.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق، پێشوازی لە تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی وڵاتەکەی بۆ کاروباری سوریا کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دۆخی گشتیی ناوچەکە تاوتوێ کرا.
وەک ئەوەی نووسینگەی راگەیاندنی سودانی و تۆم باراک بڵاویانکردووەتەوە خاڵە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بریتی بوون لە:
سەقامگیریی سوریا: هەردوولا جەختیان لە گرنگیی سەقامگیرکردنی دۆخی سوریا کردەوە وەک بەشێکی سەرەکی لە ئاسایشی ناوچەکە. تۆم باراک کۆبوونەوەکەی بە "بەرهەمدا" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجەکانی عیراق بۆ بونیاتنانی داهاتوویەکی سەروەر، هاوتەریبە لەگەڵ پلانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئاشتی لە ناوچەکەدا.
رێگری لە گرژییەکان: باس لە پێویستیی پەنابردن بۆ دیالۆگ و ڕێگە دیپلۆماسییەکان کرا بۆ رێگریکردن لە تەقینەوەی دۆخی ناوچەکە.
هاوکاریی ئابووری: هەردوولا دەرفەتەکانی هاوکاریی ئابووری و پشتگیریکردن لە گەشەپێدانی گشتگیریان وەک بنەمایەک بۆ سەقامگیریی درێژخایەن تاوتوێ کرد.
پەیامی سودانی: سەرۆکوەزیرانی عیراق لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی ریشەیی کێشە قووڵەکانی ناوچەکە کردەوە، نەک تەنیا چارەسەری کاتی. سودانی رایگەیاند کە پێویستە رێگری لە هەر جۆرە دەستدرێژی و پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەریی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە بکرێت.