هەواڵەکانهەواڵەکان

لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و پڕبوونی رەفەی مارکێتەکان بە شیرینی، زۆر کەس ئەوەیان لەبیردەچێت کە ئەم وەرزە خۆی جێگرەوەی تەندروستی و سروشتیی تێدایە، پسپۆڕانیش رێنمایی دەدەن کە دەبێت چوار جۆر میوە ببنە بەشێک لە خۆراکی رۆژانەمان.

رۆب هۆبسۆن، پسپۆڕی خۆراک ئاماژە بەوە دەکات، لەبری کڕینی شیرینی و ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە شەکر و چەوری و دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی کتوپڕی شەکری خوێن، پێویستە سێو، هەرمێ و تووەکان لە ماڵەکاندا هەبن.

ئەمانە گرنگترین میوە زستانییەکانن کە هۆبسۆن پێشنیاریان دەکات:

توی رەش:
دەوڵەمەندە بە ریشاڵ و مادەی ئەنسۆسیانین کە بۆ تەندروستی دڵ، بۆرییەکانی خوێن و مێشک بەسودە، لە هەمان کاتدا رێژەی شەکر تێیدا کەمە. ئەم میوەیە دژە ئۆکسانی بەهێز و ڤیتامین C و Kـی تێدایە. دەتوانرێت بەیانیان لەگەڵ ماست یان شۆفان بخورێت.

هەرمێ:
سەرچاوەیەکی نایابی ریشاڵە بەتایبەت ئەگەر بە توێکڵەوە بخورێت، یارمەتی هەرس دەدات و کێشەی قەبزی چارەسەر دەکات کە زۆرجار بەهۆی سەرماوە دروست دەبێت. هەروەها ڤیتامین C، پۆتاسیۆم، ڤیتامین B و مادەی پۆلیفینۆڵی تێدایە کە بۆ بۆرییەکانی خوێن باشە.

سێو:
بە یەکێک لە بنەماکانی خۆراکی زستان دادەنرێت بەهۆی بوونی ریشاڵی تواوە (پێکتین) کە بۆ تەندروستی ریخۆڵە و دابەزاندنی کۆلیسترۆڵی خراپ بەسودە. توێژینەوەیەک لە ساڵی 2019 دەریخستووە خواردنی دوو سێو لە رۆژێکدا کۆلیسترۆڵی خراپ دادەبەزێنێت.

توی سوور:
ئەم میوەیە بەناوبانگە بە توانای پاراستن لە هەوکردنی میزەڵدان، چونکە مادەی تێدایە رێگری دەکات لەوەی بەکتریای ئیکۆلای بە دیوارەکانی میزەڵدانەوە بنووسێت. توێژینەوەیەکی ساڵی 2024 دەریخستووە خواردنەوەی شەربەتەکەی ئەگەری تووشبوون بە هەوکردنی میزەڵدان بەڕێژەی 54% کەم دەکاتەوە، هەروەها سیستمی بەرگری لەش لە زستاندا بەهێز دەکات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەركردەیەكی پەكەكە دەڵێت: گەریلا پێویستی بە یاسای لێبوردنی گشتی نییە و پێویستە توركیا بیر لە یاسایەك بۆ ئازادیی بكاتەوە.

بەسێ هۆزات هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) رایگەیاند، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە قۆناغێكی نوێدا بەردەوام دەبێت لە خەبات، چونكە ئەو پارتە دەستبەرداری خەباتی چەكداریی بووە و ستراتیژی سیاسەتی دیموكراتیی گرتووەتەبەر.

وتیشی، سەركردە و گەریلاكانی پەكەكە تاوانیان نەكردوە كە توركیا لێبوردنیان بۆ دەربكات، بەڵكو پێویستە لە باڵاترین ئاستدا یاسایەكیان بۆ ئازادی بۆ دەربكرێت، چونكە ئەوانەی دەگەڕێنەوە تەنها دەست بە خەباتی سیاسی و دیموكراتی دەكەن.

بەسێ‌ هۆزات جەختیشیكردەوە، ئەگەر توركیا پرسی كورد بە شێوەیەكی دیموكراتی چارەسەر نەكات، جارێكی تر روبەڕوی مەترسیی گەورە دەبێتەوە، رەخنەی لە پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)ش گرت كە ئامادە نەبوو بەشداریی دیداری كۆمیسیۆن لەگەڵ ئۆجەلان بكات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای کوشتنی ئەندامێکی پاسەوانی نیشتمانی؛ ئیدارەی ترەمپ بڕیارەکانی مافی پەنابەرێتی راگرت

چەند رۆژێک دوای رووداوی تەقەکردن لە نزیک کۆشکی سپی کە بووە هۆی کوژرانی ئەندامێکی پاسەوانی نیشتمانی و برینداربوونی یەکێکی دیکە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا سەرجەم بڕیارەکانی پەیوەست بە مافی پەنابەرێتی و پێدانی ڤیزا بە هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەفغانی رابگرێت.

لە رووداوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە روویدا، سارە بیکسترۆم، تەمەن 20 ساڵ گیانی لەدەستدا و ئەندرو وۆڵف، تەمەن 24 ساڵ بە سەختی بریندار بوو، کە هەردووکیان سەر بە پاسەوانی نیشتمانیی وێست ڤێرجینیا بوون و لە چوارچێوەی ئەرکەکانی پاراستنی ئاسایش لە شارەکە جێگیر کرابوون.

لێکۆڵەران بەدوای پاڵنەری رووداوەکەدا دەگەڕێن و تۆمەتبارەکە ناوی رەحمانوڵڵا لاکانوال-ە (29 ساڵ)، هاووڵاتییەکی ئەفغانییە و پێشتر لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) کاری کردووە. ئێستا رووبەرووی تۆمەتی "کوشتنی پلە یەک" و هەوڵی کوشتن بۆتەوە. جانین پیرۆ، داواکاری گشتیی ئەمریکا رایگەیاندووە "تۆمەتی زیاتریشی دەخرێتەپاڵ".

دۆناڵد ترەمپ هێرشەکەی بە "کاری تیرۆریستی" ناوبرد و رەخنەی توندی لە ئیدارەی بایدن گرت کە رێگەی بە هاتنەژوورەوەی ئەفغانییەکان داوە. ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی زانیارییەکان، لاکانوال لە ساڵی 2021 لە سەردەمی بایدن گەیشتۆتە ئەمریکا، بەڵام لەمساڵدا و لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا مافی پەنابەرێتی پێدراوە.

جۆزێف ئێدلۆ، بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەکانی رەگەزنامە و کۆچ لە پۆستێکدا لە ئێکس رایگەیاند، بڕیارەکانی پەنابەرێتی رادەگیرێن تا دڵنیادەبنەوە لە پشکنینی وردی هەر بیانییەک. هاوکات مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێدانی ڤیزایان بە هەموو هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەفغانی راگرتووە.

گروپە داکۆکیکارەکان نیگەرانن لەم بڕیارانە؛ شۆن ڤاندیڤەر، سەرۆکی گروپی #AfghanEvac دەڵێت: "ئیدارەی ترەمپ تاوانێکی تاکەکەسی کردۆتە بیانوو بۆ سزادانی تەواوی کۆمەڵگەیەک و ئەو سەربازە دێرینانەی شانیبەشانی هێزەکانی ئەمریکا خەباتیان کردووە".

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا رایگەیاند، زۆرینەی رەهای ئەو بڕیار و مەرسومانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە لە سەردەمی جۆ بایدن دەرچوون، بەو پاساوەی بایدن خۆی ئیمزای نەکردوون و بە ئامێری "ئۆتۆپێن" (ئامێری ئیمزاکردنی ئەلیکترۆنی) لەلایەن کەسانی ترەوە واژۆ کراون.

ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "هەر بەڵگەنامەیەک بە ئۆتۆپێن لەلایەن جۆ بایدنی خەواڵووەوە ئیمزا کرابێت، کە دەکاتە نزیکەی 92%ی کۆی بڕیارەکان، لەمڕۆوە کۆتایی پێ دێت و هیچ کاریگەرییەکی یاسایی نامێنێت".

سەرۆکی ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە بایدن (82 ساڵ) لە کۆتایی دەسەڵاتەکەیدا بەهۆی "تێکچوونی دۆخی دەروونی و تەمەنەوە" کۆنترۆڵی بەسەر ئیدارەکەیەوە نەبووە و کارمەندەکانی بە نایاسایی ئامێرەکەیان بەکارهێناوە.
ترەمپ هەڕەشەی ئەوەش دەکات: "جۆ بایدن ئاگاداری پرۆسەی ئیمزاکردنەکە نەبووە، ئەگەر بڵێت ئاگادار بووم، ئەوا بە تۆمەتی سوێندخواردنی درۆ دادگایی دەکرێت".

ململانێکانی ترەمپ لەگەڵ بایدن گەیشتۆتە ئاستێکی شەخسی؛ بەپێی زانیارییەکان ترەمپ لەم دواییانەدا لە نزیک باخچەی گوڵەکان لە کۆشکی سپی شوێنێکی بەناوی "رێڕەوی ناودارانی سەرۆکایەتی" دروستکردووە، بەڵام وێنەی جۆ بایدنی لێکردۆتەوە و لە شوێنەکەیدا وێنەی ئامێری "ئۆتۆپێن"ـەکەی داناوە.

تەنانەت لە سەردانەکەی ئەم مانگەیدا بۆ ئەمریکا، ترەمپ وێنەی ئامێرەکەی پیشانی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە داوە وەک گاڵتەپێکردنێک بە سەرۆکی پێشوو.

بەشێکی سەرەکی لە توڕەیی ترەمپ پەیوەندی بەو بڕیارانەوە هەیە کە بایدن پێش رۆیشتنی دەریکردوون، بەتایبەت بڕیاری "لێبوردنی پێشوەختە" بۆ ئەو سیاسەتمەدارانەی ئەندام بوون لە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی 6ی جێنیوەری (هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس).

ترەمپ دەڵێت: "ئەو لێبوردنانەی بایدنی خەواڵوو دەری کردوون بۆ ئەو گروپە سیاسییە چەتەیە، بە بەتاڵ و پوچەڵ دەزانم، چونکە بایدن نە ئیمزای کردوون و نە دەشزانێت چی تێدایە".


سەرەڕای بانگەشەکانی ترەمپ، شارەزایانی یاسایی دەڵێن قسەکانی سەرۆک بنەمای دەستورییان نییە. یاسای ئەمریکا مەرجی دانەناوە سەرۆک دەبێت بە قەڵەم و بە دەستی خۆی ئیمزا بکات، تەنانەت یاداشتێکی ساڵی 2005ی نووسینگەی راوێژکاری یاسایی دەڵێت: "پێویست ناکات سەرۆک بە جەستە ئیمزا بکات بۆ ئەوەی بڕیارێک ببێتە یاسا، دەکرێت فەرمان بە ژێردەستەیەکی بکات ئیمزاکەی لەسەر دابنێت".

ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە جۆ بایدن ئاشکرای کردووە تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە و وەرگرتنی چارەسەری تیشکی وایکردووە کەمێک لە دەرکەوتنەکانی دووربکەوێتەوە.

لە بەرامبەردا، تەمەنی ترەمپیش (79 ساڵ) و دۆخی تەندروستی بووەتە جێی پرسیار. هەفتەی رابردوو رۆژنامەی نیویۆرک تایمز راپۆرتێکی لەسەر "ماندوێتی و نیشانەکانی پیربوون" لەسەر ترەمپ بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە لە کۆبوونەوەکاندا خەوی لێدەکەوێت و دەرکەوتنەکانی کەمکردۆتەوە.

ترەمپ بە توڕەییەوە وەڵامی دایەوە و خانمە رۆژنامەنوسەکەی بە "ناشرین" وەسف کرد و وتی "پشکنینە جەستەیی و هزرییەکانم زۆر باش بوون".

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لێکۆڵینەوەکان لەو ئاگرە گەورەیەی هۆنگ کۆنگی گرتەوە پێینایە قۆناغێکی نوێوە، دوای ئەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 128 کەس بەرزبووەوە، دەسەڵاتداران هەڵمەتێکی دەستگیرکردنیان دەستپێکرد و ژمارەیەک بەرپرسی کۆمپانیاکانی نۆژەنکردنەوەیان بە تۆمەتی "گەندەڵی" دەستگیرکرد.

ئەمڕۆ شەممە، دوای کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی ئاگرەکە، دەرکەوت کارەساتەکە گەورەترین روداوی ئاگرکەوتنەوەیە لە مێژووی 70 ساڵی رابردووی شارەکەدا. بەپێی ئامارەکان جگە لە گیانلەدەستدانی 128 هاووڵاتی، 79 کەسی دیکە بریندارن و دەیان کەسیش بێسەروشوێنن.

کۆمسیۆنی سەربەخۆی دژی گەندەڵی (ICAC) رایگەیاند، 8 کەسیان دەستگیرکردووە کە بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئەندازیاری و بەڵێندەری لاوەکیی بوون و سەرپەرشتیی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکانیان کردووە. ئەمە جگە لەوەی پێشتر پۆلیس 3 کەسی دیکەی بە تۆمەتی "کوشتنی بەهەڵە" دەستگیرکردبوو.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئەو کەرەستانەی لە نۆژەنکردنەوەی دەرەوەی باڵەخانەکانی "وانگ فوک کۆرت" بەکارهێنراون، بەتایبەت مادەی "پۆلیسترین" و تۆڕە پارێزەرەکان، بوونەتە هۆی ئەوەی ئاگرەکە بە خێراییەکی پێوانەیی بڵاوببێتەوە و بگاتە حەوت باڵەخانە لە کۆی هەشت باڵەخانەی کۆمەڵگەکە. پلەی گەرمی لە کاتی ئاگرەکەدا گەیشتۆتە 500 پلەی سیلیزی.

دۆخەکە لە شوێنی روداوەکە هێشتا ئاڵۆزە؛ 16 تەرم لەناو باڵەخانەکان ماونەتەوە و دەرنەهێنراون، 89 تەرمیش بەهۆی تێکچوونی جەستەیانەوە نەناسراونەتەوە. کەسوکاری قوربانییەکان بە وێنەی ئازیزانیانەوە لە ناوەندەکان کۆبوونەتەوە بۆ هاوکاریکردن لە ناسینەوەی تەرمەکان.

لە نێو قوربانییەکاندا، ئاگرکوژێنەوەیەک بەناوی "هۆ وای هۆ" تەمەن 37 ساڵ هەیە، کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا گیانی سپاردووە. دانیشتوانی ناوچەکە دەڵێن پێشتر چەندین جار هۆشدارییان دابوو لەبارەی مەترسیی شێوازی نۆژەنکردنەوەکان، بەڵام گوێیان لێنەگیراوە.

کاتی لۆ، ژنێکی تەمەن ٧٠ ساڵانە و دانیشتووی کۆمەڵگەکەیە، دەڵێت: "ئەوە ماڵی من بوو... هێشتا بڕوا ناکەم چی روویداوە، هەموو شتێک وەک خەونێکی ناخۆش وایە".

حکومەتی هۆنگ کۆنگ ئاڵای وڵاتی داگرت و جۆن لی، سەرۆکی جێبەجێکار بە جلوبەرگی رەشەوە سەرپەرشتی سێ خولەک بێدەنگیی کرد بۆ رێزگرتن لە قوربانیان. ئەمە بە کوشندەترین ئاگرکەوتنەوە دادەنرێت لە دوای ساڵی ١٩٤٨ـەوە لە هۆنگ کۆنگ کە ئەوکات ١٧٦ کەس لە کۆگایەکدا گیانیان لەدەستدا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا ئەنجامدراوە و تێیدا تاوتوێی ئەگەری سازکردنی دیدارێکیان کردووە.

رۆژنامەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردۆتەوە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان هەفتەی رابردوو ئەنجامدراوە، تێیدا هەردوولا باسیان لەوە کردووە کە دەکرێت لە داهاتوودا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆببنەوە.

نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە تا ئێستا هیچ پلانێکی دیاریکراو و رەسمی نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە، بەڵام ئەگەر رووبدات، دەبێتە رووداوێکی مێژوویی و یەکەمجار دەبێت سەرۆکی ئێستای ڤەنزوێلا لەگەڵ سەرۆکێکی ئەمریکا کۆببێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەشداربووە لەو گفتوگۆ تەلەفۆنییەدا. تا ئێستاش کۆشکی سپی هیچ لێدوانێکی رەسمی لەبارەی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز و وردەکاریی پەیوەندییەکە بڵاونەکردۆتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای روسیا هێرشێکی بەرفراوانی بە موشەک و درۆن بۆ سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکراین ئەنجامدا، بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، بەرپرسانی شارەکەش دەڵێن هێرشەکە باڵەخانە نیشتەجێبووەکانی کردۆتە ئامانج و زیانی ماددی لێکەوتۆتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، هێرشەکە لە درەنگانی شەوی رابردوو دەستیپێکردووە و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 29ی تشرینی دووەم بەردەوام بووە. رۆژنامەنوسان لە کیێڤ ئاماژەیان بەوە کردووە، دوای سەعات 1ی شەو دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە و بەرگرییە ئاسمانییەکان چالاک کراون.

تیمور تکاچینکۆ، سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی کیێڤ رایگەیاند، هێرشەکە تێکەڵەیەک بووە لە موشەک و درۆن و چەندین ناوچەی جیاوازی پایتەختی گرتۆتەوە. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، پیاوێک گیانی لەدەستداوە کە تەرمەکەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەک لە گەڕەکی سڤیاتۆشینسکی دەرهێنراوە.

لای خۆیەوە ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانی کیێڤ لە تێلیگرام بڵاویکردەوە، بەهۆی بۆردومانەکەوە 11 کەسی دیکە برینداربوون کە لە نێویاندا منداڵێک هەیە، شەش لە بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە کراون و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت.

زیانەکان تەنیا گیانی نین، بەڵکو بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پارچەی موشەک و درۆنەکانەوە، ئاگر لە چوار باڵەخانەی نیشتەجێبوون بەربووە و زیان بە 20 گەراج و چەندین شوقە لە نهۆمەکانی سەرەوە و خوارەوەی باڵەخانەکان گەیشتووە. هەروەها لە دەرەوەی کیێڤ و لە شاری برۆڤاری، باڵەخانەیەکی 9 نهۆمی زیانی بەرکەوتووە و دوو کەسیش برینداربوون.

ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە، تەنیا چەند رۆژێک لەمەوبەر روسیا هێرشێکی دیکەی کردە سەر کیێڤ کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 7 کەس و برینداربوونی 20ی دیکە، بەوەش دەرکەوتووە کە روسیا ستراتیژی بەئامانجگرتنی ژێرخان و ناوچە مەدەنییەکانی لە وەرزی سەرمادا چڕتر کردۆتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی کارەبا لەبارەی کەمبوونەوەی پێدانی سەعاتەکانی کارەبا سوپاسی هاووڵاتیانی هەرێم دەکات و رایدەگەیەنێت، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی بە زووترین کات کارەبا ئاسایی بکرێتەوە.

لەبارەی کەمبوونەوەی کارەبا بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی  بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات، سوپاسی یەکە بە یەکەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەن لە بەرانبەر ئارامی و خۆڕاگرییان لەم کاتە سەختەدا، ئەمە هێرشێکی تیرۆریستی بوو دژی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، شانبەشانی هەریەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و هێزە ئەمنییەکان و دانە غاز هەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان ئاسایی ببێتەوە و بەزووترین کاتیش کارەبا بگەڕێتەوە نێو سەرجەم ماڵ، و فرۆشتگا و کارگەکان، چونکە گەورەترین ئامانجمان سەلامەتی و ئاسوودەیی هاووڵاتیانە.

وەزارەتی کارەبا دەشڵێت، لە حاڵەتی هەبوونی هەر پێشهاتێکی نوێش، بەزووترین کات ئاگاداری هاووڵاتیان دەکەنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەفدە باڵا ئەمنییەكەی عیراق كۆتاییهان بە كارەكانیان لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر هێنا و كۆرمۆریان بەجێهێشت و دەگەڕێنەوە بەغداد.

وەفدەکە پێکهاتبوون لە عەبدولئەمیر شەممەری وەزیری ناوخۆی عیراق، حەمید شەتری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عیراق.

ئەمڕۆ هەینی، وەفدێکی باڵای ئەمنیی عیراق وهەرێم سەردانی کێگەی غازی کۆرمۆریان لە سنوری قەزای چەمچەماڵ کرد و لەگەڵ وەفدێکی ئەمنیی هەرێمی کوردستان کۆبووەنەوە. 

بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، لە کۆبووەکەدا جەختیان لەسەر لێکۆڵینەوەکان کردووەتەوە بۆ ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، هەروەها لە دوایی کۆبوونەوەکە ئاشکرایان کرد لە دوایی 72 سەعات ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا دەکەن.

هاوکات وەزارەتی ناوخۆی عیراق بڵاویکردەوە، وەفدە ئەمنییەكە لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر زنجیرەیەك كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە بۆ دەستنیشانكردنی لایەنی بەرپرسیار لە هێرشەكە و بڕیاریشە، وەفدەكە راپۆڕتێكی ورد لەسەر هێرشەكە پێشكەشی سەرۆك وەزیران بكەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان، زیاتر لە 21 ملیار دینار بووە.

ماڵپەری شەفافیەت كە چاودێری داهاتی نانەوتی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی راپەڕین و گەرمیان دەكات بڵاویکردەوە، داهاتی ئەم هەفتەیە لە رۆژی 22 بۆ 28ـی11ـی2025، 21 ملیار و 764 ملیۆن و 367 هەزار دینار بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە بەراورد بە هەفتەی رابردوو زیاتر لە 10 ملیار دینار زیادی کردووە، هاوکات هەر بەپێی داتاکانی ئەو ماڵپەڕە، داهاتی ئەم مانگە گەیشتووەتە 51 ملیار و 854 ملیۆن و 750 هەزار دینار.

جێگەی ئاماژەیە، ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ داهات و خەرجی، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دامەزرا، ئێستا رۆژانە لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە دەتوانیت سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بزانیت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی سوریا رایگەیاندوە؛ ئیدانەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر شارۆچکەی بەیت جین دەکات، بۆردومانەکە بوەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژن و منداڵ و ئاوارەبونی هاووڵاتییان، داواس لە وڵاتان دەکات ئەم هێرشانەی ئیسرائیل رابگرن.

وەزارەتی دەرەوی سوریا لەسەر هێرشە سەربازی و  ئاسمانییەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆسەر شارۆچکەی بەیت جین راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا بە توندی ئیدانەی ئەو کارە دەکات.

 وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، تۆپبارانەکە بووەتە هۆی زیانی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی، لەنێویاندا ژن و منداڵ، هەروەها زیانی مادی زۆر و ئاوارەبوونی چەند خێزانێک.

وەزارەتی دەرەوەی سوریا راشیگەیاندوە؛ ئەو روداوە "پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان" و بەشێک لە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ "سیاسەتی پەرەسەندن" لە ناوچەکە دا.

داواش لە ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی  دەکات هەنگاوی بەپەلە بگرنەبەر بۆ سنووردارکردنی هێرشە دوبارەبوەوەکانی ئیسرائیل بۆسەر خاکی سوریا، جەختیشی لەسەر پێویستی رێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا کردوەتەوە.

وەزارەتەکە دوپاتیشیکردوەتەوە بەردەوام دەبێت  لە بەکارهێنانی مافی رەوای خۆی بۆ بەرگریکردن لە خاک و گەلەکەی بە هەموو شێوەیەک کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان رێگەپێدراون

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆبونەوەی وەفدی باڵای ئەمنی عیراق و هەرێمی كوردستان لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر  کۆتایی هات، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، بڕیارە لە 72 سەعاتی داهاتوودا ئەنجامی لیكۆلینەوەکان لە هێرشەكە ئاشكرا بكرێت.

ئەمڕۆ هەینی، وەفدێکی باڵای ئەمنی عیراق وهەرێم سەردانی کێگەی غازی سروشتی کۆرمۆریان لە سنوری چەمچەماڵ کرد و پێکەوە کۆبوەنەوە. 

ئاسان جەلال، پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، كۆبونەوەی وەفدی باڵای ئەمنی  عیراق و هەرێمی كوردستان ، كە پێكهاتبوون لە عەبدولئەمیر شەممەری وەزیری ناوخۆی عیراق و حەمید شەتڕی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عیراق و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم كۆتایی كۆتایی هات.

پەیامنێری کوردستان نیوز، ئاماژیبەوەشکرد، لە دوای كۆبونەوەكە وەفدەكە چونەتە شوێنی تەقینەوەی موشەكەكە و بڕیارە لە 72 سەعاتی داهاتوودا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئاشكرا بكەن.

درەنگانێکی شەوی چوارشەممە هێرشێكرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر،بەهۆی هێرشەکەوە کێڵگەکە زیانێکی زۆری لێكەوتەوە و تەواویی هەناردەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا راگیرا و تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش کارەبا لەهەرێم نە گەڕاوەتەوە رەوشی ئاسایی خۆی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا دووپاتی کردەوە کە حکومەتی ئێستای ئۆکراین هیچ شەرعیەتێکی یاسایی نییە و رایگەیاند، ئیمزاکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بێمانا دەبێت، تاوەکو لەو خاکانە نەکشێنەوە کە روسیا دەستی بەسەدردا گرتوە.

سەرۆکی روسیا داواکارییە سەرەکییەکانی خۆی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکراین دووپاتکردوەتەوە و جەختیکردوەتەوە لەوەی، کە روسیا تەنیا لە حاڵەتێکدا پلانی ئاشتی قبوڵ دەکات کە هێزەکانی کیێڤ لەو خاکانە بکشێنەوە کە مۆسکۆ داوای دەکات.

پوتن لە مێژە داوای دانپێدانانی ئەو خاکانەی ئۆکراینی کردووە کە لەلایەن روسیاوە دەستی بەسەردا گیراوە، لەوانە نیمچە دورگەی کریمە کە روسیا لە ساڵی 2014 بە شێوەیەکی نایاسایی خستبووە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، کە دۆنباس کە لوهانسک و دۆنێتسک لەخۆدەگرێت کە ئێستا بەشێکی زۆری لەلایەن هێزەکانی روسیاوە داگیرکراوە.

ئەم داواکارییەی پوتن، بەردەوام لەلایەن ئۆکراینەوە رەتدەکرێتەوە بە قبوڵکراو نازانرێت و رەتیکردووەتەوە دەستبەرداری ئەو بەشانەی دۆنباس بێت کە تا ئێستاش بەدەستیەوەیە.

پوتین لە سەردانەکەیدا بۆ قیرغیزستان قسەی بۆ میدیاکان کرد و  کیێڤی تۆمەتبار کرد بەوەی کە دەیەوێت "تا دوا هاووڵاتی ئۆکراینی" شەڕ بکات، ئاماژەی بەوەشکرد، روسیا ئامادەیە  ئەگەر پێویست بکات ئەو کارە دەکات.

پوتن جەختیکردەوە لەوەی روسیا بەردەوامە لە بەرەوپیشچون لە بەرەکانی جەنگدا و ئاماژەی بەوەشدا کە شەڕەکە تەنیا کاتێک کۆتایی دێت کە هێزەکانی ئۆکراین لەو ناوچانە بکشێننەوە، ئەگەر واش نەکەن ئەوا بە زەبری هێز خۆیان ئەو کارە دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوابەدوای گیان لەدەستانی یەکێک لە پاسەوانەکانی گاردی نیشتمانی بەهۆی تەقەکردنی هاووڵاتییەکی ئەفغانییەوە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندوە؛ کە سیاسەتی کۆچەری ئەمریکا پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و بارودۆخی ژیانی زۆر کەسی تێکداوە و بۆ هەمیشەیی وەرگرتنی کۆچەر لە وڵاتە دواکەوتوەکانەوە رادەگرن، ئاماژەی بەوەشکردوە؛تەنها "کۆچی پێچەوانە" دەتوانێت رەوشەکە بە تەواوی چارەسەر بکات.

دۆناڵد ترەمپ لە تۆری کۆمەڵایەتی تروس، کەخۆی خاوەنداری دەکات، پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە  و ئاماژەی بەوەکردوە؛ سیاسەتی کۆچبەری ئەمریکا وایکردوە، پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و بارودۆخی ژیانی زۆر کەس تێکبدات، بۆ ئەوەی سیستەمی ئەمریکی بە تەواوی بگەڕێتەوە، وەرگرتنی کۆچەر لە "هەموو وڵاتانی جیهانی سێیەم"ەوە بۆ هەمیشەیی رادەگرن.

ترەمپ باسی لەوەشکردوە؛ هەرکەسێک سەروەت و سامانی پاک نەبێت بۆ ئەمریکا، یان توانای ئەوەی نەبێت وڵاتەکەیانی خۆشبوێت، دیپۆرتی دەکاتەوە و  کۆتایی بە هەموو یارمەتییە فیدراڵیەکان و پاڵپشتیەکان بۆ ئەو کەسانەی هاووڵاتی ئەمریکی نین دەهێنێت.

ترەمپ هەرەشەشی کردوە، کە  رەگەزنامە لەو کۆچبەرانە دەسەنێتەوە کە ئاشتی ناوخۆیی تێکدەدەن، هەروەها هەر هاووڵاتییەکی بیانی بارگرانی بێت، هەڕەشەی ئەمنی بێت، یان لەگەڵ شارستانیەتی رۆژئاوادا نەگونجێت، دیپۆرتی دەکاتەوە.

ناوبراو بڕیارەکەی بە ئامانجی کەمکردنەوەی "دانیشتووانی نایاسایی و تێکدەر" ناوبرد و وتویەتی؛ تەنها "کۆچی پێچەوانە" دەتوانێت رەوشەکە بە تەواوی چارەسەر بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی و زەمینی کردەوەتە سەر شارۆچکەیەکی دیمەشق، کە نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیل و چیای هرمونەوە دوورە، بەهۆیەوە نۆ کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش لە هاووڵاتی بریندارن، رەنگە ژمارەی قوربانییەکان بەرزتریش ببێتەوە، لە بەرانبەردا سوپای ئیسرائیل رایگەیاندوە؛  شەش سەربازیان  بریندارن.

ئەمرۆ هەینی، میدیاکانی سوریا بڵاویانکردوەتەوە، دوای لەشکرکێشی سوپای ئیسرائیل بۆ ناوچەکە، لە رێگەی تۆپخانەکانیانەوە ئیسرائیل بۆردومانی گوندی بەیت جان لە لادێکانی دیمەشق  کردوە و بەهۆیەوە نۆ کەس کوژراون و شەش سەربازی ئیسرائیلیش بریندارن.

کەناڵی ئەلئیخباریە روونیکردەوە، تۆپبارانەکە دوای ئۆپراسیۆنێکی سەربازی ئیسرائیل بووە لەکاتی لەشکرکێشیان بۆ شارۆچکەی  بەیت ئەلجان، کە بەهۆیەوە پێکدادان لەگەڵ دانیشتوانی ئەو شارە رویداوە.

لایخۆشیانەوە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەهۆی پێکدادانەکانی شارۆچکەی بەیت جان لە نزیک دیمەشق شەش سەرباز برینداربوون و باری تەندروستی سیانیان ناجێگیرە.

سوپای ئیسرائیل ئەوەشی خستوەتەروو، هۆکاری ئۆپراسیۆنەکەیان ئەوەبوە، کە تۆمەتباران لە گوندی بەیت جان چالاکییان ئەنجامدا و بەشدارییان لە پەرەپێدانی پیلانی تیرۆریستی دژی هاووڵاتیانی ئیسرائیل کردووە.

بەگوێرەی میدیاکان، دوای هێرشەکەی ئیسرائیل کۆچێکی گەورەی دانیشتوانی گوندی بەیت جان لە لادێکانی دیمەشق رویداوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز رایگەیاندوە؛ گروپە چەکدارەکانی  ناوخۆی عیراق کە  لە رووی سیاسییەوە پەیوەندییان بە وڵاتێکی دراوسێیەوە هەیە، بەرپرسن لە ئەنجامدانی  هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ئاماژەی بەوەشکردوە هێرشەکە تەنها چەند رۆژێک پێش کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بووە.

رۆژنامە ئەمریکییەکە لە راپۆرتێکدا کە رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردوەتەوە ئاماژی بەوەکردوە،  بەرپرسانی عیراقی و کورد بە شێوەیەکی تایبەت بۆیان پشتڕاستکردووەتەوە کە هێرشەکە لەلایەن گروپە چەکدارە ناوخۆییەکان ئەنجامدراوە، کە پەیوەندی سیاسییان لەگەڵ وڵاتێکی تر هەیە.

بە گوێرەی رۆژنامەکە  بەرپرسان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم گرووپانە پەیوەندییە ئابوورییە نزیکەکانی نێوان واشنتۆن و هەولێر وەک "خاڵێکی لاواز" سەیر دەکەن.

رۆژنامەکە لە زاری رەمزی موریدینی، دامەزرێنەری سەنتەری جیۆپۆل بۆ لێکۆڵینەوەی مەترسی جیۆپۆلەتیک بڵاویکردووەتەوە، کە هێرشەکە تەنها چەند رۆژێک پێش کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە؛ رونە کە ئێرانییەکان چاودێری ئەم پێشهاتەیان دەکرد و هەوڵیان دەدا پەیامێک بۆ واشنتۆن بنێرن، کە هەژمونیان لە چوارچێوەی عیراق رێگەیان پێدەدات بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بکەنە ئامانج لە ئەگەری هەر پەرەسەندنێکی راستەوخۆدا.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەروو؛ گرژییە سیاسییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر بەتایبەتی ناکۆکی لەسەر سەرچاوەکان و داهاتی نەوت و گاز، رەنگە هۆکارێکی پاڵنەری زیادە بن لە پشت ئەم جۆرە هێرشەوە.

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان داوای سیستەمی بەرگری ئاسمانییان لە ئەمریکا و بەریتانیا کردبوو بۆ پاراستنی ژێرخانی ئابووری، بەڵام بەهۆی نەبوونی رەزامەندی حکومەتی فیدراڵی لە بەغداد، کە دەسەڵاتی کۆتایی بەسەر هەر کڕینێکی چەکدا هەیە، داواکارییەکە رەتکرایەوە، ئەمەش بەشێکی دیکەیە لە راپۆرتەکەی رۆژنامە ئەمریکییەکە.

درەنگانێکی شەوی چوارشەممە، کێڵگەی کۆرمۆر لە سنوری پارێزگای سلێمانی کرایە ئامانج و بەهۆیەوە لە ٪80ـی هەرێمی کوردستان بێکارەبا بوون، دوابەدوای ئەم هێرشە شەپۆلێکی نارەزایەتی ناوخۆی و نێودەوڵەتی بەدوادا هاتوو و هەموان بەتایبەت ئەمریکا داوای لێکۆلینەوەیەکی خێرای کرد لە روداوەکە و داواشی کرد  تاوانباران بدرێنە دادگا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...102103104105106...983